سەرەکی » راپۆرت » بریتانیا به‌ره‌و پرۆسه‌ی‌ بریكزێت هه‌نگاو ده‌نێت

بریتانیا به‌ره‌و پرۆسه‌ی‌ بریكزێت هه‌نگاو ده‌نێت

ئا: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید

بریكزێت ده‌سته‌واژه‌یه‌كی‌ لێكدراوی‌ هه‌ردوو وشه‌ی‌ بریتانیا ئیكزێت-ه‌، كه‌ به‌ واتای‌ ده‌رچوونی‌ بریتانیا دێت‌و مه‌به‌ست له‌و ده‌رچوونه‌ش جیابوونه‌وه‌یه‌تی‌ له‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا، ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ لایه‌نگرانی‌ جیابوونه‌وه‌ له‌ كاتی‌ هه‌ڵمه‌تی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه‌ دایانهێنا، له‌ ده‌نگدانیشدا بردیانه‌وه‌.
ئێستا كه‌متر له‌ دوو مانگی‌ ماوه‌ بۆ واده‌ی‌ ده‌رچوونه‌كه‌‌و حكومه‌ته‌كه‌ی‌ بۆریس جۆنسۆن له‌ هه‌وڵی‌ به‌رنامه‌ڕێژیدایه‌ بۆ پرۆسه‌كه‌. پێشتریش بۆریس جۆنسۆنی‌ سه‌رۆك وه‌زیری‌ جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ 31ی‌ ئۆكتۆبه‌ر واده‌ی‌ جیابوونه‌وه‌یه‌‌و ئه‌گه‌ر تا ئه‌و كاته‌ گه‌یشتنه‌ رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا سه‌باره‌ت به‌ شێوازی‌ جیابوونه‌وه‌كه‌، ئه‌وه‌ باشتر‌و ئه‌گه‌رنا به‌بێ رێكه‌وتنیش بریتانیا جیاده‌بێته‌وه‌‌و له‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا ده‌ترازێ.
سه‌رۆك وه‌زیری‌ بریتانیا ئه‌جێندایه‌كی‌ 22 خاڵی‌ ئاماده‌ كردووه‌ به‌و هیوایه‌ی‌ په‌رله‌مان ده‌نگی‌ له‌سه‌ر بدات‌و خاڵه‌كان بكرێنه‌ یاسا، زۆربه‌ی‌ خاڵه‌كانی‌ ئه‌جێنداكه‌ی‌ بۆریس جۆنسۆن په‌یوه‌ستن به‌ سیاسه‌تی‌ چۆنێتی‌ رێگری‌ له‌ تاوان‌و ته‌ندروستی‌‌و ژینگه‌‌و هه‌روه‌ها به‌رنامه‌شی‌ له‌خۆ گرتووه‌ بۆ رێگرتن له‌ هاتوچۆی‌ سه‌ربه‌ستانه‌ی‌ هاووڵاتیانی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا بۆ بریتانیا له‌ كاتی‌ جیابوونه‌وه‌ی‌ بریتانیا له‌و یه‌كێتییه‌، له‌گه‌ڵ دۆزینه‌وه‌ی‌ رێگه‌ی‌ خێراتر بۆ دابین كردن‌و ده‌ستڕاگه‌یشتنی‌ وڵاته‌كه‌ به‌ داوو ده‌رمان.
بۆریس جۆنسۆنی‌ سه‌رۆك وه‌زیری‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌رنامه‌كه‌ی‌ زیاتر گرنگیدانه‌ به‌ به‌ره‌وپێش بردنی‌ حكومه‌ت له‌ دوای‌ پرۆسه‌ی‌ بریكزێته‌وه‌.
هه‌ندێك له‌ وه‌زیره‌كانی‌ ئه‌جێنداكه‌ی‌ جۆنسۆنیان به‌ دڵ بوو، پێیان وابوو پلانێكی‌ گونجاوه‌‌و له‌ ئاست خواسته‌كانی‌ بریتانیادایه‌ له‌ دوای‌ ده‌رچوونی‌ له‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا، به‌ڵام گرفتێك له‌ ئارادایه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆریس جۆنسۆن زۆرینه‌ی‌ پێویستی‌ په‌رله‌مانی‌ له‌ پشت نییه‌، ئه‌مه‌ش واته‌ له‌وانه‌یه‌ هه‌موو خاڵه‌كانی‌ ئه‌جێنداكه‌ی‌ نه‌بنه‌ یاسا.
لاورا كۆیسنبێرگ له‌ به‌شی‌ كاروباری‌ سیاسی‌ له‌ بی‌ بی‌ سی‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێ: هیچ گره‌نتییه‌ك نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان رازی‌ بێت به‌ به‌نامه‌كه‌ی‌ جۆنسۆن، ئه‌گه‌ر ره‌تیش كرایه‌وه‌ ئه‌وا داوای‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ گشتی‌ ده‌كرێت.
هه‌رچه‌نده‌ گفتوگۆی‌ نێوان بریتانیا‌و یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا سه‌باره‌ت به‌ بریكزێت به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام تا ئێستا هیچ ئه‌نجامێكی‌ نه‌بووه‌.
جێرمی‌ كۆربن سه‌ركرده‌ی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ باره‌ی‌ به‌رنامه‌‌و ئه‌جێنداكه‌ی‌ جۆنسنه‌وه‌ وتی‌: هه‌موو ئه‌و رێوشوێنانه‌ی‌ باسی‌ لێ ده‌كرێت ته‌نیا كات كوشتنه‌. پێشتریش پارتی‌ كرێكارانی‌ بریتانیا رایگه‌یاندبوو، چاوه‌ڕوان ده‌كات تا بزانێ مه‌سه‌له‌كه‌ به‌ كوێ ده‌گات به‌ڵام دژی‌ هه‌ر جۆره‌ رێكه‌وتنێك ده‌بێت ئه‌گه‌ر بزانێ زیان به‌ وڵات ده‌گه‌یه‌نێت.
