سەرەکی » ئاراستە » ساتێک لەناو ئەشکەوتەکەی ئەفلاتووندا

تا کەی لەوێدا دەژیت؟

ساتێک لەناو ئەشکەوتەکەی ئەفلاتووندا

ئاوات ئەحمەد سوڵتان

لەناو ئەشکەوتەکەدا
لێرەدا، ئەو چیرۆکە بەسەر دەکەمەوە کە ئەفلاتون لە سەرەتای کتێبی حەوتەمی کۆماردا (514a–520a) باسی کردووە؛ ئەوەش بەراورد دەکەم بە ژیانی هاوچەرخی تاکی مرۆڤ و بە ڕاناوی کەسی دووهەمی تاک (تۆ) قسەی لەگەڵ دەکەم. ئەم چیرۆکە یەکێکە لە گرنگترین تۆمارەکان لە مێژووی فەلسەفەی خۆراواییداو لەزۆر بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەتایبەتی پەروەردەدا سوودی لێ وەرگیراوە. لەم دایالۆگەدا ئەفلاتون / سۆکرات لێکۆڵینەوە لە یەکێک لە سەرەکیترینی ئەو پرسانە دەکات کە ئێمەی مرۆڤ پێیانەوە سەرقاڵین: واقیع چیە؟ چیرۆکەکە خۆی گەڕانێکی ئۆنتۆلۆژییە بەدوای کۆتا واقیعدا. هاوکات بیرکردنەوەشە لە ئەرکی فەیلەسوف لە مامەڵەکردنیدا لەگەڵ هاوشاری / هاوڵاتییەکانی خۆیدا. هەروەها بە شێوەیەک لە شێوەکانیش ئاماژەیە بۆ پەیوەندی سۆکرات لەگەڵ ئەسیناییەکانداو سەرەنجامی کۆتایی ئەو پەیوەندییە. هەرچۆنێک بێت، ئەمە چیرۆکێکە کە هەتا ئەمڕۆش گرنگیی خۆی هەرماوەو پەیوەندییەکی بەتینی بە جیهان و کۆمەڵگا مرۆییەکان و تاکەکانەوە هەیە.
زۆر لەسەری نەڕۆین، چیرۆکەکە گفتوگۆیەکە لەنێوان سۆکرات و گلاوکۆنی برای ئەفلاتونداو تێیدا باس لە کۆمەڵە خەڵکێک دەکرێت لەناو ئەشکەوتێکدا بە زنجیر بەستراونەتەوەو ڕوویان کردۆتە دیواری پشتەوەو دەڕواننە سێبەرەکانی سەردیوارەکە کە لە ئەنجامی جووڵەو هاتوچۆی خەڵک لە پشتیانەوە بە بەردەمی ئاگرێکدا دروست دەبن. ئەم زیندانییانە لای خۆیانەوە وادەزانن ئەو سێبەرانە شتە ڕاستەقینەکانن و ناویان بۆ دادەنێن و لەنێوان خۆیاندا گفتوگۆشی لەبارەوە دەکەن. ئەمانە بەوپەڕی دڵنیاییەوە لەبارەی شتگەلێکەوە گفتوگۆ دەکەن کە تەنها سێبەرەکانیان بینیوە؛ بەلای ئەوانەوە واقیعی ڕاستەقینەی ناو ئەشکەوتەکە، ئەو سێبەرانەیە. ئەی تۆ؟ چەندن ئەو بیرۆکانەی ناو مێشکت کە تەنانەت بە قەدەر سێبەرێکیش زانیاریت لەبارەیانەوە نیەو بەو پەڕی قەناعەتیشەوە باوەشت پێداکردوون؟
زیندانیانی ناو ئەشکەوتەکە ناتوانن هیچ شتێکی تر غەیری سێبەرەکانی سەر ئەشکەوتەکە لەبەردەمی خۆیاندا ببینن، هەردەنگێک کە دەکەوێتە بەرگوێیان، وا دەزانن لە سێبەرەکانەوە دێت. زیندانیی ناو وەهمیش هەروایە، جگە لە وەهمەکەی خۆی چاوی بەهیچی تردا هەڵنایەت، هەموو دەنگ و جووڵەیەک بەوجۆرە لێکدەداتەوە کە لەگەڵ وەهمەکەیدا بسازێت، لێکدانەوەکانی هەمیشە لە خزمەتی وەهمەکەیدان و بەهیچ جۆرێك توانای ڕەخنەگرتن یان گومانکردنی نیە.
ئەمە بۆچی وایە؟ سۆکرات پێمان دەڵێت لەبەرئەوەی ئەوانەی ناو ئەشکەوتەکە هەرگیز غەیری ئەو سێبەرانە هیچی تریان نەبینیوە؛ ئەوانە جیهانی ڕاستەقینەی ئەوانن، هەموو ژیانی خۆیان بەوانە ئاشنان، ڕێک وەک بیرو بۆچوون و ئایدیاکانی ناو مێشکی تۆ، کە زۆربەیان هەر ئەوانەن کە لە باوانت و ئەوانیش لەباوانیانەوە… هتد؛ بێ هیچ لێوردبوونەوەیەک و وەک خۆیان وەرگیراون و بە درێژایی ژیانت هیچ شتێکی دیکەی پێچەوانەی ئەوانەت نەبیستووە. سەیری ژوورەکەت، ماڵەکەت، گەڕەکەکەت….هتد بکە، چەند بیرۆکە، بۆچوون، شتی لەوجۆرەی تێدایە کە وەک بەڵگەنەویست وەرت گرتوون، بەڵام کە داوای شیکردنەوەت لێدەکرێت دەستەوسان دەبیت و ناتوانیت پاساویان بۆ بهێنیتەوە. تۆ لە زۆر دەمێکەوە لەناو زیندانی بیرکردنەوە پێشینەکاندا، ئەوانەی کە بێ لێکۆڵینەوەو بێ هەڵسەنگاندن پەسەندت کردوون و وەک هەقیقەت وەرت گرتوون. تۆ گەرچی بە کردەوە لەناو ئەشکەوتەکەدا نیت، بەڵام لەڕاستیدا تۆ ئەشکەوتت لەناخی خۆتا هەڵگرتووە.

هاتنە دەرەوە لە ئەشکەوت
سۆکرات، دوای ئەوەی بە باشی وەسفی ناو ئەشکەوتەکەو بارودۆخ و بیرکردنەوەو جیهانبینی زیندانییەکانمان بۆ دەکات؛ ئینجا دەپرسێت، ئەگەر یەکێک لەو زیندانییانە دەرفەتی بۆ بڕەخسێت لە ئەشکەوتەکە بچێتە دەرەوە چی ڕوودەدات؟ ئەگەر بڕیارت دا گوێ لە بۆچوون و بیرکردنەوەی جیاواز لەوانەی خۆت بگریت، چی دەقەومێت؟ باشە، یەکێکیان زنجیر دەپسێنێت و ئەشکەوتەکە جێدەهێڵێت، ڕێک وەک ئەوەی لەناکاو پەردە لەسەر چاوی تۆ لابچێت و درک بە باوەڕە تاقینەکراوەکانت بکەیت! وەک ئەوەی پەنجەرەکان بکەیتەوەو بۆ یەکەمینجار و بێ هیچ بیرکردنەوەیەکی پێشوەخت، بێ هیچ بەڵگەنەویستێک سەیری جیهان بکەیت!
