سەرەکی » وتار » پشتیوان جه‌مال » بڕیاری رۆژئاڤا لە نێوان ژیان و مەرگدا

كـۆبـه‌نـدی هـه‌فـته‌

بڕیاری رۆژئاڤا لە نێوان ژیان و مەرگدا

لەشکرکێشییەی تورکیا بۆسەر خاکی رۆژئاڤای کوردستان کە بەهێزو لۆجستییەکی نابەرامبەرەوە ڕووبەڕووی کوردی رۆژئاوا بۆتەوە بە ناوی دورستکردنی ناوچەی ئارامەوە لەسەر سنوور، بڕیارێکی نوێ نییە، بەڵکو لەدوای هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی تورکیاوە بووەتە خولیایەکی سەرەکی ئەو وڵاتە.
پەلاماردانی رۆژئاوا، لەکاتێکدایە کە ئەمریکا جێی هێشتوون، تائیستاش روون نییە کە جیا لەبەرژەوەندیی بازرگانیی، نهێنیی ئەم پشتتێکردنەی ئەمریکا لەم باردۆخە هەستیارەی کورد چیبووە، بە ئاشکراش دەیزانی کە تورکیا هەڕەشەی سڕینەوەیان لێ دەکات، بەڵام دواجار هەرجێی هێشتن.
ئەوەی گرنگە لێرەدا ئاماژەدانە بە رۆڵی سەرکردەکانی کورد لە بڕیارداندا، چونکە ئەستەمە تۆ لەناو قەفەزی ئاگریندا بتوانیت بە نیوە سووتاوی دەربچیت و نەمریت، ئەمەش جۆرێکە لە زانستی سیاسەت و بەتوانایی لە دروستکردنی بڕیاری سیاسیدا.
رێککەون لەگەڵ رژێمی ئەسەددا، باشترین بڕیاربوو، چونکە کوردی رۆژئاڤا ئەگەر ئەم بڕیارەیان نەدایە، سێ بەرەی جەنگیان لەخۆیان دەکردەوە، کە هەریەک لە تورکیاو چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەربە تورکیا لەلایەک و داعش و رژێمی ئەسەد، ئەمەش دۆخەکەی بەرەو جینۆسایدی تەواوەتی دەبرد، بۆیە عاقڵمەندانترین بڕیار لەنێوان ژیان و مەرگدا، ئەوەبوو کە ژیانیان بۆ گەلەکەیان هەڵبژارد.
ئەگەر باس لە ئێستا و لۆژیک بکەین بۆ رۆژئاڤا، یان هەر پاچەیەکی تر کە پەیوەستە بە مانەوەی کورد و کوردستان و دوورکەوتنەوە لە دروشمەکان لەگەڵ واقیعدا و بۆ قۆناغ و سەردەمی ئێستا، خوێندنەوەیەکی جیاوازی هەیە، ئەوەیە کە کورد خەبات دەکات و شەڕی پاراستنی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی کورد بمێنێتەوە لەسەر خاکەکەی، لەپاڵ تەکنیکی سەربازی و ئازایەتیدا، تەکنیکی سیاسی گرەنتییەکی ترە بۆ سەرکەوتن و مانەوە.
ناکرێت بە حەماسێکی جەنگاوەرە ئەفسانەییەکانەوە بجەنگن و باکیان بە ژیانی نەتەوەکە نەبێت، ناشبێت لۆژیک بەوجۆرە ئاراستەیان بکات، واتە هەموو بمرن بۆ ئەوەی کوردستان بمێنێت، ئەگەر پێچەوانەی ئەوەش بیربکرێتەوە یان بریارێکی تری سەربازی و سیاسی بدرێت، ئەوا بەخیانەتکردن تۆمەتبار بکرێن، کە ئەمە قسەی زۆرێک لە سیاسی و نووسەرەکان بوو، پێیانوابوو کورد دەبوایە بجەنگن تا مردن، نەک لەگەڵ سوپاکەی ئەسەددا رێکبکەون، بەڵام بەپێچەوانەوە، ئەوان ژیانیان هەڵبژاردووە، دوای ئەمەش ئەوەی کە کراوە، تەنها رێککەوتنێکی سەربازییەو بەڕێوەبردنی شارەکان نییە و کورد و ئیدارەی خۆسەریی خۆیان کاری خۆیان بەڕێوە دەبەن.
