سەرەکی » زانست » دووكەڵی ئەگزۆز دەكرێتە پەیین

دووكەڵی ئەگزۆز دەكرێتە پەیین

لەهەنگاوێكی تردا لەبواری تەكنەلۆژیا‌و بۆ كەمكردنەوەی پیسبوونی ژینگە، زاناكان تەكنیكێكی تر بەكاردەهێنن بۆ گۆڕینی دووكەڵی ئەگزۆزی ئوتۆمبیل بۆ پەینی كیمیایی و سوتەمەنی موشەكەكان و دروستكردنی نایلۆن.
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان ئەوەیان ئاشكرا كردووە، زانایانی زانكۆی مانشستەر لە بەریتانیا تەكنیكێكی نوێیان داهێناوە بۆ گۆڕینی گازی ژەهراوی ئەگزۆزی ئۆتۆمبیل بۆ ترشی نەتریك كە دەچێتە چەندین پیشەسازیی جیاوازەوە هەر لە بەرهەمهێنانی خاوی نایلۆن و پەیینی كیمیایی تا بەرهەمهێنانی سووتەمەنی تایبەت بە موشەك و تەقینەوەكان.
زاناكان سەركەوتوو بوون لەداهێنان و گەشەپێدانی پەیكەرەیەكی كانزایی ئەندامیی كە كورتكراوەكەی دەبێتە(MOF)و لەشێوازی كارپێكردنیشیدا پشت دەبەستێت بە بەكارهێنانی ئاو و هەوا بۆ وەرگرتنی پیسكەرەكانی كەشوهەوا و دواتر گۆڕینی.
لەمبارەیەوە ( مارتن سكرۆدەر) ئەندامی تیمی زاناكان وتی» ئەوەی دەتوانم ئاماژەی پێبكەم ئەوەیە كە بازاڕی جیهانی ترشی نیتریك لە 2016دا بە یەك ملیار و نیودۆلار مەزەندە كرا، لێرەشدا بەڕاستی هەلی زۆر چاوەڕوانی دروستكەرانی ئەو تەكنەلۆژیایە دەكات كە پشت بەو سیستمە نوێیە دەبەستێت، بەشێوەیەك یارمەتییان دەدات لەبەدەستهێنانەوەی خەرجی و داهاتەكانیان لە دروستكردنی ترشی نیتریك بە تایبەتیش تەنها شتێك كە پێویستە بۆ كاركردن ئاو و هەوایە».
توێژەرەوانیش لە هەمان چوارچێوەدا ڕونیدەكەنەوە، سیستمەكانی(MOF)ی نوێ بریتییە لەپەیكەری بچووكی سێ رەهەندیی كە ڕۆڵی قەفەزی كوندار دەبینێت و گازەكان لە ناو خۆیدا قەتیس دەكات، سەرەڕای سروشتی فرە كارلێكی هەڵمی ئەگزۆزەكانی پیسكەری هەوا، بەڵام ئەو گازە ژەهراوییانە چەند جارێك بە تەواوی نوێ دەكرێنەوە لە ڕێگەی بەتاڵكردنەوە یان لەڕێچكەی چارەسەركردنی بە ئاووهەوا.
هەروەها زاناكان ئاماژەیان بەوە كردووە كە ئەو تەكنەلۆجیا نوێیە یارمەتیدەر دەبێت بۆ كۆنترۆڵكردنی كێشەی پیسبوونی ژینگە و لە هەمان كاتیشدا كاریگەرییە نەرێنییەكانی دووانە ئۆكسیدی نایترۆجین لەسەر ژینگە سنوورداردەكات.

سەرچاوە: علوم والتكنولوجیا

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*