سەرەکی » وتار » كاوسێن بابه‌كر‌ » کۆنگرە دەگرین،بەڵام بۆ؟

کۆنگرە دەگرین،بەڵام بۆ؟

کاوسێن بابەکر

دوای جەخت کردنەوەو پێداگرییەکی زۆری ئەندامان و کادرانی یەکێتی، بڕیاری بەستنی کۆنگرە دراو 21ی کانونی یەکەمیش دیاریکرا.
کەم حزب هەیە پڕ نەبێ لە ململانێ و بگرەو بەردەی سیاسی، ئەگەر حزبێک لەو ململانێیانە خاڵی بێت، ئەوا لە فیکرو سیاسەتیش خاڵییە و لە سیفەتەکانی حزبیبوونیش کاڵبۆتەوە، بەڵام هیچ حزبێک هێندەی یەکێتی بە ململانێ و ناتەبایی سیاسیی و فیکری ناناسرێتەوە، ئەوەش تازە نییە و هەر لەسەرەتای دروستبوونییەوە هەڵگری چەندین دونیابینی سیاسیی جیاواز بووە، راستە هەندێک جار ململانێکان زۆر خەستبوونەتەوە و لەسەر کۆبوونەوە حزبییەکانەوە رژاوە بۆ سەر رووپەڕی رۆژنامە و میدیاکانی دیکە و سەروسەکوتی لە تیڤییەکانیشەوە دەرچووە! هێشتاش ئەوانە نەبوونەتە کێشە، بەڵکو شتە نەخوازراوەکە ئەوەیە هەندێک جار سواغ دراون بە بەرژەوەندیی تایبەت و پلەو پۆستەوە، ئەوەش یەکیتییەکانی ئازارداوە، هەر ئەو بەرژەوەندیخوازیی و پلەو پۆستەش بەردی خڕبووە بۆ دیواری ئایندەی یەکێتی.
بەڵام یەکێتی کە هەڵقوڵاوی کوردەواریی و لەئەنجامی زەرورەتی سیاسی لەدایکبووە و هێشتا زۆر ئەرکی نیشتمانیی لەپێشدا ماوە، کۆمەڵگەی ئێمە پێویستییەکی زۆری بە یەکێتییە بۆ لاسەنگ نەبوونی پڕۆسەی سیاسی و حوکمڕانی و بۆ پاراستنی دیموکراسی و ئازادی، بۆیە دەبێت لاوازیی و کەندو کۆسپەکان تێپەڕێنێت و کۆنگرە بکاتە وێستگەیەک بۆ بەخۆداچوونەوە و ریفۆڕمێکی ئازایانە.
ئێستاپرسیارەکە ئەمەیە، کۆنگرە بۆ؟
ئەگەر کۆنگرە:
*دامودەزگاکانی یەکێتی بەسیستەم نەکات.
*بەرنامەیەکی نوێ کە لەئاست هەلومەرج و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیهان بێت پەسەند نەکات.
*فیکرو فەلسەفەی سۆشیال دیموکرات نەکاتە رێنوێنی دونیابینی و ئایندەخوازی و پرەسیپەکانی نەچەسپێنێ.
*کۆنگرەیەکی دێموکرات و شەفاف و کراوە نەبێ.
*سەرکردایەتییەکی نوێ بەوپەڕی شەفافی و ئازاد هەڵنەبژێرێ کە دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان رەخسابێ.
*دیموکراسی و ئازادییە کەسییەکان قووڵتر و فراوانتر نەکات.
ئەوا وەڵامی ئەو پرسیارەمان وەرناگرینەوە، بەڵام دڵنیام حزبێک بەو هەموو زام و خوێن و فرمێسکەوە بەو هەموو سەروەرییانەوە، بەو هەموو کادرو ئەندامە هۆشیارەوە ئەم کۆنگرەیە دەکاتە هەنگاوی هەستانەوە و گوڕگرتنەوە بۆ سەنگەری پێشەوەی رزگاریی نیشتمانی وەک هەمیشە.

 471 جار بینراوە