سەرەکی » مانشێت » گفتوگۆكان دەستیانپێكردۆتەوە ‌و وەفدی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات

قوباد تاڵەبانی

گفتوگۆكان دەستیانپێكردۆتەوە ‌و وەفدی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات

قوباد تاڵەبانی، رایدەگەیەنێت: ئیدارەدانی باش، هۆكاری هاتنە ئارای حكومەتێكی سەركەوتووە. تەئكیدیش دەكاتەوە «گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا سەبارەت بە بودجەی 2020 دەستیپێكردۆتەوە‌و لەكاتێكی گونجاویشدا وەفدی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات».
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەمیانی بەشداریی لە پانێلی زانكۆی ئەمریكی كوردستان-دهۆك لەژێر ناونیشانی (دیداری ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست)، كە چەندین كەسایەتیی دیاری ناوچەكەو جیهان تێیدا بەشدارن. رایگەیاند: پەیوەندییەكی راستەوخۆ لەنێوان سەقامگیری‌و حوكمڕانییەكی سەركەوتوودا هەیە، كاتێكیش كە حكومەتی نوێی عیراق پێكهات، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران، پێیوتم: چی بكرێت تا حكومەتێكی سەركەوتوو بێتە ئاراوە، منیش پێمڕاگەیاند: «پێویستەو دەبێت ئیدارەدانێكی باش لە ئەولەویەتی كارەكانتان بێت، ئەوكاتە حكومەتێكی سەركەوتوو دێتە ئاراوە».
لەدرێژەی وتەكانیدا، قوباد تاڵەبانی، ئەوەشی وەبیرهێنایەوە كە كاتێك هەرێمی كوردستان لەچەند ساڵی رابردوودا روبەڕوی قەیرانەكان بۆوە، لەكابینەی پێشوودا هەر زوو دەستمان بەچاكسازیی كردو هەوڵماندا خەرجیی كەمبكەینەوەو داهات زیاد بكەین‌و وتیشی: هەرچەندە چاكسازیی بۆ هەندێك كەس بەئازارە، بەڵام ئێمە دەستمان پێكرد.
لەبارەی بارودۆخی ئێستای بەغداشەوە، رایگەیاند: پێویستە حكومەتی بەغدا هەنگاوی جدی‌و ستراتیجی بنێت لەپێناوی خزمەتكردنی خەڵك و باشكردنی خزمەتگوزارییەكان.
لەوتەیەكیشدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن، قوباد تاڵەبانی، رایگەیاند: رەوشی ئێستای عیراق كاریگەریی نەرێنی لەسەر پرۆسەی دانوستانەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا هەیە، وتیشی: گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا سەبارەت بە بودجەی 2020ی عیراق دەستیپێكردۆتەوەو لەكاتێكی گونجاودا وەفدێكی باڵای هەرێم سەردانی بەغدا دەكات، بۆ ئەو مەبەستەش لەهەفتەی رابردووەوە هەرێم و بەغدا لەبارەی بودجەی 2020وە دەستیان بەگفتوگۆكان كردۆتەوەو وەك وەفدی هەرێمیش ئامادەن سەردانی بەغدا بكەن بۆ گەیشتنە رێكەوتن.
لەكۆتایی قسەكانیشیدا، جێگری سەرۆكی حكومەت، ئاماژەی بەهۆكاری دواكەوتنی گفتوگۆكان كردو وتی: بەهۆی ئەو بارودۆخەی ئێستا لە باشوور هاتۆتە ئاراوە، بەرپرسانی حكومەتی عیراق سەرقاڵی كێشەكانن، ئەوەش كاریگەریی لەسەر كۆبوونەوەكان هەبووە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*