سەرەکی » وەرزش » براوه‌ی‌ خه‌ڵاتی گۆڵ 50 بوون

براوه‌ی‌ خه‌ڵاتی گۆڵ 50 بوون

هه‌ریه‌ك له‌ ڤێرجل ڤان دایكی ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی‌ لیڤه‌رپوڵ و مێگان راپینۆی یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی‌ كچانی ئه‌مریكا به‌ براوه‌ی‌ خه‌ڵاتی گۆڵ 50 دیاری كران كه‌ ساڵانه‌ پێگه‌ی‌ گۆڵ به‌ باشترین یاریزانی ده‌به‌خشێت.
پێگه‌ی‌ گۆڵ به‌ناوبانگترین و گه‌وره‌ترین پێگه‌ی‌ تایبه‌ت به‌ تۆپی پێیه‌ له‌ جیهاندا و دووه‌م گه‌وره‌ترین پێگه‌ی‌ وه‌رزشیشه‌ دوای ئی ئێس پی ئێن كه‌ له‌ 42 وڵاتدا نووسینگه‌ی‌ هه‌یه‌و به‌ زیاتر له‌ 19 زمان زانیاریه‌كانی به‌ عاشقانی تۆپی پێ ده‌گه‌یه‌نێت.
ئه‌و پێگه‌یه‌ ساڵانه‌ خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی جیهان ده‌كات و خه‌ڵاته‌كه‌شی به‌ناوی گۆڵ 50یه‌ كه‌ پێشتر باشترین 50 یاریزانی به‌پێی ئاستیان له‌و ساڵه‌ دیاری ده‌كرد به‌ڵام له‌مساڵه‌وه‌ خه‌ڵاته‌كه‌ گۆڕاوه‌ بۆ دیاریكردنی باشترین 25 یاریزانی كوڕ و 25 باشترین یاریزانی كچ.
دیاریكردنی باشترینه‌كانیش له‌ رێگه‌ی‌ ده‌نگدانی هه‌واڵساز و په‌یامنێرانی 42 نووسینگه‌كه‌ی‌ گۆڵه‌ له‌ وڵاتانی جیهاندا.
بۆ ئه‌مساڵیش له‌ ئاستی كوڕان ڤێرجل ڤان دایك به‌ باشترین یاریزان دیاری كراوه‌، ئه‌مه‌ش دوای ركابه‌ریه‌كی به‌هێز له‌گه‌ڵ لیۆنێل مێسی و محه‌مه‌د سه‌ڵاح، به‌مه‌ش بووه‌ یه‌كه‌م به‌رگریكار ئه‌و خه‌ڵاته‌ بباته‌وه‌، پله‌ی چواره‌میش بۆ كریستیانۆ رۆناڵدۆ بوو كه‌ پێش سادیۆ مانی پێنجه‌م كه‌وتووه‌.
له‌ ئاستی كچانیش میگان راپینۆی ئه‌مریكی خاوه‌ن خه‌ڵاتی گۆڵكه‌ر و باشترین یاریزانی مۆندیالی ژنان به‌ براوه‌ی خه‌ڵاتی گۆڵ 50 دیاریكرا كه‌ پێش لوسی برۆنزی ئینگلیزی كه‌وت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*