سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » جگە لە پەیەدە كورد له‌ سوریا كۆكراوه‌ نـین و حزبه‌كان لاوازن

عه‌بدولره‌زاق كۆیی

جگە لە پەیەدە كورد له‌ سوریا كۆكراوه‌ نـین و حزبه‌كان لاوازن

له‌چوارچێوه‌ی‌ دیداری شامدا، زنجیره‌یه‌ك چاوپێكه‌وتن و دیداری سیاسی و مێژوویی سازكراوه‌، عه‌بدوره‌زاق كۆیی لێپرسراوی نوسینگه‌ی‌ یه‌كێتی نیشتیمانیی كوردستان له‌دیمه‌شق. سه‌ربرده‌و مێژوویه‌كی گرنگی كوردو بزوتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان ده‌گێڕێته‌وه‌. وه‌ك پێكهێنانی هێزێك بۆ رۆژئاوای كوردستان له‌سه‌ره‌تای‌ رووداوه‌كانی سوریاو هاوكاریكردنی په‌یه‌ده‌ له‌لایه‌ن ئێران و دیمه‌شقه‌وه‌، له‌گه‌ڵ گه‌لێك رووداوی دیكه‌.

به‌شی چواره‌م

*پێتوایه‌ ئه‌و پیلانگێڕییه‌ له‌سه‌ر ئۆجالان كرا له‌كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتبوو؟
ئه‌وه‌ی‌ من بڕوام پێیه‌تی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ موئامه‌ره‌كه‌ (ماهر وڵات) بووه‌، ئه‌و كابرایه‌ هه‌موو شتێكی ته‌رتیب كردبوو. ده‌مه‌وێ ئه‌و زانیارییه‌ بڵێم كه‌ كوڕێك هه‌بوو ناوی ماهر وڵات بوو، ئه‌وه‌ ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی په‌كه‌كه‌ بوو، ماهر وڵات ماوه‌یه‌كی زۆر بوو ونبو، دیاره‌ له‌ قه‌ندیل بووه‌ ئه‌گینا نازانم له‌ كوێ‌ بوو. دوای ماوه‌یه‌ك ده‌ركه‌وت نوێنه‌ریانه‌ لە روسیا. 6 مانگ پێش عه‌بدوڵا ئۆجالان ماهر وڵات له‌وێ‌ په‌یدا بوو، كه‌ چوم له‌وێ‌ ماهرم بینی چه‌ند جار ماهرم بینی. من له‌و ڕۆژه‌ی كه‌ده‌ڵێم ماهر هه‌تاكو ئه‌و ڕۆژه‌ی كه‌ ده‌ڵێم ماهر له‌وێ‌ بوه‌، نزیكه‌ی زیاتر له‌ 20 ساڵ من له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵا ئۆجالان په‌یوه‌ندیم هه‌بووه‌ وێنه‌شمان به‌یه‌كه‌وه‌ گرتوه‌ هه‌رگیز وێنه‌یه‌ك بڵاونه‌كراته‌وه‌، دوایینجار كه‌من چوومه‌لای، ئه‌و ماهر وڵاته‌ له‌وێ‌ بوو. وێنه‌یه‌كی گرتین.

*هی تۆو ئۆجالان؟
به‌ڵێ‌ عه‌بدوڵا ئۆجالان. دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌ماوه‌ی‌ 20 ڕۆژ تا مانگێك، مام جه‌لال ده‌چێته‌ توركیا، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ئه‌ركاتی سوپای توركیا داده‌نیشێت باسی مه‌وزوعی په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌و به‌مامجه‌لال ده‌ڵێ ئێوه‌ یارمه‌تی په‌كه‌كه‌ ده‌ده‌ن!!