زیندانییەکە بۆ یەکەمینجار ڕووبەڕوو ڕۆشنایی دەبینێت، چاوی ئازار دەدات، دەخوازێت بگەڕێتەوە.. سەرەتا بە زەحمەت دەتوانێت ئەو شتانە ببینێت کە سێبەرەکانیانی لەسەر دیواری ئەشکەوتەکە بینی. تووشی حاڵەتێکی ناخۆش دەبێت، سەراسیمە دەبێت، ئایا ئەو جیهانەی لێوەی هاتووە جیهانی واقیعە، یاخود ئەمەی ئێستا کە چاوەکانی وردە وردە خەریکن لەگەڵی ڕادێن!
تۆش هەروا، دوای ئەوەی پەردەکانت لاداو لە پەنجەرەوە بە چاوێکی نوێ و پڕ لە گومان و نادڵنیاییەوە سەیری جیهانەکەتت کرد، ئەو جیهانەی پێشتر بەهەموو شێوەەیەک متمانەت پێی هەبوو… ئێستا جۆرەها پرسیار لە مێشکتدا هەن: جیهانی ڕاستەقینە کامەیە؟ بگرە ئایا ئەم جیهانە هیچ شتێكی ڕاستەقینەی تێدایە؟ پرسیارەکان لەبارەی جیهان و خودی خۆتەوە تا بێت زیاتر دەبن… ئیتر هەست بە ناڕەحەتی دەکەیت، بیردەکەیتەوە کە بەرلەوەی ئەو گومانانەت بۆ دروست ببێت ژیانت ئارامتر بوو. ئەگەر ئێمە لەناو جیهانێکی داخراوی بێ پرسیارو گوماندا بژین، ئەوە بەڕاستی هەتا ئەم ساتەش ئێمە نیشتەجێی ئەشکەوتین.
کاتێک زیندانییەکە لە ناو خەیاڵەکانی ڕادەچڵەکێنن و پێی دەڵێن، ئەمانە شتە ڕاستەقینەکانن، ئەوەی تۆ لە ئەشکەوتەکەدا بینیوتە بە تەنها سێبەری ئەمانەیە، تا ماوەیەک باوەڕ ناکات.. ئەو تووشی شۆک بووە، گومان خراوەتە سەر هەقیقەتەکانی، چاوەکانی ئازاری دەدەن و هێشتا لەگەڵ ڕووناکیدا ڕانەهاتووە. هەوڵ دەدات بگەڕێتەوە بۆ ناو ئەشکەوتەکە. بەڵام تازە شتەکە قەوما، ئەو کەسەی چاوی دەکرێتەوەو ڕووناکی دەبینێت، ئیتر زۆر بە زەحمەت دەتوانێت دایبخاتەوەو بگەڕێتەوە بۆ تاریکی. بۆچی؟ چونکە زانین باجی خۆی هەیە، بەرچاوڕوونبوونەوە جۆرێکە لە بەرپرسیارێتی. هەر ئەوەندەی دەرگات لەسەر پرسیارەکان کردەوە، ئیتر هەموو شتەکان دەکەونە بەر گومان، هەربۆیە زۆرێك لە پێڕەوە ئاینییەکان، ئەوانەی کە دابودەستورە کۆمەڵایەتییەکان ڕێک دەخەن، زۆر ڕقیان لە پرسیارکردنە.
ئەمە ڕاستە، بەرگەگرتنی هەقیقەت قورسە، ئازاری ئەقڵ دەدات، وەک چۆن تیشکی هەتاو ئازاری چاوی ئەو کەسە دەدات کە ماوەیەکی زۆر لەناو تاریکیدا ماوەتەوە. هەڵاتن لە هەقیقەت و گەڕانەوە بۆ ناو وەهم، باوترین و ئاسانترین هەڵوێستێکە لێرەدا وەری بگریت، زیندانییە تازە ئازدکراوەکەشمان هەر دەیەوێت وا بکات…. سۆکراتیش ئەمە دەزانێت، بۆیە لە ڕەوتی گێڕانەوەکەیدا، ئازادکردن بە هەڵوێستی خودی زیندانییەکە دانانێت، ئەو دەزانێت کە خۆبەخۆ ئەو کارە ناکات؛ بەڵکو دەبێت بە زۆر ڕابکێشرێتە دەرەوەو ناچاریش بکرێت بمێنێتەوە، تا ئەو کاتەی کە ئیتر بەتەواوەتی ڕوون دەبێتەوە کە سێبەرەکانی سەر دیوارەکەو بیرکردنەوەکانی ناو مێشکی تۆ هەقیقەت نەبوون، بەڵکو هەقیقەت لەدەرەوەی تاریکی و سێبەرەکانە.
