سەرەکی » مانشێت » ‎كۆسرەت رەسوڵ: كۆدەنگی بۆ رێكخستنەوەی یەكێتی هەیەپەڕە 1

‎كۆسرەت رەسوڵ: كۆدەنگی بۆ رێكخستنەوەی یەكێتی هەیە

دوێنێ لەسلێمانی، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی (ی.ن.ك )پێشوازیكرد لە ستیفن فەیگن كونسوڵی ئەمریكا لەهەرێمی كوردستان‌و وەفدی یاوەری.
لەدیدارەكەدا كە شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ ئەندامی سەركردایەتی‌و لێپرسراوی مەڵبەندی هەولێر ئامادەیبوو گفتوگۆكرا لەبارەی دۆخی كوردستان، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداو دۆخی حزبی‌و رێكخراوەیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
پەیوەست بەیەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و بڕیاری ئەنجامدانی كۆنگرە، هەردوولا گفتوگۆی وردی ئایندەی (ی.ن.ك)یان كردو جەختیان لەزەروورەتی یەكێتی بۆ كوردستان‌و عیراق‌و ناوچەكە كردەوەو دووپاتیانكردەوە كە كۆنگرەی یەكێتی بۆ دووبارە رێكخستنەوەی هەیكەلی حزب‌و پەیڕەوو پرۆگرامێكی نوێ بۆ داهاتووی حزب‌و خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بێت.
كۆسرەت رەسوڵ، وتیشی: كۆدەنگی‌و هاوهەڵوێستییەكی دڵسۆزانە هەیە بۆ رێكخستنەوەی یەكێتی‌و ئەنجامدانی كۆنگرەیەكی نەوعی، كە یەكێتی بكاتەوە بەچەتری كۆكەرەوەی هەموو تێكۆشەران‌و دڵسۆزانی.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداو گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی هەرێم‌و بەغدا بەئاراستەی چارەسەری بنەڕەتیی كێشەكان، گفتوگۆی جددیی لەبارەوە كرا، جێگری سكرتێری گشتی، دووپاتیكردەوە كە یەكێتی لەگەڵ رێككەوتنی نێوان هەرێم‌و بەغداو چارەسەری بنەڕەتیی كێشەكانی نێوان هەردوولادایەو لەم پێناوەشدا بڕیارو ئەجێندای تایبەتی خۆی هەیەو هەوڵی جێبەجێكردنی دەدا.
پرسی كەركوك‌و ناوچە كوردستانییەكان تەوەرێكی تری دیدارەكە بوو، جێگری سكرتێری گشتی‌و كونسوڵی گشتیی ئەمریكا، گفتوگۆی دۆخی كەركوك‌و سەرجەم ناوچە كوردستانییەكانیان كردو دووپاتیانكردەوە كە دەبێ دۆخی ئەم ناوچانە ئاسایی بكرێتەوەو لایەنە كوردییەكان بەیەك هەڵوێستی‌و یەكوتاری كاربكەن بۆ ئەم پرسە.
‎هاوكات لەدیدارەكەدا هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگەو هەنگاوەكانی چاكسازی لەنێو هێزی پێشمەرگە گفتوگۆی وردی لەبارەوە كرا، لەوبارەیەشەوە كۆسرەت رەسوڵ، دیدو تێڕوانینی یەكێتی بەڕاشكاوی خستەڕوو.
كۆتا تەوەری دیدارەكە دۆخی هەرێمی كوردستان‌و پەیوەندییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان بوو، هەردوولا هاوڕابوون كە دەبێ پەیوەندییەكی تەندروست لەنێوان هێزو لایەنە سیاسییەكان هەبێ‌و لایەنەكان پێكەوە هەوڵبدەن پەرە بەچاكسازیی بدرێ‌و دۆخی ژیان‌و گوزەرانی خەڵك‌و خزمەتگوزارییەكان، بەرەوپێش ببرێن.

كۆسرەت رەسوڵ پێشوازی لە محەمەدی حاجی مەحمود كرد
كۆسرەت رەسوڵ عەلی، رایگەیاند: یەكڕیزی‌و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان باشترین فاكتەرە بۆ زاڵبوون بەسەر تەنگژەكان‌و كۆتاییهێنان بە قەیرانەكان.
ئەم وتانەی جێگری سكرتێری گشتیی (ی.ن.ك)، دوێنێ لەسلێمانی لەمیانی پێشوازیكردنی لە محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان هات.
لەدیدارێكدا، كە حاكم قادر حەمەجان، شێخ جەعفەر مستەفاو شۆڕش ئیسماعیل ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەركردایەتی ئامادەیبوون، دوایین پێشهات‌و گۆڕانكارییەكانی كوردستان‌و عیراق‌و ناوچەكە، تاوتوێكرا.
لەبەشێكی تری دیدارەكەدا، جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی‌و سكرتێری حزبی سۆشیالیست، گفتوگۆیانكرد لەبارەی دۆخی كوردستان‌و پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكان، هەردوولا هاوڕابوون كە پێویستە پەیوەندییەكی تەندروست‌و پتەو لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا هەبێت‌و هەموو لایەنەكان بەیەكەوە هەوڵبدەن بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی كورد لەعیراق‌و ناوچەكەدا.
بەشێكی تری دیدارەكە تەرخانكرا بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا، هەردوولا هاوڕابوون كە گفتوگۆكانی نێوانیان بەردەوامبێت‌و چارەسەری بنەڕەتی بۆ كێشەكان بدۆزرێتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*