*كه‌ی بوو؟
پێش گرتنی عه‌بدوڵا ئۆجالان به‌چه‌ند مانگێك، مام جه‌لال وتی وتومه‌ وا نییه‌ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵی هه‌ر نییه‌، وتی سه‌رۆك ئه‌ركان هه‌ر وایكرد وێنه‌كه‌ی تۆی ده‌رهێناو دای به‌من وتی ئه‌وه‌ كێیه‌ وتی وتومه‌ ئه‌وه‌ له‌ مێژه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ نه‌ماوه‌ ده‌رمانكردوه‌! ئه‌وه‌ جاران له‌گه‌ڵ ئێمه‌ بوو.
*په‌كه‌كه‌ ده‌یان زانی ئه‌و كاره‌ ماهیر وڵاته‌؟
له‌دواییدا زانیان، دوای ئه‌وه‌ مام جه‌لال وتی ئاگات له‌خۆت بێت نه‌چیته‌ توركیا، وتی ده‌تگرن زانیاریان له‌سه‌رت هه‌یه‌، مه‌له‌فت هه‌یه‌ ده‌تگرن. له‌گه‌ڵ دانای ئه‌حمه‌د مه‌جید چوین به‌ عه‌بدوڵلا ئۆجالانمان وت. وتمان حاڵ و مه‌سه‌له‌یه‌كی ئاوها هه‌یه‌، ئه‌و ماهیره‌ ده‌ستی له‌گه‌ڵ تورك هه‌یه‌! وتی نا وا نییه‌، ماهیر پیاوی باشه‌. وتم كاكه‌ ئه‌و وێنه‌ی من و تۆ گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌وێ‌! چه‌ند ساڵ ئێمه‌ وێنه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌گرین قه‌ت وێنه‌ نه‌گه‌شتوه‌ته‌ ئه‌وێ‌، قه‌ناعه‌تی نه‌كرد. له‌و كاته‌وه‌ ئیدی ماهیر ون بوو.

*ناشزانی له‌كوێیه‌؟
با ده‌ڵێن له‌ روسیایه‌.

*باره‌گای ئۆجالان دیاربوون له‌كوێیه‌؟
باره‌گاكانی ئۆجالان هه‌موو له‌ده‌ره‌وه‌ی شار بوون، به‌ڵام خه‌ڵك ده‌یزانی.

*چه‌نگیز چاندار ده‌ڵێت توركیا ده‌یزانی ئۆجالان له‌كوێ داده‌نیشێت؟
مقه‌رێكیان هه‌بوو له‌ غوته‌، ڕۆژێك له‌ ئیسرائیله‌وه‌ موشه‌كێكیان ئاراسته‌كرد، به‌ڵام به‌ری نه‌كه‌وت! ئیسرائیلیه‌كان له‌وه‌دا ده‌وریان هه‌بوو.

*له‌دوای‌ گرتنی ئۆجالان په‌یوه‌ندی نێوان سوریاو په‌كه‌كه‌ به‌رده‌وام بوو؟
ده‌توانین بڵێن بۆماوه‌یه‌كی درێژ لێكدابڕان و پچڕا، به‌ڵام جۆرێك له‌ په‌یوه‌ندی هه‌ر هه‌بوو.

*په‌یوه‌ندی په‌كه‌كه‌و سوریا له‌گه‌ڵ رووداوه‌كاندا دروست بویه‌وه‌؟
نازانم ساڵه‌كه‌م بیر نییه‌، به‌ڵام من سه‌ر له ‌نوێ‌ رۆشتم بۆ قه‌ندیل چوم بۆ بۆلای جه‌میل بایك، من بۆخۆم ماوه‌ ماوه‌ ده‌چمه‌وه‌ كوردستان، سه‌رێكی جه‌میل بایك-م دا، له‌وێ‌ دانیشتین جه‌میل وتی ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سوریا دروستكه‌ینه‌وه‌، منیش كه‌ هاتمه‌وه‌ ئێره‌ پێم وتن.

