سەرەکی » وتار » عەتا کەریم‌ » پاراستنی گۆڕەپانی سیاسیی

ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌

پاراستنی گۆڕەپانی سیاسیی

خۆپیشاندانە سێ مانگییەكەی عیراق لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا كە لە مانگی ئەیلولی ساڵی پارەوە سەریهەڵدایەوە، سەری كێشا بۆ شانۆیی نمایشكردنیی مەسجی سیاسیی هێزە سیاسیی و مەزهەبییەكانی عیراق كە هەندێكیان پەیامی موتوربەكراوی هێزی ئیقلیمیشیان تێدابوو، بۆیە دەستلەكاركێشانەوە و هەنگاوەكانی حكومەت و دەسەڵاتە باڵاكان و بگرە نامەكانی سەماحەتی سەید عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعیی لە عیراق دادی ئەوەی نەدا شەپۆلی لە كۆنترۆڵ دەرچووی خۆپیشاندانەكان كۆنترۆڵ بكات.
ژمارەی قوربانییە مەدەنییەكان لە نێو خۆپیشاندانەكان گەیشتە 500 كەس بەرەوسەر و زیاتر لە 4 هەزار برینداریش، دیمەن و نیەتی ئامانجی خۆپیشاندانیی مەدەنیانەی ترازاند، بەتایبەتی لە دوای كوشتن و هەڵواسینی تەرمی هەیسەم عەلی ئیسماعیلی تەمەن 17 ساڵ لە گۆڕەپانی تەحریر، سیمای گۆڕەپانەكەی نە گۆڕیی بۆ تۆقاندن و توندوتیژی، بۆیە دیسانەوە گەیشتە پەلاماردانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا، كە ئەوەیان بە بەزاندنی هێڵی سوور و زەنگی مەترسیی و ئاشووب لێكدرایەوە!.
ئەم ئاماژە ترسناكانە، كاردانەوەی دەرەكیی لێكەوتەوە گۆرەپانی ئاڵۆزییەكانی لە تەحریرەوە گواستەوە بۆ گۆڕەپانێكی فراوانتر لە نێوان ئەمریكا و ئێران، بۆیە ئەم گۆڕەپانە فراوانترە، بەڵام شوێنی جەنگەكە كۆێ دەبێت؟
جووڵەی سوتاندنی باڵیۆزخانەكە و تۆڵەسەندنەوەی ئەمریكا هەردووكیان لە گۆڕەپانی عیراق دان، بەڵام هێزە بەریەككەوتووەكان دوو هێزی نێودەوڵەتیی جیان، بۆیە هەم ناكۆكییەكانیان نوێ نین، هەمیش هەڵبەز و دابەزی هەڕەشە سیاسیی و سەربازیی و ئابوورییەكانیشیان نوێ نین، ئەوەی نوێیە رووداوەكانی ساڵی نوێن بۆ واشنتۆن و تاران و بەغدا.
بیرو بیركردنەوەی سیاسیی، ئەم دوو زلهێزە زۆر لەوە قوڵ و تیژترە، كە بەڕووداوی سووتاندن گورزوەشاندنی تۆڵەكردنەوە بچووكتر لە پێشهاتە مەترسیدارەكان، خۆیان لە ئاشوبێكی گەورەترەوە بئاڵێنن كە لێدەرچوونی ئاسان نەبێت.
لەكاتێكدا ئێستا ئاگرە بچووكەكە دەكوژێندرێتەوە كە بە جووڵەی یەك بەرامبەر بەیەكی تاران و واشتنۆن كەوتۆتەوە، كە هەردووكیان خاوەنی یەك جووڵەن.
ئەوەی بۆ عیراق و لە ناویشیدا بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە، ئەوەیە كە هیچكامیان لە رووداوەكەوە نەگلێن و خاك و سەروەییان نەبێتە گۆرەپانی بەریەككەوتنی ئەو دوو زلهێزە، كە ئەم دەرفەتە نەدرا، ئەوا بەدڵنیاییەوە تاران و واشنتۆنیش خاك و دەوڵەتی خۆیان ناكەنە گۆرەپانی بەریەككەوتن، ئەویش لە پێناوی پاراستنی ئاسایشی ئابووریی و ئارامی و كۆمەڵایەتیی و بەرژەوەندییەكانی خۆیان.
بەو پێودانگەش ئەوا هەرێم و عیراقیش، پێویستیان بە پاراستنی سەروەریی و ئابووریی و ئارامیی خۆیان هەیە و ناچارنین بیكەنە قوربانی، بەڵكو دەتوانن هێڵی خۆیان هەبێت، كە رۆڵی هێوركردنەوە و چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی و خاوكردنەوەی كرژییەكان بگێڕن، كە لە جەنگدا هێڵی سێهەم براوە و هانابۆبراوی هەردوولادەبێت.
دۆخی هەولێر و بەغداش ئەوە دەخوازێت، نەك دابەشبوون بەسەر ناكۆكی و بەریەككەوتنی زیاتری تاران و واشنتۆن، ئەمەش بە زاڵكردنی زمانی لۆژیكی سیاسیی و ئاشتەوایی دەبێت.

print

 169 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*