سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » گونده‌كان دوای‌ چواره‌مین كۆنگره‌ی‌ یه‌كێتی

وته‌ی‌ ئه‌مجاره‌

گونده‌كان دوای‌ چواره‌مین كۆنگره‌ی‌ یه‌كێتی

تاكو نوسینی ئه‌م چركه‌ساته‌ی‌ كه‌ ئه‌م وتاره‌ی‌ تێدا ده‌نوسم ڕوون نییه‌ كه‌ كێ ده‌بێته‌ سه‌رۆكی «یه‌كێتیی نیشتمانیی‌ كوردستان» تاكو بڵێین ڕووی ده‌ممان و وشه‌كانمان ده‌كه‌ین به‌ سه‌رۆكی نوێی یه‌كێتی كه‌ چیتر گونده‌كان پشتگوێ نه‌خات و خه‌مێك له‌ گونده‌كان بخوات و پرۆژه‌ی‌ «ئه‌نجومه‌نی‌ گونده‌كان» كه‌ ئه‌ویش یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دوای‌ ڕاپه‌ڕینی 1991 پێی هه‌ستا، زیندوو بكاته‌وه‌ و جارێكیتر په‌یوه‌ندییه‌ گه‌رموگوڕه‌كه‌ی‌ جارانی یه‌كێتی و به‌رپرسه‌كانی‌ شۆڕش له‌گه‌ڵ گونده‌كان دروست بكاته‌وه‌. به‌ڵام تاكو ئه‌و كاته‌ی‌ سه‌رۆكێك بۆ یه‌كێتی هه‌ڵده‌بژێردرێت ڕووی ده‌ممان و وشه‌كانمان ده‌كه‌ینه‌ «ئه‌نجومه‌نی‌ گشتی سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌» ئه‌و ئه‌ركه‌ له‌ئه‌ستۆ بگرن و خزمه‌تكردنی‌ گونده‌كان و گوندنشینه‌كان بكه‌نه‌ ئه‌جێندا و پرۆژه‌ی‌ ئاینده‌یان و وه‌ك سه‌ركردایه‌تییه‌ كۆنه‌كه‌ی‌ یه‌كێتی دوورنه‌كه‌ونه‌وه‌ له‌ گونده‌كان و گوندنشینان.
وه‌ك ڕوونه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاری‌ داوه‌ دوای‌ كۆنگره‌ و هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ گشتی سه‌ركردایه‌تی و سه‌رۆكی نوێ و جێگره‌كه‌ی‌!، چیتر ئیش له‌سه‌ر خزمه‌تكردنه‌وه‌ی‌ هاوڵاتیان بكات و یه‌كێتی ببێته‌وه‌ به‌ یه‌كێتییه‌كه‌ی‌ جاران كه‌ حیزبی هاوڵاتیان و خه‌مخۆری هاوڵاتیان بێت به‌بێ جیاوازی‌. ئه‌مه‌ كارێكی‌ باشه‌ و له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر یه‌كێتی و سه‌ركردایه‌تی نوێ بۆشایی و مه‌ودای‌ دووری‌ نێوان خۆییان و هاوڵاتیان پڕبكه‌نه‌وه‌ و نه‌یهێڵن و هاوڵاتیان به‌ئاسانی ده‌ست و ده‌میان بگاته‌ به‌رپرسانی ئه‌م حیزبه‌ بۆ كاروباره‌كانیان ئه‌وا؛ هه‌م یه‌كێتی به‌و كاره‌ی‌ مێژوی‌ خۆی پرشنگدارتر ده‌كات و هه‌م ئه‌ركێكی مێژوویی و ئه‌خلاقیش ئه‌نجام ده‌دات.
له‌چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و په‌یام و دروشمانه‌دا بۆ خزمه‌تكردنی‌ هاوڵاتیان یه‌كێتی دوای‌ چواره‌م كۆنگره‌ هه‌ڵیگرتووه‌، ناكرێت قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ نه‌بێت كه‌ ئه‌بێت یه‌كێتیی نیشتمانیی نوێ چی پرۆژه‌ و ئه‌جێندایه‌كی هه‌یه‌ بۆ خزمه‌تكردنی‌ گونده‌كان؟ ئه‌گه‌ر یه‌كێتی نوێ له‌ هه‌گبه‌كه‌یدا په‌یامی نه‌بێت بۆ گوندنشینان و ئاوڕیان لێنه‌داته‌وه‌، ئه‌وا گوندنشینانیش ناچن به‌ده‌م هه‌ر بانگه‌وازێكه‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی ئاراسته‌یان بكات. ئه‌بێت یه‌كێتی نوێ ئه‌و بۆشاییه‌ زۆر و فراوانه‌ی‌ نێوان خۆیی و گوندنشینان به‌ بازدانێكی گه‌وره‌ تێپه‌ڕێنێت وه‌ك چۆن به‌ بازدانێكی گه‌وره‌ له‌ كۆنگره‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و ئه‌وه‌ی‌ نه‌یاره‌كانی‌ چواره‌م كۆنگره‌ی‌ یه‌كێتی بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌ركرد واده‌رنه‌چوو.
ئه‌بێت یه‌كێتی نوێ خوێندنه‌وه‌ی‌ قوڵ بۆ ئه‌و ده‌سپێكه‌ سیاسی و خه‌باتگێڕییه‌ بكات كه‌ یه‌كێتی له‌سه‌ره‌تای‌ دروستبوونییه‌وه‌ چۆن كاری‌ له‌سه‌ر ڕایه‌ڵه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ گونده‌كان به‌هێزكردووه‌ ؟ به‌پێچه‌وانه‌یشه‌وه‌ ده‌بێت به‌خۆداچونه‌وه‌یه‌ك به‌خۆیدا بكات كه‌ بۆچی په‌یوه‌ندی نێوان یه‌كێتی و گوندنشینان وه‌ك ئه‌و ده‌سپێكه‌ پیرۆز و به‌هێزه‌ نه‌ما كه‌ هه‌ر ماڵێكی گوندنشین وه‌ك ماڵ و لانگه‌ی‌ مه‌فره‌زه‌یه‌كی پارتیزانی‌ سه‌ره‌تای‌ شۆڕشی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو؟ یه‌كێتی به‌بێ ڕه‌خنه‌گرتن له‌و هه‌ڵه‌یه‌ی كه‌ كردوویه‌تی و دابڕاوه‌ له‌ گوندنشینان ناتوانێت شانازی‌ به‌وه‌وه‌ بكات كه‌ خزمه‌تی‌ هاوڵاتیانی كردووه‌.
وه‌ك چۆن یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌به‌ستنی چواره‌مین كۆنگره‌ی‌ خۆی وه‌ڵامێكی باشی هه‌موو ئه‌و لایه‌ن و كه‌سانه‌ی‌ دایه‌وه‌ كه‌ ده‌یانوت «یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ناتوانێت كۆنگره‌ی‌ چواره‌می حیزبه‌كه‌ی‌ ببه‌ستێت»، به‌هه‌مان شێوه‌ پێویستیشه‌ یه‌كێتی به‌ خزمه‌تكردنی‌ گوندنشینان و گونده‌كانی‌ كوردستان جارێكیتر ئه‌وه‌ بۆ هه‌موان به‌ دۆست و نه‌یاره‌وه‌ بسه‌لمێنێت كه‌ یه‌كێتی له‌ «گه‌ل»ه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ و به‌نزیكی و خزمه‌تكردنی‌ «گه‌ل»یش به‌هێز ده‌بێته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی‌ ئێستا یه‌كێتییه‌كان و هاوڵاتیانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیش چاوه‌ڕوانن له‌ یه‌كێتی ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتی به‌هێزێكی نوێ و به‌خوێن و توانایه‌كی نوێوه‌ بێته‌وه‌ مه‌یدان و جارێكیتر قورسایی خۆی و هێزی مێژوویی خۆی له‌مه‌یدانه‌كه‌دا بخاته‌گه‌ڕ، وه‌ك چۆن یه‌كێتی له‌پێشوودا له‌ گوندو گوندنشینان نزیك بووه‌ ئه‌وا ئه‌بێت جارێكیتریش بگه‌ڕێته‌وه‌ گونده‌كان و مێژووی‌ دوورو پڕ سه‌ركه‌وتنی یه‌كێتی له‌شۆڕش و له‌ گونده‌كاندا و به‌هاوكاری‌ گوندنشینان بكاته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ هێزی سیاسی و شۆڕشگێڕی و نه‌ته‌وه‌یی و جوگرافی بۆ خۆیی و سودیان لێ وه‌ربگرێت.

print

 29 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*