*ساڵی چه‌ند بوو؟
ساڵی 2012 بوو وابزانم. وه‌فد له‌ قه‌ندیله‌وه‌ هاته‌ ئێره‌، یه‌كه‌م په‌یوه‌ندی نامه‌ی شه‌فه‌وی له‌ جه‌میل بایكه‌وه‌ من هێنام بۆ دیمه‌شق، دوای ئه‌وه‌ كوڕێك هه‌یه‌ ناوی ده‌لیله‌ هات بۆ ئێره‌، كه‌ هات بۆ ئێره‌ له‌گه‌ڵ لیوا عه‌لی دانیشت وتی ئێمه‌ به‌ته‌ماین په‌یوه‌ندی دروستبكه‌ینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌و مه‌كته‌ب بكه‌ینه‌وه‌، هاتن و چۆنمان هه‌بێت، سوریه‌كان وتیان ئێمه‌ هیچ لاریه‌كمان نییه‌، به‌ڵام باره‌گا یان نوسینگه‌یان نه‌كرده‌وه‌ زیاتر گرنگیان به‌ قامشلۆ دا.

*باشه‌ ئه‌وان سه‌ره‌تای ڕوداوه‌كانی سوریا، چۆن هاتنه‌وه‌ ڕۆژئاواو ده‌سپێكی ئه‌وان دیاره‌ له‌وێ‌ شانه‌ی نوستویان هه‌بوو، كه‌ قه‌یرانی سوریا ده‌ستی پێكرد، له‌ قامیشلی خۆپیشاندان و شتی وا ده‌ستی پێكرد، مخابه‌راتی سوریا گه‌ڕا به‌دوای كادرانی په‌كه‌كه‌ تا بیاندۆزێته‌وه‌، پێیان وتبوون ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت رێكه‌وتن بكه‌ین چه‌كتان ده‌ده‌ینێ‌ ناوچه‌كه‌ بپارێزن. واته‌ وه‌ك چه‌كداری محه‌لی به‌كاریان بێنن. به‌ڵام دوایی بارودۆخه‌كه‌ ته‌شه‌نه‌یكرد جه‌میل بایك په‌یوه‌ندیكردو خه‌به‌ری ناردو وتی ئێمه‌ قه‌رزاری سوریاین، وتی ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت دیفاع له‌ سوریا بكه‌ین شته‌كه‌ی گه‌وره‌ كرد.

*ناوچه‌ی خۆیان كۆنترۆڵ كرد پاش ئه‌و ڕوداوانه‌، دواتر ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ به‌رده‌وام بوو؟
په‌یوه‌ندی هه‌ردو لایه‌ن به‌رده‌وامه‌ ئێستاش.

*ساڵه‌كانی تر ده‌هاتن؟
5بۆ 6جار هاتوونه‌ته‌ دیمه‌شق.

*كه‌واته‌ ئاگات له‌ ورده‌كاریی كۆبونه‌وه‌و جموجۆڵیان هه‌یه‌؟
به‌ڵێ‌.

*حكومه‌تی سوریا ئاماده‌یه‌ چی بۆ ئه‌وان بكات؟ یان ئه‌وان ئاماده‌ بوون چی بۆ سوریا بكه‌ن؟
یه‌كه‌م، سوریه‌كان ره‌ئیان ئه‌وه‌ بوو ده‌یانگوت ئێمه‌ مه‌سه‌له‌ی كورد دوابخه‌ین بۆ دوای نه‌مانی شه‌ڕه‌كه‌. دووه‌م، هه‌ر وه‌فدێكی كوردی كه‌ دێت پرۆژه‌یان نییه‌، هیچ پرۆژه‌یان پێ‌ نییه‌. شتێك نییه‌ پێشكه‌شی سوریای‌ بكه‌ن. سێیه‌م، حكومه‌تی سوریاش پرۆژه‌ی نییه‌! بۆ چاره‌سه‌ری‌ قه‌زیه‌ی كورد هیچ پرۆژه‌یه‌كیان پێ‌ نییه‌. به‌رچاوڕون نین و پرۆژه‌یان نییه‌ بۆ زانیاریت كورد له‌ سوریا نازانێ‌ چی ده‌وێت.

*هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كورد به‌شێك له‌ داخوازیه‌كانی په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌جێندای ده‌ره‌كییه‌وه‌ هه‌یه‌، یاخود كورد كۆكراوه‌ نییه‌؟
كورد له‌ سوریا كۆكراوه‌ نییه‌ و حزبه‌ كوردییه‌كان له‌وێ‌ هه‌مووی لاوازن، ده‌مێنێته‌وه‌ په‌یه‌ده‌ كه‌ به‌شێكه‌ له‌ په‌كه‌كه‌، بێگومان په‌كه‌كه‌ له‌ كۆنه‌وه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی باشی له‌ گه‌ڵ سوریا هه‌بووه‌، زۆربه‌ی چه‌كداره‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌ قه‌ندیل 50% تا 60 یان كوردی سوریان، حكومه‌تی سوریا بیری له‌مه‌ كرده‌وه‌ ئه‌م چه‌كداره‌ سوریانه‌ بێنه‌وه‌ ئێره‌و دیفاع له‌ناوچه‌كه‌ی‌ خۆیان بكه‌ن، سوریا چه‌كی دانێ و تۆپ و جبه‌خانه‌ی‌ دانێ‌، سه‌ره‌تا هه‌موو شتێكی دانێ. من خۆم له‌وێ‌ دانیشتوم ئێمه‌ كه‌ قه‌زیه‌ی شنگال بوو 3/8/2014 كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رگه‌ی ئێمه‌ له‌ شاخه‌كانی ئه‌وێ‌ عاسی ببون، پارتیش ڕێگای نه‌ده‌دا یارمه‌تیان بۆ بڕوات، هێرۆخان ته‌له‌فۆنی بۆمن كرد، وتی به‌ڵكو تۆ له‌ سوریاوه‌ یارمه‌تیان بۆ بنێریت، ئه‌م هه‌ڵۆ پێنجوێنیه‌ په‌یوه‌ندی پێوه‌كردم، وتی ئێمه‌ پێویستمان به‌ جلوبه‌رگه‌، پێویستیشمان به‌ هه‌ندێك گوله‌ ئاربیجی و شتی وا هه‌یه‌، منیش به‌ سوریه‌كانم گوت و سوریه‌كان وتیان ئێمه‌ ئاماده‌ین. نزیكه‌ی 500 به‌دله‌و پوتی عه‌سكه‌ری و جه‌مه‌دانێ‌ و ئه‌مانه‌مان هه‌مووكڕی، به‌ فرۆكه‌یه‌كی تایبه‌ت كه‌ حكومه‌تی سوریا داینێ‌، بردمان بۆ قامیشلۆ. لێره‌شه‌وه‌ لیوا عه‌لی په‌یوه‌ندی كرد مه‌به‌ستم عه‌لی مه‌ملوكه‌ په‌یوه‌ندی كرد له‌گه‌ڵ به‌رپرسی عه‌سكه‌ریه‌كه‌ی ئه‌وێیان، نازانم كێ‌ بوو، لیوایه‌ك بوو. وتی جه‌ماعه‌تی یه‌كێتی دێن پێویستیان به‌ گوله‌ ئاربیجی و شتی وا هه‌یه‌ چه‌ندتان هه‌یه‌ بیانده‌نێ‌. ئه‌وه‌ به‌ په‌یوه‌ندی شته‌كانمان ئاماده‌كرد. چوین بۆ قامیشلۆ كه‌ چوین هه‌ڵۆ پێنجوێنی هات و كورێكی كه‌ی له‌گه‌ڵ بوو ئه‌فسه‌ر بوو، دوو سێ‌ ئۆتۆمبیل هاتن له‌ ئوتێلێك دابه‌زین، مخابه‌راتی سوریا هاته‌ ئه‌وێ‌، كابرایه‌ك بوو عه‌مید محه‌مه‌د زابتێكیشیان له‌گه‌ڵ بوو، كابرایه‌كی دیكه‌یان له‌گه‌ڵ بوو پێیان ده‌گوت حاجی ئاده‌م پێموایه‌ ، یان ئێرانیی بوو، یان حزبوڵلا بوو. عه‌ره‌بی قسه‌ی ده‌كرد كوڕێكی گه‌نج بوو. ئه‌و براده‌ره‌ی ئێمه‌ مه‌حزه‌ره‌كه‌ی نوسی، كه‌ هاته‌ سه‌ر كابرا وتمان بنوسین كێ‌ تۆ؟ وتم هیچ وتمان بنوسین حیزبوڵلا وتی نا نه‌نوسی ئه‌وه‌ به‌س بنوسه‌ حاجی ئاده‌م.
بێگومان بێگومان داواكاریه‌كانی یه‌كێتی زیادیكردبوو چونكه‌ شتی تریشیان داوا كردبوو. عه‌میده‌كه‌ دانیشت بوو وتی هه‌موو شته‌كان ئاماده‌یه‌ ئێمه‌ فه‌رمانمان بۆ هاتوه‌ ئه‌مڕۆ سبه‌ینێ‌ هه‌موو شته‌كان ئاماده‌ ده‌بێت وبیبه‌ن. له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌ڵۆ پێنجوێنی هه‌مان ڕۆژ وتی من به‌یانی زوو ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌. منیش وتم كه‌وابێت منیش ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌ڕێمه‌وه‌ دیمه‌شق فرۆكه‌یه‌ك هه‌بوو كات ژمێر دووی شه‌و له‌ قامشلی عومه‌ر ئۆسێش له‌وێ‌ بوو له‌گه‌ڵمان هاته‌وه‌. كه‌ من له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ هه‌ڵۆم وت وتم كاكه‌ ئه‌و شتانه‌ی من هێناومه‌ ئه‌وه‌ جلوبه‌رگه‌ بیان به‌، به‌ڵام به‌ته‌مای یه‌ك فیشه‌ك مه‌به‌ له‌ سورییه‌كان، وتی بۆ نایده‌ن وتم ئه‌م كابرایه‌ نایدا مه‌به‌ستم كابرای ئێرانی بوو. به‌كورتی ئێرانیه‌كان نه‌یانهێشت.
بۆ زانیاریت من له‌و كۆبونه‌وه‌ كه‌ دانیشتوین په‌یوه‌ندیه‌ك بۆ ئه‌و عه‌مید محه‌مه‌ده‌ هات دیاره‌ په‌كه‌كه‌ داوای دوو ده‌بابه‌یان كردبوو، فه‌رمانی له‌دیمه‌شقه‌وه‌ بۆ هات وتی دوو ده‌بابه‌كه‌یان بده‌نێ‌. دوو ده‌بابه‌كه‌یان دانێ‌. ئێمه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ چوینه‌ ده‌ره‌وه‌ من و هه‌ڵۆ پێنجوینی و جه‌ماعه‌ت وتمان با بچین سه‌ردانێكی مقه‌ری قیاده‌یان بكه‌ین مه‌به‌ستم سه‌ركردایه‌تی په‌یه‌ده‌بوو. مقه‌ری قیاده‌یان له‌ عاموده‌بوو. ئه‌وكاته‌ ئه‌و ئه‌كره‌م حه‌سۆ به‌رپرس بوو ئه‌و عومه‌ر عه‌بدوالكه‌ریمه‌ش به‌ر پرسی په‌یوه‌ندی بوو، ساڵح گه‌دۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ بوو كابرایه‌كی مه‌سیحیش له‌گه‌ڵیان دانیشت بوو. كه‌وتینه‌ قسه‌ ئه‌و عه‌مه‌ر عه‌بدولكه‌ریمه‌ هێرشی كرده‌ سه‌ر حكومه‌تی سوریا، ده‌یگوت ئه‌و حوكمه‌ته‌ فاشیله‌و ئه‌و حكومه‌ته‌ وایه‌و وایه‌..تد وتم كاكه‌ تۆ چی ده‌ڵێت؟ تۆ شه‌رم ناكه‌ی ئه‌و قسانه‌ ده‌كه‌یت؟ وتی بۆ شه‌رم ده‌كه‌م؟ وتم بابه‌ حكومه‌تی سوریا دوو كات ژمێر پێش ئێستا دوو ده‌بابه‌ی به‌ئێوه‌ داوه‌! وتی نه‌خێر كڕیومانه‌ لێیان!! وتم چی؟ ئه‌كره‌م حه‌سۆ وتی پێی‌ وت بێده‌نگ به‌. ئه‌كره‌م حه‌سۆ زۆر عاقڵه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*