سەرەکی » وتار » ناڕەزایی برسییەكان، یان گەمەی سیاسییەکان؟

ماجەرای عیراق

ناڕەزایی برسییەكان، یان گەمەی سیاسییەکان؟

ئەركان جەبار

هەفتەیەك دەبێت كە خۆپیشاندان ‌و ناڕەزایەتییەكان لە سەنتەری سیاسیی عیراق و چەند شارێكی باشوور تاو دەسێنێت، ئەمە یەكەم ناڕەزایەتی جەماوەرییە لە سەردەمی كابینەكەی عەبدولمەهدی-دا كە هەر زوو دروشمەكانی خۆپشاندەرانیش داوای لەكارلابردنی و دادگایی كردنی دەكەن، هەرچەندە تاڕادەیەك دۆخەكە بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت، بەڵام هێشتا دوكەڵی بۆمبی فرمێسك رێژەكان نەنیشتووەتەوە.

سیاسییەكان دەكەونەخۆ
دیوی یەكەمی ئەم شانۆگەرییە روونە، كە ئەوەی لە عیراق دەگوزەرێت، تا ئەندازەیەك حكومەتە تەمەن یەك ساڵییەكەی عەبدولمەهدی لێی بەرپرسیار نییە، بەڵكو میراتگری حوكمڕانییە شكستخواردووە یەك لەدوا یەكەكانە (بێگومان لە دوای 2005)ەوە، كە باخەڵی هەزاران سیاسیی هەڵتۆقیوی ئەم وڵاتەی گەرم كردووە، گوزەرانی ملیۆنان هاووڵاتیشی خستۆتە باری بێ ئیرەییەوە، ئەم راستییەش لای لایەنە سیاسییە ناوخۆییەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش روونە، بەڵام دەستەوەستانن لە چارەسەری كۆی دۆخەكە و گەیشتن بە رێكەوتنێكی كۆنكرێتی بۆ باشكردنی گوزەرانی خەڵك.
لەدوای هەموو ناڕەزایەتییەكی جەماوەریی لە عیراق، سیاسییەكان دەكەونەخۆ، هەر لایەك پەرێزی خۆی پاكدەكاتەوە و نەفرەت لە گەندەڵی ‌و گەندەڵچی دەكات ‌و هەوڵی سواربوونی شەپۆلی ناڕەزایەتییەكان دەدەن، وەك ئەوەی ئەوان لە دەرەوەی بڕیار و جومگە سەرەكییەكان بن، ئەمەش لەكاتێكدایە كە كۆی لایەنە شیعەكان كە ئێستا یەك ماڵ نین، پشكی گەورەیان هەیە لەوەی كە دەگوزەرێت ‌و هەر لایەكیان بە قەبارەی خۆی بەرپرسیارە لە برسیبوونی خەڵك، بەڵام نیمچە تەقینەوە جەماوەرییەكەی ئەمجارەی بەغدا و باشوور، پەیامی نوێی بە گوێیاندا دا، تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی هوتافە ئاگرینەكانی جەماوەر روو لەو وڵاتە بێت كە رێكخەری سیاسەت و ستراتیژی رەوتی شیعەكانە لە جیهاندا.

درێژەكێشانی پاكتاوی حیسابی
بۆیە گوێ زریگاندنی سەركردە شیعەكان بەو هوتافانە كە پێشتر پێی رانەهاتبوون، هەر زوو كەوتنە خۆ و بە ئاشكرا و ناڕاستەوخۆ پەیامی پاڵپشتی لە خۆپیشاندەران ‌و زەرورەتی چاكسازییان راگەیاند.
دیوی دووەمی شانۆییەكە، كە ئێستا لە چوارچێوەی میدیای جیهانی ‌و دەوروبەر شەن‌و كەو دەكرێت، پەیوەست دەكرێتەوە بە ململانێی توندی نێوان (ئەمریكا – ئێران، عەرەبستانی سعودی – قەتەر)، بەوجۆرەی كە ئێستا پێكداهەڵپڕژانی بەرژەوەندییە هەرێمایەتی ‌و نێودەوڵەتییەكان لە عیراق دەستپێكردووە و ئەستەمە بەمزوانەش كۆتایی پێ بێت.
درێژەكێشانی پاكتاوی حیسابی ئەو جەمسەرانە لە عیراق، گۆمەكە نەك دەشەڵەقێنێتەوە، بەڵكو چاوەڕێی رووباری خوێنی لێدەكرێت، ئەمەش سەلمێنرا كە لە حەوت رۆژی ناڕەزاییەكاندا و بەتایبەت لە بەغدا، لایەنی ئەمنی نەناسراو خوێنی گەنجانی عیراقی رشت، گوللەی قەناس لە دوورەوە ئامانجەكانی دەپێكا، لە بەرامبەردا لەمپەڕی بەغداوە بۆ ئەوپەڕی بەسڕە، بەرەی خەڵك داوای گەڕاندنەوەی (عەبدولوەهاب ساعدی) دەكەن، كە دوای گواستنەوەی لە هێزی دژە تیرۆر، ئێستا لە پڕ بۆتە فریادڕەسی هەژاران ‌و بێكاران، نزیكیی جەنەڕاڵ ساعدیش لە ئەمریكا و هاتوچۆكردنی لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەعیراق، وێنەی ململانێكانی ئەمریكا بەرامبەر بە ئێران روونتر كردووە.

ئەركە قورسەكە
پرسیارەكە ئەوەیە، عادل عەبدولمەهدی و كابینەكەی دەبنە تەماشاكارێكی واق وڕماوی ئەم دوو دیوەی شانۆگەرییەكە؟.. بۆخۆم وای دەبینم كە هەرچەندە هێشتا زنجیرە بڕیارە چاكسازییەكانی حكومەت تووڕەیی شەقامی دانەمركاندووەتەوە، بەڵام بە ئەندازییەك خۆپیشاندانەكەی بۆ كاتێكی دیاریكراو سڕكردووە، ئەركە قورسەكەش ئەوەیە ئازاو ئازاد هەنگاوی كردارەكی بۆ گێڕانەوەی پارە ئاودیوكراوەكان بنێت و دۆسێی گەندەڵكاران یەكلایی بكاتەوە، ئەگەرنا پێچەوانەكەی قورس دەبێتەوە.
هەرچەندە ئاودیوكردنی یارییە هەواڵگرییەكان ‌و ململانێی هەرێمایەتی ‌و (ئەمریكا – ئێران) بۆ دەرەوەی سنووری عیراق ئەستەمە، بەڵام دەبێت عەبدولمەهدی ئیدارەی ئەو ململانێ ئاڵۆزە بدات ‌و ناو و ناوبانگی سیاسی ‌و حوكمڕانی خۆی ئاوەژوو نەكاتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ترەمپ بۆ وای کرد؟

ئارام وەڵەدبەگی زۆر کەس بەسەرسوڕمانەوە لە سیاسەتی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکان ...