سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » حەسەنی شوان لە چوارتاپەڕە 3

حەسەنی شوان لە چوارتا

سەید حەکیم بەرزنجی – هەولێر

ساڵی ١٩٤٢ لە گەرمەی شەڕی دووەمی جیهانیدا، ناوچەی سلێمانی تووشی تەنگوچەڵەمەیەکی ئابووریی نالەبار ببوو. خەڵکەکە ھەموو ڕوویانکردە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەوێوە بەباری وڵاخ گەنم و جۆیان دەهێنا. ھەروەھا مەڕ و بزن و بەران بەلێشاو خۆی دەکرد بەم دیودا.
لە سەرەتای پاییزی ئەو ساڵەدا، ئێوارەیەک، ڕانەمەڕێک لەگەڵ شوانیکی ھەرزەکاری ڕووخوشدا خۆیکرد بە ئاوایی چوارتادا. دەمودەست جەڵەبچیەکانی سلێمانی تێیئاڵان و دەستیانکرد بە سەودا و مامەڵەکردن لەگەڵ(حەسەن) ی شواندا، پاشان کاکەی شوان خۆی کوتایە کونجی چایخانەکەی چوارتا و توورەکەی نانەڕەقەی ھەڵڕشت و بڕێک خووساندییەوە، ئەوجا بە یەک دوو چای شیرینەوە ماشییەوە.
پاشان جگەرەیەکی نا بەلالێویەوە، پاش یەک دوو مژ لەبەرخویەوە زۆر بەنەرمی کەوتە بزووتن و سۆزی دەروونی تێکەڵ بە ئاوازێکی ناسک کرد، جاروباریش بۆی ھەڵدەستا. خەڵکی چایخانەکە لەم دەنگە خۆشە، لەم ئاوازە بە سۆزە سەرسام بوون.
خاوەنی چایخانەکە، واتا کاک (جەمیلی مەلا محەمەد) تەکیدا بەلایەوە، ھەردوو دەستی کردە ملی و گەلێک دڵ نەوایی کرد و پێیگووت تۆ خۆت بە غەریبە دامەنێ، کوردستان ھەر کوردستانە چ ئەم دیوو بێت و چ ئەو دیوو. تا لێرەی ڕێزت بەبان چاوم. کاک(حەسەن) شەو لە چایخانەکە نووست، بەیانی کە لەخەو ھەڵسا، چایخانەکە کرایەوە و کاک (جەمیل) کەمێک سەرتوێژی ماست و دەستەوارەیەک نانی تەڕکراوی بۆ ھێنا، لەبەرئەوەی کاک (جەمیل) زۆر حەزی بەڕابواردن و کۆڕگرتن دەکرد، ھەموو ئێوارەیەک(حەسەن زیرەک) ی لەکەڵ خۆی دەبردەوە بۆ ماڵەوە و پاش نانخواردن کۆڕ گەرم دەبوو.
کاک(جەمیل) ی خاوەن چایخانە کە بە (جەمیلە شەل) ناسرا بوو، هەتا بڵێی کوڕی کۆڕ و ڕووخوش و ئەهلی بەزم و زەوق بوو.
کاکەی شوان، ماوەی مانگێک لە (چوارتا) مایەوە، ھەموو شەوێک کۆڕ دەگیرا، لەوێش جاروبار دەیخواردەوە، دەیگووت بۆیە دەخۆمەوە کڵۆڵی و کەساسی و نەبوونی فەراموش بکەم. ئەو مانگە کاک حەسەنی شوان، لەلایەن کاک (جەمیل) و خەڵکەکەوە زۆر ڕێزی لێگیرا.
شەوێک دوای هەندێک بەزم و ڕەزم، بڕێک سەریشی گەرم ببوو، بە خەڵکەکەی گووت تا بەفر دەشتودەر و چیاکانی نەگرتووە، با بچمەوە ئەو دیوو، بەرەبەیانێک حەسەنی لاو کە ھێشتا نازناوی (زیرەک)ی پێنەدرابوو، توورەکەیەک نانی لە پشتی بەست و بە چیادا ھەڵگەڕا و بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گەڕایەوە.
کاک(جەمیل) ی خاوەنی چایخانەکە لەوبارەیەوە دەڵێت: «ئەو ماوەیە کە حەسەن زیرەک لە چوارتا بوو، زۆربەی شەوان کۆڕی بەستە و گۆرانی لە ماڵان گەرم دەکرد، تەنانەت دەیانبرد بۆ گوندەکانی دەوروبەری چوارتاش. بۆ نموونە (عەلی ئاغای کانی سارد) و (دەروێش ئاغای نۆڕک) ھاتنە چوارتا، دوو شەو یەک لە دوای یەک حەسەن یان لەگەڵ خویان برد بۆ کۆڕگەرمکردن». هەروەها کاک (جەمیل) دەڵێت: «کاک حەسەن، لە کۆڕەکانی چوارتادا زیاتر ئەم بەستانەی دەووت:
1- ھەنار ھەنار ھەنارە
ھەناری دیوی بانە
ھەنگوینی شانە شانە
چیبکەم بۆ برنجی سەدری
ئەمشە و یارم میوانە
2- گۆرانی و بەستەی بەسەر (حەمە تاڵ) و(سە ید عەتا) دا ئەووت کە لەو ڕوژگارەدا باو بوون.
3- گۆرانی و بەستەی بەسەر سەربازیی ئیجبارییدا ئەووت کە ئەو سەردەمە لە ئێران ڕەزا شا نەریتی بۆ دانا بوو، ئەیووت:
یاخوا ڕەزا شا چوار کوڕت بمرێ
کێ دیویە ئیجباریی لە کوردان بکرێ
سەرکە سەر ڕانم ڕەگی حەیاتم
ئەچمە ئیجباری ھەر بەتەماتم
4- بەستەی (ئایشیلێم لە بۆکانە) کە زۆرجار دووبارەی دەکردەوە
5- جاروبار گۆرانی بارانەی ژمارە ٣ و ٤ ی ئەووت.
کاک(جەمیل) دەڵێت: وەکو چوومە بنج و بناوانی لە ئیستگەی کوردی ڕادیۆی بەغدا نازناوی(زیرەک) بەسەریا بڕاوە، نە باوکی و نە باپیری نازناوی (زیرە ک) یان نە بووە، تا ئەو کاتە کەس نەیبیستبوو بە کاک حەسەن بڵێن (حەسەن زیرەک)، تا ساڵی ١٩٥٣ کە لە بەشی کوردی ئیستگەی بەغداد گۆرانی و بەستەی تۆمارکردووە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*