سەرەکی » وتار » د.به‌ختیار شاوه‌یس‌ » نوێبوونەوەی یەكێتی لە رەفتارەوە تا روخسار

لە كۆنگرەی چوارەم

نوێبوونەوەی یەكێتی لە رەفتارەوە تا روخسار

6
وەك دەزانین لەدوای رووخانی بەعس و ئازادكردنی تاكی كورد لەجەورو ستەمی سیاسی و كۆمەڵایەتی، مەسەلە نەتەوەیی و نیشتمانیەكان كاڵ دەبنەوە و هاوڵاتی ئەوەندەی بەدوای ژیانێكی شایستە و ئارام كە خۆشگوزەرانی تیایدا ناسنامەكەی بێت، بەنیو هێندە سەروكار لەگەڵ سروتەكانی بەرەنگاری و شۆڕشگێڕی ناكات. داوای دادی كۆمەڵایەتی و نەهێشتنی بێكاری و بیمەی تەندروستی و چاكسازی لەسیستەمی تەندروستی و رێكخستنی باج دەكات و هەروەك كەمكردنەوەی ئەو سەرچاوانەی كە بۆشایی نێوان چینەكان ئەستوور دەكەن، دەبێتە خولیای سەرەكی كە هەموو ئەمانە لەفكری سۆشیال دیموكراتدا بەرجەستە دەبن. بەڵام پرسیاری بنەڕەتی لێرەدا ئەوەیە كە ‌ئایا یەكێتی توانیویەتی ئەم مەسەلانە ساغبكاتەوە و لەناو ژیانی رێكخراوەیی و دیدگای كۆمەڵدا پەرەی پێبدات؟ ئەگەر كردویەتی چۆن و بۆچی پاشەكشەی كردووە لە دەنگدا، ئەگەر نەیكردووە چۆن بیكەین و بتوانین نوێگەری لەمەدا بكەین؟.
بەر لە هەر شتێك پێویستە ئەوە بڵێین كە سەرەڕای ئەوەی كە لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا یەكێتی توانی لەئاستی نێودەوڵەتیدا پێشكەوتنی بەرچاو بەدیبهێنێت و پلەكانی ئەندامێتی لە رێكخراوی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنال لەچاودێر بۆ راوێژكار و پاشان بوونە ئەندامی هەمیشەیی، ببڕێت لە كۆنگرەی 23ی (تەمموزی 2008) هەڤاڵ مام جەلال-یش بۆ جێگری سەرۆكی S.Iهەڵبژێررێت، بەڵام كۆمەڵێك ئاستەنگی ناوخۆیی و دەرەكی كاریگەرییان لەوە هەبووە كە یەكێتی نەتوانێت فكرەی سۆسیال دیموكرات وەك خۆی بچەسپێنێت، بەتایبەتی تێوەگلانی بەململانێی توندی سیاسی و شەڕی ناوخۆ، كە بنەمای سەرەكی فكرەی سۆسیال دیموكرات دووركەوتنەوەیە لە توندوتیژی، هەروەها پاشەكشەی فكر لەناو تێڕوانینی ئەندامەكانی حزب و رەنگدانەوەی توندی دەستەگەری لەسەر بنەمای بەرژەوەندی تا گەیشتنە ئاستی تەقینەوەی ناكۆكییە ناوخۆییەكان و پەرێزخستنی لایەنی مەعریفی و رووناكبیری، هەروەك چەقبەستنی كۆمەڵگەو نەكرانەوەی بە فكری نوێ و مۆدێرن و هەندێك جار لێكدانەوەی بە دوور لەئایین و بێباوەڕی، ئەمە جگە لەوەی كە هەندێك لایەن و كەسی سیاسی بەمەرامی تایبەتی دژ بە یەكێتی، ئەم مەسەلانەیان لەناو خەڵكیدا دەوروژاندو بۆ دەستكەوتی سیاسی، خوێندنەوەی ناواقعی و پێچەوانەیان بۆ دەكرد.
بۆ ئەوەی یەكێتی بتوانێت لەكۆنگرەی ئایندەدا پەرە بەلایەنی فكری بدات و نوێبوونەوەی دیدگاكان لەسەر سۆسیال دیموكرات بكاتە هەوێنی نوێبوونەوەی جەستە سیاسییەكەی، پێویستە كە:
-1مەرجی كادیربوون ئەوە بێت كە توێژینەوەیەكی فكری-سیاسی لەسەر سۆسیال دیموكرات هەبێت، بەشێوەیەك كە لایەنی مێژووی سۆسیال دیموكرات و چۆنیەتی سەرهەڵدانی، بنەماو پرەنسیپەكانی، مەغزاو ئامانجەكانی، بیریارو فەیلەسوفەكان و تێڕوانینی جیاوازیان بۆ فكرەكە، نێونەتەوەیی یەكەم و دووەم و ئەو كێشمەكێشانەی لەو نێوەندەدا دروست بوون، رێكخراوی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنالیست و كاریگەرییەكانی و هۆكاری پاشەكشەی سۆسیال دیموكراتەكان لە وڵاتانی ئەسكەندەنافیا و ئەوروپا… هتد لەخۆبگرێت.
-2یەكێتی، پەیمانگایەكی ئەكادیمی پرۆفیشناڵ دروستبكات تایبەت بە فكر و فەلسەفە و تایبەتتر بە سۆسیال دیموكرات و هەوڵ بدات بڕوانامەی دەرچووەكانی دانپێدانراوبێت، ئەمەش بۆ پێگەیاندنێكی نەوەیەكی هۆشیار و مەعریفی لەناو ریزەكانی رێكخستن، كە شارەزابن لە سۆسیال دیموكرات تا ئەو رادەیەی پسپۆڕیی، وەربگرن.
-3لەكاتی بەشداریكردنی لەهەر حكومەتێكی خۆجێیی و دەرەكیدا، هەوڵ بدات زۆرترین بنەماكانی سۆسیال دیموكرات لەخۆشگوزەرانی و دادپەروەری و یەكسانی و ئازادییەكانی تاك، بچەسپێنێت.
-4لەڕێگەی ناوەندەكانی راگەیاندن و رەگەزەكانی بڵاوكردنەوە و كاریگەریی دروستكردن لەسەر دیدو تێڕوانینی تاكەوە، مرۆڤی كورد بە فكری سۆسیال دیموكرات ئاشنا بكات‌و بیكاتە كەلتوور لەناو كۆمەڵدا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*