جوگرافیای پێنجوێن
شاری پێنجوێن له‌سه‌ده‌ی بیسته‌مدا گوندێك بوو سه‌ربه ناحیه‌ی قزڵجه كه 1294 مه‌تر له‌ئاستی ڕووی ده‌ریاوه به‌رزه»سه‌ربه قه‌زای «گوڵ عه‌نبه‌ره كه 1850 مه‌تر له‌ئاستی ڕووی ده‌ریاوه به‌رزه» له‌ساڵی 1959 پێنجوێن بووبه قه‌زاو له‌ئێستادا به‌ناوه‌ندی پێنجوێن خۆیه‌وه بۆته سێ ناحیه به‌مشێوه‌یه:
1_ پێنجوێن/ 31 گوند له‌سنوری قه‌زای پێنجوێن له‌ده‌وروبه‌ری تۆماركراوه، 1270 مه‌تر له‌ئاستی ڕووی ده‌ریاوه به‌رزه، (203) كم چوار گۆشه‌یه، به‌ته‌نها پێنجوێن و ئه‌و 31 گونده به‌كۆی گشتی قه‌زای پێنجوێن (1129) كیلۆمه‌تر چوار گۆشه‌یه.
2_ گه‌رمك / نزیكه‌ی (100) گوند له‌سنوری ناحیه‌ی گه‌رمك دایه‌و (1258) مه‌تر له‌ئاستی ڕووی ده‌ریاوه به‌رزه، له‌ساڵی 1970 بووه به ناحیه، (642 كم) چوار گۆشه‌یه، (12 كم) له‌پێنجوێنه‌وه دووره له‌بناری شاخی مامهشادایه.
3_ ناڵپارێز / (59) گوند له‌سنوری ناحیه‌ی ناڵپارێزدایه، زۆربه‌ی خاكه‌كه‌ی شاخ‌و گردۆڵكه‌و شی‌و و زهندوڵانه، (1118) مه‌تر له‌ئاستی ڕووی ده‌ریاوه به‌رزه له‌ساڵی (1978) كه حكومه‌تی داگیركه‌ری به‌عسی عه‌ره‌بی گونده‌كانی ڕاگواست به‌بیانووی پشتێنه‌ی ئاسایشه‌وه، ناڵپارێزی كرد به‌ناحیه‌و ئۆردوگایه‌كی زۆره ملێیشی تێداكردهوه بۆ گوندنشینه‌كان، له‌وێ بهندیكردن، (282 كم) چوار گۆشهیهو یه‌كه‌م به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی ناڵپارێز «ئه‌حمه‌دی له‌یلێ» بووه، ئه‌م ناحیه‌یه هه‌تا ساڵی «1983» ده‌وامی بووه به‌هۆی جه‌نگی عێراق ئێرانه‌وه جارێكی دیكه ڕاگوێزران، (19 كیلۆمه‌تر) له‌پێنجوێنه‌وه دووره.
ڕیچ له‌گه‌شته‌كه‌یدا بۆ كوردستان له‌ساڵی 1820 به‌شێكی ته‌رخانكردووه بۆ پێنجوێن‌و ماوه‌یه‌كی زۆر له‌گوندی (ئه‌حمه‌د كلوان) ماوه‌ته‌وه‌و نوسیویه‌تی «جوله‌كه لهپێنجوێنو ژماره‌یه‌ك گوندی ئه‌م ناوچه‌یه ده‌ژین، به‌زمانی كوردی دهدوێنو وه‌ك كورد جلكو به‌رگیان پۆشیوه. له‌گوندی بیستان 40 ماڵی لێیه له‌و ژماره‌یه 15 ماڵی جوله‌كه‌یه».
گوندی ڕه‌وگه‌ی جافان «ڕاوگان»
دروستبوونی خاكی پێنجوێن چوار هه‌زار ملیۆن ساڵه، ئه‌م خاكه له‌چه‌رخی جیۆلۆجی یه‌كه‌م واته «ئه‌ركی» دروست بووه، له‌هه‌زاره‌ی دووه‌می پێش زایین لۆلۆییه‌كان «باوباپیرانی كورد» قه‌ڵاكانی (قه‌ڵای كچێ)و (قه‌ڵای كوڕێ)ی دروست كردووه‌و شارستانییه‌تێكی چیایی توندوتۆڵو پێشكه‌وتوویان له‌وێ دامه‌زراندووه، گۆتییهكانو ماده‌كانیش به‌به‌شێك له‌قه‌ڵه‌مڕه‌وی حكومڕانیان له‌سنوری خۆیان (كوردستان) داناوه، له‌پردی كه‌وڵۆس و ده‌ربه‌نده سروشتییه‌كه‌ی كه‌وڵۆس هه‌ردوو وڵاتی (شاره‌زووری نالی)و (پێنجوێنی قه‌ڵای مێردان) ده‌كاته سنور‌و یه‌كه‌م گوندی پێنجوێن گوندی (تهڕاتهوهنه_ سه‌ربه ناڵپارێز) هه‌تا گوندی (میشیاو) سنورهكهیهتیو له‌نێوان هێڵی كه‌مه‌ره‌یی زه‌وی درێژی 46,21 پله ڕۆژههڵاتو هێڵی پانی 35,9 پله باكوری هێڵی كهمهرهییه. یه‌كێك له‌گونده‌كانی پێنجوێن خۆی گوندی «ڕاوگه‌ی جافانی گه‌رمێنه» كه ئێستا له‌سه‌ر زار بووه به «ڕاوگان»، ئه‌م گونده (1266) مه‌تر له‌ئاستی ڕووی ده‌ریاوه به‌رزه، (5) كیلۆمه‌تر له‌پێنجوێنه‌وه دووربووه، به‌بڕیاری ژماره (13916) له‌ساڵی 1980 واته دوو ساڵ دوای دروستكردنی ئۆردوگای زۆره‌ملێ له ڕاوكان به‌شی شاره‌وانی تیاكراوهتهوه. ئاوی ژێرزه‌وی لێره ڕێژه‌یه‌كی یه‌كسانی له بیكاربۆناتی بنه‌ڕه‌تی cahco3 تێدایه بۆ خواردنه‌وه‌و كشتوكاڵ شیاوه، ئه‌مه‌ش واتا ئه‌م ئاوی ژێرزه‌وییه بۆته‌هۆی مانه‌وه‌و جێگیربوونی دانیشتوانی وڵاتی پێنجوێن كه 80% خاكه كانی‌و بیر‌و كارێزه. پێنجوێن زیاتر له200 كانیاوی تیایه. له‌دوو مله‌ی ڕاوگان (ناو ڕه‌وان)و (مله‌كه‌وه)ه‌وه وه‌رزی خێڵ جوڵانی لهكفریو كهلارو دهروهنهوه تیره‌و هۆزه‌كانی جاف كه به‌رد گه‌رم بووه له‌و گه‌رمیان نێوان مانگی به‌هار «گا»یان باركردووهو قۆناغ به‌قۆناغ هاتوون بۆ كوێستانه‌كانی پێنجوێن. «مه‌حموی مامه ڕه‌شه‌ی شه‌ریف میراوده‌لی»یه‌كێكه له‌ڕیش سپییه‌كانی ئاوایی ڕاوگان له‌وه‌چه‌ی فه‌قێ ئه‌حمه‌دی داره‌شمانه‌یه له‌گه‌ڵ «په‌رخی»یه‌كانی چه‌می گه‌ڵاڵ كه سۆفی ئه‌حمه‌د باوهلێیانه ده‌بنه‌وه به‌یه‌ك، ئه‌و بهگوندستانی نوێی گوت: كاكه دڵشاد له‌ساڵه‌كانی 1800 وا یه‌ژن، جاف له‌وه‌رزی خۆی هاتووه، لێره (چاتۆڵ)یان هه‌ڵداوه، ده‌شڵێن مه‌حموو پاشای جاف له‌سه‌ر به‌رزایی (گهڵگه)ی خوار ئاوایی كۆشك‌و سه‌رای بووه، سه‌رپه‌رشتی قه‌ومه‌كه‌ی خۆی كردووه، هه‌تا لهكوێستانهكانی «مه‌ریوان»و «بانه»و «پێنجوێن» خێڵ به‌ره‌وخوار بۆته‌وه، ئه‌ویش چۆته‌وه هه‌واره زوسانی خۆی، بۆیه بیره ئه‌ڵێن ڕاوگه‌ی جافان، ئیدی له‌سه‌ر زاران بۆته «ڕاوگان» پاش شه‌ڕی دووه‌می جیهانی 1945 به‌هۆی گرانی بچوكه‌وه دوانزه خێزان به‌ڕیش سپێتی «خه‌لیفه فه‌ره‌ج» له‌گوندی «باشماخ»ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانی نیشتمانی كورده‌وه، به كهروبار یه‌كی بڕێ كیتهڵهو لێفه‌ی متیل چڵكنو قاپ‌و قاچاغ‌و ناوماڵه‌وه هاتون ڕوخسه‌تیان له «شێخ له‌تیفی شێخ مه‌حموو مه‌لیكی كوردستان» وه‌رگرتووه‌و چونه‌ته «كلكه‌ی جۆگه‌ی ماڵان» هه‌ر ماڵه‌ی كۆڵیتێكی وهبهردهچهم دروست كردووه‌و نیشته‌جێ بوون. ئینجا ورده ورده له‌م مهملهكهتانهوه خه‌ڵك خوا هاتون «خێڵی حاجی ساڵح باوكی شه‌هید محه‌مه‌د»و «خێڵی ساڵحی سوبحان»و «شێخ ره‌شی فه‌ره‌ج»و «عه‌لی حه‌مه‌كه‌ریم»و «خوله قاله»و «خێڵی مه‌حموو مراد»و «حه‌مه‌ی ده‌روێش ئه‌حمه‌د»و «خاڵه شێخ حه‌سه‌ن»و «مامه گرده»و «مینه نزارهیی»و «خێڵی حه‌مه‌ی حه‌مه‌كه‌ریم»و «مه‌حموی كه‌ڵه‌شاخ باوكی شێخ خالیدی ڕاوگان»و «مامه ڕه‌شه‌ی گه‌وڕان»و «سه‌لیمی فه‌تاحه سور»و «حهمهیلی فه‌جه ڕهنێ»و «حه‌مه‌ی خوله حه‌جێ» پاشان (مام عارفی حه‌مه ساڵح چه‌ته) بهگوندستانی ووت: له8_8_1946 بومه‌له‌رزه‌كه‌ی پێنجوێن ڕویدا من هه‌شت ساڵ بوم، تازه ماڵمان هاتبووه ڕاوگان له(مڕانه)ی مه‌ریوانه‌وه باوكم قاچاغ بوو له‌حكومه‌ت هاتین وهمدیوا، ئیدی خه‌ڵكی پێنجوێن هاتن له‌تاو ترسی بومه‌له‌رزه، ئێمه داڵده‌مان دان، لێره كوره‌ی گه‌چ بوو، ئاسیا‌و «ئاش» بوو مام ورسمان چ ئاشه‌وانی بوو له چه‌می (مله‌كه‌وه) بوو، ئێره شوێنی ڕێگای هاتوچۆی كاروانسه‌رای ئێران بوو بۆ به‌غداو كفری.
شوێنه‌واره دێرینه‌كانی ڕاوگان
جه‌لالی حه‌مه‌ی ڕه‌حمان دانیشتووی ڕاوگانه ئه‌و بهگوندستانی گوت: ئه‌م وڵاته‌ی ئێمه مێژووییه وڵاتی گۆتی و لۆلۆییو ماده‌كانی باوباپیرانی كورد بووه (گردی گهڵگه)و (گردی به‌ردان)و (خڕی سیان)و (ئه‌رزی وه‌سمان كوژراو) سه‌دان كوپه‌ی گه‌وره گه‌وره‌ی تێدا دۆزراوه‌ته‌وه بڕوا بكه (15) ته‌نه‌كه گه‌نمی گرتووه، ئێسك و پروسكو خه‌ڵوزی تیا بووه، گردی حه‌مه خۆش جێی ماڵی كۆنی (20) ماڵی تیابووه، دوو حه‌سار به‌ده‌وریدایه چوار مه‌تر پانه، كوره‌ی ئاسنگهریو ته‌نوری نانه‌وا له‌ناوه‌ڕاستی گرده‌كه‌دا دیاره، (حه‌مه‌ی ڕه‌شه‌ی مام كه‌ریم) هه‌ڵی دایه‌و بهگوندستانی ووت: براله ئێمه نه‌وه‌ی «مامه گرده»ین خاڵۆی باپیرمان جوله‌كه بووه، ناوی (لاله یاقۆ) بووه خوشكێكی بووه ناوی ئامینه بووه داویانه به باوكی مامه گرده، ئێمه نهنكمان جوله‌كه‌یه. (ئه‌حمه‌یی حه‌مه‌ی خوله خه‌جێ) ئه‌نجومه‌نی گوندی ڕاوگانه ئه‌و سه‌باره‌ت به گونده‌كه‌یان بهگوندستانی گوت: ڕه‌وگه‌ی جافان كه‌رتی كشتوكاڵی (14)ی ده‌ربه‌نده، ده‌ربه‌ن پێشتر ناوی گونده‌كه‌مان بووه، به‌ناوی (67) جوتیاره‌وه تۆمار كراوه هه‌ر جوتیارێ (8) دۆنم به‌راو و (15) دۆنم دێمی، (4000) دۆنم زه‌وی دێمیمان هه‌یه، (2000) دۆنم به‌راویش له‌پایزی 1983 گوندی ڕاوگان (107) ماڵی تیابووه، لێره ئۆردوگایه‌ك له‌لایه‌ن به‌عسی عه‌ره‌بی داگیركهرو خوێنمژ كرایه‌وه، (1300) خێزانی دێهاته‌كانی پێنجوێنی تێدا به‌ندو زیندانی كرد، ئێستا گونده‌كان (127) ماڵی تیایه به‌هه‌میشه‌یی، قهیاغهو گیاجاڕو لهوهڕگاكانمان «مین»ی زۆری تیایه.
ژیان و ڕه‌نجی هێز و بازووی ڕاوگان
فاتم ڕه‌حمان عه‌لی مه‌ریوان، ژنێكی ته‌مه‌ن 67 ساڵه، ته‌شتێ هه‌ویری شێلا بوو، به‌تاقی ته‌نیا نانی ده‌كرد، ئافه‌رینم لێ كرد‌و ڕوخسه‌تم لێ خواست باسی ژیانم بۆ بكات، ڕه‌نجی بازووی خۆیان، ئه‌و بهگوندستانی گوت: چیت پێ‌بڵێم دڵشاد گیان؟ ئێمه لێره مهرهزهمان ده‌كرد له‌به‌ره «جۆگه‌ی ده‌ربه‌ن»و میرمام»و «جۆگه‌ی برایم ئاوا» هه‌ر كه‌سێ تیره تیره بوو، هه‌ر ماڵێ له‌و (107) ماڵه‌ی ڕاوگان (6) ته‌نه‌كه چه‌ڵتوك به پشك بوو، پیاوه‌كان كۆده‌بوونه‌وه، تیروپشكیان دهكردو زه‌وییه‌كان دابه‌ش ده‌كرا، هه‌موو زه‌وییه‌كان به‌قه‌د یه‌ك بوون، به‌هاوبه‌شی و سوسیالیژمی كوردیانه‌ی ڕه‌سه‌ن بوو، ئه‌وجا یه‌ك «گۆخڵ»و دوو «میراو» سه‌رپه‌رشتیان دهكردو ئه‌وان پاداشتی ڕهنجهكهیان به‌بنه تۆ‌و بوو، هه‌ر ماڵه‌و پارچه مه‌ره‌زه‌ی خۆی به‌سێ ڕۆژ ده‌دوورییه‌وه، به‌یه‌كه‌وه دره‌ومان دهكردو به‌یه‌كه‌وه كێشه‌و بهیهكسشهوه گێره، چه‌ڵتوك ده‌برا بۆ ئاشی (قزڵجه)و (ساوجی مه‌ریوان) كڕه ده‌كرا بۆ زوسان، بهڵمهكهشی ده‌خرایه «له‌وه» گیا «لۆیه_ لۆده»، هه‌موو ماڵێ چل په‌نجا هۆڕ برنجی له‌و ده‌شته ده‌هێنایه ماڵه‌وه، توتنیشمان ده‌كرد، گیا كه‌ڵه‌ی لێ نه‌دایه، ئه‌سپ بچوایه‌ته ناو توتنه‌كه بڕوا بكه دیار نه‌ده‌ما، تۆ‌و شه‌تڵ و جێ شهتڵمان حازر ده‌كرد خۆڵهكهوهو په‌ینیان تێدا ده‌سوتاند، گۆل لێده‌درا به (كه‌توو)، بێشكهشمان دائه‌نا مناڵ زاڕ و هۆڕ له‌بن كهپرا، گۆزه‌ی ئاوی سارد، شه‌وانه چرامان داده‌گیرساند، ئۆه ڕۆڵه خۆزگه‌م به‌و ژیانه.
تێكۆشان و شۆڕش و خوێنی شه‌هیدان
شێخ خالید ڕاوگانی جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی شاره‌زوور خه‌ڵكی ڕاوگانه، بهگوندستانی گوت: پێنجوێن قه‌ڵای سه‌وزی مام جه‌لاله، ئه‌و نه‌مره وه‌كو شاخه‌كان (تالیێر_ مامه‌شا_ شێخ حه‌سه‌ن) لێره له‌ناو كێڵگه‌و دڵی ئێمه‌دا ده‌ژی، له‌ساڵی 1976 (به‌كری حاجی سه‌فه‌ر)، (جه‌مالی حه‌مه‌ی خواكه‌ره‌م)، (تایه‌ری حاجی عه‌زیزی ده‌ره‌میانه)، (حه‌مه‌ومینی خه‌جێی ولیاوایی) هاتنه ئێره‌و ڕێكخستنی كۆمه‌ڵه دروست كرا، «مه‌جی مام شه‌ریف» له‌ڕێی قایری محهمهیی ڕه‌سوڵ بوبه ڕێكخستن (باوه محه‌مه‌د) بزوتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی ناو (ی. ن. ك) بوو، من و شه‌هید محه‌مه‌دو جه‌ماله ڕه‌ش/ جوتیار/ ڕه‌وف ئه‌مین/ كه‌ریمی ڕه‌حیمه ڕه‌ش/ هه‌ڵۆی ئامه ڕه‌ش/ له‌تیف_ چه‌ند شانهیهكمان دروست كرد. (عوسمانی ساڵحی پوره له‌یلێ) بهگوندستانی ووت: یه‌كه‌م شه‌هیدی گونده‌كه‌مان «حه‌سه‌ن» بوو، یه‌كه‌م پێشمه‌رگه‌ی گونده‌كه‌مان (محه‌مه‌دی حاجی كه‌ریم 1980) بوو له‌گه‌ڵ شه‌هید (سیروان تاڵه‌بانی) بوو، محه‌مه‌د حه‌مه ساڵح لێره له‌به‌رچاوی خه‌ڵكی ڕاوگان فاشیزمی عه‌ره‌بی به‌عسی گولله‌بارانیان كرد لێپرسراوی شانه‌ی كۆمه‌ڵه بوو، (هادی ڕه‌حمان حه‌مه‌ساڵح) پێشمه‌رگه بوو به‌برینداری گیرا، له‌نه‌خۆشخانه به(ده‌رزی ژه‌هر) شه‌هیدیان كرد، نه‌نكی ئه‌م شه‌هیده‌و سێ پێشمه‌رگه به تۆپ شه‌هید بوون، خاوه‌نی (10) شه‌هیدو (3) زیندانی سیاسی و ژماره‌یه‌ك كه‌مئه‌ندامین، ئێستایش زیاتر له(100) پێشمه‌رگه‌مان بۆ پاراستنی كوردستان له‌ڕیزه‌كانی «ی، ن، ك»دان و له‌شه‌ڕه‌كانی دژ به‌چه‌ته بێناموسهكانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی به‌شداریمان كرد.
240 جار بینراوە