سەرەکی » ئاراستە » سه‌ییدخه‌لیله‌ بارق شكێنه‌كان

شۆڕش بەم گوندەشدا تێپەڕی

سه‌ییدخه‌لیله‌ بارق شكێنه‌كان

19

م. عه‌لی

هه‌میشه‌ لادێكان خانه‌خوێی شۆڕش و ماڵه‌ جووتیاره‌كان دێوه‌خانی پێشمه‌رگه‌ بوون، بۆیه‌ لادێ‌ و شۆڕش جمكانه‌ی یه‌كتری بوون و لێكجیانه‌كراونه‌ته‌و

له‌گه‌رمیاندا سێ‌ دێ‌ به‌ناوی سه‌ییدخه‌لیله‌وه‌ هه‌یه‌: سه‌ییدخه‌لیلی خه‌لیفه‌ محه‌ممه‌د، سه‌ییدخه‌لیلی فه‌قێ‌ مسته‌فا، سه‌ییدخه‌لیلی حاجی حسێن، كه‌ هه‌رسێكیان به‌ته‌نیشت یه‌كترییه‌وه‌ن، سه‌ر به‌ ناوه‌ندی قه‌زای كه‌لارن، هه‌ردوو تیره‌ی شاتری و گڵاڵی تێدانیشته‌جێن.. له‌ناوه‌ڕاستی ئه‌م سێ‌ دێیه‌دا گۆڕستانێكی گه‌وره‌ هه‌یه‌، كه‌ گۆڕێكی گومه‌زداری شه‌خسێك به‌ناوی سه‌ییدخه‌لیل به‌سه‌ر ته‌پۆڵكه‌یه‌كه‌وه‌ هه‌ر له‌دووره‌وه‌ له‌ناو هه‌موو گۆڕه‌كاندا دیاره‌، وه‌كو باسده‌كرێ‌ سه‌ییدخه‌لیل كه‌سایه‌تییه‌كی ئایینیی له‌ نه‌وه‌ی پیر خدری شاهۆیه‌، هاتووه‌ته‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ و كه‌ كۆچیدواییده‌كات له‌و سه‌ر ته‌پۆڵكه‌یه‌ ده‌نێژرێ‌ و گۆڕستانه‌كه‌ش به‌ناویه‌وه‌ ده‌كرێ‌، پێده‌چێ‌ ئه‌م گۆڕستانه‌ زۆر كۆنبێ‌.. كاتێ‌ كه‌ قادر به‌گی كه‌یخه‌سره‌و به‌گی جاف ساڵی 1829 له‌شه‌ڕێكدا به‌ گولله‌ی وێڵ ده‌كوژرێ‌ ته‌رمه‌كه‌ی بۆ ئه‌م گۆڕستانه‌ ده‌هێنرێ‌ و له‌وێ‌ به‌خاكیده‌سپێرێ‌، مه‌وله‌وی شاعیریش ئاماده‌ی رێوشوێنی ئه‌و به‌خاكسپاردنه‌ ده‌بێ‌ و شیعرێكیش ده‌خوێنێته‌وه‌:
كام سارا سه‌د ره‌نگ نوور پێدا وه‌شته‌ن
كشتش كشت ده‌شت هه‌ر هه‌شت به‌هه‌شته‌ن
فه‌زای سایه‌ی عه‌رش دانای جه‌لیله‌ن
یا باره‌گای پاك سه‌ییدخه‌لیله‌ن؟
ئیتر له‌وه‌ به‌دواوه‌ گۆڕستانی سه‌ییدخه‌لیل ده‌بێته‌ دواهه‌وارگه‌ی زۆرێك له‌ به‌گزاده‌كانی جاف و مردووی زۆربه‌ی دێهاته‌كانی ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ له‌وێ‌ به‌خاكده‌سپێردرێن.. ئه‌م سێ‌ دێیه‌ نزیكه‌ی 7044 دۆنم زه‌وییان هه‌یه‌، له‌ڕابردوودا نزیكه‌ی 150 ماڵ ده‌بوون، دانیشتووانه‌كانیان به‌ ئاژه‌ڵداری و كشتوكاڵی دانه‌وێڵه‌چاندن و خڕبۆیسانه‌وه‌ خه‌ریكبوون.. ناوه‌ڕاستی ساڵانی حه‌فتاكان قوتابخانه‌ و كاره‌با و مزگه‌وتیان هه‌بووه‌، هه‌ر دێیه‌ و سه‌رچاوه‌ی ئاوی خۆی هه‌یه‌، له‌ سه‌ییدخه‌لیلی فه‌قێ‌ مسته‌فا كارێزێك هه‌یه‌ پێیده‌وترێ‌ چاوگه‌ی سه‌ییدخه‌لیل هه‌رگیز وشكینه‌كردووه‌، كاتی خۆی كه‌لار سوودیان له‌م ئاوه‌ وه‌رگرتووه‌.
ئه‌م دێهاتانه‌ هه‌میشه‌ دێوه‌خانی گه‌رموگوڕی شۆڕش و پێشمه‌رگه‌ بوون، خۆشیان له‌هه‌موو شۆڕشه‌كاندا پێشمه‌رگه‌ و به‌رگری و پشتگیریی و رێكخستنیان هه‌بووه‌ و به‌شداریی خه‌باتیان كردووه‌.. له‌ شۆڕشی نوێدا له‌ ده‌مه‌ده‌می گفتوگۆی ساڵی 1984دا باره‌گای كه‌رتی رێكخستنی كه‌لاری كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان له‌ سه‌ییدخه‌لیلی خه‌لیفه‌ و ناوچه‌ی كه‌لاری یه‌كێتیی شۆڕشگێڕانی كوردستان له‌ سه‌ییدخه‌لیلی فه‌قێ‌ مسته‌فا بووه‌، كه‌ رۆژانه‌ خه‌ڵكانێكی زۆر له‌ كه‌لاره‌وه‌ بۆ كاری حیزبیی هاتوچۆیانده‌كرد، ئه‌مه‌ش ئاڵۆزی بۆ رژێم و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی دروستكردبوو له‌ ده‌رفه‌تێك ده‌گه‌ڕان ده‌ستێك له‌و دێیانه‌ بوه‌شێنن كه‌ له‌ ناوه‌ندی شاری كه‌لاره‌وه‌ حه‌وت كیلۆمه‌ترێك دوورن، ئه‌وه‌بوو سه‌ر له‌ به‌یانیی رۆژی 20/8/1984 باریق حاجی حونته‌ی فه‌رمانده‌ی لیوای كه‌لار به‌هێزێكی سه‌ربازیی و جاش و تانك و تۆپخانه‌ و كۆپته‌ره‌وه‌ په‌لامارێكی كتوپڕی دێهاته‌كانی سه‌یدخه‌لیله‌كانی دا به‌مه‌به‌ستیی ده‌رپه‌ڕاندنی پێشمه‌رگه‌ و تێكدانی باره‌گاكانیان و چاوشكاندنی خه‌ڵكی دێهاته‌كان، له‌ خه‌ڵكیش وایه‌ ئه‌م هێزه‌ی باریق هیچ به‌سه‌ر زه‌وییه‌وه‌ ناهێڵێ‌.. چوار پیاوی دانیشتووی سه‌یدخه‌لیلی خه‌لیفه‌، له‌مزگه‌ته‌كه‌یانه‌وه‌ به‌قورئانێكه‌وه‌ به‌ره‌و لای هێزه‌كه‌ی باریق ده‌چن كه‌ شه‌ڕنه‌كرێ‌، له‌بری رێزگرتن له‌ قورئانه‌كه‌ هه‌ر چواره‌كه‌یان له‌جێدا گولله‌بارانده‌كرێن، ئه‌مه‌یه‌ لۆژیكی داگیركه‌ران!.. ئیتر شه‌ڕێكی توند به‌رپاده‌بێ‌، پێشمه‌رگه‌كان دلێرانه‌ له‌و ده‌شتاییه‌ كركای كركه‌دا له‌ڕووی ئه‌و له‌شكركێشییه‌ی باریقدا ده‌وه‌ستنه‌وه‌، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی دوژمن بوێرێ‌ بستێك بچێته‌ پێشه‌وه‌، ئینجا له‌شوێنه‌كانیتره‌وه‌ پێشمه‌رگه‌كان ده‌گه‌نه‌ گۆڕه‌پانی شه‌ڕه‌كه‌ و ده‌مه‌و ئێواره‌ هێزه‌كه‌ی باریق ده‌شكێ‌ و به‌ په‌له‌پڕووزێ‌ پاشه‌كشه‌ده‌كات.. ئه‌مه‌ ده‌مشكاندنێكی باشبوو كه‌ ئیتر باریق ئه‌و ئه‌فسانه‌یه‌ نه‌ما كه‌ زه‌نده‌قی خه‌ڵكیی لێچووبوو! پێشتریش باوكی له‌ په‌لامارێكی شاره‌زووردا به‌ده‌ستی پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاودیوی دۆزه‌خ كرابوو!.