گوێزانەوە لە تاریکییەوە بەرەو ڕووناکی، لە نەزانییەوە بەرەو زانین، نەک هەر تەنها پرۆسەیەکی بەئازارە، بگرە زۆرجار تووڕەییشی لەگەڵدایە. توڕەبوون لە بێدارکردنەوە لە خەونی بێئاگایی و کێشانی سەری بە دیواری واقیعدا. هاتنە دەرەوە لە ئەشکەوت، خواردنە لە بەری درەختە قەدەغەکە (زۆر سەرنجڕاکێشانە کتێبی پیرۆز ناوی ناوە درەختی زانینی چاکەو خراپە). جێگای سەرنجە، کاتێک پرۆمیسیۆس ئاگری برد بۆ ناو ئەشکەوتەکە، مرۆڤەکان لەسەرەتادا ڕەتیان کردەوە. بۆیە دەربازبوون لە نەزانی، لە تاریکی جدیترین و ڕاستەقینەترین هەنگاوە کەمرۆڤ لەژیانی خۆیدا هەڵێ بهێنێتەوە.
سەرەتا چاوەکانت نابینێت، پاشان وردە وردە لەگەڵ ڕۆشناییدا ڕادێیت و ئینجا دەبینیت واقیع شتێکەو ئەوەی تۆ دەتزانی شتێکی ترە.هاتنەدەرەوەی زیندانییەکەو دەسبەرداربوونی بیرو بۆچوونە تاقینەکراوەکانی تۆ، لە ڕواڵەتدا لێک جیاوازن، بەڵام لە جەوهەردا هەر هەمان شتن. کاتێک چاوی زیندانییەکە لەگەڵ ڕووناکیدا ڕاهات، ئیتر دەتوانێت لەشەویشدا (لەتاریکیدا) ڕێگای خۆی بناسێتەوەو مانگ و ئەستێرەکان بکاتە ڕێنمای خۆی. بەڵام تەحەدای ڕاستەقینە سەیرکردنی هەتاوە؛ بینینی هەقیقەتە وەک خۆی! ژیانی مرۆڤ پڕێتی لەو شتانەی کە وادەزانێت هەقیقەتن، بەڵام بوێریی دەوێت کە لێکۆڵینەوەیان لێ بکات، ئەو کارەی کە سۆکرات هەموو ژیانی خۆی بۆ تەرخان کردو هەمیشە دروشمە نێودارەکەی دووبارە دەکردەوە: «ژیانێک تاقینەکرابێتەوە، شایستەی گوزەراندن نیە.»

