سەرەکی » وتار » لەتیف فاتیح فەرەج‌ » محه‌مەد‌ عومه‌ر عوسمان

خورجە

محه‌مەد‌ عومه‌ر عوسمان

1
كه‌ خوێنی‌ خۆمم رشته‌ تابلۆوه‌
كه‌ زانیم ئیتر خۆر لێم هه‌ڵنایات
من گوله‌ی‌ مه‌رگم نابه‌ خۆمه‌وه‌
چونكه‌ به‌د به‌ختی‌ كۆتای‌ نایات
حه‌مه‌ی‌ له‌ غوربه‌تا ، حه‌مه‌ی‌ ژه‌نه‌راڵی‌ پایزو ، ژه‌نه‌راڵ به‌فر ، دواجار خۆی‌ كوشت ، خۆ كوشتنێك كه‌ هه‌رگیز ناكاته‌ كۆتای‌ هاتنی‌ به‌دبه‌ختی‌ مرۆڤ ، نزیكه‌ی‌ سی‌ ساڵ هاوڕێ‌ و ئاشنای‌ حه‌مه‌ بووم ، زۆربه‌ی‌ ئه‌و جارانه‌ی‌ یه‌كدیمان ده‌بینی‌ به‌شێكی‌ گفت و گۆكانمان گله‌یی‌ بوو له‌ ژیان و ده‌سه‌ڵات و ئه‌وه‌ی‌ كه‌هه‌یه‌ ، ئه‌و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاشه‌وه‌ قسه‌و باسی‌ له‌ بێمانای‌ ژیان ده‌كرد ، بێمانایی‌ ژیان تا راده‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌بوون زۆر له‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ باشتر بوو ، نایشارمه‌وه‌ كه‌من له‌و روانگه‌یه‌وه‌ هه‌میشه‌ به‌ هێمنی‌ ره‌خنه‌م لێده‌گرت و پێم ده‌گوت مه‌رج نیه‌ژیان به‌و جۆره‌ « ته‌نگ و ناخۆش بێت « وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ مه‌حوی‌ ده‌بێژێت :
خۆشه‌ ده‌رچوون ئه‌گه‌ر چی‌ بۆ سه‌قه‌ر چین .

2
ماوه‌یه‌ك به‌رله‌ مردنی‌ له‌ گه‌ڵ دۆستێكا له‌یه‌رده‌م چایخانه‌ی‌ شه‌عب بینیمان ، دیسان قسه‌و باس دیسان نادادی‌ و هتد ، من وتم لانی‌ كه‌م ئه‌و كوڕو كچانه‌ی‌ له‌ رۆژئاوا شه‌ڕ بۆ ژیان و ئازادی‌ ده‌كه‌ن ئومێدێك به‌ ئێمه‌ ده‌به‌خشن ، وتی‌ رێك وایه‌و باسی‌ ئه‌و جوانیه‌ی‌ ئه‌وانی‌ كرد ، هیوام خواست شیعرێك بۆ ئه‌وان بنووسێت ، لێ‌ نه‌نووسرا ، كه‌ جیا بووینه‌وه‌ به‌ هاوڕێكه‌م ووت هه‌ق نیه‌ به‌و جۆره‌ نائومێد بێت مرۆڤ ، دیاره‌ هاوڕێكه‌م به‌ وردی‌ له‌ قسه‌كه‌ی‌ من نه‌گه‌یشت ، من شێوه‌ مردنی‌ حه‌مه‌م به‌م جۆره‌ پێخۆش نیه‌ ، بڕوایه‌كی‌ ترم هه‌یه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ ، له‌ نێوان مه‌رگی‌ حه‌مه‌و مه‌رگی‌ گوڵسورخی‌ یان ئه‌بوبه‌كر عه‌لیدا ئه‌وی‌ گوڵسورخی‌ و ئه‌بوبه‌كر عه‌لیم لامانادار تره‌ ، حه‌مه‌ ده‌بوو بۆ شیعر بۆ ئازادی‌ مرۆڤ كه‌ زۆر باوه‌ڕی‌ پێبوو درێژه‌ی‌ به‌ ژیاندابا .

3
مامۆستا عه‌دنان ساڵه‌یی‌ كتێبێكی‌ ده‌رونشیكاری‌ له‌باره‌ی‌ حه‌مه‌عومه‌ره‌وه‌ نوسی‌ و دوای‌ مه‌رگه‌كه‌ی‌ بڵاو بوه‌وه‌ ، به‌رله‌بوونه‌ كتێب مامۆستا عه‌دنان نووسینه‌كه‌ی‌ بۆ ناردم قسه‌و باسی‌ خۆمان كرد له‌باره‌یه‌وه‌ ، داخه‌كه‌م حه‌مه‌ به‌ كتێبی‌ نه‌یبینی‌ ، بڕیاربوو بووبه‌ كتێب كۆڕی‌ له‌سه‌ر بكه‌ین و پێكه‌وه‌ سه‌ردانی‌ حه‌مه‌ش بكه‌ین ، مه‌رگی‌ به‌و جۆره‌ی‌ ئه‌و مه‌ودای‌ نه‌دا ، حه‌مه‌ی‌ ژه‌نه‌راڵی‌ پایز ، حه‌مه‌ی‌ هه‌رگیز ئۆقره‌ نه‌دیووبه‌ جێی‌ هێشتین.
ئه‌و رۆیشت و شیعره‌كان و یاده‌وه‌ریه‌كانی‌ بۆ ئێمه‌ مانه‌وه‌ :
باڵابه‌رزێكی‌ ئه‌سمه‌ری‌ قه‌ره‌ج
تاكه‌ فریشته‌ی‌ شۆخی‌ ده‌ور بوو
بۆ سه‌ر خه‌وێكی‌ ناو گڕی‌ مه‌مكی‌
سه‌ری‌ پڕ زه‌وقم پڕ له‌هه‌ور بوو

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*