سەرەکی » مانشێت » هەڵوەشاندنەوەی بڕیارە نادەستوورییەكان لە كەركوك

فراكسیۆنی سەوز لە نوێنەران:

هەڵوەشاندنەوەی بڕیارە نادەستوورییەكان لە كەركوك

كەركوك، كوردستانی نوێ

فراكسیۆنی سەوز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كار بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارە نادەستوورییەكان دەكات لە كەركوك، لەوبارەیەوە بڕیارێكی پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت بۆ بێبەشكردنی كورد لە پۆستە كارگێڕییەكانی كەركوك رادەگیرێت و پشكی پێكهاتەی كوردیش بۆ پۆستەكان یەكلایی دەكرێتەوە.

״پشكی كورد بۆ پۆستەكان یەكلایی دەكرێتەوە״
مەریوان نادر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی سەوز بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دوێنێ سەردانی دیوانی پارێزگای كەركوكمان كرد و لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەكانی كەركوك، لەگەڵ پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت كۆبووینەوە، وتیشی: لە كۆبوونەوەكەدا وەكو نوێنەرانی كەركوك لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لێپێچینەوەمان كرد سەبارەت بە دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكان لە كەركوك، راشیگەیاند: بڕیاری بێبەشكردنی كورد لە پۆستە كارگێڕییەكانی كەركوك رادەگیرێت و پشكی پێكهاتەی كوردیش بۆ پۆستەكان یەكلایی دەكرێتەوە.

״هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارە نادەستوورییەكان״
هەر لەبارەی كۆبوونەوەكەوە، جەمال شكور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی سەوز بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا بڕیارێكی دەستەی نەزاهەی عیراق تاوتوێكرا كە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە ئیدارییەكان لە كەركوك دەركراوە و داوامانكرد ئەو بڕیارە فەرمانبەرانی گرێبەستی سەر بە هەرێمی كوردستان لە كەركوك نەگرێتەوە.
هەروەها دیلان غەفور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی سەوز پێیڕاگەیاندین: لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت چەندین بڕیاری نادەستووریی دەركردووە، وەك نوێنەرانی كەركوك لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، كار بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارە نادەستوورییەكان لە كەركوك دەكەین.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*