سەرەکی » وتار » گۆشەگیریی مەدەنی؛لە پەراوێزی مەرگی..

گۆشەگیریی مەدەنی؛لە پەراوێزی مەرگی..

گۆشەگیریی مەدەنی ؛ لە پەراوێزی مەرگی ئیبراهیم یونسیدا

رزگار ئەمین نژاد

پاییزی ساڵی 1992، چەند مانگ بەدوای ئازادبوونم لە زیندان، هەستم بە مەترسی گیرانێکی دیکە کردەوە. ناچار بەرەو شاری تاران کەوتمە ڕێ، بەڵکوو بۆ ماوەیەک لەبەرچاوان بزر بم تا بزانین دنیا چی لێدێتەوە. یەکێک لە خۆشەویستانم کە بەداخەوە ئێستا لە ژیاندا نەماوە، لەو ڕۆژە سەختانەدا داڵدەی دام. قەرەباڵغی و غوربەتیی شاری تاران و، بەتایبەت کاریگەری ئەم ڕووداوە کە نەیهێشت ماندوویی چەند ساڵەی زیندانم بە هەڵمژینی شنەی ئازادی بحەسێنمەوە، هێدی هێدی بەرەو گۆشەگیرییەکی ڕۆشنبیرییانە و خەمۆکییەکی گرانی دەبردم. لەبن کتێبخانەی ماڵی خانەخوێیەکەم دادەنیشتم و بەتاڵاییەکانی ژیانی خۆم بە خوێندنەوە پڕ دەکردنەوە. یەکێ لەو ڕۆژانەی کە بە خوێندنەوەی کتێبی “به دور از مردم شوریده – نووسینی تامس هاردی و وەرگێڕانی ئیبراهیم یونسی” خەریک بووم، خانەخوێیەکەم پرسیاری کرد: حەزدەکەی سەردانێکی «کاکە برا” بکەین؟ زۆربەی بانەییەکان بە دکتۆر ئیبراهیم یونسی-یان دەگوت: “برایم خان” یا ئەوانەی کەمێک سەمیمیتر بوون دەیانگوت: “کاکە برا”.
ئەی بۆ نا؟ دیداری کەسێک کە بەشێک لە بەرهەمەکانیم خوێندبوونەوە، حەتمەن زۆر خۆش دەبوو. خانەخوێیەکەم چوو بۆ ژوورەکەی دیکە و تەلەفۆنی بۆ کاکە برا کرد: «تازە لە زیندان ئازاد بووە… شیعر دەنووسێ… کوڕی فڵانەکەسە… هەڵاتووە… ماڵەکەیان پشکنیوە… دەفتەرێکی شیعر و کارێکی نیوەچڵی وەرگێڕانیان لێگرتووە… ڕۆمانی “ئاوای وەحش”ی جەک لەندەن… بەڵێ کوڕێکی… بەسەرچاو… سبەی دێینە خزمەتتان”. بۆ ئەو کەسانەی کە تازە پێدەگەن ڕەنگە سەردانی کەسانی بەناوبانگ بەلایانەوە زۆر خۆش بێت، بەڵام من کەمێ دڕدۆنگ بووم. حەزم بە هێندێ تەشریفات نەدەهات و ئیستاشی لەگەڵدا بێت هەر کەیفم پێنایەت. بەتایبەت نەریتی فەخرفرۆشتن و خۆبەزلگرتنی بەشێک لە نوخبەی ئەو سەردەمە، ئازاری دەدام، خۆیان وا دەنواند ئەمە ئەوانن خەریکن کارێک دەکەن، هیچیشی لەگەڵ نەدەکرا. بە کەمگرتنی خەڵکی ئاسایی، بەداخەوە ببوو بە بەشێک لە کولتووری توێژی دەستەبژێر(نوخبە). ڕەگەکانی ئەم کولتوورە چ بوون؟ و چین؟، بابەتێکی دیکەیە کە لە قەرەی ئەم نووسینە نایەن، بەڵام من بەنۆرەی خۆم چاوپۆشیم لە جەستەی کۆمەڵایەتی ئەو کەسانە دەکرد و هەر لە رێگای دەقەکانیانەوە پەیوەندیم پێوە دەکردن.