رووداوەکانی رۆژانی داهاتووش ئەوە نیشان دەدەن کە ئاخۆ کورد دەتوانێت بەرگەی گوشاری ئەو هەمووە لایەنە بەرژەوەندیدارەی ناوچەکە بگرێت و خۆی لەگەڵ دۆخەکەدا بگونجێنێت یان وەکو جاران دەبێ ببێتەوە بە ئۆپۆزسیۆن و ریسەکەی لێ دەبێتەوە بەخوری.
ئەوەی گرنگە بۆ ئێمە لە هەرێم، بەکەم سەیرنەکردنی ئامانجەکانی تورکیایە و ئەو جموجۆڵ و هەڕەشە بەردەوامانەیە کە بۆنەسرین كوردە
ئەم ئامانج و بەرژوەندییانە دەستی داوەتێ و ئێستا ناوچەکەی هەژاندووە، ئەگەرچی میدیاو دامەزراوە رەسمییەکانی تورکیا هیچیان لەبارەی باشوورو ئەگەری پەلاماردانییەوە رانەگەیەندووە، بەڵام لە میدیا سێبەرەکانی و دامەزراوە ناڕەسمییەکانییەوە فەزایەکی ترس و دڵەڕاوکێ زاڵکراوە، کە گوایە بە رۆژئاڤاوە ناوەستێت و چیتر دەست ناپارێزێت، خەڵکی سیڤیل و دەستکەوتەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش لە داهاتوودا دەکاتە ئامانج.
ئەممشتومڕەی لەوبارەیەوە دروستبووە لە ناوەندە جیاجیاکاندا، حکومەتی تورکیا دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی ئەوەی کە وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی هەبێت، هەروەک سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەوە بەجۆرێک کە:
یەکەم- پێویستە کۆبوونەوەیەک بکرێت لەسەر ئاستی کەسایەتیی باڵای حزبەکان و تەئکید لە یەکگرتن بکەنەوەو دووربکەونەوە لە کێشە ناوخۆییەکانیان.
دووەم: ئەم هێزانەی کە چەند ساڵێکە تورکیا هێناویەتە ناو خاکی هەرێمەوە، پێویستە لەڕێگەی حکومەتی عیراقەوە، داوای دەرچوونیان بکات لە خاکی هەرێم.
سێیەم: پێویستە سەرکردایەتی سیاسیی کورد و لەڕێگەی دامەزراوە رەسمییەکانی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمەوە سەردانی بەغدا بکەن و گفتۆکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عیراقدا چڕ بکەنەوەو هەوڵی رێکەوتن و نزیکبوونەوەیەک بدەن.
چوارەم: پێویستە کەسایەتییە دیپلۆماسییەکانی کورد کە لە وڵاتانی دەرەوەن، هەوڵی لۆبیکردن بدەن بەقازانجی هەرێم بەتایبەتی و دۆزی کورد بەگشتی و سەرنجی وڵاتان رابکێشن بۆ مەترسیی پەلهاویشتنی زیاتری سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێم.
خۆ ئەگەر وەک کورد هەوڵ نەدەین بەر لە هاتنی زیاتری سوپای تورکیا بگرین و ئامادەکاریی بۆ نەکەین، رەنگە نەتوانین وەک رۆژئاواش فریای خۆمان بکەوین، لەبەرئەوەی ئێمەش تەنها هەرێمێکین و خاوەنی دوڵەت و فڕۆکەو چەکی قورسی ئەوتۆ نین بۆ بەرگریی لەخۆکردن و لەرووی داهاتی ناوخۆییشەوە بەرگەی قەیرانێکی دوو مانگی ناگرین و رابردووش نزیکیش ئەوەی بۆ سەلماندین.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*