سەرەکی » دۆسێ » هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران دەبێتە پرسێكی نوێ‌

بەبێ‌ پێشینە دادەنرێت

هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران دەبێتە پرسێكی نوێ‌

هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران لە عیراق، بە پێشهاتێكی مەترسیدار دادەنرێت، گەر ئەو داواكارییانەی لەو رووەشەوە رادەستی پەرلەمان كراون جێبەجێ‌ بكرێن، بە هەنگاوێكی بێ‌ پێشینە لە عیراقدا دادەنرێت.
هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئەندامانی دەسەڵاتی یاسادانان كە ئەركی چاودێریكردنیان لە ئەستۆدایە، بە بۆچوونی هەندێك لە چاودێران بەرەنجامێكی خراپی دەبێت، بەو پێیەی لە هەندێك كاتدا هەڵگرتنی پارێزبەندییەكە پەیوەندی بە كەیسەكانی گەندەڵی و كەیسەكانی تاوانەوە نییە و دەچێتە خانەی یەكلاكردنەوەی ناكۆكییە سیاسی و تایبەتییەكانەوە.
لیژنەی نەزاهە لە پەرلەمانی عیراق لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزی رابردوو رایگەیاندبوو، زیاتر لە 40 داواكاریی پێگەیشتووە بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران.
لەو بارەیەوە خالید جەشعەمی، ئەندامی لیژنەی نەزاهە لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاندبوو»سەرۆكایەتی پەرلەمان زیاتر لە 40 داواكاریی لەلایەن لایەنە دادوەرییەكانەوە پێگەیشتووە بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران، هۆكاریی پشت ئەم داواكارییانەش هەر تەنیا پەیوەندییان بە گەندەڵەییەوە نییە و كەیسەكان جیاوازن».
بە گوتەی جەشعەمی»مەرج نییە ئەو داواكارییانە 40 پەرلەمانتار بگرنەوە، چونكە زیاتر لە داواكاریی و سكاڵایەك لەسەر پەرلەمانتارێك هەیە، داواكارییەكان تائێستاش لە سەرۆكایەتی پەرلەمانن و نەخراونەتە بەردەم لیژنە پەرلەمانییە پەیوەنیدارەكان تا بزانرێت ئەو پەرلەمانتارانە كێن».
ئەمەش لەكاتێكدایە كە دادوەر فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی، داوای لە پەرلەمان كردبوو، پارێزبەندی لەسەر ئەو ئەندامانەی هەڵبگرێت كە لەكاتی بەڕێوەبردنی پۆستەكانیان لە دەسەڵاتی راپەڕاندن، تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی گەندەڵی، هەماهەنگی نێوان دەزگاكانیشی لە بواری كەیسەكانی نەزاهەدا بە پێویست زانیبوو.
لە دوایین پێهاتیشدا لە 17ی ئەیلولی 2019، لەڕێی كۆكردنەوەی ئیمزای پەرلەمانتاران، پەرلەمانی عیراق پارێزبەندیی پەرلەمانی لە فایەق شێخ عەلی، سەرۆكی كوتلەی تەمەدون سەندەوە، ئەوەش لەبەرانبەر ئەو ناكۆكییەی لەگەڵ حەنان فەتلاوی، راوێژكاری سەرۆكی وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری ژنان هەیبوو.
پێشتر چەند پەلەمانتارێكی عیراق ئیمزایان كۆكردبوەوە بۆئەوەی بڕگەی لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە فایەق شێخ عەلی بخرێتە كارنامەی دانیشتنی پەرلەمانەوە، لە دانیشتنی 17ی ئەیلولی 2019، پەرلەمانی عیراق پارێزبەندییەكەی لێسەندەوە.
هەڵگرتنی پارێزبەندییەكە لەسەر ئەو پەرلەمانتارە بەهۆی داواكارییەكانی حەنان فەتلاوی، سەرۆكی بزوتنەوەی ئیرادە و راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری ژنان بوو كە سێ‌ سكاڵای بۆ ئەنجومەنی باڵای دادوەریی بەرزبكردبووەوە و پەرلەمانتارەكەی بەوە ناوزرٍاندن تۆمەتباركردبوو وێڕای رووبەڕووكردنەوەی تۆمەتی «پێشێلكاریی بەرامبەر شەرەفی ژنانی عیراق».
هەر لەو چوارچێوەیەدا فایەق شێخ عەلی لە هەژماری خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) هێرشیكردبووە سەر حەنان فەتلاوی و قسەی نەشیاوی پێوتبوو.
شێخ عەلی هەڕەشەی لەو پەرلەمانتارانەش كردبوو كە ئیمزایان بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر كۆكردبوەوە و رایگەیاندبوو «ئێوە یاریی بە ئاگر دەكەن».
ئەو پەرلەمانتارە دوای ئەوەی لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پارێزبەندی پەرلەمانی لەسەر هەڵگیرا، لە رێگەی تویتەرەكەیەوە بە شێوەیەكی گاڵتەئامێز گۆرانیـیەكی پـێشكەشی ئەو پەرلەمانتارانە كردبوو كە لە دژی دەنگیان دابوو.
لە 17ی ئەیلولی 2019، لە دانیشتنێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، پـرۆسەیەكی دەنگدان بەڕێوەچوو بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانی لەسەر فائق شێخ عەلی، سەرۆكی هاوپەیمانی «تمدن».
محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندبوو»زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران بڕیاردرا پارێزبەندی لەسەر فایەق شێخ عەلی پەرلەمانتار هەڵبگیرێت و بڕیارەكەش پەسەندكرا».
فائق ئەلشێخ عەلی، بەوە ناسراوە رەخنەگرێكی سیاسی توندە، سێ سكاڵای لەسەر تۆماركرابوو، لەوانە بەرزنرخاندن و مەزنكردنی حزبی بەعس.
شێخ عەلی لە مانگی ئاداری رابردوو لە چاوپـێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاندبوو «با ئەو سیاسیانەی حوكمی وڵاتەكە دەكەن گوێبگرن كە چەند رەوشت نزمن و پـێڵاوەكانی ئەحمەد حەسەن بەكر، لەوان خاوێن ترە».
ئەحمەد حەسەن بەكر لە ساڵی 1968 تا 1979، وەك سەركردەیەكی باڵای حزبی بەعس لە پۆستی سەرۆك كۆماری عیراقدا بوو.
دوای بڕیارەكەی پەرلەمانی عیراق، فائق شێخ عەلی لە تویتەرەكەی بە شێوەیەكی گاڵتەئامێز نوسیبووی»دیاریم بۆ ئەوانەی لە دانیشتنی پەرلەمان لە 17ی ئەیلولی 2019 لە دژم دەنگیاندا، ئەم گۆرانیـیەیە كە لە پاش دەنگدانەكەتان گوێم لێگرت. بۆیە پـێشكەشتانی دەكەم تا بۆ چەند رۆژێك چێژی لێوەربگرن، پاشان گۆرانیـیەكی دیكەتان پـێشكەش دەكەم».

 379 جار بینراوە