سەرەکی » دۆسێ » ئەمریكا 14 هەزار سەرباز رەوانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەكات

ئێران ژێرخانی سەربازی وڵاتەكەی نوێدەكاتەوە

ئەمریكا 14 هەزار سەرباز رەوانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەكات

لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) رایگەیاندبوو كە واشنتۆن بەنیاز نییە 14 هەزار سەربازی ئەمریكایی بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ روبەڕوبونەوەی ئێران لەناوچەكەدا رەوانە بكات، میدیاكانی ئەمریكا باس لەو پلانە دەكەن كە لەلایەن حكومەتی ئەمریكا بۆ رەوانەكردنی هێزێكی زۆر بۆ ناوچەكە، داڕێژراوە، لەبەرانبەردا ئێرانییەكان نوێكردنەوەی ژێرخانی سەربازی وڵاتەكەیان رادەگەیەنن و ئاماژە بە خستنەڕووی كەشتییەكی دەریایی پێشكەوتووش دەكەن كە «هاوتای كەشتییە پەرەسەندووەكانی وڵاتانی ترە».
میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردبووەوە، بەرپرسانی حكومەتی ئەمریكا پلانیان هەیە هێزی سەربازی زیاتر رەوانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بكەن.
رۆژنامەی (وۆڵ جۆرناڵ ستریت) لەزاری وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكاوە بڵاویكردبووەوە «بەرپرسانی حكومەتی ئەمریكا لەپلانیاندایە هێزی سەربازی زیاتر رەوانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بكەن، پلانەكەش دەیان كەشتی جەنگی و ئامێری سەربازی و هەروەها 14 هەزار سەربازی ئەمریكایی لەخۆگرتووە، ناردنی ئەو هێزەش بۆ رووبەڕوبونەوەی ئێرانە لەو ناوچەكەدا».
بە گوێرەی هەواڵی رۆژنامەكە، چاوەڕواندەكرێت دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەكۆتایی ئەم مانگەدا بڕیاری كۆتایی لەسەر بڵاووەپێكردنی ئەو هێزانە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بدات.
لەبەرانبەردا وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) لە بەیاننامەیەكیدا كە لە سەرەتای ئەم مانگەدا بڵاویكردەوە رایگەیاندبوو، «ئەمریكا هیچ نیازێكی نییە هێزی زیاتر رەوانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بكات بۆ بەرەنگاربونەوەی ئێران».
لەمانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا واشنتۆن سێ هەزار سەرباز و چەندان سەكۆی هەڵدانی موشەكی بۆ سعودیە رەوانەكرد، ئەمەش دوای ئەوەی حكومەتی ریاز رەزامەندی لەسەر پێشوازیكرن لەهێزە ئەمریكییەكان بۆ پاراستنی ناوچەی كەنداو لەبەرانبەر هەڕەشەكانی ئێران و بۆ سەقامگیركردنی ئارامی وئاسایشی ناوچەكە دەربڕیبوو.
لەمانگی ئایاری رابردووەوە تا ئێستا، واشنتۆن 14 هەزار سەربازی رەوانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و ناوچەی كەنداو بەتایبەتی كردووە، ئەمەش لەكاتێكدایە كە پێشتر ناوچەكە حەوت هەزار سەربازی تێدا جێگیركرابوو، بۆ رووبەڕووبوونەوەی «هەڕەشەكانی ئێران».
هەر لەو بارەیەوە رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكایی رایگەیاندبوو» ئێران ژمارەیەك لە موشەكە كورت مەوداكانی گواستوەتەوە بۆ كۆگا نهێنیەكان لە نێو خاكی عیراق».
رۆژنامەی ئەمریكاییەكە لەزاری دوو سەرچاوەی سەربازی و هەواڵگیری ئەمریكاییەوەوە بڵاویكردبووەوە، «موشەكە كورت مەوداكانی ئێران لە ناوچە سنووریەكانی باشووری عیراق حەشاردراون، لەئێستاشدا گروپێكی چەكدار پاسەوانی ئەو موشەكانەیە».
