سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » جێگۆڕکێی سیاسی کورد

جێگۆڕکێی سیاسی کورد

لەمێژووی تەواوی دنیادا، هەرگیز زەمانەتی جێگیری هێز یان هەمیشە مانەوەی قورسایی پێگەو هێز بۆ لایەنێک یان وڵاتێک یان کەسێک لەنێو گەمەی سیاسیدا، نەبووەو نییە.
بەپێچەوانەوە لەم کایەیەدا بەردەوام ئەگەری لەدەستدانی کێشی قورس بۆ کێشی سووک و کێشی سووکیش هەیە بۆ کێشی قورس.
بەم گۆڕانە لەبڕو قەبارەی هێزدا دەگوترێت «جێگۆڕکێی هێز یان، هەڵکشان و داکشانی هێزی سیاسی».
لەدوای پرۆسەی ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان لە(25ی ئەیلول)و پاشان ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری کەرکوک و ناوچەکێشە لەسەرەکانی هەرێمی کوردستانەوە کە لەسیناریۆیەکی (تورکی ـ ناوخۆییدا !) ڕێژەی 51%ی خاکی ڕزگاربووی هەرێمی کوردستان کەوتەوە دەستی سوپای عێراق، لێکدانەوەو شیکارییە سیاسییەکان وای بۆدەچن کە کوردستان توشی شکستێکی سیاسی گەورە بووەتەوەو چیتر ناتوانێت لەگۆڕەپانی سیاسی عێراقدا وەک گەمەکەرێکی ئەکتیڤ و وەک ڕابردوو دەربکەوێتەوەو مافە دەستوری و دارایی و سیاسییەکانی خۆی بەدەستبهێنێتەوە.
هەر خوێندنەوەیەک بەڕەهایی پێمانبڵێت لێرە بەدوا خۆری کورد لەعێراقدا ئاوابووەو چیتر کورد ناتوانێت دەستی بەناوچە کوردییەکانی کەرکوک و سنوری مادەی 140 بگاتەوە، هەڵەیە. یان خوێندنەوەیەکی نازانستیی و ناسیاسییە. چونکە گەلێک لەئەم ڕووداوانەو هەموو ڕووداوێکی هاوشێوەی ئەم ڕووداوانەیش لەکایەی سیاسی و لەمێژووی کۆن و نوێی جیهانیدا ئەزمونکراون و ڕوویانداوە کە ،ئەکرێت زەمەنێک گڵۆڵەی هێزێک یان نەتەوەیەک لەلێژی بێت، بەڵام لەزەمەنێکیتردا چەرخەی مێژوو لەسوودی ئەو هێزو نەتەوەیە بسوڕێتەوە. یاخود بەپێچەوانەیشەوە.
لەم چوارچێوەیەدا. بۆ کەس شتێکی ئاشکرا نەبێت، بۆ کورد ڕوون و لەپێشچاوە کە لەسەردەمی تەواوی دەسەڵاتە جیاوازەکانی عێراقدا؛ کورد زیاتر لەجارێک جێگۆڕکێی سیاسی لەپانتایی سیاسی عێراقدا بەخۆیەوە بینیوەو ئەزموونی کردووەو دواتریش بەپێچەوانەکەیدا شکاوەتەوە.
ئەوەیشی ئەمڕۆ ڕوودەدات و دەبینرێت بەشێکە لەبەردەوامی ئەو پرۆسە مێژووییەو تاکو کوردیش لەچوارچێوەیەکی پڕ لەنەیارو دوژمندا بێت، لەبارێکدا ئەگەری کەوتن و شکستی هەیەو لەبارێکیتریشدا چانسی سەرکەوتن و هەستانەوەیەکی بەهێزی هەیە.
لەمێژووی کۆنی عێراقدا، ڕۆژانێک پێگەی سیاسی کورد داکشاوەتە خوارەوە بۆ خاڵی کۆتایی شکستی سیاسی خۆیی و هیچ دانیشتن و گفتوگۆیەک نەیتوانیوە دەستی بگرێت و هەڵیکێشێتەسەرەوە.
بەڵام لەبەرامبەریشدا، زەمەنێکی وەک ڕاپەڕین و ڕوخاندنی دەسەڵاتی سەدام حسێنی دیکتاتۆر لەساڵی 2003و هاتنی داعش لەسەرەتای حوزەیرانی 2014 بۆ عێراق، ئەم مێژوانە بۆ کورد ڕوداوی مێژوویی بوون کە بوون بە خاڵی بەهێزی کورد بۆ هەڵکشانەوەو جێگۆرکێی سیاسی لەپێگەو هێزی سیاسی و سەربازی و دپلۆماتی خۆیدا چ لەعیراق و چ لەناوچەکەو جیهانیشدا.
ئەوەی لەم چوارچێوەیەدا پێویستە هەڵوەستەی لەسەربکرێت، جێگۆڕکێ سیاسییەکە نییە، بەڵکو ئەو عەقڵە سیاسییەیە کە دەبێتە خوڵقێنەرو هۆکاری زۆرترو زووتر دووبارەبوونەوەی جێگۆڕکێکە لەهەر بوارێکدابێت.
