سەرەکی » وتار » نه‌وزادى موهه‌ندیس‌ » یەكێتی چۆن كۆنگرەیەكی پێویستە ؟

لەبەردەم چوارەمین كۆنگرەدا

یەكێتی چۆن كۆنگرەیەكی پێویستە ؟

*لەم ئێستاوە تا رۆژی بەستنی كۆنگرە كە چەند رۆژێكی كەمی ماوە بەپێی ئەو وادەیەی كە بەڕەسمی راگەیەنراوە بۆ بەستنی چوارەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، خۆشبەختانە كۆمەڵە هەنگاوێكی كردارەكی پیادەكراوە بە نیەتی بەستنی كۆنگرە لەكات و وادەی دیاریكراوی خۆیدا، لە هەڵبژاردنی نوێنەری كۆمیتە و مەكتەبەكان و دواتریش بەستنی بڕیارە كۆنفرانسی مەڵبەندەكان بۆ دیاریكردنی نوێنەرانی كۆنگرە بكرێت، بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ وابڕیارە 1000 نوێنەر ببنە ئەندامی كۆنگرە.
هەموو ئەم هەنگاوانە مایەی دڵخۆشین، چونكە بە سەركەوتوویی و تا رادەیەكی باشیش بێ كێشە و كەموكوڕی و ئاژاوە و پشێوی بەڕێوەچوون لە 14 مەڵبەند و دوو بازنە و 207 كۆمیتەدا. لەماوەی تەنها نێوان 16 تا كۆتایی مانگی 11/2019دا، كە بەهەموو پێوانەیەك و بە بەراورد بە گەورەیی و فراوانی و ئاڵۆزیی پڕۆسەكە، سەركەوتنی وەدیهێناوە. لەكاتێكدا كە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە پڕۆسەیەكی لەو جۆرە جێبەجێ نەكراوە.
ئەم كارە بۆ خۆی گەواهیدەری زیندوێتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئۆرگانەكانێتی و پەرۆشیی ئەندام و لایەنگران و ئاستەكانی خوارەوەی پێكهاتەكەیەتی و ئەو راستیەش دووپات دەكاتە كە هەركاتێك سەركردایەتی یەكێتی ویستبێتی بە جدی كارێك یان پڕۆسەیەك چێ بكات، چەندە گەورە و سەخت و ئاڵۆزیش بووبێت، ئەوا دەتوانێت بیكات و رێگەنادات هیچ بەربەستێك رێگەی بەرەو پێشچوون و نوێبوونەوەی لێ بگرێت.
كەواتە كە 10 ساڵە كۆنگرە نەگیراوە، بەمانای ئەوەدێت ئەوە سەركردایەتی یەكێتی بۆخۆی ویستی راستەقینەی نەبووە بۆ ئەو كارە.
*بەڵام ئەوەی دەخوێنرێتەوە لەم پڕۆسەیە و ئەو گەرموگوڕەییەی ئەم قۆناغە سەرەتاییانە و كەمیی ماوەی بەردەم خۆئامادەكردن بۆ بەستنی كۆنگرە لەكاتی خۆیدا، گومانێكی دروستكردووە لەوەی كە ئایا دەكرێت كۆنگرە لە 7/12 دا سازبكرێت؟ بەهۆی لەلایەك ئامادەسازییەكان لەماوەی تەنها 6 رۆژی سەرەتای مانگی 12/2019دا ناتوانرێت تەواوبكرێت نە لەڕووی لۆجستی و نە لەڕووی مادی لە جێگەی مانەوە و خواردن و بانگهێشتنامەی میوانانی دەرەكی و پێداویستییەكانی تری هەڵبژاردن و لیست و نە لەڕووی ئەمنیشەوە، هەروەك تائێستا لە ناوەندی دەرەوەدا هیچ هەڵبژاردنێك نەكراوە، كەواتە گومان دەكرێت كە كۆنگرە لەو وادەیەدا ببەسرێت، بەڵام دەبێت هەر ئەنجامبدرێت جا رەنگە بكەوێتە كۆتایی ئەمساڵەوە ویان سەرەتای ساڵی 2020، چونكە ئیدی ئەم سەركردایەتییەی ئێستا ناتوانێت دوای بڕینی ئەو قۆناغانە و ئەو خەرجییە زۆرە، چیتر كۆنگرە دوابخات، بەپێچەوانەوە دەكەوێتە بەر گوشار و ناڕەزاییەكی گەورەی بنكە و ئۆرگان و نوێنەرانی هەڵبژێردراوی كۆنگرەوە.
*پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە كە چۆن كۆنگرەیەك پێویستە بۆ یەكێتی لەم قۆناغەدا؟ ئەی كۆنگرە چی پێدەكرێت؟ ئایا كۆنگرەش دەبێتە فریادڕەسی هەموو كێشە كەڵەكەبووەكانی 10 ساڵی رابردوو؟ ئایا یەكێتی بەهێز و یەكگرتوو دەمێنێتەوە یان بە پێچەوانەوە بەرەوە لێكترازانی ریزەكان و دڕدۆنگی ناوخۆیی زیاتر دەڕوات؟ و دەیان پرسیار و گومان و ترس و دڵەڕاوكێی تر؟
سەرەتا دەبێت هەمووان و بەهەموو ئاراستە و باڵ و تەكەتولەكانی ناو یەكێتییەوە كە بەداخەوە ئەوە واقیعی ناو یەكێتییە، هەریەكەیان گەرەكێتی بەسەر بەرامبەرەكەیدا سەربكەوێت و خۆی لەكۆنگرەدا باڵادەست بێت، دەبێت هەمووان سەرەڕای ئەو پێشبڕكێ و ململانێیەی نێوانیشیان دەبێت مەترسی و گەورەیی ئاڵنگارییەكانی عیراق ‌و دەوروبەر و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە لەبەرچاوبگرن، بۆئەوەی هەنگاو و بڕیارێك نەدەن لەكۆنگرەدا كە یەكێتی لە حزبێكی گەورە و كاریگەر و خاوەن نفوزی سیاسی و ئابووریی و ئەمنی و جەماوەری و سەرتاسەری عیراق و كوردستانی گەورەشەوە بەرەو حزبێكی بچووكی لۆكاڵی قەتیسكراو و بێ بایەخ و كاریگەر هەنگاو بنێت، بۆیە پێویستە هەرچی دەكرێت هەمووان لەسەر:
-میكانیزمێكی تەواو دیموكراسی و موتوربەكراو بە نەرمی نواندن لەبەرامبەر یەكتر و دووركەوتنەوە لە گیانی تۆڵە و نەمان و دەرپەڕاندنی یەكتریی بكەنەوە.
-پێویستە كۆنگرەیەكی تەواو ئامادەسازكراو بۆی لەهەموو رووەكانەوە ئەنجامبدرێت كە لەگەڵ ئەوەی ببێتە هۆكاری نوێبوونەوەی روخسار و رەفتار و كردار و عەقڵی سەركردایەتی و ئۆرگانەكانی، لەهەمان كاتیشدا نەبێتە هۆی لێكترازانی ریزەكانی و دووركەوتنەوە و وازهێنانی ژمارەیەكی گەورەی ئەندامانی.
-كۆنگرەیەك پێویستە كە بەسەر هەموو گوتار و كردار و هەڵوێست و ئایدیا و فیكری یەكێتیدا بچێتەوە كە لە 10 ساڵی رابووردوودا تەواو بەرەو پاشەكشەچوون بۆتەوە نەك پێشكەوتن و گەشەكردن.
-كۆنگرەیەك پێویستە كە یەكێتی لەڕووی ئۆرگان و پەیكەرو پێكهاتەوە بكرێتەوە بە حزبێكی رەشیق و چوست و چالاك كە بتوانێت سەختی و قورسایی قۆناغی ئایندە هەڵبگرێت و رووبەڕووی ببێتەوە.
-كۆنگرەیەك پێویستە كە بنەما حزبی و مەركەزییەتی بڕیار و پڕەنسیپە حزبییەكان لەخۆبگرێتەوە و تۆخیشیان بكاتەوە.
-كۆنگرەیەك پێویستە كە سەرچاوەی داهاتەكانی یەكێتی شەفاف و روونبكرێت و لەدەستێكی ئەمیندا بێت و بەهەمان شێوەش خەرجییەكانیش بەپێی رێنمایی و یاساو لە دەسەڵاتی دیاریكراودا بێت.
-كۆنگرەیەك پێویستە كە یەكێتی بكاتەوە بە حزبی پلە یەكی كوردستان و ئەمەش بە نزیكبوونەوەی لە جەماوەر و خاكیبوون و گەڕانەوە دەبێت بۆ سەرەتا شۆڕشگێڕییەكان و بەدەمەوە چوونی داواكارییە رەواكانی جەماوەری پانوپۆڕی گەلەكەمان.
-كۆنگرەیەك پێویستە كە یەكێتی بكاتە حزبێك كە رابەرایەتیی پڕۆسە و قۆناغی نوێی دژە گەندەڵی و بێكاریی و ناعەدالەتی بكات و هەوڵی دۆزینەوەی هەلی كار و خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاریی و پاراستنی ئارامی و ئاسایش و رێزیش لە دیموكراسی و ئازادییەكان و یاسا و مافەكانی مرۆڤ و راگەیاندن و میدیا و هاووڵاتیان بگرێت.
-كۆنگرەیەك پێویستە كە یەكێتی بدرەوشێنێتەوە و متمانەی جەماوەری بۆ بگەڕێنێتەوە و بیكاتەوە حزبی دامەزراوەیی ‌و دووربكەوێتەوە لە حزبێكی قەتیسی ناوچەگەری و گرنگیدەر بە تەنها بە دەوڵەمەندان و بازرگانانی سیاسی.
