سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » گەنجەكەی نەمسا وڵاتی خۆی لە خەم رەخساند

گەنجەكەی نەمسا وڵاتی خۆی لە خەم رەخساند

لە دوای هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانی دەسەڵاتداری نەمسا، كە ماوەی ساڵێك شەش مانگ بوو حكومەتی پێكهێنابوو، بەڵام بەهۆی ئاشكرابوونی كەیسێكی ئابڕووچوونی جێگری سەرۆكی پارتی ئازادی راستڕەو، لە مانگی ئایاری رابردوودا هەڵوەشایەوە و سەرۆكی وڵات سەرۆكی دادگای دەستووری وڵاتەكەی بە شێوەیەكی كاتی بە سەرۆك وەزیران دامەزراند و بڕیاریش درا هەڵبژاردنی پێشوەختە و لە 29/9/2019 لە وڵاتەكە رێكبخرێت، بۆیە لەو رۆژەدا هەڵبژاردنی پەرلەمان بە بەشداریی شەش ملیۆن و 500 هەزار دەنگدەر لە پڕۆسەیەكی ئازاد و دیموكراسی ‌و بێ كێشەدا بەڕێوەچوو.

پارتی پارێزگاران یەكەمە
بەپێی ئەنجامە نافەرمییەكان، پارتی پارێزگاران بە سەركردایەتیی «سێباستیان كورتز» راوێژكاری نەمسا، بەڕێژەی 37.2 %ی كورسییەكانی پەرلەمان، دەنگی زۆرینەی پەرلەمانی بردەوە.
لە بەرامبەردا پارتی ئازادی راستڕەو FPÖكەپێشتر هاوپەیمانی حكومەتی پارتەكەی كورتز بووە، تەنها رێـــــژەی 16 %ی كورسییەكانی پەرلەمانی بە دەستهێنا و چۆتە پلەی دووەم، بەمەش لەچاو هەڵبژاردنی رابردوودا لە ساڵی 2017، ژمارەی كورسییەكانیان زۆر كەمی كردووە. پارتی سەوزیش كە بانگەشە بۆ سازگاری ئاوهەوا و كەشی تەندروست بۆ هاووڵاتیان دەكات، توانی پلەی سێیەم بەدەستبهێنێ و 14 %ی دەنگەكان بباتەوە.

پێكهێنانی هاوپەیمانی
ئەو گەنجە سیاسەتمەدارە، تەمەنی 33 ساڵە و لە ساڵی 2005 دا چۆتە كۆلێژی ماف و خەریكی كاروباری سیاسی و رێكخراوەكان بووە. ساڵی 2013 كرایە وەزیری دەرەوەی نەمسا و لە 2017 ش كراوەتە راوێژكاری (سەرۆك وەزیران)ی وڵات.
بەپێی ئەنجامی دەنگدانەكەش بێت، هیچ یەكێك لە پارتە براوەكانی هەڵبژاردنەكە ناتوانن بە تەنیا حكومەت پێكبهێنن و پارتەكان ناچار دەبن پەنا بۆ پێكهێنانی دروستكردنی هاوپەیمانی ببەن، بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ و هەڵبژاردنی راوێژكارێكی نوێ بۆ وڵاتەكەیان، لەوەش ناچێت ئیدی پارتی براوەی یەكەم لەگەڵ راستڕەوەكان وەك جاری پێشوو هاوپەیمانی پێكبهێنێتەوە و متمانەی جەماوەرەكەی لەدەست بدات.

دونیا بەرەو پێكەوەژیان هەنگاو دەنێت
دەربارەی ئەم بابەتە، رۆژنامەی فرانكفۆرتەڕۆندشاوی ئەڵمانی پێشبینی ئەوە دەكات كە سباستیان هاوپەیمانێتی لەگەڵ سەوزەكان یان لیبراڵەكان و سۆسیال دیموكراتەكان گرێ بدا و حكومەت پێكبهێنێتەوە. رۆژنامە ئەڵمانییەكە لەم بارەیەوە نووسیویەتی: ئەو گەنجە توانی بەسەر ركابەرەكانیدا سەركەوێ و كۆمەڵگە لە دڵەڕاوكێی ئەو راستڕەوانە دڵنیا بكاتەوە، كە ئیدی ئەوانە باویان نەماوە و دونیا بەرەو پێكەوەژیان هەنگاو دەنێت.
هەروەها رۆژنامەی میتلبایریشەزایتۆنگ نووسیویەتی: ئەو گەنجە كەسایەتییەكی بەهێزی بۆ خۆی دروستكردووە و مەحاڵە ئەمجارە خۆی تووشی راستڕەوەكان بكاتەوە و حكومەتیان لەگەڵ پێكبهێنێت، چونكە ئەوانە متمانەی جەماوەری خۆیان لەدەستداوە و جارێكی تر هەروا بەئاسانی راست نابنەوە. سەركردەكانی ئەو پارتە بە دۆستایەتی و پەیوەندی گرێدان لەگەڵ روسیا و رادەستكردنی جڵەوی سیاسی وڵاتەكەیان بۆ ڤلادمیر پوتین و دارودەستەكەی متمانەیان لەدەستدا و هەر پارتێكیش پەیوەندییان لەگەڵ بگرێتەوە، بەهەمان شێوەی ئەوان تووشی شكست دەبێتەوە.
ئوسنەبروكە زایتۆنگیش پێشبینی دەكات كە پارتی براوەی یەكەم لەوانەیە لەگەڵ سەوزەكان هاوپەیمانێتی بكات، چونكە لە قۆناغی ئێستادا پارتی سەوز رەواجی پەیدا كردووە و مۆدێرنانە دەڕواننە كێشەكانی كۆمەڵگە ‌و پارتەكەی سباستیانیش هیچ ئەلتەرناتیڤێكی تری لەبەردەمدا نییە، جگە لە شەراكەتی نیشتمانیی لەگەڵ لیبراڵەكان یان سەوزەكان نەبێت.

سەرچاوە: میدیای ئەڵمانیا

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەڵمانیا هەوڵی ئاشتبوونەوە لەگەڵ سعودیە دەدات

ماوەی ساڵێكە بەهۆی دۆسێی كوژرانی (جەمال خاشقی) رۆژنامەنووسی دیاری سعودی ...