سەرەکی » ئابووری » قەرزەكانی ئەمریكا 23 تریلیۆن دۆلاری تێپـەڕاندووە

قەرزەكانی ئەمریكا 23 تریلیۆن دۆلاری تێپـەڕاندووە

داتاكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا دەریانخستووە، كە قەرزی حكومی وڵاتەكەیان بڕی 23 تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، ئەوەش یەكەمجارە لە مێژووی خۆیدا ئەو ئاستە تۆمار بكات.

19 تریلیۆن‌و 900 ملیار دۆلار
بە گوێرەی راپۆرتێكی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا، لەكۆی ئەو بڕە قەرزە 17 تریلیۆن دۆلاری قەرزی گشتییەو قەرزی دەزگاكانی حكومەتیش شەش تریلیۆن دۆلارە.
هاوكات راپۆرتە رۆژنامەوانیەكان ئاماژەیان بەوەكردووە، لە سەرەتای دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەك سەرۆكی ئەمریكا لە ساڵی 2017، قەرزی حكومی ئەو وڵاتە 19 تریلیۆن‌و 900 ملیار دۆلار بووە، بەڵام ئێستا 23 تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، بەو شێوەیەش لە دوای گرتنە دەسەڵاتی ترمپەوە لەسەدا 16 زیادیكردووە، هەروەها لەسەرەتای ساڵی 2019دا قەرزی حكومی ئەمریكا 22 تریلیۆن دۆلار بووە.
بە گوێرەی زانیاریەكانیش، زیادبوونی تێچووی قەرز و سوودی بانكی هۆكاری زیادبوونی قەرزی حكومی ئەمەریكایە، كە بۆ بودجەی وڵاتەكەشی قەرزكردووە، بە جۆرێك لە ساڵی دارایی 2019 حكومەتی ئەمریكا 376 ملیار دۆلاری بۆ تێچووی سوودی سەر قەرزەكان تەرخانكردبوو، هاوكات كۆی گشتی كورتهێنانی بودجەش لە ساڵی 2019 گەیشتووەتە 984 ملیار دۆلار.

«دۆلاری ئەمریكی متمانەی لەدەستداوە»
هاوكات، پەیوەست بە دۆخی دارایی ئەمریكا‌و بەها دراوی ئەو وڵاتە، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاندوە، بەهۆی زیادەڕۆیكردنی واشنتۆن لەسەپاندنی سزا ئابوورییەكانیدا، دۆلاری ئەمریكی متمانەی لەدەستداوە.
وەزیری دەرەوەی روسیا لە میانی پێشكەشكردنی وتارێكیدا لە پەیمانگەی مۆسكۆ بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان، رەخنەی توندی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا گرت‌‌و وتی: «بەهۆی زیادەڕۆیكردنی واشنتۆن لە سەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەكانی بۆ سەر ئێران‌و چەند وڵاتێكی تر، دۆلاری ئەمریكی متمانەی نەماوەو پێگەی خۆی لەدەستداوە».
پێشتریش ئاژانسی بلومبێرگ رایگەیاندبوو، دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانی دۆلار بۆ مۆسكۆ بۆتە پرسێكی گرنگ‌و دەیەوێت لەو رێگەیەوە سەقامگیری ئابووری وڵاتەكەی مسۆگەر بكات، ئامانجیشی ئەوەیە لەو رێگەیەوە ئاسایشی ئابووریی وڵاتەكەی بەهێز بكات، بەتایبەت بەرامبەر ئەو فشارانەی ئەمریكا كە لەڕووی بازرگانییەوە بەرامبەری بەكاری دەهێنێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*