بەهەڵسەنگاندنی جیهانی؛ جێگۆڕکێی سیاسی لەدونیادا مایەی عەیبەو کەموکورتی سیاسی نییەو ئەکرێت هەموو هێزو وڵات و دەسەڵاتدارێک لەوێستگەیەکدا یان لەقۆناغێکی خەبات و سیاسەتکردندا توشی شکست و داکشان و جێگۆڕکێی سیاسیی ببێتەوە. بەڵام ئەوەی لەناو ئەم جێگۆڕکێیەدا دەبێتە عەیبەو کەموکورتی سیاسی ئەوەیە؛ ئەم جێگۆرکێیە زوو زوو یان لەماوەی مێژوویەکی کەمدا بۆ چەندانجار دووبارەببێتەوەو ببێتە بەشێکە لەشوناس و ناسنامەی نەتەوەیی!،
ئەمەش لەئەنجامی ناشارەزایی و بێدەربەستی نوخبەیەکی کەمی سیاسییەکانەوەیە کە ناتوانن ڕووداوو پێشهاتەکان بخوێننەوەو لێکدانەوەی بۆ بکەن و ئەنجامگیرببن.
لەم جێگۆڕکێ سیاسییەی کورددا؛ جێگۆڕکێکە عەیبەیەکی سیاسی گەورەنییە، بێگومان هێزو توانای کوردیش هێندە بەهێزو کاریگەرنەبووە بتوانێت لەگەڵ سیناریۆیەکی نێوخۆیی و هەرێمی و جیهانیدا ململانێ بکات و دژیان بووەستێتەوە. بەڵکو پێویستە هەموو ئەو سیاسییانە بخرێنەبەردەم بەرپرسیارێتی و لێپرسینەوە کە توانای سیاسەتکردن و خۆڕێکخستنیان نەبووە لەگەڵ کۆی گشتی ڕووداوەکانداو ڕۆژگاری کوردیان لەلوتکەی گەشەو بەهێزی و دەرکەوتنەوە گەڕاندەوە بۆ دوو دەیە پێش ئێستاو هیچ گرنگییەکیان بەپەیام و نامەو داواکاری وڵاتان نەدا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد.
لینکی هەموو جێگۆڕکێ سیاسییەکانی کورد لەچەند دەیەی ڕابردوودا، لینکێکی بەهێزو دانەبڕاوە لەیەکترو بەردەوام لەیەک فۆرمی سلبیدا بینراوە. بەدرێژایی ئەم مێژووەیش؛ هەڵسوڕێنەری سیاسەت لەکوردستان و پەیوەست بەکاروباری کوردو کوردستان، هەمان ئەو سیاسی و وەجهە دیارانەی ناوکایەی سیاسی هەرێمی کوردستان بوون کە لینکی جێگۆڕکێی سیاسی لەدەیەکانی ڕابردوودا دەبەستنەوە بەهەمان جێگۆڕکێی سیاسی کوردەوە لەساڵی 2017دا.
وەک چۆن یەک عەقڵی سیاسی دوو جێگۆڕکێی سیاسی کورد لەیەک جوگرافیاو مێژووی کورددا بەرهەم دەهێنێت و خاڵی هۆکارە بۆ ئەوەی ئەم دوو جێگۆڕکێیە لەیەکتر بچن . بەپێچەوانەیشەوە دەکرێت بگوترێت بۆئەوەی ئەم جێگۆڕکێیانە لەزەمەنی داهاتوودا هەمان جێگۆڕکێی ئێستا نەبێت؛ خستنەدەرەوەی هەموو ئەو سیاسی و عەقڵییەتە سیاسییەیە کە لەئێستاوە وێنای داهاتوومان بۆ دەکێشێت!. لەئێستاوە پێماندەڵێت وەک چۆن ڕابردووی ئەم جێگۆڕکێیانە هەمیشە جێگۆڕکێی خراپ و پاسیڤ بووە؛ ئەوا لەداهاتوویشدا هەمان فۆرم و شێوەی جێگۆڕکێی سیاسی دەبینینەوە.
بەواتایەکیتر؛ لەژینگەی سیاسی کوردستاندا ڕووداوو بکەری ڕووداوەکانیش، دووانەیەکی تەواوکەری یەکتری ناو مێژوویەکی دوورو ئاڵۆزی کوردن.
تاکو ئەم بکەرە سیاسیی و مێژووییە خوڵقێنەری ڕووداوەکان و جێگۆڕکێی سیاسی کوردبێت، هێندەی جێگۆڕکێیەکی پاسیڤ و هاوشێوە مێژووییەکەیەتی هێندە هیوایەک نییە بۆ جێگۆڕکێیەکی ئەکتیڤ لەدەرەوەی فۆرمە مێژووییەکەی.
بۆئەوەیشی ئەم دووانە مێژووییە لێکتر نەچن و لەدەرەوەی مێژووبن، پێویستە لێکتر جودابکرێنەوە
Seen by Arsalan B Ali at 12:40pm

 115 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*