سەرەکی » هەواڵ » سەرۆك كۆمار: راگرتنی لەشکرکێشی توركیا بۆ سەر سوریا

سەرۆك كۆمار: راگرتنی لەشکرکێشی توركیا بۆ سەر سوریا

دوێنێ، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، بەتەلەفۆن لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان قسەیكرد، كە تیایدا دوایین پێشهاتەكانی لەشكركێشی توركیا بۆ سەر باكووری سوریایان تاوتوێكرد كە پەرەسەندنێكی ترسناكەو هەڕەشە لەئاسایشی ناوچەكە دەكات.
سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لەپێویستیی خستنەگەڕی هەوڵەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەئاڕاستەی راگرتنی جەنگ بەزووترین كات، بەمەبەستی رێگریكردن لەڕوودانی كارەساتی مرۆیی‌و خۆڕێكخستنەوەی گروپە تیرۆریستییەكان‌و دروستبوونی هەڕەشە بۆ سەر ناوچەكەو جیهان.
هەروەها، سەرۆك كۆمار بەتەلەفۆن لەگەڵ فێدریكا موگیرینی لێپرسراوی كاروباری دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا، قسەیكردو جەختیكردەوە لەپێویستی راگرتنی لەشكركێشی توركیا بۆ سەر خاكی سوریا.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە كە پێویستە یەكێتیی ئەوروپاو وڵاتانی ئەندام هەنگاوی خێراو پێویست بگرنەبەر بۆ راگرتنی لەشكركێشی توركیا بۆ سەر خاكی سوریا، هاوكات دووپاتیكردەوە كە گرنگە رێگەچارەیەكی ئاشتیانە بۆ كێشەكانی ئێستا بدۆزرێتەوەو پشتیوانی گەلی سوریا بكرێت بۆ ئەوەی بگەن بە چارەسەرێكی سیاسی كە زامنی مافەكانیان لەئاسایش‌و ئارامی‌و ئاشتیدا بەدیبێنێت.
هەر سەبارەت بەتاوتوێكردنی لەشكركێشی توركیا بۆ سەر سوریا، سەرۆك كۆمار بەتەلەفۆن لەگەڵ شاعەبدوڵڵای دووەم پادشای ئوردن و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر و شێخ محەمەد كوڕی زاید جێنشینی ئەبوزەبی‌و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیاو ئەحمەد ئەبو غێت سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی وڵاتانی عەرەب، قسەی كرد.
لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەكاندا، گفتوگۆكرا لەبارەی لەشكركێشی توركیا بۆ سەر سوریاو جەختكرایەوە لەپێویستیی یەكخستنی هەوڵە عەرەبی‌و نێودەوڵەتییەكان بۆ رێگریكردن لەجەنگ‌و روودانی كارەساتی مرۆیی لەناوچەكەدا، هاوكات رێگریكردن لەگەڕانەوەو خۆڕێكخستنەوەی پاشماوەكانی تیرۆرو دروستكردنی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی گەلانی ناوچەكەو پشتیوانیكردنی گەلی سوریا بۆ چارەسەری سیاسییانەی كێشەكانیان‌و زامنكردنی مافەكانیان لەچوارچێوەی ئاسایش‌و ئاشتی‌و شكۆمەندیدا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*