سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » ئه‌نیمه‌یشن له‌ جیهاندا بازارێكی باشتری هه‌یه‌

به‌ڕێوه‌به‌ری بازاڕی فێستیڤاڵی كان:

ئه‌نیمه‌یشن له‌ جیهاندا بازارێكی باشتری هه‌یه‌

مه‌نووچێهر جیهانی

به‌ڕێوه‌به‌ری بازاڕی فێستیڤاڵی كان له‌ سی ‌و دووهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌كانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران رایگه‌یاند: ئێمه‌ به‌ربه‌ستێكمان بۆ ئاراسته‌كردن له‌ بازاڕی كان نییه‌، به‌ڵكو به‌ر له‌وه‌ی كه‌ فیلم چێ بكه‌ین، سه‌رنجی ئه‌م خاڵه‌ بده‌ین كه‌ ئه‌گه‌ر فیلمه‌كه‌ یه‌كجار خۆماڵی بێت، بۆ به‌رده‌نگی بیانی و ناوخۆیی به‌ دڵنیاییه‌وه‌ جیاوازه‌.

به‌ پێی راپۆڕتی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و راگه‌یاندنی سی ‌و دووهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌كانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، كۆبوونه‌وه‌ی بازاڕی فیلمی كان به‌ ناونیشانی چۆن فیلمه‌كه‌ی خۆمان ئاراسته‌ی جیهان بكه‌ین، به‌ ئاماده‌بوونی خاتوو «مۆد ئامسۆن» به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی بازاڕی فێستیڤاڵی فیلمی كانی فه‌ره‌نسا له‌ كتێبخانه‌ی ناوه‌ندیی شاری ئیسفه‌هان به‌ڕێوه‌چوو.
له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا «مۆد ئامسۆن» به‌ ده‌ربڕینی ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌موو ساڵێك فێستیڤاڵی فیلمی كان میوانداری 60 فیلم له‌ به‌شی كێبڕكێدا ده‌كات كه‌ له‌ نێوان دوو هه‌زار فیلمی خوازیار هه‌ڵده‌بژێردرێت، گوتی: به‌رپرسیارێتی من له‌ به‌شی نمایشكردن و ئاراسته‌كردنی فیلمه‌كانی به‌شداربوو له‌ فێستیڤاڵی كانه‌ و من هه‌ر ساڵه‌ و له‌گه‌ڵ رێژه‌یه‌كی زۆر كۆمپانیا و بڵاوكه‌ره‌وه‌ی جیهانی له‌ په‌یوه‌ندیدام. هه‌موو ساڵێك 40 كۆمپانیای گه‌وره‌ی دونیا له‌ به‌شی بازاڕی كان ئاماده‌ ده‌بن و فیلم گه‌لێكی زۆر ده‌كڕن‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بۆ په‌خش و بڵاوكردنه‌وه‌ی جیهانیی خۆیان كه‌ڵكیان لێ وه‌ربگرن.
ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كان له‌ بازاڕی كان هه‌یه‌ كه‌ بۆ ئاسانكاری و ئیزن پێدانی كه‌ڵك وه‌رگرتن بۆ به‌شداربووه‌كان پێكده‌هێنێت. به‌شی رزیدێنسی یه‌كێكه‌ له‌ به‌شه‌كانی بازاڕی فێستیڤاڵی كان‌ كه‌ هه‌موو ساڵێك به‌ 6 نه‌فه‌ر له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ پلانی ئه‌وان ده‌نێردرێت و په‌سه‌ند ده‌كرێن، ئه‌م ئیمكانه‌ ده‌به‌خشێت كه‌ به‌ تێچووی فێستیڤاڵ له‌ پاریس نیشته‌جێ بن و پلانه‌كه‌ی خۆیان ته‌واو بكه‌ن و بیخه‌نه‌ به‌ر ده‌ستی فێستیڤاڵه‌وه‌. به‌شێكی دیكه‌ بۆ كورته‌ فیلمه‌كانه‌ كه‌ قوتابخانه‌كانی فیلمسازی له‌ دونیادا فیلمه‌كانی خۆیان ده‌نێرن و له‌ دوای په‌سه‌ندكردنی لێژنه‌ی ناوبژیوانان، ئه‌م فیلمانه‌ پێنج مانگ له‌ ماڵپه‌ڕی فێستیڤاڵی كان بۆ بینین و سه‌ردانی گشتی داده‌ندرێت.
وێبسایتی سیناندۆ
له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتی: به‌شێكی دیكه‌ له‌ فێستیڤاڵی فیلمی كان هه‌یه‌، پێگه‌ی وێبسایتی «سیناندۆ»یه‌. سیناندۆ زانیارییه‌كانی په‌یوه‌ندیی كه‌سانی پسپۆڕ و پیشه‌یی له‌ دونیای سینه‌مای جیهاندا ده‌خاته‌ به‌ر ده‌ستی ئێوه‌ و ئێوه‌ش‌ ده‌توانن له‌م ماڵپه‌ڕه‌دا به‌رهه‌مه‌كانی خۆتان بۆ كۆمپانیاكان و به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كان بخه‌نه‌ به‌ر ده‌ست. ئه‌م به‌شه‌ به‌ ئاماده‌بوون له‌ فێستیڤاڵی كان بۆ ئێوه‌ به‌ شێوه‌ی بێ به‌رامبه‌ر بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ ده‌كه‌وێته‌ به‌ر ده‌ست، به‌ڵام به‌ پێدانی بڕه‌ پاره‌یه‌كی جودا ده‌توانن له‌م ماڵپه‌ڕه‌دا ئه‌ندامێتی وه‌ربگرن. فێستیڤاڵی فیلمی كان فێستیڤاڵێكی گه‌وره‌یه‌ و دیدار و چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ مرۆڤه‌ جۆراوجۆر و گه‌وره‌كانی سینه‌مایی له‌ ناو دڵی فێستیڤاڵی كان كه‌ خه‌ڵك و جه‌ماورێكی زۆر میوانداری ده‌كات، یه‌كجار سه‌خته‌. به‌ڵام ئێمه‌ هه‌موو ساڵێك هه‌لومه‌رج و بارودۆخێك پێك ده‌هێنین بۆ ئه‌وەیه‌ كه‌ سینه‌ماكارانی لاو و تازه‌ پێگه‌یشتوو بۆ ئه‌م بواره‌ له‌گه‌ڵ گه‌وره‌كانی سینه‌ما ئاشنا بكه‌ین.
له‌ درێژه‌ی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا «مۆد ئامسۆن» به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی بازاڕی فێستیڤاڵی كانی فه‌ره‌نسا وه‌ڵامده‌ری پرسیاره‌كانی ئاماده‌بووان بوو. ئه‌و له‌ وه‌ڵامی پرسیارێك سه‌باره‌ت به‌ لایه‌نه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌كانی سینه‌مای ئێران له‌ به‌شی رابواردنی كات و سه‌رقاڵبوونی بینه‌ر بۆ فێستیڤاڵی كان گوتی: سه‌باره‌ت به‌و ئاسته‌نگ و به‌ربه‌ستانه‌ی كه‌ له‌ سینه‌مای هه‌ندێك له‌ وڵاتاندا هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت ئێمه‌ زۆر تامه‌زرۆین كه‌ سینه‌ماكار چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌ سازاوه‌. من زۆرتر كارم بازاڕه‌ و سه‌باره‌ت به‌ بازار ده‌توانم بڵێم ئێمه‌ به‌ربه‌ستێكمان بۆ ئاراسته‌ كردنی فیلم له‌ بازاڕی كان نییه‌. ده‌بێ سه‌رنج له‌وه‌ بدرێت كه‌ سه‌باره‌ت به‌ بازار قسه‌ ده‌كه‌ین و ده‌بێ به‌ر له‌وه‌ی كه‌ فیلم چێ بكه‌ین، به‌م خاڵه‌ سه‌رنج بده‌ین كه‌ ئه‌گه‌ر فیلمه‌كه‌ یه‌كجار خۆماڵی بێت، بۆ به‌رده‌نگی بیانی و ناوخۆیی به‌ دڵنیاییه‌وه‌ جیاوازه‌. بازاڕی فیلم ده‌بێ له‌ لایه‌ن ئێوه‌وه‌‌ بناسرێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بتوانن ئامرازه‌كانی فیلمه‌كه‌ی خۆتان به‌ چه‌شنێك داڕشتن و ئاماده‌كاری‌ بۆ بكه‌ن كه‌ هه‌م له‌ به‌شی كێبڕكێ و هه‌م له‌ به‌شی بازاڕدا سه‌ركه‌وتوو بێت. هه‌روه‌ها سینه‌مای منداڵانیش زنجیره‌ یاسا و رێسایه‌كی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌ و ئاساییه‌ كه‌ ده‌بێ ئامانج و مه‌به‌ستی فیلمه‌كه‌ی خۆتان له‌ كاتی پێشتره‌وه‌ به‌ فیكر و هزر دایبڕێژن و ئاماده‌ی‌ بكه‌ن.
