سەرەکی » مانشێت » خۆپیشاندانەكانی عیراق، چۆن كورد رێكدەخاتەوە؟پەڕە 3

شرۆڤەی رۆژ

خۆپیشاندانەكانی عیراق، چۆن كورد رێكدەخاتەوە؟

رۆژی سێشەممە، سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم، بە بەشداریی سەرۆك كۆماری عیراق و لایەنە سیاسییەكان، كاریگەریی خواستەكانی خۆپیشاندەران و گۆڕانكارییە نوێیەكانی ئێستای عیراقیان تاوتوێكرد، بەڵام دەستوور پرسە سەرەكییەكەی كۆبوونەوەكە بوو.
كورد، وا لە رەوش و هەلومەرجەكە تێدەگات، «ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسی و ئیداریی عیراقدا روودەدات، دەرئەنجامی كەڵەكەبووی چەندین ساڵەی حوكمڕانی و جێبەجێنەكردنی دەستوور بووە». ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ ئەو خواستەی عیراقییەكان لە گۆڕەپانی تەحریر و ناوچەكانی تر خواستیانە دووبارە هەموار بكرێتەوە.
ئێستا ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سەرقاڵی ئامادەكارییەكانی هەمواركردنەوەی دەستوورە و كوردیش لە لیژنەی هەموارەكە بەشدارێكی سەرەكییە و سێ ئەندامی تێدایە.
روون نییە كە دەستوورەكە بە چ ئاقارێكدا دەتوانرێت هەموار بكرێتەوە، بەڵام پێكهاتە جیاوازەكانی عیراق و تەنانەت مەرجەعی باڵای عیراقیش بەو باوەڕە گەیشتوون، پرسی حوكمڕانی لە عیراق، پەیوەندیی بەو رێكەوتنە یاسایی و كۆمەڵایەتی و سیاسییەوە هەیە، كە دەستووری پێدەڵێن، كورد لەگەڵ هەموارەكەدایە، بەڵام مەرجی هەیە و دەشیەوێت هاوكار بێت لە ئاساییكردنەوەی رەوشەكە.
سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و لایەنە سیاسییەكان وا لەو رەوشە تێدەگەن، كە بارودۆخی عیراق و پێشهاتەكانی، كاریگەرییان لە كۆی پرۆسەی سیاسیی عیراق و هەرێم دەبێت، بۆیە داوای پاراستنی قەوارە سیاسییەكەی خۆی لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستاندا دەكات و دەڵێن «لە هەموو هەموارێكی دەستووردا دەبێت سیستەمی فیدراڵی و ماف و ئازادییەكانی سەرجەم پێكهاتەكانی عیراق و ماف و تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستان و قەوارە دەستوورییەكەی، پارێزراو بن».
كورد لەم هەلومەرجە نوێیەی عیراق، كە لە بەردەم گۆڕانكاریی نوێی سیستمی سیاسی و دەستووریدایە، دەیەوێت هاوكاریی عیراق بكات، بەڵام كورد لە ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا چۆن دەتوانێت هاوكاری ئەو قۆناغە مێژووییەی عیراق بێت و كار بۆ پاراستنی قەوارە سیاسی و دەستوورییەكەی بكات؟ بەو رەوشەی كە لە پەیوەندیی سیاسیی نێوان حزبەكاندا هەیە، چۆن دەكرێت ئەو نیگەرانیانە بڕەوێنرێنەوە.
سەرۆكی هەرێم، دەڵێت، مەرجی پاراستنی كوردستان یەكدەنگی و یەكهەڵوێستییە، بەوپێیەی مادام باوەڕمان بە كاریگەریی ئەو هەلومەرجە لەسەر هەرێم هەیە، یەكخستنەوەی ناو ماڵی كورد و بەرەی كوردستانیی؛ گرنگە، بەڵام ئەم قسەیە ئاماژەیە بۆ ئەوەش، كە ناو ماڵی كورد و یەكدەنگی و یەكهەڵوێستیی هێزەكان، لە ئێستادا جێگەی نیگەرانییە.
ئێستا بەو قسەیەی سەرۆكی هەرێمیش، پرسیارەكە ئەوەیە خۆپیشاندانەكانی عیراق، چۆن كورد رێكدەخاتەوە؟.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*