سەرەکی » راپۆرت » كانی‌؛ لێكدانه‌وه‌یه‌كی ساده‌

كانی‌؛ لێكدانه‌وه‌یه‌كی ساده‌

كانی‌، وه‌ك سه‌رچاوه‌ی‌ زینده‌گی و ژیان!
ژیانی ساده‌ی‌ گوند ته‌نها له‌ مامه‌ڵه‌و كاری‌ هه‌ره‌وه‌ز و كاری‌ ڕۆژانه‌ی‌ گوندنشینه‌كاندا نه‌بووه‌، به‌ڵكو ته‌واوی‌ كایه‌كانی‌ ژیان له‌ گونددا و له‌ ڕابردوودا ساده‌ و ساكار بووه‌. كانی‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ ئاوی گوندنشینان بووه‌ به‌شێك له‌و ساده‌یی و دۆخه‌ ساده‌ی‌ گوندی پێكهێناوه‌. ئه‌و ده‌مه‌ی‌ «كانییه‌كه‌ی‌ به‌ر دێ» ناوبانگی هه‌بووه‌، و ئه‌و ساته‌ی‌ جامی فافۆن هه‌بووه‌ بۆ پڕكردنی‌ «گۆزه‌ و كونه‌»ی ئاو خواردنه‌وه‌ كوا وه‌ك ئێستا به‌فر گره‌و غه‌ساله‌ی‌ ئۆتۆماتیكی هه‌بووه‌، ئه‌و ده‌مه‌ ژنانی‌ گوند كونه‌ی‌ ئاوه‌كانیان ده‌خسته‌ بن ده‌ستیان و فه‌قیانه‌ی‌ كراسه‌كه‌یان هه‌ڵده‌كرد، ته‌واو تابلۆ ساده‌ی‌ گوندیان پێكده‌هێنا. هه‌ر ئاوێكی كانی‌ پاك بوایه‌ گوندنشینان پێیان ده‌وت «ئاوه‌كه‌ی‌ ده‌ڵێی چاوی‌ قرژاڵه‌» ئه‌و ته‌عبیره‌ خۆی گه‌ڵێك ڕاسته‌ چونكه‌ قرژاڵ خۆی له‌ ئاوی كانیدا ده‌مایه‌وه‌. ئه‌م تابلۆیه‌ دنیای ساده‌ی گوند و گرنگی ئه‌و كانیی و ئاوه‌یشمان بۆ به‌یان ده‌كات كه‌ گوندنشینان له‌ پێشوودا له‌ دووره‌وه‌ ئاویان هێناوه‌ و چه‌نده‌ ئه‌و ئاوه‌ ته‌ندروست و پاك بووه‌ و كێشه‌ی‌ نه‌بووه‌ بۆ خواردنه‌وه‌.

كانی‌، وه‌ك چه‌مكێكی شیعری
كاتێك شاعیر ده‌ڵێت:
كه‌ كچه‌ كوردێك دێتۆ له‌كانی‌
تك تك ئاو ده‌ڕژێت بۆسه‌ر مه‌مكانی‌
ئه‌و تابلۆیه‌ وێنه‌ی‌ ناسك و جوانی‌ و پۆله‌ كچی گوندمان پیشان ده‌دات كاتێك له‌ توله‌ڕێی كانییه‌وه‌ دێنه‌وه‌ بۆ ناو دێ، ئه‌و ده‌مه‌ كانییه‌كانی‌ گوند ته‌نها سه‌رچاوه‌ی‌ ئاوی خواردنه‌وه‌ی هاوڵاتیانی گوندنشین نه‌بووه‌، به‌ڵكو به‌شێك بووه‌ له‌ ئیلهامی شیعر و پێداهه‌ڵدان. كانییه‌كان له‌ كۆندا چه‌مكێكی شیعری بوون كه‌ له‌وێوه‌ تابلۆیه‌كی شیعری جوانیان نه‌خشاندووه‌ و زۆربه‌ی‌ شاعیرانی كلاسیك نزیك ئه‌م تابلۆیه‌ كه‌وتوونه‌ته‌وه‌ و به‌وشه‌یه‌ك یان زیاتر ڕه‌نگی ئه‌م تابلۆیه‌یان كردووه‌.

كانی‌، وه‌ك جێژوانی‌ كچ و كوڕه‌ نازداره‌كانی‌ گوند
ئه‌و ده‌مه‌ی‌ ئاوی كانی‌ به‌های‌ ژیاندۆستی هه‌بووه‌ هه‌ر ئه‌و ده‌مه‌ كانی‌ به‌شێك بووه‌ له‌ پێكهاته‌ی‌ گوند و ته‌بیعه‌تی گوند، ئه‌سته‌م بووه‌ گوندێك هه‌بێت كانی‌ و كارێزێكی نه‌بووبێت. هه‌ندێكجار ئه‌م كانییانه‌ جێگای‌ ڕازو نیازی كچه‌ جوان و هه‌وری له‌ كۆڵ و خاڵ به‌ گۆناكانی‌ گوند بوون له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی‌ خۆیی و هه‌ندێكجاریش له‌گه‌ڵ كوڕانی دێ. زۆرجار بۆ بینین و دیداری كچان و كوڕانی گوند كانی‌ ده‌بووه‌ ژوانگه‌و كچان و كوڕان په‌یامیان له‌سه‌ر كانی‌ ده‌گواسته‌وه‌. عاشقه‌كانی‌ گوند زۆرجار وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئاوی كانییه‌كان نهێنییه‌كانیان له‌گه‌ڵ خۆی ببات و له‌ناو خۆیدا نقومی بكات و بیخنكێنێت، ئه‌و تابلۆ له‌ ماچێكدا پیشان داوه‌. هه‌ر وه‌ك شاعیرانی فلكلۆر وتویانه‌:
دێته‌وه‌ بیرت گیان
چاو چاوانی‌ سه‌ر بانی
ده‌ست له‌ملانیه‌ی‌ بن دیواران گیانه‌
ماچ و موچی ئێواره‌ی‌ سه‌ر كانی‌

كانی‌، نهێنی پشوودانێكی شۆڕشگێڕانه‌
كانییه‌كانی قه‌راغ گونده‌كان و ناو بێستان و دارستانه‌كان ته‌نها لانگه‌ و ژوانی‌ كچان و كوڕانی گوند نه‌بوون به‌ڵكو هه‌ندێكجار ئه‌و كانییانه‌ خاڵی نهێنی و ژوانی‌ پێشمه‌رگه‌ پارتیزانی‌ و شۆڕشگێڕه‌كانیش بوون كه‌ جێگایه‌كیتریان نه‌بووه‌ بۆ پشوودان و حه‌وانه‌وه‌.
پێشمه‌رگه‌یه‌كی پارتیزانی ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ كاتێك له‌شاخ بوون و هێشتا ڕاپه‌ڕین نه‌كرابوو و نه‌هاتبوونه‌وه‌ شار، شه‌وێك له‌سه‌ر كانییه‌كی ناوچه‌ی‌ قه‌ره‌داغ لاده‌ده‌ن بۆ پشوودان، به‌ڵام له‌و كاته‌دا سوپای به‌عسی عه‌ره‌بی فاشیست به‌سه‌ر به‌رزایی كێوه‌كه‌دا ده‌ڕۆن ئه‌وان له‌ ئاوی كانییه‌كه‌وه‌ وێنه‌ی‌ سه‌ربازه‌كانی به‌عس ده‌بینن، به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی‌ كه‌ نهێنی ئه‌و كانییه‌ له‌ هاوڕێ پێشمه‌رگه‌كانی‌ تێكنه‌چێت و به‌عسیش به‌و جێگه‌یه‌ ئاشنا نه‌بێت هیچ چالاكییه‌ك ئه‌نجام ناده‌ن تاكو هێزه‌كه‌ی‌ به‌عس ده‌ڕۆن.
ئه‌م تابلۆیه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی خێرا بوو بۆ ماناو مه‌به‌ست و جوانییه‌كانی‌ «كانی‌». تاكو (گوندستانی‌ نوێ) به‌رده‌وام بێت ناوه‌ ناوه‌ ده‌چینه‌وه‌ گونده‌كان و هه‌روه‌ك چۆن كچانی ناسك و نازدار به‌ ده‌سته‌ سپی و نه‌رمونۆڵه‌كانیان ئاویان له‌كانی‌ هه‌ڵگۆزیوه‌، ئێمه‌یش له‌ كانی‌ پڕ بابه‌تی گوند شتێك هه‌ڵده‌گۆزین و قسه‌ی‌ له‌سه‌ر ده‌كه‌ین.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*