سەرەکی » وتار » هیوا محەمەد » ڤیزا وەک خەڵات بۆ شەڕڤان!

یەکبێژ

ڤیزا وەک خەڵات بۆ شەڕڤان!

جاران ئەگەر کەسێک سزا بداریە لە ووڵاتی خۆی دوور دەخرایەوەو پێی دەوترا نەفی کردن، ئەگەرچی ئەو شوێنەی بۆی دەنێردرا زۆریش خۆشتر و باشتر بوو لە جێگەی خۆی بەلام دوور خستنەوەکە سزا بوو.
لە عیراق و ئەفغانستان ئەمریکا بڕیاری دا هەرکەس هاوکاری بکات ئەوا ڤیزای ئەمریکای دەدەنێ و دەشتوانێ لەوێ نیشتەجێ بێت، بە هەزاران کەس رۆیشتن و نەهاتنەوە.
ئەگەرچی جیاوازییەکی زۆر دەبینیم لە نێوان ئەوانە و شەڕڤانانی گیان لەسەر دەستی ڕۆژئاوا، دڵنیاشم زۆرێک لەوان پێشوازی لەو پێشنیارەی ئەو دوو سەناتۆرەی دیموکراتەکان و کۆماریەکان ناکات و پێ نانێتە ئەمریکاوە بەو ئومێدەی نەگەڕێتەوە ئەگەر بۆی بێننە بەردەم دەرگاکەشی ، بەڵام لەگەڵیشیدا ئەگەر جێبەجێکراو شەڕڤانیش ملی بۆنا ئەوە بە دڵنیاییەوە زۆرێکیان لە ئەمریکا دەمێننەوەو ناگەڕێنەوە.
دەوڵەتی ئیسرائیل بە جەمع شەملی جولەکەکان بۆ ئیسرائیل دروست کرا، ئێستاش هەر جولەکەیەک بیەوێت بچێت لەوێ بژی ئەوە چەندین ئیمتیازی دەدەنێ، کەوابوو بە پێجەوانەشەوە زیان بەخشە، واتا چونە دەرەوەی هەر شەڕڤانێک یان ئەندامێکی چالاک بە سوودی نەیارانی کورد دەشکێتەوە.
ئەمریکا لە ئێستادا هەڵوێستەکانی لەوەیە کە لە ناڵیش دەدات و لە بزماریش، دەیەوێت بکشێتەوە بەڵام تەماعی لەنەوتەکەش کردوە، هەر ئەوەی کە ترامپ ووتی ئێمە دەبوا نەوتی عیراقمان ببردایە دواتریش ووتی ئێستا بۆ پاراستنی خۆیان بەکارمان دێنا، هەر لەبەر ئەمەشە دیسان دەستیان کردوە بەناردنەوەی چەند سەد سەربازێکی تر بۆلای بیرە نەوتەکان.
ئەمریکا دەیتوانی رێگری لە تورکیا بکات کە سەدان کەس نەبنە قوربانی ، نەک ئەوەی ئێستا نەوتەکەمان بۆ بپارێزێت بەمەبەستی دابین کردنی بژێوی کوردەکان ( واتا بۆمان دەکات بە حوشتر) ئەوان دەتوانن لە رووی سیاسییەوە فشار بخەنە سەر نێوەندە دەوڵەتییەکان تا ئەوەی بەدەست هاتوە لە رۆژئاوا دانی پیادا بندرێت وەک ئوتونومییەک لەناو سوریادا، نەک ڤیزا دابەش بکەن بەسەر شەڕڤاناندا تا مەیدانەکە چۆڵ بکەن.
لە ئێستادا سوریا وەک کەمپی دیدەوانی لێهاتوە هەر گروپەو دێت و ئاڵای خۆی بڵند کردوەتەوەو نمایشی خۆی دەکات هەمووشیان لەشتێکدا یەکن ئەویش پاراستنی یەکێتی خاکی سوریایە، زۆرمان ئەمە ووتوەتەوەو ئێستاش دەیڵێینەوە هیچ هێزێکی دەرەکی نایەوێت چارەسەری سیاسی و ئیداری بۆ بەشێکی کوردستان بدۆزێتەوەو هەموو شیان وەک سەربازی ئازاو جەنگاوەر کورد بەکار دێنن بۆ لەناوبردنی ئەوانەی خۆیان دروستیان دەکەن.
بنلادنیان دروست کرد جیهانیان پێ هەژاند ، بڕی سەدان ملیار دۆلار چەکیان بەسەر ووڵاتاندا سەپاند، دواتر ناوی نەما و گوم بوو ، لەپڕ ووتیان دوێنی شەو کوشتمان و دوای پشکنین ووتیان خۆیەتی و چوون لە ئاسمانەوە فڕێیان دایە ناو دەریاوە، بەمەش قاعیدە لاواز بوو داعشیان دروست کرد، ئەوە پێنج شەش ساڵێکە کاری تیروریستانەی داعش زۆربەی جیهانی گرتەوە، ئەم شەش ساڵە لە ئاسمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فرۆکەو موشەک نەبراوە ، بۆنی باروت زاڵە، ڕۆژانە سەدان کەس گیان لەدەست دەدەن، ئابووری لاوازە، هەژاری باوە، لادان لە ڕەوشت و لەش فرۆشی و هێنانەکایەی چەندین جۆری هاوسەرگیری ، پەرتەوازە بوون ولێکترازانی خێزان، دیاردەی دزی ، نەخۆشی ، هەموو ئەوانە لە ئەنجامی دروستکردنی ئەو شتەوەیە بەناوی داعش کە خۆیان دروستکەرین، لەو ساتەوە تا ئێستا چەک دەفرۆشن، ئەوەی لەم سەر زەمینی ناوچەیە دەتەقێندرێت سەرمایەیەکە لە خودی ووڵاتانی ناوچەکە سەندراوە بەرامبەر بەچەک.
ئێستا بەخەیاڵی خۆیان بەشێکی دیکەی شانۆگەرییەکە کۆتایی هات، بەغدادی بەهەمان شێوەی بنلادن کوژراو فڕێ درایە دەریاوە، ئەوجار رێخۆشکەر دەبن بۆ ئەوەی ڤیزا بدرێت بەشەڕڤانان وەک پاداشت، ئەوان پێیان وایە هەرکەس ڕێگەی پێ بدرێت بچێتە ئەمریکا ئەوە پاداشتە.
هیچ سەردەمێک هەنگاوەکانی ئەمریکا هێندەی ئێستا لاواز نەبوە لە تاکتیکدا، هەمووشی بەهۆی ئەو دەستەیەی ترامپەوەیە کە خۆی وەک بازرگانێک سەرپەرشتییان دەکات.
گونجاو ترە کورد داوا بکات لە هەر ووڵاتێک کە رووی لێدەنێت هاوکاری بێت، کورد وەک نەتەوە بناسن، نەتەوەیەک کە لە ووڵاتێکدا دەژی بێ ئەوەی مافەکانی هەبێت، جێی شانازی نیە کە سەرکردەیەکی سەربازی کورد بانگهێشتی ئەمریکا بکرێت و ڤیزاش بکرێتەوە بۆ شەڕڤانان بە جۆرێک ساڵانە چور هەزار شەڕڤان بچنە ئەمریکا، ئیتر بەسە لەبری بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کورد ئیمتیازاتی دیکەی سەربازی و ماددی و ڤیزا وەربگرین.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*