ئه‌نیمه‌یشن بازاڕی گه‌رمه‌
ئامسۆن هه‌روه‌ها له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌ سه‌باره‌ت به‌ چۆنییه‌تی به‌شداری كردنی وڵاتی ئێمه‌ له‌ به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كانی فێستیڤاڵ به‌ له‌به‌ر چاو گرتنی ئه‌وه‌ی كه‌ ئێران گه‌مارۆی ئابووری هه‌یه‌، رایگه‌یاند: كان یه‌ك فێستیڤاڵی نێو ده‌وڵه‌تییه‌ كه‌ به‌شێكی ده‌‌وڵه‌ت و به‌شێكی دیكه‌ی له‌ رێگای ئیسپۆنسێر و لایه‌نه‌ پاڵپشتیكاره‌كان دابین ده‌كرێت. به‌ڵام چه‌ندین به‌ش و دیپۆڕتمان له‌ فێستیڤاڵی فیلمی كان بوونی هه‌یه‌ كه‌ ده‌توانن له‌گه‌ڵ ئه‌وان په‌یوه‌ندی بگرن و كێشه‌ و گرفته‌كانی ئێوه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
روانگه‌ی سیاسی فێستیڤاڵی كان بۆ هونه‌ر بابه‌تێكی دیكه‌ بوو كه‌ هاته‌ ئاراوه‌ و ئامسۆن سه‌باره‌ت به‌وه‌ شیكردنه‌وه‌یدا و گوتی: ئێمه‌ هه‌موو ساڵێك له‌گه‌ڵ به‌شكۆ و كۆمپانیا جۆراوجۆره‌كانی ئێرانی له‌ فێستیڤاڵی كان كار ده‌كه‌ین، چ له‌ به‌شی بازاڕ و چ له‌ به‌شی خه‌ڵات و به‌شی هونه‌ریی فێستیڤاڵ. ئێمه‌ هه‌روه‌ها له‌ ئاماده‌بوونی فیلمه‌كان و هونه‌رمه‌ندانی ئێرانی له‌ به‌شه‌كانی ناوبژیوانی و هاوكارییه‌كانی نێونه‌ته‌وه‌یی كه‌ڵك وه‌رده‌گرین. فێستیڤاڵی كان هه‌موو ساڵێك هه‌وڵی داوه‌ به‌ده‌ر له‌ هه‌ر جۆره‌ تێڕوانین و روانگه‌ی سیاسی و ته‌نیا به‌پێی پێوه‌ره‌كانی خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی خۆی بكات و هیوا ده‌خوازین ئه‌م رووداوه‌ وه‌دی هاتبێت. فێستیڤاڵی فیلمی كان له‌ هه‌ر دوو به‌شی بازار و كێبڕكێدا به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ بیر و بۆچوونه‌كانی هونه‌رمه‌ندانی دیار و هه‌ڵكه‌وته‌ی جیهانی به‌ڕێوه‌ده‌برێت.
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنان و داڕشتنی فێستیڤاڵی فیلمی كان بۆ چێكردنی زنجیره‌ ‌دراما له‌ جیهاندا رایگه‌یاند: هێشتا ئه‌م رووداوه‌ له‌ فێستیڤاڵی كان نه‌هاتۆته‌وه‌ ئاراوه‌ و فێستیڤاڵ ته‌نیا ده‌په‌رژێته‌ سه‌ر فیلمه‌كانی سینه‌مایی، هه‌ڵبه‌ت پێم وایه‌ بازاڕ گه‌لێكی تایبه‌ت به‌ داڕێژه‌كان و زنجیره‌ دراماكانی ته‌له‌فیزیۆنی هه‌یه‌. هیوا ده‌خوازم له‌ داهاتوودا به‌شێك له‌ بازاڕی فێستیڤاڵی فیلمی كان سه‌باره‌ت به‌ زنجیره‌ دراماكانی ته‌له‌فیزیۆنی بكرێته‌وه‌.