ڕۆژی دواتر خۆمان بۆ ئەم دیدارە ئامادە کرد، قەرارمان سەعات 4ی ئێوارە بوو. بە نێو قەرەباڵغی و هاڕەهاڕی دەنگی ماشین و تەننورەی دووکەڵی تاران دا تێپەڕین و لە کۆڵانێکی تەنگەبەر ماشێنەکەمان ڕاگرت، لە زەنگی دەرگامان دا، دەرگا کرایەوە، بە پلیکانەکاندا هەڵگەڕاین و لە بەردەم ئاپارتمانەکەیدا ڕاوەستاین و بە ئارامی لە تەقەی دەرگامان دا. خانمێکی خوێنشیرین و ڕووخۆش دەرگاکەی لێ کردینەوە. زۆر جار دایکم باسی فیداکاری، ئازار و میحنەتەکانی ئەم خانمە ئەرمەنییەی بۆ کردبووم. کەچی تەمی عومرێکی پڕ ئێش و حەسرەت، هێشتا گەشایی چاوەکانی دانەپۆشیبوون. زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنی کردین و گوتی: “فەرموون، لە دیووی کارەکەی چاوەڕێتان دەکات”. کە دەرگای ژوورەکەی لێ کردینەوە، بەر لە خۆی تەننوورەی دووکەڵی سیگار بە پێشوازیمانەوە هات و، ئەوجا قەڵافەتی پیاوێکی بەهەیبەت کە لەسەر یەک لاق ڕاوەستابوو لە پشت ئەو دووکەڵەوە دەرکەوت و بەدەنگێکی گڕ فەرمووی ژوورەکەی کردین.
کتێب، کتێب، کتێب، کتێب و کتێب. مەملەکەتی وشە و دەق و کتێب. بەرلەوەی لەسەر یەکێ لە کورسییەکانی بەرامبەری دانیشم، دەستێکم گێڕا بۆ ئەوەی دڵنیابم لەسەر کتێب دانەنیشتووم و هاواری وشە داوێنگیرم نابێت و کتێبێک ئازار نادەم. نیگای وردبین و تیژی ئەم پیاوە “بەڕووخۆرە”(1) شەرمێکی تێدا دروست کردم.
– سیگار دەکێشی؟
– بەڵی دانە دانە!
سیگارێکی “هووما” (2) ی لە پاکەتەکەی دەرهێنا و فەرمووی کردم. گوتم نا، سوپاس. گوتی شیعرێکم بۆ بخوێنەوە. گوتم لە زیندانی ئیتلاعات خەریکن دەیخوێننەوە. زەردەخەنەیەک لە ڕوخساری نیشت. گوتی لە کودیتاکەی (٢٨ ی گەلاوێژ – 19/8/1953) لەگەڵ باپیرت زیندانی بووم، دواتر بۆ ماوەیەک لەگەڵ باوکت لە زیندان بووین، پیریی لە فریام کەوت دەنا ڕەنگە لەم دەورەیەشدا لە زیندان بە دیداری تۆش شاد بوومایە! بە پێکەنینەوە وتم “باز تولید نسل”. مژێکی قووڵی لە سیگارەکەی دا و وتی: نا، “باز تولید استیبداد!” گوتی قەرارە چەند میوانی دیکەش بێن، عەلی ئەشرەفی دەرویشیان و چەند نووسەری خەڵکی کرماشان. چاوەکانم بە بیستنی ناوی عەلی ئەشرەفی دەرویشیان تروسکەیان تێکەوت. گوتی شتەکانی دەرویشیانت خوێندوونەوە؟. گوتم بەڵی زۆربەیان. گوتی حەتمەن وایە، دەنا بۆ دەچووی بۆ زیندان!
