سەرەکی » ئابووری » پلان بۆ بە بازاڕكردنی بەرهەمی كێڵـگە پەلەوەرییەكان دادەنرێت

ژمارەی كێڵگەكان لە زیادبووندایە

پلان بۆ بە بازاڕكردنی بەرهەمی كێڵـگە پەلەوەرییەكان دادەنرێت

یەکەی ئابووری

پرسی رێكخستنەوەی بەرهەمی كێڵگە پەلەوەرییەكان‌و خستنەبازاڕی بەرهەمەكانیان لەڕێی سەربڕخانەكانەوە، یەكێكە لە پرسە گرنگەكان كە وەزارەتی كشتوكاڵ لە داهاتوویەكی نزیكدا كاری لەسەر دەكات.
بەرپرسێكی كشتوكاڵی سلێمانیش ددان بە كێشەكاندا دەنێت‌و پێیوایە، كێشەی نرخ‌و فرۆشتنی مریشك لەكوردستاندا هەیە، چونكە رێكنەخراوەو بەشێوەی هەڕەمەكی دەفرۆشرێت.
لە كوردستان هەزار و 300 كێڵگەی پەلەوەری هەن، بەڵام خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان بۆ هەر یەك كیلۆیەك مریشك لە جوچكەوە تا پێدەگات بڕی دوو هەزار و 100 دینار لەسەریان دەكەوێت، بەڵام لە ساڵێكدا تەنیا سێ مانگ خاوەن كێڵگەكان لە زیاندا نین‌و مانگەكانی تر لە زیانی بەردەوامدان، بەهۆی ئەوەی زۆربەی كات یەك كیلۆ مریشك لە خوار دوو هەزار دینارەوە دەخەنە بازاڕەوە.

هەلی كارن بۆ كەرتی تایبەت
حوسێن حەمەكەریم وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، رایگەیاند، لەڕابردوودا نەتوانراوە تەواوی بەرهەمی ئەو كێڵگانە لەهێلكەو مریشك‌و جووچكە رێكبخرێنەوە، چەندان كۆسپ‌و كێشەی زۆر لە بەردەم ئەو رێكخستنەدا هەیە، یەكێك لەوانە خواستی زیاتر لەسەر مریشكی زیندوو هەیە وەك لە مریشكی بەستوو، بۆیە خستنە بازاڕی بەرهەمەكانی لەڕێی سەربڕخانەكان لە ئەولەویاتی كاری وەزارەتەكەیاندایە.
وتیشی: «لەتەواوی پارێزگاكانی هەرێم سەربڕخانە هەیەو ئەگەر رێكخستنەوەیان بۆ بكرێت‌و ئەو دووكانانەی مریشك سەردەبڕن بەشێوەی تەندروست بیكەن، كارەكە ئاسانتر دەبێت، وەزارەت لە بەرنامەیدایە خستنەبازاڕی بەرهەمی مریشكی كێڵگە پەلەوەرییەكان، لە ڕێی سەربڕخانەوە بێت».
روونیشیكردەوە، ئەوانە كاری كەرتی تایبەتن‌و وەزارەت تەنیا ئەركی رێكخستنەوەی لەسەرەو پاڵپشتی دەكات، هەموو ئەمانە هەلی كارن بۆ كەرتی تایبەت، واتە لەچوارچێوەی كەرتی تایبەت كار بۆ رێكخستنەوەیان دەكرێت‌و مریشك دەدرێتە سەربڕخانەكان لەهەر پارێزگایەك بێت.
ئاشكراشیكرد، لە كوردستان زیاتر لە هەزار و 300 كێڵگە هەن، ئەگەر هەموو كێڵگەكان بە توانای خۆیانەوە كار بكەن، بەشی زیاتر لە خواستی ناوخۆ دەكات‌و ئەگەر سنوورێك بۆ هاوردەش دابنرێت، دەتوانرێ ئەوەی لە پێویستی ناوخۆ زیاترە، رەوانەی دەرەوەی بكرێت.

250 هەزار تۆن
لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە هەزار كێڵگەی پەلەوەری هەن‌و ژمارەیەكەش بەردەوام لە زیادبووندایە، توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە نۆ ملیۆن جووچكەیان هەیە، سەرەڕای كێڵگە نایاساییەكان.
هاوكات كۆی بەرهەمی ساڵانە زیاتر لە 250 هەزار تۆن دەبێت، لەكاتێكدا خواستی پارێزگاكە لە ساڵێكدا بۆ گۆشتی مریشك نزیكەی 70 هەزار تۆنە.

لە سلێمانی زۆرترین بەرهەم هەیە
لای خۆیەوە، رزگار خدر جێگری بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی پارێزگای سلێمانی، رایگەیاندوە، سیستمی بەبازاڕكردن پەیوەستە بە وەزارەتی كشتوكاڵ‌و وەزارەتی بازرگانییەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ تەواوی لایەنە پێوەندیدارەكان بتوانن بازاڕ بۆ بەرهەمی ناوخۆ بدۆزنەوە.
دەشڵێت: «لەسێكتەری پەلەوەر لە سلێمانی زۆرترین بەرهەمی هەیە كە لە پێویستی ناوخۆ زیاترە، بەڵام زۆرجار كێشەی نرخ‌و فرۆشتنی مریشك هەیە كە بەشێوەی هەڕەمەكی بەڕێوەدەچێت».
ئەو میكانیزمێك دەخاتەڕوو و پێیوایە، حكومەتی هەرێم دەتوانێ لەگەڵ كەرتی تایبەت، فرۆشتنی مریشك لەڕێی سەربڕخانەكانەوە بخاتە بازاڕەوە، یان لەڕێی قەرزی بانكی یان وەبەرهێنانەوە ئەم كارە ئەنجام بدات.
بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی لەو پلانەی بۆ كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی ناردووە، یەكێك لەو خاڵانەی پلانیان بۆ داناوە، ئیشپێكردنی سەربڕخانەكانە.

* سەرچاوە: ماڵپەڕی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازیی سلێمانی

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*