سەرەکی » ئابووری » دەرهاویشتە مەترسیدارەكانی جەنگی بازرگانی

دەرهاویشتە مەترسیدارەكانی جەنگی بازرگانی

فەیسەل عەلی*

لەگەڵ ئاڵۆزبوونی رەوشی بازرگانی نێوان ئەمریكا و چین و بەردەوامبوونی شێوازە جیاوازەكانی شەڕی بازرگانیی نێوانیان، مەترسییەكانی فراوانبوونی چوارچێوەی ئەو شەڕانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی روو لە زیادبوون دەكات.

خۆپارێزی بازرگانی
دەمێكە دامەزراوە تایبەتمەندەكانی جیهان هۆشداری لە مەترسی فراوانبوونی ئەو شەڕە دەدەن، چەندین بەڵگەشیان لەو بارەوە خستۆتەڕوو، بەتایبەتی لە سایەی گەشەی لاوازی ئابووریی جیهان، ئەمە لەكاتێكدایە لایەن و دامەزراوە هەیە كە باس لە ئەگەری روودانی داچوونی ئابووریی جیهان دەكەن، یان جۆرێك لە جۆرەكانی بێبازاڕی دەكەن، بەڵام هێشتا ساڵێك بەسەر راگەیاندنی كۆتاییهاتنی ئاسەوار و كاریگەرییەكانی قەیرانی دارایی و ئابووریی جیهانی ساڵی 2008 تێنەپەڕێوە، ئەمریكا و چین هیچیان ئامادە نین جۆرە نەرمییەك لەو دانوستانەی نێوانیان نیشان بدەن.
لەم ماوەی دواییدا، هەریەك لە ئەمریكا و چین رێوشوێنی تۆڵەسەندنەوەی بازرگانییان لە بەرامبەر بە یەك گرتۆتەبەر، لەڕێی سەپاندنی رەسمی زێدەی گومرگی بەسەر یەكتردا، ئیدارەی ئێستای ئەمریكا سورە لەسەر سەپاندنی زێدەی گومرگی بەوەی چەند دەیەیەكە زوڵمی بازرگانی لێدەكرێت، ئیدارەكانی پێشوو وەك پێویست كاریان بۆ نەهێشتنی ئەو زوڵمە نەكردووە. لە بەرامبەریشدا حكومەتی چین پێی وایە ئەو رێوشوێنانەی ئەمریكا گرتوونیەتەبەر زوڵمە لە وڵاتەكەی دەكرێت، هەرچەند دەوڵەتانی تریش هەن پێیان وایە چین رێوشوێنی خۆپارێزی بازرگانی لە هەندێك بواردا پەیڕەو كردووە، سەرباری ئەوە، ئەمریكا بە رەسمی حكومەتی چینی تۆمەتبار كرد بەوەی بە فراوانی یاری بە بەهای دراوەكەی دەكات، بۆ ئەوەی لێوەی پاڵپشتی بزاوتی بازرگانیی دەرەكیی خۆی بكات.

ئەستەمە كێشە بازرگانییەكانی نێوان هاوپەیمانان چارەسەر بكرێت
زۆرێكی ئابووریناسان لەو بڕوایەدان كە زیانەكانی شەڕی بازرگانیی ئێستا تەنیا لە سروشتەكەیدا نییە، بەڵكو دواكەوتنی گەیشتنە بە چارەسەرێكی گونجاو، هەرچەندە دانوستانێكی راستەقینە لە نێوان هەردوو دەوڵەتدا هەیە، ئەم شەڕە بە ئاستێكی نزمتر لە نێوان ئەمریكا و هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی هەیە، ئەوانیش بڕیاریان داوە كە هەمان رێوشوێن لە دژی ئەمریكا بگرنەبەر. ئەمساڵ 2019 بە كردەوەش ئەوە لە نێوان ئەمریكا لەلایەك و هەریەك لە فرەنسا و ئەڵمانیا روویدا، ئەمەش ترسی لای ئابووریناسان دروست كرد بەوەی ئەستەمە كێشە بازرگانییەكانی نێوان هاوپەیمانان چارەسەر بكرێت، دەبێ چۆن كێشە بازرگانییەكانی نێوان دوو لایەن كە هاوپەیمانی یەك نین چارەسەر بێت؟ ئەو رەوشە مەترسیدارە، دامەزراوە ئابوورییە نێودەوڵەتییەكانی كرد، كە دووپاتی بكەنەوە كە دەبێ تێڕوانینێكی كرداری و واقیعی بۆ ئەم قەیرانەی ئێستای بازرگانی نێوان هەردوو دەوڵەت بدۆزرێتەوە.
ئەم شەڕە بازرگانییەی ئێستا كاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابوورییە هەڵكەوتووەكان دەركەوتووە، كە كەمتر پارێزراون، بە بەراورد بە ئابووریی دەوڵەتە پێشكەوتووەكان.

پرسەكە مەترسیدارتر و ئاڵۆزتر دەبێت
ئەگەر ئەم شەڕە بەو ئاراستەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا توندتر ئابوورییە هەڵكەوتووەكان دەگرێتەوە، ئەمەش كاریگەریی گەورەی نەرێنی لەسەر ئابووریی جیهان بەجێ دەهێڵێت لەكاتێكدا خۆی بەدەست لاوازی گەشەی ئابوورییەوە دەناڵێنێت. ئەوە جەنگ و شەڕە بازرگانییەكانە كە بۆتە كۆسپی بەردەم گەشە و بووژانەوەی ئابووریی جیهان. پرسەكە مەترسیدارتر و ئاڵۆزتر دەبێت كاتێك ئەو شەڕ و جەنگە بازرگانییە هێزە گەورەكانی ئابووری وەك ئەمریكا و یەكێتیی ئەوروپا و چین دەگرێتەوە. لەسەر ئەو بنەمایەوە، زەمینەیەكی بەهێز بۆ ئەو مەترسییانە هەیە، كە تەنیا بە راگەیاندنی رێككەوتنی بازرگانیی نێوان بەرپرسانی ئەمریكا و چین دەڕەوێتەوە، تا ئەم ساتە وەختە، ئاسۆی گەیشتن بە رێككەوتنێك لە ئارادا نییە، هەرچەندە لێدوانی ئەرێنی لەلایەن هەردوو لاوە دەدرێن، بەڵام دوای هەر لێدوانێك، مەسەلە بازرگانییەكانی نێوانیان ئاڵۆزتر دەبن.

* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*