میوانەکان هاتن و، هەموومان چووین بۆ ساڵۆنی پەزیرایی. ئەو ڕۆژانە هەموو کەسێک خەمێکی بوو، بەڵام نووسەربوون، چەند خەمی دیکەی دەخستە سەر جەستەی ئەم پیاوە بێ ئازارانە. باس باسی نامەی ناڕەزایی سەبارەت بە ڕەوتی سانسۆر لە ئێراندا بوو، کە 185 کەس لە نووسەران و هونەرمەندان ئیمزایان کردبوو، کاکە برا و میوانەکانیش ئیمزایان کردبوو. ئەم ئیمزایانە پیاوە نێوچاوان نوورانییەکانی هێندە دەهری کردبوو کە لە قەڵسان لە دەرگای هەر 185 ماڵەکانیان دابوو، داوایان لێکردبوون کە ئیمزاکانیان وەربگرنەوە. چەند کەس ئیمزاکانی خۆیان وەرگرتبووەوە، بەڵام ئەمان هەر چاوەرێی لەدەرگادانێکی دیکەیان دەکرد، دیار بوو کە قەراریش نییە ئیمزاکانیان وەربگرنەوە. دەرویشیان گلەیی لە محەمەدی قازی هەبوو کە بۆچی ئیمزای خۆی وەرگرتۆتەوە و لە ڕوونکردنەوەیەکدا نووسیویەتی کە ئاگای لە ناوەرۆکی نامەی ناڕەزاییەکە نەبووە. کاکە برا، بزەیەکی هاتێ و گوتی باوەڕی پێدەکەم. ڕەنگە کچێکی چاوجوان نامەکەی دابێتە دەستی و ئەویش هەر چاوی لە چاوی بڕیوە و ئیمزای کردووە! هەموویان پێکەنین و منیش لە قوڵایی مانای ئەم جەفەنگەدا مابوومەوە. دەرویشیان گوتی میوانەکانمان پێ ناناسێنی؟ کاکە برا گوتی شاعیرە، ماڵیان تاڵان کردووە و بەدیار سفرەیەکی بەتاڵەوە دانیشتووە. دەرویشیان ڕووی تێکردم و گوتی: لەدەرگای ماڵی کێت دابوو کابرا؟ گوتم سیاسی نەبوون، بەرهەمی ڕۆژانی زیندان بوون. دەرویشیان گوتی: لە زیندان دەربازت کردن و لە ماڵی خۆتدا لێیان گرتی؟ گوتم لە دوای کەلوپەلی کەسێکی دیکە دەگەڕان، ئەوەی منیان بەردەستکەوت. میوانەکان هەستان و ئێمەیش هەستاین کە هاوکات ماڵئاوایی بکەین، کاکە برا گوتی ئێوە دانیشن، شام پێکەوە دەخۆین. دەرویشیان گوتی خوا نەیکرد لە بانە لەدایک بم. ئیدی لە دوای خۆی پێکەنینێکی بۆ جێهێشتین. شام خورا و قسەیەکی زۆرمان کرد، بەشیکی زۆری بیرەوەریی بانە بوو و هێندێکیش باسی بەرهەمەکانی بوون. شەو درەنگ ببوو، ئیزنمان لێ خواست و ماڵئاواییمان لێکرد. لە بەردەرگا دەستی خستە سەر شانم و گوتی: لێرە خۆت بە غەریب مەزانە، کەی پێتکرا وەرە. ئەم قسەیە بوو بە پاسپۆرتی سەردانەکانی دیکەی من.
جاری دووهەم لەگەڵ یەکێ لە ئاوەڵەکانم سەردانیمان کرد و، سەردانی جاری سێهەم خۆمانەتر بوو، دۆستایەتی ئەم پیاوە میهرەبانە بەرە بەرە هەیبەتی ئەفسەرییەکەی کەمتر دەکردەوە. میوانی زۆر دەهاتن و قسەی زۆر دەکران. ڕۆژانە چەند ڕۆژنامەی بە زمانەکانی فەرەنسی و ئینگلیزیی بۆ دەهات، ڕۆژێک لاپەڕەیەکی ڕۆژنامەی تایمزی لەندەنی پیشاندام. سەرم لە زمانەکەی دەرنەدەکرد و هەر سەیری وێنەی ڕێستۆرانتێکم دەکرد کە لە بن سەرتیترەکەی بوو، دڵنیا بووم کە پەیوەندی هەیە بە ڕووداوەکەی میکۆنوس.* پاش تەواوکردنی خوێندنەوەی بابەتەکە ، بۆی باس کردم کە ڕۆژنامەی تایمزی لەندەن چۆن باس لەم ڕووداوە دەکات. ڕۆژنامەکەی لەسەر مێزەکە دانا و، سیگارێکی داگیرساند. گوتی: “من نازانم ئەم هەمووە ڕیسکە لە پێناو چیدایە”. منیش نەمدەزانی، بەڵام هەستم دەکرد کە کاکە برا بەم ڕووداوە زۆر ئاڵۆز بووە. گوتم: نرخی خەبات گرانە! کاکە برا گوتی: ئەوە نرخ نییە، تۆ نازانی تێداچوونی ئەم جۆرە کەسانە چ کاریگەرییەکی لەسەر چێبوونی “نەفرەتی نەتەوەیی” دەبێت. ئەگەر قازی محەمەد-یان لەدار نەدابا، ڕەنگە کارەساتەکانی ساڵانی دوای شۆڕشی 1979 بە ئاقارێکی دیکەدا بڕۆشتنایە”.