رۆژی 30/8/1985 پێشمه‌رگه‌كانی تیپی 53ی شێروانه‌ بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی شه‌هید مه‌حمود گه‌رمیانی ده‌چنه‌سه‌ر جاده‌ی به‌رده‌سوور – تازه‌دێ‌ و ته‌قوتۆقێك ده‌كه‌ن، له‌به‌رانبه‌ردا رژێم رۆژی 31/12/1985 به‌ هێزێكی گه‌وره‌ی سه‌رباز و جاش به‌پاڵپشتیی تانك و تۆپ و كۆپته‌ر له‌كه‌لاره‌وه‌ په‌لاماری دێهاته‌كانی كه‌ماڵه‌یی دا و له‌و ته‌ختایی دێی گۆبانی حه‌مه‌ئه‌مین به‌گه‌دا شه‌ڕێكی سه‌خت كرا، پێشمه‌رگه‌كان نموونه‌ی قاره‌مانه‌تییان له‌ په‌رچدانه‌وه‌ی هێزه‌كانی رژێمدا پیشاندا، له‌هه‌مانكاتدا له‌ قۆڵی سه‌ییدخه‌لیله‌كانیشه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌كانی تیپی 53 ئاوقای هێزیكیتری دوژمن بوونه‌ و كه‌وتنه‌ شه‌ڕێكی بێئامانه‌وه‌، هه‌ر له‌به‌یانییه‌وه‌ تا ئێواره‌ شه‌ڕ درێژه‌یكێشا، دوژمن كه‌ هیچی پێنه‌كرا به‌ناچاریی كشایه‌وه‌، له‌م شه‌ڕه‌دا دوژمن جگه‌له‌ تۆپباران به‌ سێ‌ جۆر هه‌لیكۆپته‌ر له‌ پێشمه‌رگه‌كانی ده‌دا.. له‌ هه‌ردوو قۆڵه‌كه‌وه‌ زیانێكی زۆریی گیانیی و مادیی لێكه‌وت كه‌ 24 جاش و 15 سه‌رباز كوژران و ده‌ستكه‌وتی پێشمه‌رگه‌كانیش21 كڵاشینكۆف و 2 بیكه‌یسی و 1 ئارپیجی بوو، گۆڕه‌پانی شه‌ڕه‌كه‌ش به‌ خوێنی كه‌ریم كۆمه‌ڵه‌ و مه‌جید باوه‌نووری نه‌خشێنرا و 3 پێشمه‌رگه‌ش به‌سووكیی برینداربوون.. ئه‌م شه‌ڕه‌ش دوای شه‌ڕی پێشووی سه‌ییدخه‌لیله‌كان سه‌ركه‌وتنێكیتری گه‌وره‌ و ته‌مبێكردنێكی باشی جاشه‌كانیش بوو.
سه‌یید خه‌لیله‌كان ساڵی 1987 له‌ئه‌نجامی سیاسه‌تی شۆفێنیانه‌ی كاولكاریدا به‌ ده‌ستی.
سوپای داگیركه‌ر رووخێنران و مان و ژیانی دانیشتووانه‌كانیان شێوا و سه‌رگه‌ردانبوون، به‌ هه‌زار ده‌ردیسه‌ریی له‌ناو گه‌ڕه‌كه‌كانی به‌رده‌سوور و عه‌له‌ومحه‌دا جێی خۆیانیان كرده‌وه‌، له‌ كرده‌ڕه‌هاتی ئه‌نفالیشدا چه‌ند كه‌سێكیان بوونه‌ قوربانیی به‌رنامه‌ی جینۆسایدی به‌عسیانه‌ و بێسه‌روشوێنكران.
دوای راپه‌ڕین جارێكیتر ئه‌م دێیانه‌ جوانتر ئاوه‌دانكرانه‌وه‌، به‌ڵام به‌و قه‌ره‌باڵغییه‌ی ئه‌وسای جارانی نابینرێنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ڕووی پرۆژه‌كانه‌وه‌ ئاو و كاره‌با و قوتابخانه‌ و مزگه‌وت و رێگاوبانیان بۆ دروستكراونه‌ته‌وه‌، خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌پاڵ ژیانی ئاسایی دێهاتیدا به‌ كاری باخداری به‌تایبه‌تی باخی هه‌نار و خورما و پرته‌قاڵ و مه‌ره‌زه‌وه‌ سه‌رقاڵن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*