چۆن ده‌توانین كورته‌ فیلمه‌كانی ناوخۆی ئێران له‌ رایه‌ڵه‌ و كه‌ناڵه‌ پڕبایه‌خه‌كانی جیهانی ئاپلۆد بكه‌ین و بازار دۆزه‌ره‌وه‌یه‌كی باش بۆ په‌خش و بڵاوكردنه‌وه‌ی كورته‌ فیلمه‌كان په‌یدا بكه‌ین، پرسیارێكی دیكه‌ بوو كه‌ ئاراسته‌ كرا و به‌ڕێوه‌به‌ری بازاڕی فێستیڤاڵی كان سه‌باره‌ت به‌مه‌ش گوتی: پله‌ت فۆڕم یان پێكهاته‌یه‌كی تایبه‌ت نییه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ كه‌سایه‌تی یان گروپێك بۆ فیلمێكی تایبه‌ت هه‌ڵبژێرن. ئه‌م ئه‌ركه‌ له‌ ئه‌ستۆی خودی ئێوه‌ دایه‌ كه‌ ببینن له‌ چوارچێوه‌ی فیلمه‌كه‌ی ئێوه‌دا چ كۆمپانیا و به‌شكۆیه‌ك چالاكی ده‌كه‌ن و تا ئێستا چه‌نده‌ توانیویانه‌ سه‌ركه‌وتوو بن. ئه‌مه‌ تێگه‌یشتنی ئێوه‌یه‌ و ده‌بێ به‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی كه‌ له‌ فێستیڤاڵه‌ جۆراوجۆره‌كاندا دروستی ده‌كه‌ن، بتوانن باشترین كه‌سه‌كان هه‌ڵبژێرن. سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێڕاگه‌یشتن به‌ بڵاوكه‌ره‌وه‌كان و ماڵپه‌ڕه‌ گه‌وره‌كانی جیهانیی فیلمسازیش ده‌بێ له‌ هه‌ر به‌شێكدا ناونووسی بكه‌ن و رێزۆمه‌یان ئاراسته‌ بكه‌ن و یان به‌رهه‌مه‌كه‌ی خۆتان له‌ فێستیڤاڵه‌ جۆراوجۆره‌كاندا به‌شداری پێ بكه‌ن، هه‌تا له‌ لایه‌ن ئه‌م كۆمپانیا و به‌شكۆیانه‌وه‌ ببیندرێت و یان بكڕدرێت.
ئه‌و له‌ كۆتاییدا له‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ كه‌ چ فیلم گه‌لێك بازاڕێكی باشتری له‌ بواری سینه‌مای منداڵاندا هه‌یه‌ و ده‌توانن سه‌ركه‌وتوو بن، گوتی: ئه‌مڕۆكه‌ فیلمه‌كانی تایبه‌تی ئه‌نیمه‌یشێن له‌ بواری منداڵان و مێرمنداڵاندا یه‌كجار پێشوازی لێ كراوه‌ و ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی فێستیڤاڵه‌كانی پڕبایخی جیهانی به‌شێكی جودا بۆ ئه‌نیمه‌شێن له‌به‌ر چاو ده‌گرن. چۆنایه‌تی و ته‌كنه‌لۆژیا له‌ بواری فیلمی ئه‌نیمه‌یشێن یه‌كجار كه‌وتۆته‌ به‌ر سه‌رنجی بڵاوكه‌ره‌وه‌كان و كۆمپانیاكان و هه‌رچه‌نده‌ بتوانن فیلمێكی نوێ و به‌ڕۆژتر به‌رهه‌م بهێنن، بازاڕێكی گه‌وره‌تر و جیهانی تر بۆ خۆتان په‌یدا ده‌كه‌ن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*