گەڕانەوە بۆ ئەشکەوت
سۆکرات تەنها بە ئازادکردنی زیندانییەکەو تێگەیشتنی واقیعەوە ڕاناوەستێت، بەڵکو بیر لەوەش دەکاتەوە کە ئەگەر بگەڕێتەوە بۆ لای هاوڕێکانی لە ئەشکەوتەکە چی دەبێت! ئێستا ئەو دەزانێت کە جیهانی دەرەوە زۆر جیاوازە لەوەی ناو ئەشکەوتەکە، هاوڕێکانی لە خەونی غەفڵەتدان، ئەوان لەناو وەهمی واقیعدا دەژین، نەک واقیعی ڕاستەقینە. ئێستا ئەگەر پرسیار لە تۆ بکەم: دوای ئەوەی ڕاستییەکانت بۆ ڕوون بۆوە، تێگەیشتیت کە ئەو کۆمەڵگایەی ئەو ئایدیاو بۆچوونە وەهمییانەی خستۆتە مێشکی تۆوە، بەهەڵەدا چووەو لەناو درۆیەکی گەورەدا دەژی، چی دەکەیت؟ هەوڵێ ئاگادارکردنەوەی دەدەیت، یاخود بەتەنها خۆت قوتار دەکەیت؟
بەڵام گەڕانەوە بۆ ئەشکەوت، مەترسییەکی گەورەیە، قایلکردنی نەزانەکان بەوەی نەزانن، ئەوانەی لەوەهمدا دەژین بەوەی واقیع شتێکی دیکەیە، کارێکی ئاسان نیە. خودی سۆکرات لەپێناوی بەجێگەیاندنی ئەم ئەرکەدا ژیانی دانا. نەزانێک کە نەوە دوای نەوە وەهمی بۆ مابێتەوەو وابزانێت کە ئەوە واقیعی ڕاستەقینەیە، ئێستا وا بەئاسانی لەو خەونە خۆش و ساویلکانەیە ڕاناپەڕێنرێت. کەسانێک کە واڕاهاتوون تەمەنی خۆیان لەناو ئەشکەوتی تاریکیدا بەسەر ببەن، چۆن دەخرێنە سەر ڕێگای بەرەو ڕۆشنایی! دەربازبوون لە جەهل کارێکە جێگای شانازیی، بەڵام ئەوە نیوەی ئەرکەکەیە؛ دەربازکردنی ئەوانیتر لە زەلکاوی نەزانی، ئەرکە ڕاستەقینەکەیە. ئیتر مەترسییەکان هەرچی بن.
وەک چۆن سەرەتا ڕۆشنایی ئازاری ئەو چاوانەی دا کە لەسەر تاریکی ڕاهاتبوون، ئەمجارەیان تاریکی وادەکات کەسێک کە لەناو ڕۆشناییەوە هاتووە بەرپێی خۆی نەبینێت؛ ڕاهاتن لەسەر تاریکی و هەڵکردن لەگەڵیدا، ئەمیش بۆ خۆی چیرۆکێکی ترە. کاتێک زیندانییەکانی ناو ئەشکەوتەکە دەبینن هاوڕێکەیان نازانێت لەگەڵ تاریکیدا مامەڵە بکات، گومان دەخەنە سەر قسەکانی تری و وا گریمانە دەکەن کە بڕیاری چوونەدەرەوەی هەڵە بووە. تۆش کە دەگەڕێیتەوە بۆ لای هاوڕێکانت و دەبینن قسەگەلێک دەکەیت کە لەگەڵ ڕەفتاری ئەوان و بیرکردنەوەیاندا ناسازێت، گومان لە ئەقڵت دەکەن. ئایا مێژووەکەت خەڵکی وەهای تێدا نیە کە ئەو ڕەشە خەڵکەی ناو ئەشکەوتی وەهم بە شێت لەقەڵەمیان داوە؟
گەڕانەوەو قایلکردنی ئەوانیتر بەوەی هەمان سەفەری بەرەو ڕۆشنایی ئەنجام بدەن، گرنگترین بەڵام مەترسیدارترین کارێکە کەسێک لەژیانی خۆیدا ئەنجامی بدات. بەتایبەتی کە ئەوانیتر وادەزانن سەفەری بەرەو دەرەوەی ئەشکەوتەکە زیانی بە هاوڕێکەیان گەیاندووەو ئیتر ئەو هەقیقەتانە ناناسێتەوە کە ئەوان دەیزانن. واتە لەزەینی ئەواندا هاوڕێکەیان نەزانە، نەک بە پێچەوانەوە. سەفەرێکیش کە هاوڕێکەیانی ئاوا لێکردبێت، لە دیدی ئەوانەوە شایستەی ئەوە نیە خۆتی بۆ ماندوو بکەیت. سۆکرات ئاماژە بەم مەترسییە دەکات و ئاگادارمان دەکاتەوە کە ئەگەر دانیشتوانی ناو ئەشکەوتەکە لەدەستیان بێت، ئەو کەسەی گەڕاوەتەوەو باوەڕەکانیان بەڕاست نازانێت، کە دەیەوێت لە ئەشکەوتەکە ڕایانبکێشێتە دەرەوە؛ دەیکوژن. مێژووەکەی تۆ چەندی وەک گالیلۆ و فاڕابی تێدایە؟ ئایا بەڕاست مەترسییەکە ئەوەندە گەورە نیە؟ لەگەڵ ئەوەشدا جگە لەگەڕانەوە بۆ ناو ئەشکەوتەکەو هەوڵدان بۆ ڕۆشنکردنەوەی زیندانییەکانی ناو تاریکی، چارێکی دیکە هەیە؟

جیهانێک پڕ لەهێما
وەک بینیمان، ئەشکەوتەکە ئاماژەیە بۆ جیهانی وەهمەکانی تۆ، ئەو جیهانەی تۆ و پێشینانی تۆ لەناویدا ژیاون و ئەگەریش هەیە تا ماوەیەکی زۆری داهاتووش هەروا بمێننەوە. ئەفلاتون و سۆکرات پێمان دەڵێن کە جیهانی نەزانی، جیهانی وەهم و بیرکردنەوەی تاقینەکراوە، زیندانێکە کە تێیدا هەمووان بە زنجیر بەستراونەتەوەو قوتاربوون لێی ئاسان نیە. ئەفلاتون باسی ژیانی مرۆڤەکان دەکات نەک ئەشکەوتێکی ئەندێشەکراو. تاریکی هەمیشە ئاماژە بووە بۆ نەزانی، چونکە لەناو تاریکیدا ڕەفتارکردن و بیرکردنەوە زۆر زەحمەتەو ناسینەوەو جیاکردنەوەی شتەکان لەیەکتریی کارێکی ئەستەمە، ڕێک وەک ئەوەی زیندانییەکانی ناو ئەشکەوتەکە وادەزانن کە سێبەرەکان شتە واقیعییەکانن و هەر دەنگێکیش کە بەرگویێان دەکەوێت وادەزانن ئەوە دەنگی سێبەرەکانە. کۆت و زنجیرەکان چین؟ دەسبەرداری بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، هەڵنەسەنگاندنی بیرو بۆچوونە پێشینەکان، وەرگرتنی ئەوەی لە پێشینانەوە هاتووە وەک هەقیقەتی حاشا هەڵنەگر، لێگەڕان بۆ ئەوەی خەڵكێکی تر لەجیاتی تۆ بیر بکاتەوە، کۆتوپێوەندێکە زۆر لە زنجیری ئاسن پتەوترەو شکاندنیشی زۆر سەختترە.
بەهەمانشێوە پێمان دەڵێت کە زانین ئەو خۆرەیە کە تاریکی ناو جیهان دەڕەوێنێتەوەو مرۆڤەکان بەرەو هەقیقەت ئاڕاستە دەکات. بەڵام ئەوە کێیە کە لەناو کۆمەڵگای کۆیلە زنجیرکراوەکانەوە دێتە دەرەوە بەرەو دنیای پڕ لە ڕۆشنایی زانین، جگە لە فەیلەسوف کە هەر ناوەکەی گەواهیی لێدەدات: ئاشق یان هاوڕێی دانایی. فەیلەسوف بەر لەهەموو کەس ژیانی خۆی تاقیدەکاتەوەو نیتچە گوتەنی، دوای ئەوەی خۆڵەمێشی خۆی بردە سەر چیاکە، ئینجا ئاگری خۆی دەباتەوە بۆ هاوەڵانی.

•لە ژمارە (86) ی هەفتەنامەی صباح کوردستان دا بڵاوکراوەتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*