مه‌مله‌که‌تی ترس

بیرمه‌ندی ناسراوی عیراقی که‌نعان مه‌کیه‌ له‌ کتێبی « کۆماری ترس « دا ده‌ڵێت: یه‌کێک له‌سیماکانی حوکمی دیکتاتۆری، سه‌پاندنی ترس و تۆقاندنه‌ به‌ناو وڵاتدا، ترس ده‌بێته‌ به‌یه‌کێک له‌ کۆڵه‌که‌ سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌و سیسته‌مه‌. ماوه‌یه‌که‌ عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ش به‌تایبه‌تی له‌پاش ده‌ستبه‌کاربوونی مه‌لیک سه‌لمان و محه‌مه‌دی کوڕی، هه‌ڵمه‌تی ترس و تۆقاندن زیادیکردووه‌، به‌تایبه‌تی له‌ماوه‌ی پێشوودا له‌ژێرناوی هه‌ڵمه‌تی دژایه‌تیکردنی گه‌نده‌ڵیی و تیرۆر، سه‌دان که‌سایه‌تی رۆشنبیر و نووسه‌رو بازرگان و ته‌نانه‌ت میره‌ به‌هێزه‌کانی بنه‌ماڵه‌شی گرته‌وه‌. هه‌رئه‌مه‌ش وایکردووه‌ که‌یه‌کێک له‌رۆژنامه‌نووسه‌ ناوداره‌کانی سعودیه‌،محمه‌د بن سه‌لمان کوڕی مه‌لیکی سعودیه‌ به‌وه‌ تۆمه‌تباربکات، که‌ له‌رێگه‌ی سه‌پاندنی ترس و تۆقاندنه‌وه‌، حوکمی وڵات ده‌کات.
سه‌پاندنی ترس و تۆقاندن
جه‌مال خاشقجی یه‌کێکه‌ له‌رۆژنامه‌نووسه‌ ناوداره‌کانی سعودیه‌ و پێشتریش له‌بنه‌ماڵه‌ی ئال سعوده‌وه‌ زۆر نزیک بوو، له‌زۆربه‌ی که‌ناڵه‌عه‌ره‌بی و جیهانییه‌کانیش، داکۆکییه‌کی سه‌ختی له‌ رژێمی ئال سعود ‌ ده‌کرد، به‌ڵام له‌ئێستادا هه‌ڵمه‌تی راونان ئه‌ویشی گرتۆته‌وه‌و بۆی نییه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ سعودیه‌. له‌ دیدارێکی سه‌نته‌ری عه‌ره‌بی له‌ واشنتۆن وته‌یه‌کی پێشکه‌شكردو رایگه‌یاند: سه‌رچاوه‌ی گه‌نده‌ڵی بنه‌ماڵه‌ی ئال سعود خۆیانن. وتیشی: له‌ئێستادا ترس زاڵه‌ به‌سه‌ر ته‌واوی مه‌مله‌که‌ته‌دا.

ساڵانه‌ی 100 ملیار دۆلار به‌هه‌ده‌ر چووه‌
له‌درێژه‌ی وته‌که‌یدا خاشقجی رایگه‌‌یاند: پێشتر محه‌مه‌د بن سه‌لمان خۆی رایگه‌یاند، که‌له‌نێوان ساڵانی 2010 تا 2014 ساڵانه‌ 100 ملیار دۆلار به‌هه‌ده‌ر چووه‌. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ ده‌گه‌ینێت، بنه‌ماڵه‌ی ئال سعود خۆیان گه‌نده‌ڵییان کردووه‌.