-گەرەكیشە كە ئەندامانی كۆنگرە كەسانی بوێر و چاونەترس و رۆشنبیر و بەتوانا و لێهاتوو بن، بۆئەوەی گفتوگۆی گەرموگوڕ و جدی بكەن و پێشنیاز و رەخنەی جدی پێشكەش بكەن و تەنها وەك ژمارە و بۆ دەستبەرزكردنەوە و بەڵێی ناڕەوا جێگە نەگرن و گرنگیشە دەستەمۆی تەنها بەرژەوەندیی و بەرنامە و رێبازی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و شاڕێگەكەی بن نەك تولە رێگە كورت و كوێرەكانی تەكەتولەكان.
بۆیە تەنها بە كۆنگرەیەكی لەو جۆرە دەتوانرێت یەكێتییەكی بەهێز و پتەوی دوای مام بەهێز بكەینەوە. بەپێچەوانەوە ئەوا یەكێتی دەبێتە خەبەرێك لە زەمەنی رابردوودا.
ئاشكراشە ئەم كۆنگرەیەش ناتوانێت تەواوی خەوش و كێشە كەڵەكەبووەكانی چەندین ساڵی رابردوو چارەسەربكات و ببێتە عەسایەكی ئەفسوناوی، بەڵام دەكرێت لانیكەمی ئەو كێشانە چارەسەر بكات و بەهەنگاوێكی ئەرینیش لە قەڵەم دەدرێت و یەكێتی تاڕادەیەكی باش دەگێڕێتەوە بۆ سەر شارێگەكەی دوور لە باڵباڵێن و تەكەتولاتی ناڕەوای بەرژەوەندچێتی گروپ و دەستە و چەند سەركردەیەكی پاوانخواز و قۆرخكاری پلەو پۆست و ئیمتیازاتەكانی حزب و حكومەت بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵ و خزم و كەسوكار و عەشرەت و تەكەتولەكانیان.
هەروەها دەشبێتە هۆی ئەوەی كە هەرلایەك و سەركردەیەك قورسایی راستەقینەی خۆشی بۆ دەربكەوێت ، كە هەر ئەم كارانە بوونەتە هۆی راز و گەلەیی زۆرینەی ئۆرگان و ئەندامەكانی یەكێتی خۆی و جەماوەری گەلەكەشمان، كە ناكرێت چیدی درێژەیان پێبدرێت بەبیانوی جیاوازەوە. هەربۆیە كۆنگرە نابێتە فریادڕەسی هەموو كێشەكان.
جا هەركات كۆنگرەیەك كە هەمووان بە خەمخۆریی و دڵسۆزیی و ئەمانەتەوە كاریان بۆ سەرخستنی كرد و دروشم و ناوەڕۆكیان پێكەوە گرێداو ئامانجی روونیان هەبوو بۆ ئایندە و هەمووان پەرۆشی پاراستنی یەك و یەكگرتوویی ریزەكانی بوون و بەرژەوەندیی و بازرگانی و دەستكەوتە كەسییەكانیان خستە ژێر بەرژەوەندیی باڵای یەكێتی و گەل و نەتەوەوە، ئەوا بەدڵنیایی ئەم كۆنگرەیە دەبێتە مایەی زیاتر پتەوكردن و بەهێزبوونی یەكێتی و هەستانەوە و بووژانەوە و گەشەكردنیشی بۆ قۆناغی ئایندە، بەڵام ئەگەر بەپێچەوانەوە كاریان كرد، ئەوا ئەوەی كە لە یەكێتیش ماوەتەوە لەدەست دەچێت و بەرەو پووكانەوەی زیاتر و بچووكبوونەوە و لێكترازان و دڕدۆنگی زیاتر هەنگاو دەنێت. ئەوكاتیش هەمووان دەڵێین خۆزیا كۆنگرەیەكی ئاوهامان نەبەستایە و ئەو زیانە گەورەیەشمان بە یەكێتییەكەمان و تەواوی مەسەلەی كوردایەتیش نەگەیاندایە، چونكە یەكێتی بەهەموو هەڵە و كەموكوڕیەكانیشییەوە، هێشتا هەر بەو تروسكاییە ئۆمێدبەخشە ماوەتەوە بۆ تەواوی كوردایەتی لەهەر چوار پارچەكەی كوردستاندا كە هەمووان چاوەڕوانی كاری گەورەتری لێ دەكەن، بۆیە ئەم كۆنگرەیە هەم چارەنووساز و گرنگ و هەمیش مەترسیدارە، جا سەركردەی ژیر و حەكیم و دووربین لە رۆژە تەنگانەكاندا دەردەكەوێت، نەك لەكاتی ئاشتی و ئارامیدا.
بەهیوای ئەوەی كە كۆنگرەی چوارهەمی یەكێتی ببێتە وێسگەیەكی رۆشن بۆ نوێبوونەوە و بەخۆداچوونەوە و راستكردنەوەی هەڵەكان و پەندوەرگرتنیش لە رابووردوو و خۆسازدانەوەش بۆ ئایندە و بوژاندنەوە و گەشەكردنی زیاتر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

Nawzad_mohandis@yahoo.comNawzad_mohandis@yahoo.com

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*