(نیویۆرك تایمز) دەڵێت»بەرپرسانی دەزگای هەواڵگری ئەمریكایی (CIA) ، ئەو موشەكانە بە هەڕەشە بۆ سەر واشنتۆن و هاوپەیمانەكانی لەناوچەكە لەنێوانیاندا سعودیە و ئیسرائیل تەماشا دەكەن».
هەر لەو بارەیەوە تۆڕی ( CNN)ی ئەمریكایی بڵاویكردبووەوە، «دەزگاكانی هەواڵگری و سەربازی ئەمریكایی توانیویانە جوڵەی گواستنەوەی ئەو موشەكانە موشەكی بالیستیین، لەئێرانەوە بۆ عیراق تۆمار بكەن».
هەر بەپێی تۆڕە ئەمریكاییەكە» ویلایەتە یەكگرتوەكان نیگەرانی ئەوەیە موشەكەكان لە دژی هێزەكانی ئەمریكا لەناوچەكەدا بەكاربهێنرێن».
(CNN)ی ئەمریكایی لە زاری سەرچاوەكەی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا (CIA) دەڵێت «لەگەڵ ئەوەی چەندان جار لەخاكی عیراقدا بە موشەكی گەورەتر هێرشكراوەتە سەر هێزەكانی ئەمریكا لەلایەن ئەو گروپە چەكدارانەی سەر بە ئێرانن، بەڵام واشنتۆن پێیوانییە تاران هێند بوێربێت جەنگ لەدژی ویلایەتە یەكگرتوەكان بەرپابكات».
هەر لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا گوشارەكانی سەر ئێران چڕتردەكاتەوە هۆشداریش لەجموجۆڵە سەربازییەكانی وڵاتەكە دەدات، هاوكات هەڕەشەی جوڵاندنی سوپا دەكات و رایدەگەیەنێت، «هێزەكانیان بۆ هەر ئەگەرێك لەئامادەباشیدان».
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا (پنتاگۆن) لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، «جموجۆڵە سەربازییەكانی ئێران كاریگەری لەسەر ویلایەتە یەكگرتوەكان دروستكردووە، بەڵگەی تەواویش لەبەردەستدا هەیە كە ئەو جموجوڵانە هەڕەشەی گەورەن بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا».
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە»هێزەكانی ئەمریكا ئامادەن بۆ بەرگریكردن لە بەرژەوەندیەكانی وڵاتەكەیان و بۆ هەر ئەگەرێكیش لەئامادەباشیدان».
مارك ئێسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریكا رایگەیاندبوو، «ئیدارەی ئەمریكا سورە لەسەر بۆچونەكانی بەرامبەر بە ئێران، هێزەكانیشیان لەئامادەباشیدان بۆ هەر ئەگەرێك».
فەرمادەی گشتی هێزە دەریاییەكانی ئێران رایگەیاندبوو، وڵاتەكەی ژێرخانی سەربازی خۆی نوێدەكاتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا لە مانگی شوباتی داهاتوو كەشتییەكی دەریایی بەناوی (دێنا) دەخاتەگەڕ كە هاوتای كەشتییە دەریاییەكانی تری وڵاتانی پێشكەوتووە.
ئاژانسی (سپوتنیك)ی روسی لە كۆتایی مانگی رابردوو، لە زاری جەنەراڵ حسێن خانزادی فەرمادەی گشتی هێزە دەریاییەكانی ئێران بڵاویكردبووەوە» وڵاتەكەی ژێرخانی سەربازی خۆی نوێدەكاتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا لە مانگی شوباتی داهاتوو چەكێكی نوێ‌ بەناوی ( دێنا)وە دەخاتەگەڕ كە لە بەرهەمی پسپۆڕ و شارەزا سەربازییە ئێرانییەكانە».
فەرمادەی گشتی هێزە دەریاییەكانی ئێران دەڵێت» لەماوەی رابردوودا هێزی سەربازی وڵاتەكەی توانیویەتی پەرە بەچەند جۆرێك چەكی پێشكەوتوو لەجۆری موشەك بدات و لەئێستاشدا دەتوانن لەقوڵایی دەریاوە موشەكەكانیان ئاراستە بكەن».
لەبارەی كەشتی دەریایی (دێنا)ەوە، فەرماندە سەربازییەكەی ئێران رایگەیاندبوو» لەئاستی كەشتییە دەریاییە بەهێزەكانی وڵاتانی تردایە».
بە گوتەی خانزادی «لەئایندەیەكی نزیكدا هێزی دەریایی وڵاتەكەی لەگەڵ هێزی دەریایی چین و روسیادا مانۆرێكی سەربازی لەدەریای هیند ئەنجامدەدەن».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*