ڕەنگە وابێ، ئیحتیمالاتیش لە خۆیدا پەیڕەوی لە یاسایەک دەکەن. حەزم کرد ئەم دۆخە وەک دەرفەتێک بقۆزمەوە تا بەڵکو باسەکەمان بەرەو بیرەوەریی ئەو سەردەمە ببەین کە ئەو سەرۆکی پارێزگای کوردستان بووە. کاتێ دەوڵەتی کاتیی بازرگان ئەم پێشنیارەی پێدەکەن، سەرەتا قبوڵی نەکردووە. بە گوتەی خۆی قاسملۆ بە پێداگرییەوە داوای لێکردووە کە قبوڵی بکات، چونکە نیگەران بووە لەوەی کەسێکی بێگانە بە کێشەی نەتەوەیی کورد ئەم بەرپرسیارەتییە وەربگرێت و لەلایەکی دیکەوە میانەڕۆیی و کەسایەتی نەرمونیانی کاکە برا، هۆکارێکی دیکە بووە. ئەم بەرپرسیارەتییە سێ مانگی خایاند و ئەو دەستکشانەوەی خۆی ڕادەگەیەنێت. یەکێ لە گلەییەکانی خومەینی لە سیاسەتی بازرگان لەمەڕ کێشەی کوردستان، دیاریکردنی ئەم پیاوە کۆمۆنیستە بووە وەک سەرۆکی پارێزگای کوردستان. ئەم دەچێتەوە بۆ تاران و قەناعەت بە مووچەی خانەنشینییەکەی دەکات. بەڵام ئەمانە گشت ئەو شتانە نەبوون کە من تامەزرۆی بیستنیانم دەکرد. پێویست بوو کەمێ زیاتر هەلاجیی ئەم بیرەوەرییە ئاڵۆزە بکرێت. زۆر زەحمەت بوو کە ئەم کۆنە ئەفسەرە وەقسە بێنی، بەتایبەت کە ساڵانێکی زۆری تەمەنی لە زینداندا تێپەڕاندبوو. ناچار بووم بگەڕێمەوە سەر قسەکانی پێشووی و لەوێڕا پرسیار بدۆزمەوە و بەم چەشنە ڕوانگەی ئەو سەبارەت بەو ڕۆژانە ببیستم. سەرەنجام پرسیارەکان توانیان تا ڕادەیەک ئەو بورژێنن.
کۆمەڵێ شت دەیانتوانی ئەگەری شەڕی کوردستان کەم بکەنەوە، شتەکان هەروا نەبوون کە خومەینی بە ئاسانی لەشکرکێشی بکاتە سەر کوردستان. چەککردنی پادگان و پاسگاکان، مانۆڕی پێشمەرگە بەنێو شارەکان و بەتایبەت ناکۆکییە ئایدیۆلۆژییەکان و هەروەها کۆمەڵێ شتی دی. گوتم ئەم کارە لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش کران! گوتی پاساوی ئەوان بۆ پاڵپشتی ئینقلاب بوو، بەڵام کوردستان هەڵوێستی هەبوو. بە دکتۆر قاسملۆی گوتبوو ئەم منداڵانە چین دوای خۆت خستوون؟ لێگەڕێ با بچنەوە سەر کلاسی دەرسەکانیان! باسی تەلەگرافی ئاغای سەحابی کرد کە لە زمانی موهەندیس بازرگانەوە داوای لە دکتۆر قاسملۆ کردبوو بەر بە سازبوونی ڕەوتی توندئاژوێی بگرێت، سەحابی باسی لە نیگەرانی خۆی سەبارەت بە سازبوونی ڕەوتێکی هاوچەشن لە تارانیش کردبوو و، لە کۆتایی تەلەگرافەکەیدا گوتبووی: سێبەرێکی شووم خەون بەم ئاڵۆزییەوە دەبینێت، وەرن با نەیەڵین منداڵانی ئێران زەمین، بەرببنە گیانی یەکتر و مێژووی خۆێن بنووسنەوە. دکتۆر قاسملۆ لە نیگەرانی تەلەگرافەکەی بازرگان و سەحابی تێگەیشتبوو، ئەم بابەتە ئەویشی نیگەران کردبوو، چونکە باش دەیزانی ئەگەر ئەم نەوەیە نەتوانێ ئەم کێشەیە بە گفوگۆ چارەسەر بکات، ئەوا چارەسەری گشت کێشەکانی دیکەش لە سەرکوتکردندا دەبینێتەوە. ئەم بابەتەی لە بەحسەکانی لەگەڵ دکتۆر قاسملۆدا درک پێکردبوو. کاکە برا گوتی گەورەترین ئاستەنگی مێژوویی ئەوەیە کە خەڵک لە دەوری خۆت کۆ بکەیتەوە و دڵنیایان بکەی کە شتێکیان بۆ دەکەی، لەو حاڵەدا هەمووان چەپڵەت بۆ لێدەدەن و تۆش باوەڕ دەکەی کە بەڕاستی شتێکت لەدەست دێت. گوتم بەڕاستی ڕێگایەکی دیکە هەبوو؟ گوتم هەوڵیان دا لە ڕێگای دەنگوەرگرتنەوە بچن بۆ مەجلیس بەڵام… هاتە نێو قسەکانمەوە و گوتی ئەمە بەڵگەی ئەوان بوو. تێنەگێشتم. گوتی لە شەڕدا هیچ لایەنێک خۆی بە خەتابار نازانێ، بەڵام ئەو شتەی کە لایەنی خەتابار دیاری دەکات دادگا و قبووڵکردنی بنەمای داوەریکردنە. منیش بە نۆرەی خۆم پشتیوانیم لە داواکانی کورد دەکرد، داوایەکی ڕەوا بوو، بەڵام تۆ ناتوانی چاوپۆشی لە بنەمای گەمەی سیاسی بکەی. هێڵێک بە دەوری خۆتدا دەکێشیت و دەڵێیت ئەمە سنووری منە، لەو سنوورەوە هێزەکانت سەنگەر دەگرن و ئەوجار هەوڵ دەدەی بچیتە نێو مەجلیسیشەوە؟ گوتم شتەکان هەر ئەوە نەبوون، باوەڕبکە حکومەت باوەڕی بە تەواویەتی کێشەکە نەبوو. گوتی من دڵنیا بووم کە خومەینی باوەڕی بە هیچ نەبوو، بەڵام ئێمەش یارمەتیمان دا کە ئەو بێباوەڕییەی خومەینی جێبکەوێ و خەڵک باوەڕ بە نیگەرانییەکانی بکەن و لەئەنجامدا پاڵپشتی لێبکەن. گوتم گەڕایتەوە بۆ تاران و بە بێدەنگی لەم بەحرەدا بزر بووی! گوتی: “چار نەبوو، کە دنیایان لێ ئاڵۆزکردی، باشترە لە گۆشەیەک کز دانیشی، بە ئارامی کار بکەیت و چاوەڕێ بکەی دۆخەکە هێوڕ بێتەوە. من وەرگێڕم، نووسەرم، هەڵوێستەکانی ئەو سەردەمە لەگەڵ رۆحیەی من نەدەهاتنەوە. من تاقەتم نەبوو لەم خاکە هەڵکەندرێم. ژیان لە وڵاتی خۆتدا زۆر گرنگە”. زۆر دڵنیا نەبووم کە ئەو کەسانەی ئێستا لە خاک هەڵبڕاون تاچەند هەست بەم گرنگییە دەکەن. شار لای کاکە برا شوێنی ژیان بوو و ژیانیش خەباتێکی بەردەوام بوو، بۆ وەدیهێنانی دۆخێکی باشتر. دەیگوت دەرگاکان هەموویان بە داخراوەیی نامێننەوە، سروشتی ڕۆژگار بەچەشنێکە کە یەک بەیەکان دەکاتەوە. ئەو لەم گۆشەگیرییەدا بەردەوام بوو لە کاری نووسین، میوانەکان پۆل پۆل خۆیان بە ماڵەکەیدا دەکرد، هێندێکیش هەبوون کە چارەیان نەدەویست و ئەو ئەمەشی پێ نیعمەتێکی گەورە بوو، چونکە بەم کارەیان پێت دەڵێن کە تۆ لێرە ماوی و لەژیانکردندا بەردەوامی. کتێبەکانی لە چاپخانەکاندا تۆزیان لێدەنیشت و ئیزنی بڵاوکردنەوەیان پێنەدەدرا، بەڵام ئەو لە پڕۆژەی نووسین و وەرگێڕاندا بەردەوام دەبوو، کتێبێکی دیکەی دەناردەوە بۆ چاپخانە و هێندە بەردەوام دەبوو تا ڕۆژێک دەرگا داخراوەکان بەسەر چاپکردنی کتێبەکانیدا بکاتەوە و، هێندێ جاریش بەڕاستی دەکرانەوە. توخمی عەقڵانیەتی مرۆڤ، گرنگترین هاندەری کارە بە نرخەکانی بوون. دەیگوت