سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » ئایا كۆنگرێس متمانه‌ له‌ تره‌مپ وه‌رده‌گرێته‌وه‌؟

ئایا كۆنگرێس متمانه‌ له‌ تره‌مپ وه‌رده‌گرێته‌وه‌؟

چه‌ند رۆژی رابردوو، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا پڕۆژه‌یاسایه‌كی په‌سه‌ندكرد بۆ ده‌ستپێكردنی قۆناغی ئاشكرای لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر پرسی لادانی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ‌و له‌ ده‌نگدانێكیشدا 232 ئه‌ندام ده‌نگیان به‌به‌ڵێ دا و 196 ئه‌ندامیش له‌ دژی پڕۆژه‌كه‌ وه‌ستانه‌وه‌ و ژماره‌یه‌كی كه‌می پارته‌كه‌ی تره‌مپ «كۆمارییه‌كان» چوونه‌ پاڵ دیموكراته‌كان و ده‌نگیان به‌ به‌ڵێ دا. ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ئاشكرایكرد، كه‌ په‌سه‌ندكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌ رێگه‌ به‌ ده‌ستپێكردنی سه‌ره‌تاكانی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆست له‌ تره‌مپ ده‌دات و هه‌موو دانیشتنه‌كانیش به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا به‌ڕێوه‌ده‌چن.

ئه‌مه‌ سێیه‌مین جاره‌
پڕۆسه‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ سه‌رۆك كه‌ پێی ده‌ڵێن (Impeacmenet)، له‌ مێژووی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا زۆر كه‌م روویداوه‌ و ئه‌مه‌ كاتێك ده‌كرێت كه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رۆك ناپاكی له‌گه‌ڵ وڵاته‌كه‌ی بكات، یان تاوانی گه‌وره‌ بكات كه‌ به‌رژەوه‌ندی گشتی تێك بدات، ئینجا پۆسته‌كه‌ی لێ وه‌رده‌گیرێته‌وه‌.
ئه‌مه‌ سێیه‌مین جاره‌ له‌ ئه‌مریكا رووداوی له‌م جۆره‌ رووبدات، جاری یه‌كه‌م له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ندرۆ جونسن له‌ شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌ و دووه‌میش له‌سه‌رده‌می بیڵ كلینتۆندا له‌ كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا بوو، هه‌ردوو جاره‌كه‌ش له‌ ئه‌نجومه‌نی پیران ده‌نگی نه‌هێنا و سه‌ریان نه‌گرت. ئه‌مجاره‌ ئه‌گه‌ر دوای لێكۆڵینه‌وه‌ به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامان واته‌ 50+1 تره‌مپ تۆمەتبار كرا، ئه‌وا سه‌رۆك له‌ به‌رده‌م‌ ئه‌نجومه‌نی پیران و به‌سه‌رپه‌رشتی دادوه‌ری باڵای وڵات دادگایی ده‌كرێ ‌و ئه‌گه‌ر دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامان واته‌ له‌كۆی 100 ئەندام 67 ئه‌ندام ده‌نگ به‌ تۆمەتباركردنی سه‌رۆك بده‌ن، ئه‌وا ده‌یبه‌نه‌وه‌ و تره‌مپ پۆسته‌كه‌ی لێوه‌رده‌گیرێته‌وه‌.

كۆمارییه‌كان زۆرینه‌ن
كۆمارییه‌كان له‌ناو ئه‌نجومه‌نی پیراندا 53 و دیموكراته‌كانیش 45 كورسییان هه‌یه‌، دوو نوێنه‌ری سه‌ربه‌خۆش له‌و ئه‌نجومه‌نه‌دا هه‌ن كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی دیموكراته‌كان ده‌نگ ده‌ده‌ن، بۆیه‌ كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌نی پیران له‌ ژێر كۆنترۆڵی كۆمارییه‌كاندایه‌، بۆیه‌ له‌وه‌ ناچێت كۆمارییه‌كان ده‌نگ به‌تاوانباركردنی سه‌رۆك بده‌ن و متمانه‌ی لێوه‌ربگرنه‌وه‌‌، به‌ڵام بۆ چاره‌نووسی تره‌مپ و خۆهه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی بۆ خولێكی تر، زیانی هه‌یه‌ و به‌ختی كه‌م ده‌كاته‌وه‌.

تره‌مپ به‌ چی تۆمه‌تباره‌؟
پرسی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تره‌مپ و هه‌وڵدان بۆ له‌سه‌ر كارلادانی، په‌یوه‌ندی به‌ كێشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی نییه‌ له‌ناو سوریا و رۆژئاوای كوردستان و ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ی كه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ندیی به‌و هه‌واڵه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوودا له‌لایه‌ن میدیاكانی جیهانه‌وه‌ بڵاوبۆته‌وه‌، به‌وه‌ی گوایه‌ تره‌مپ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا داوای له‌ ڤۆلۆدیمیر زلێنسكی، سه‌رۆك كۆماری ئۆكرانیا كردووه‌ هه‌تا له‌باره‌ی چالاكییه‌كانی كوڕی جۆ بایدن زانیاری بداتێ، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌ له‌هاوینی رابردوودا له‌ نێوان تره‌مپ و سه‌رۆكی ئۆكرانیادا بووه‌ ‌و تره‌مپ له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا داوای له‌سه‌رۆكی ئۆكرانیا كردووه‌ كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچوون بۆ جموجۆڵه‌كانی «جۆ بایدن» جێگری سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا و كاندیدی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی و كوڕه‌كه‌ی بكات، چونكه‌ كوڕه‌كه‌ی بایدن گوایه‌ له‌ ئۆكرانیا و چین به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری گه‌وره‌ی هه‌یه‌، به‌و پێیه‌ تره‌مپ به‌وه‌ تاوانبار كراوه‌ كه‌ ده‌ستی بێگانه‌ی راكێشاوه‌ته‌ ناو نهێنییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌پێناوی سه‌ركه‌وتنی له‌ خولێكی تری هه‌ڵبژاردن و وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی، به‌ڵام وه‌ك چاودێران پێشبینی ده‌كه‌ن، له‌وه‌ ده‌چێت ئه‌مجاره‌ش سه‌رنه‌گرێ، چونكه‌ له‌ناو ئه‌نجومه‌ندا كۆمارییه‌كان زۆرینه‌ن و ئه‌وان ئه‌و جۆره‌ پرسانه‌ یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه‌.

تره‌مپ وه‌ڵامی دایه‌وه‌
له‌ كاردانه‌وه‌ی ئه‌و پێشهاته‌ تازه‌یه‌دا، دۆناڵد تره‌مپ له‌ توێتێكدا نووسیویه‌تی: ئه‌مه‌ گه‌وره‌ترین چه‌واشه‌كاریی دژ به‌ كه‌سایه‌تییه‌ له‌مێژووی ئه‌مریكادا. هه‌روه‌ها كۆشكی سپی له‌زاری وته‌ بێژه‌كه‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند: سه‌رۆك هیچ هه‌ڵه‌یه‌كی نه‌كردووه‌، به‌ڵكو دیموكراته‌كانن كه‌ ده‌یانه‌وێت به‌ چه‌واشەكاری، كه‌سایه‌تیی تره‌مپ له‌كه‌دار بكه‌ن.

سه‌رچاوه‌: ئاژانسه‌كان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*