کڕینی کۆشكی گرانبه‌ها له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریکا
له‌درێژی هێرشه‌که‌یدا خاشقجی رایگه‌یاند: ئه‌م پاره‌ زۆره‌ که‌به‌هه‌ده‌رچووه‌، سامانی هه‌موو سعودیه‌که‌، که‌ساڵانه‌ بۆ کڕینی کۆشكی گرانبه‌ها له‌ پاریس و لۆس ئه‌جلس و شوێنبه‌کانی تری جیهان خه‌رج‌ کراوه‌.
بازرگانه‌کانی ترسیان هه‌یه‌
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ خاشقجی رایگه‌یاند: راسته‌ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ له‌وانه‌بێت ئاماژه‌یه‌کی باش بداته‌ ئابووری سعودیه‌، به‌ڵام به‌حوکمی ئه‌وه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌که‌ شه‌فاف نییه‌، وایکردووه‌ که‌خه‌ڵكی به‌ترسه‌وه‌ سه‌یری ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ بکه‌ن. وتیشی: له‌ئێستادا زۆربه‌ی بازرگانه‌کان و سه‌رمایه‌داره‌کانی سعودیه‌، ترسیان له‌ خۆیان‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌کانیان هه‌یه‌‌، هه‌ربۆیه‌ زۆربه‌یان هه‌وڵی ده‌رکردنی خۆیان و سامانه‌کانیان ده‌که‌ن.

مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ زیندانییه‌کان ده‌کرێت
له‌لایه‌کی‌ تره‌وه‌ رۆژنامه‌ی فایناشناڵ تایمز له‌راپۆرتێکیدا رایگه‌یاند: حکومه‌تی سعودیه‌ که‌وتۆته‌ سه‌وداومامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ زیندانییه‌کان، له‌به‌رامبه‌ر‌ ئه‌وه‌ی ئازادیان بکات، داوای وازهێنان له‌ 70% ی سه‌روه‌ت و سامانه‌کانیان لێده‌کات. پێشتریش میر محه‌مه‌ دبن سه‌لمان به‌ رۆژنامه‌ی نیویۆرک تایمز رایگه‌یاند: زۆربه‌ی زیندانییه‌کان پێیان باشه‌ له‌گه‌ڵمان رێکبکه‌ون، ته‌نها که‌مینه‌یه‌کیان نه‌بێت، که‌نایانه‌‌وێت رێکبکه‌ون له‌گه‌ڵمان.

ئازادی نرخی یه‌ک ملیار دۆلاره‌
هه‌رله‌مباره‌یه‌وه‌ ئاژانسی رۆیته‌رز له‌هه‌واڵێکدا رایگه‌یاند: چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌بنه‌ماڵه‌ی ئال سعود پێیان راگه‌یاندووه‌، که‌ میر متعب بن عه‌بدوڵڵا که‌ کوڕی مه‌لیکی پێشووی سعودیه‌ « مه‌لیک عه‌بدوڵڵا» یه‌، سه‌رۆکی پاسه‌وانی نیشتمانی بوو به‌یه‌کێک له‌میره‌ به‌هێزه‌کانی بنه‌ماڵه‌ی ئال سعود داده‌نرا، له‌به‌رامبه‌ر یه‌ک ملیارد دۆلار ئازادکراوه‌. هه‌تاوه‌کو ئێستاش حکومه‌تی سعودیه‌ به‌شێوه‌یه‌کی فه‌رمی ئه‌م ‌هه‌واڵه‌ی ره‌ت نه‌کردۆته‌وه‌.
ده‌نگۆی ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ که‌له‌ماوه‌ی داهاتوودا چه‌ند میر و بازرگانێکی ‌گه‌وره‌ی سعودیه‌ له‌به‌رامبه‌ر بڕێک پاره‌ی زۆر ئازاد ده‌کرێن. ئه‌م شێوازه‌ش دووره‌ له‌ ده‌وڵه‌تی یاسا و حوکمی دادوه‌ری، هه‌ربۆیه‌ زۆرکه‌س له‌م هه‌ڵمه‌ته‌ی محه‌مد بن سه‌لمان نیگه‌رانن.
سه‌رچاوه‌: ئاژانسه‌کان

 655 جار بینراوە