دەبێ لە نووسیندا بەردەوام بیت، ڕەنگە زۆر جار وا هەست بکەی کە خوێنەری جیددیت نییە، بەڵام قەت لایەنی عەقڵانی خەڵک فەرامۆش مەکە. ئاڵۆزی و جەوسازی وەک گرفتێکی گەورە دەبینی لەبەردەم هۆشیاریی کۆمەڵایەتیدا. دەزگاکانی پەخش پێیان گوتبوو لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی شەڕی نێوان ئێران و عێراق، فرۆشتنی بەرهەمەکانی لە سەدا شەست و هەشت هەڵکشانی بەخۆیەوە بینەوە. ئەمە بە مانای ئەوەیە کە خەڵک دەیەوێ بخوێنێتەوە، بیر بکاتەوە و بەهای خۆی لە کۆمەڵگادا پێناسە بکاتەوە. مەبەست هەر خوێندنەوەی کتێبەکانی خۆی نەبوو، بەڵکە هەڵکشانی ئەم ئامارەی وەک دیاردەیەکی هەمەگیر مەزندە دەکرد. ساڵانی دواتر کە گەواهی جووڵەی کۆمەڵایەتی دوای دووی خورداد بووم و سەرهەڵدانی نیهادە مەدەنییەکان، بەردەوام تیۆری توخمی عەقڵانیەتی «کاکە برا»م بیردەهاتەوە.
گوتم بێتاقەتیی بانە ناکەی. گوتی زۆر. گوتم ئەی بۆ سەردانێک ناکەی. گوتی من بۆ هەر شوێنک بچم کراوات لێدەدەم، تاقەتم نییە منداڵە بەسیجییەک لە بازرەسی کەلیخان بەرم پێبگرێت و بڵێ ئەو شتە تاغووتییە چییە لێتداوە! بەڵام نیگەرانییەکەی هەر ئەوە نەبوو، باش دەیزانی ئەگەر ڕۆژێک بچێتەوە بۆ بانە لە نۆستالێژیای ڕابردوویدا نغرۆ دەبێت و هەست بە تەنیاییەکی سارد دەکات. شار بۆ ئەو چرایەک بوو کە لە دوورەوە تروسکەی دەدایەوە. چرایەک کە لە ئەنگووستەچاوی شەوانی گۆشەگیریدا بە هێمنی ڕووناکایی بە دڵتەنگییەکانی دەبەخشی.
ئەمە دوایین سەردانم بوو، دۆخەکە بۆ منیش هێوڕ بووەوە و گەڕامەوە بۆ بانە. کە لە کەلیخانەوە چاو لە شار دەکەیت، تاسەی غەریبییەکەت دەشکێ. شار لە شوێنی خۆیەتی و، لە نێو زارکی ئەو گڕکانە خامۆشەدا بە سەبوورییەوە چاوەڕیت دەکات. کە دێیتەوە بۆ شار هەوای سەفەرێکی دیکە دەکەیتەوە، بەڵام تاسەی ئەم شارە دەستت لێ هەناگرێ و بە مردووییش بێت، ڕۆژێ دەبێ هەر بگەڕێیتەوە بۆ لای.

پەراوێزەکان:
(1) خەڵکی شارەکانی دیکەی کوردستان بە بانەییەکان دەڵێن بەڕووخۆر
(2) جۆرێک سیگاری باریک و چکۆلە کە لە سیگارەکانی دیکە زۆر هەرزانتر بوو
*‌ میکۆنوس، ناوی ئەو ڕێستۆرانتەی شاری بەرلینە کە لە کاتی کۆبوونەوەیەکی سەرانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدا، ڕۆژی 17ی سێپتەمبه‌ری 1992 دکتۆر سادق شەرەفکەندی، سکرتێری گشتیی -ئەوسای- حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و فه‌تاح عه‌بدولی و هومایون ئه‌رده‌ڵان و نوری دێهکوردی‌ی لێ تیرۆرکرا. (یادگار)
10/2/2012

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ترەمپ بۆ وای کرد؟

ئارام وەڵەدبەگی زۆر کەس بەسەرسوڕمانەوە لە سیاسەتی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکان ...