سەرەکی » کەلتوور » سینەماچی؟!

سینەماچی؟!

هاوار مستەفا خان

بەشی چل و یەک

لەژێر ناوی» سینەما..چی؟!» کە لەبنەڕەتدا پەڕتۆکێکە و لەگەڵ چەند ئەڵقەیەکی دیکە کە لێرە لە کوردستانی نوێ بڵاوی دەکەینەوە، بیرەوەریی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی زیاتر لە جارەگە سەدەیەکی خوێندنەوەو بینین و نووسین و رەخنەی سینەمایی و دروستکردنی فیلم و رۆشنبیریی سینەماییەو وابڕیارە لەماوەی داهاتوودا لە دووتوێی پەڕتۆکێکدا «رەنگە زیاتر»یش چاپ و بڵاوبکرێتەوە.
لێرەدا، هەوڵدەدەم چەند بیرەوەرییەکی تەمەنی جوانی و بەخۆڕایی بەفیڕۆچوونی ئەو سەردەمە باس بکەم کە چەند تامەزرۆی سینەما بووین و چەند هەوڵماندا بیگەینێ کەچی جەنگ و شەڕ و ئاشوبی هەشت ساڵەی عیراق ئیران و سیاسەت و ململانێی ناتەندروست و درێژخایەنی هێزەکانی گۆڕەپانی باشوری کوردستان لەشاخ و شار، دەیبردینەوە کۆڵانەکانی پشتەوەو هەر بەحەسرەتی ئەوەی دونیای جوانی و فانتازیی سینەماییمان دروست بکەین، بەردەوام بووین و کۆڵمان نەدا، بەڵام ساڵ دوای ساڵ سەخت و دژوارتر دەبوو بەدیەێنانی خەون و خولیاکانی گەنجی و جوانیمان، هەر ئەوەش وای لێکردین بەو جوانیەوە، جوانتر سینەما لەگەڵ خۆماندا پەروەردە بکەین.

ئیستاتیکای شوێن لە فیلمی سینەمایی کوردییدا
لە ناوەڕاست ساڵی ١٩٩٦ و لەناو گەرمەی شەڕی ناوەخۆدا بابەتێکم لەسەر ئیستاتیکای شوێن لەسینەمای کوردییدا لە تاقانە گۆڤاری (باڵاکێو) بڵاوکردەوە، کە پۆلێك لە روناکبیرانی باڵەکایەتی کردیانە نۆبەرەی ئەزموونێکی تری رۆژنامەڤانیی، مخابن هەر ئەو ژمارەیەشی لێدەرچوو.
لەو بابەتەدا باسی جوانی شوێن، جوگرافیا، سروشتی کوردستانم کردوە، یەکێك لەو خەسڵەتە سایکۆلۆژیانەی سینەمای کوردیی بە پێوە هێشتۆتەوەو وای لە سینەماکاران کردووە خۆی بگرێت و بەردەوام لە هەڵکشاندابێت، کاریگەری ئەو سروشت و خاك و نیشتمانەیە کە زۆرینەی هەرە زۆری سینەماکارانی پێوە مەست کردوەو کردوونی بە گەریدەو خەباتگێڕ بۆ دۆزی رەوای میلەتەکەیان، بەندە-ش وەکو هەر یەکێك لەو هاوڕێیانە کوشتەی جوانی کوردستان بووم، سەرباری ئەوەی دەرفەتی بندەستی ئێمە زیاتر بوو «لەچاو پارچەکانی تری کوردستان» لە رووی سیاسییەوە ئازاد بووین فیلم دروست بکەین، وەلێ لە هەرێمەکەی ئێمەدا دۆخێك هاتبووە پێش کەمتر لا لە هونەری سینەما کرایەوە بەو هەموو گەرم و گوڕییەی کە لە نێو توێژێکی باشی هونەرمەندان لە ئارادابوو، ئیشی باشیش کراو جەماوەرێکی زۆریش لەدەوری ئەو بەرهەمانە کۆبوونەوە، بەڵام کورت خایەن بوو کاروانەکە، یان پچڕ پچڕ و ناوە ناوە دەردەکەوت و بپ ماوەیەك گم دەبوویەوە، بەتایبەتی یەك دوو ساڵی یەکەمی دروستبوونی کیانی سەربەخۆی هەرێمی کوردستان لە ١٩٩٢ تا ١٩٩٤ ئۆقرەیی تێدابوو دوای ئەوە بە شەڕی ناوەخۆ قۆناخی یەکەمی دروست بوونی ئەو کیانە کۆتایی هات» باسێکی ترەو لەدەرفەتێكدا وردتر باسی لیوە دەکەین».
ئەو خۆشەویستییەی بۆ کوردستان بە گشتی و سلێمانیش هەمانبوو موتوربەکراوی ئەو توخمەی هونەرو روناکبیرییە بوو، کە لەو سەردەمدا وەبەرهێنانێکی سەرسوڕهێنەرو دەروێشانەی تێدا دەکراو هەموو بوارەکان بوژانەوە بەڵام لە رووی ماڵیەوە بەرهەمەکان نەبوونە ژێرخان و لە سەرخانیشیدا تا ئێستا لەناو قەیران و گرفتدایەو سودی لێوەرنەگیراوە.
پەرشوبڵاوی لە «بەرهەمهێنان و دابەشکردن و پیشاندان»، هەر زوو بەندەی ناچارکرد بەدوی ئەو بابەتە بگەڕێم و لێی بکۆڵمەوە داخۆ بۆچی و تاکەی ئەمە حاڵی سینەمای کوردیی دەبێت؟!.
تازە لە «قاسمەڕەش»جێ پێمان قایمکردبوو، هەناسەیەک هەبوو دور لە دۆخی شەڕ، بیر بکەینەوەو ئەو دەرفەت و هەناسەیە وای لە بەندە کرد، پڕۆژەیەك گەڵاڵە بکەم، ئەویش پڕۆژەی بە زانستی ناسینی سینەمای کوردیی بوو.

کڕۆنۆلۆژیای سینەمای کوردیی
لە سلێمانی یەکەم کارێك کە هەوڵم بۆیدا چاپکردنی پڕۆژەی «کۆکردنەوەی فیلمی کوردیی»بوو، فۆڕمەکە سێ لاپەڕە دەرچوو، چەندین پرسیاری تێدابوو کە ئەوکات بۆ کۆکردنەوەی زانیاری سەر فیلمەکان تینوێتی ئەشکاندم و یەکەم چاپی ئەو فۆڕمە لە ٦-١٠-١٩٩٦ بە هاوکاری مەکتەبی رێکخراوەکانی (ی .ن .ك) چاپمکرد و لە مانگی دوانزەی هەمان ساڵ دەستمکرد بە پەیوەندی لەگەڵ دەرهێنەرو سینەماکاران کە زۆرینەی هەرە زۆری کەتبونە سلێمانی و بۆ بەندە دووجار مایەی دڵخۆشی بوو کە دەتوانم بێجگە لە سینەماکارانی خەڵکی سلێمانی، بەشێك لەوانەی هەولیر و دهۆکیش بەسەر بکەمەوە کە هەندیکیان لە سلێمانی بوون. بۆیە دوای چاپکردن بەئاسانی دەستم کرد بە پەیوەندی و لەماوەیەکی کەمدا نزیکەی (٢٠٠)فیلمم لە رێگای دەرهێنەرانەوە کۆکردەوە، ئاشنایەتیم خێراتر بوو لەگەڵ هەموو ئەوانەی رۆژێك لە رۆژان فیلمیان دروست کردو لەرێگای ئەو فۆڕمەوە پێیان گەیشتم و رێزیان لێنام و پێشوازییەکی گەرمیان لێکردم.
پڕۆژەکە تا دەهات فراوانتر دەبوو، زیادبوونی لینکی نوێ لەناو فیلم و بارودۆخی سینەما و پێگەیشتن و تێگەیشتی ئیمە بۆ فۆڕمەکە وای لێکردم فراوانتری بکەم، ئەوەبوو هەندێ پرسیاری ترم خستەسەر ئۆرژینالەکەو چاپی دووەمی کەوتە ١-٧-٢٠٠٠ و لەو سەردەمیشدا هەندێك فیلمی ترم کۆکردەوەو ماوەیەك بەهۆی کارکردن و قاڵبوونەوەی زیاترم بە راگەیاندن دور کەوتمەوەوتاوەکو جارێکی تر بەهەندێک دەستکاریەوە چاپی سێیەمی ئەو پڕۆژەیەم لە ١-٩-٢٠١٢ راکێشاو دیسان کەوتمەوە کۆکردنەوەی فیلم و باشترین کاتی ئەنجامدانی ئەو ئەرکەش لەنێو گەرمەی فێستڤاڵەکاندا بوو، لەو قۆناخەداو لەو چاپەیاندا ژمارەی پرسیارەکان زیاتر و وردتر بوون، مخابن هەوڵی زۆرمدا بەڵام ژمارەیەکی زۆریش لە هاوڕێیانی هونەرمەندم بەڵێنیان دەداو نەدەهاتنە پێش. ئێستاش فیلمی زۆر ماوە کۆیانبکەمەوەو دواینجار کە دەستم پێکردەوەو دەتوانم بڵێم؛ دواین چاپی ئەو پڕۆژەیە کە چوارەم بوو بە کەمێك دەستکارییەوە لە توێژینەوەی نامەی ماستەرەکەم لە قاهیرە سودی زۆرم لێی وەرگرت و تاوەکو ئێستاش ئەم فۆڕمی زانیاریی کۆکردنەوەی فیلمی کوردی بەردەوامە.

تەلەفزیۆن و رۆژنامەو سینەما
لە رۆژنامەی ئاڵای ئازادیی و تەلەفزیۆنی زەحمەتکێشان و بواری سینەما بەردەوام بووم لەسەر کارکردن و لەنێوان هەردوو بواری» سینەما و راگەیاندن» دا هەردووکیان بە توندی پەلکێشی کارەکەیان کردم و دواجار بواری میدیا زیاتر و زووتر رایکێشام و قوتیدام. ئەگەرچی دوو بواری لەیەکجودان بەڵام نزیکیشیان هەیە وەکو دوو هونەرو داهێنانی زانستیی دەناسرێن و هەردووکیان بینراون و بە ملیۆنان هاوڵاتی لە دەوریان کۆبوونەتەوە.
تاوەکو ساڵی ١٩٩٨ زیاتر لەنێو تیڤیدا قاڵبوومەوە بەڵام دەرفەتیشم دەقۆستەوەو کۆڕ و کۆبوونەوەی سینەماو ئەدەب و هونەر بەشداریم دەکرد.

یەکەم کۆڕی سینەما لە سلێمانی
دوای ئەوەی لە ٣٠-٨-١٩٩٦ یەکەمین کۆڕی تایبەتم لەسەر سینەما لە گەلەری ئەربێلا لە هەولێر پێشکەش کرد، کەمتر لە چوار مانگ دوای ئەوە بە دیاریکراویش لە ١٨-١-١٩٩٧ لە سلێمانی یەکەمین کۆڕی تایبەتیم لەبارەی سینەما پێشکەش کرد، واتە دوو کۆڕ لەنێو ئاڵۆزترین دۆخی شەڕی ناوەخۆی کوردستان لەماوەی کەمتر لە شەش مانگ لەسەر سینەما پێشکەش کردووە بەڵام بە زەحمەت توانیمان ئەنجامی بدەین.
کۆڕی «گەشتی سینەمای کوردیش گیرساوەتەوە..بەڵام» بەتێرو تەسەلی باسی مێژووی دەست بەسەرداگیرا و و گومڕای سینەمای کوردییم کوردووەو رونمکردۆتەوە کە کورد لە سایەی سینەمای وڵاتانی سەردەستدا رۆڵی بەرچاویان بینیوەو تەنانەت پێشەنگیش بوون.
دەرهێنەرو سینەماکار ئەحمەد بەدرخا کە دەکاتە باوکی عەلی بەدرخان یەکێك بووە لەو سێ خوێندکارەی لە سیەکانی سەدەی رابردوودا لەبارەی سینەما لە دەرەوەی وڵات خوێندوویەتی و سینەمای میسریی قەرزباری ئەو ناوە گەورەیە کە لە بنەڕەتدا کوردیی زادەیە.
ئەحمەد بەدرخان لە ساڵی ١٩٣٧ دا یەکەمین فیلمی گۆرانیئامێزی میسریی بۆ «گۆرانیبێژ ئوم کەلسوم»بەناوی دەنانیر دەرهێنا.
لە عیراقیش ساڵی ١٩٥٧ کامەران حوسنی دووەم فیلمی عیراقی دروست کردووە، لە تورکیا عاتف یڵماز لە سالی ١٩٥٨ فیلمی بە زمانی تورکی دروست کردوەو کورد بووە و ئەو یڵماز گونەی پەلکێشی دونیای سینەما کردووە.
یماز گونەی لە ساڵی ١٩٦٦ ەوەو دەستی کردووە بە دروست کردنی فیلم بە پارەو سەرمایەی خۆی بۆ خاتری ئەوەی بناخەیەك بۆ سینەمایەکی جیاوازتر لە سینەمای تورکی دروست بکات لە کۆتاییدا هەر دروستیشێ کرد بەڵام زوو ئەو دونیا جەنجاڵەی جێهێشت.

print

 117 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*