جوانا چیری‌ ئه‌ندامی‌ حزبی‌ نه‌ته‌وه‌یی سكۆتله‌ندیش وتیی‌: ئه‌و ئه‌جێندایه‌ ته‌نیا به‌یاننامه‌یه‌كه‌ بۆ هه‌ڵمه‌تی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پارتی‌ پارێزگاران‌و سكۆتله‌ندا ره‌تی‌ ده‌كاته‌وه‌.
ئه‌گه‌ر قسه‌كانی‌ جۆسنۆن سه‌ر بگرێت‌و له‌ 31ی‌ ئه‌م مانگه‌دا بریتانیا كشانه‌وه‌ی‌ خۆی‌ به‌ ره‌سمی‌ له‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا جێبه‌جێ بكات، ئه‌وا مانای‌ وایه‌ ده‌ستبه‌جێ بریتانیا له‌ یه‌كێتی‌ گومرگی‌ ئه‌وروپا‌و بازاڕی‌ هاوبه‌ش‌و جموجۆڵی‌ بازرگانی‌ ئه‌وروپا ده‌كشێته‌وه‌، هه‌ندێك له‌ سیاسه‌تمه‌داران‌و ئابووریناسان هۆشداری‌ ده‌ده‌ن له‌ كاریگه‌ری‌ مه‌ترسیداری‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌سه‌ر ئابوورییه‌وه‌‌و هه‌ندێكی‌ تریش پێیان وایه‌ ئه‌و ترسه‌ زیاده‌ڕۆیی پێوه‌ دیاره‌‌و كاریگه‌رییه‌كانی‌ به‌و راده‌یه‌ مه‌ترسیدار نییه‌.
ئێستا كێشه‌كه‌ زیاتر مه‌سه‌له‌ی‌ گه‌یشتنه‌ به‌ رێكه‌وتن سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتی‌ جیابوونه‌وه‌كه‌، سه‌رۆك وه‌زیری‌ بریتانیا ده‌ڵێ به‌ بێ رێكه‌وتنیش هه‌ر جیابوونه‌وه‌كه‌ جێبه‌جێ ده‌كات، به‌ڵام په‌رله‌مانی‌ بریتانیا چه‌ند جارێك به‌ زۆرینه‌ی‌ ده‌نگ جه‌ختی‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ دژی‌ جیابوونه‌وه‌كه‌ن به‌بێ رێكه‌وتن.
میشێل بارنێ له‌ دانوستانكارانی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا سه‌باره‌ت به‌ گفتوگۆكانی‌ نێوان یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا‌و بریتانیا سه‌باره‌ت به‌ بریكزێت وتی‌: گه‌یشتن به‌ رێكه‌وتن به‌ر له‌ 31ی‌ ئۆكتۆبه‌ر زۆر قورسه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ سه‌ركرده‌كانی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا هه‌وڵ ده‌ده‌ن واده‌كه‌ دوا بخه‌ن. ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ش كرد، قورس بوونی‌ گه‌یشتن به‌ رێكه‌وتن به‌و واتایه‌ نییه‌ كه‌ ناكرێت، به‌ڵام قورسه‌. مایكل رۆس وه‌زیری‌ كاروباری‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپاش كه‌ ئه‌ڵمانییه‌، دڵنیا نییه‌ له‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ بریتانیادا بگه‌نه‌ رێكه‌وتن‌و ئه‌گه‌ر بریتانیا به‌بێ رێكه‌وتنیش جیابێته‌وه‌ كاره‌ساته‌.
ستیڤن باركلی‌ وه‌زیری‌ بریتانیای‌ تایبه‌ت به‌ بریكزێت به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ پێی‌ وابوو گه‌یشتن به‌ رێكه‌وتن نزیكه‌‌و بابه‌ته‌كه‌ له‌ هاوپیشه‌كانی‌ له‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپادا تاووتوێ ده‌كات.
یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا له‌ ساڵانی‌ په‌نجاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردووه‌وه‌ بیری‌ لێكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌ رێكه‌وتنی‌ ماسترێختی‌ 1992دا له‌سه‌ری‌ رێكه‌وتن، ئامانج لێی‌ دامه‌زراندنی‌ دراوی‌ هاوبه‌ش‌و سیاسه‌تی‌ كشتوكاڵی‌ هاوبه‌ش راوی‌ ده‌ریایی هاوبه‌ش‌و هه‌روه‌ها هاتوی‌ ئازاد‌و بازرگانی‌ ئازاد‌و گومرگی‌ هاوبه‌شه‌. تا ئێستا 28 وڵاتی‌ ئه‌وروپا بوونه‌ته‌ ئه‌ندام تیایدا، دوا وڵات كه‌ بووه‌ ئه‌ندام له‌و یه‌كێتییه‌دا كرواتیا بوو كه‌ له‌ 2013دا به‌ ئه‌ندام وه‌رگیرا، به‌ڵام به‌هۆی‌ هه‌ڵكشانی‌ بیری‌ پۆپۆلیستییه‌وه‌ له‌ ئه‌وروپا‌و جیهانیشدا به‌ گشتی‌ كێشه‌كانی‌ رۆژ به‌ رۆژ زیاد ده‌بن، ئه‌وه‌ بوو له‌ 2016دا بریتانیا له‌ رێگه‌ی‌ راپرسییه‌كی‌ ناوخۆییه‌وه‌ بڕیاری‌ دا له‌و یه‌كێتییه‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌.

ئاژانسه‌كان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*