یه‌كێتی هه‌میشه‌ پشتیوانی رۆژئاوا بووه‌

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر

بەشی دووەم و کۆتایی

له‌چوارچێوه‌ی‌ زنجیره‌ دیدارێك له‌رۆژئاوای كورستان سه‌باره‌ت به‌رووداوه‌كانی دوای‌ داگیركردنی گرێ سپی و سه‌رێكانی، كوردستانی نوێ‌ زنجیره‌ گفتوگۆیه‌كی كراوه‌ی‌ له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی رۆژئاوای كوردستان سازكردووه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ گفتوگۆیه‌كی كراوه‌مان له‌گه‌ڵ‌ مه‌زلوم عه‌بدێ‌ یان مه‌زلوم كۆبانی فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات كردووه‌.
عه‌بدێ‌ وتی ئه‌نه‌كه‌سه‌ له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن بن، ئاینده‌یان لای ئێمه‌و سوریا نییه‌، وتیشی مومكین نییه‌ ئه‌نه‌كه‌سه‌ به‌بێ‌ پارتی بجوڵێنه‌وه‌، باسی له‌وه‌كرد كه‌ كۆنگره‌یه‌ك بۆ یه‌كڕیزیی نیشتیمانیی له‌قامیشلۆ ده‌به‌ستن، دوپاتیكرده‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی هه‌میشه‌ پشتیوانی رۆژئاوا بووه‌.

*بۆچونێك هه‌یه‌ كه‌ پرسی سوریا به‌گشتیی و له‌نێویشیدا پرسی كورد چاره‌سه‌ر نابێت ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئه‌مریكا و روسیا له‌سه‌ر ئاینده‌ی دیمه‌شق رێك نه‌كه‌ون، هه‌روه‌ك هه‌ندێك پێیانوایه‌ له‌م قۆناغه‌ ئه‌مریكا كورد له‌به‌رامبه‌ر روسیا وه‌ك كارتی گوشار به‌كاردێنێت، روسیاش كورد به‌كاردێنێت بۆ گوشار خستنه‌ سه‌ر رژێمی سوریا؟ ئه‌مه‌ راسته‌؟
– سه‌باره‌ت به‌ به‌شی یه‌كه‌می پرسیاره‌كه‌ت راسته‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا و روسیا وه‌ك دوو لایه‌نی سه‌ره‌كی ململانێی‌ سوریا رێكنه‌كه‌ون، ئه‌وا مومكین نییه‌ چاره‌سه‌ری بارودۆخی سوریا بکرێت، به‌ڵام بگوترێت ئه‌مریكییه‌كان كورد به‌كاردێنن ئه‌وا ئه‌و قسه‌یه‌ ورد نییه‌، چونكه‌ ئه‌مریكا بۆخۆی ستراتیژی نییه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ پرسی سوریا. گرفته‌كه‌ له‌ په‌یوه‌ندیی ئێمه‌ به‌ ئه‌مریكا و كاریگه‌ری‌ نه‌رێنی له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری‌ سیاسی سوریا نییه‌ یان ئێمه‌ هه‌ڵه‌یه‌كمان كردبێت، به‌ڵكو گرفته‌كه‌ بریتیه‌ له‌ پشتیوانی بێسنوری‌ ئه‌مریكا بۆ ئۆپۆزسیۆنی سوریا، هاوكاریی بێسنووریان پێشكه‌ش ده‌كات و یارمه‌تیان ده‌دات! وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا پشت به‌ ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ده‌به‌ستێت له‌ڕێی‌ رێككه‌وتنی جنێڤ و لیژنه‌ی‌ ده‌ستوریی، له‌كاتێكدا ئه‌مه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا هیچی لێ شین نابێت. ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و هێزه‌كانی دیكه‌ كه‌ به‌ناوی ئۆپۆزسیۆن له‌جووڵه‌دان، گرێدراوی ئه‌جێندای توركیان و به‌رێنمایی توركیا ده‌جووڵێنه‌وه‌، ئه‌وانه‌ پشت به‌ئه‌مریكا نابه‌ستن، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پشت به ‌توركیا ده‌به‌ستن ئه‌مه‌ش دژبه‌یه‌ك و ناچونییه‌كه‌، بۆیه‌ هه‌موو هه‌وڵێكی ئه‌مریكا بۆ گه‌یشتن به‌چاره‌سه‌رێك له‌سوریا هیچ ده‌ره‌نجامێكی نابێت.

*باشه‌ با بێینه‌ سه‌ر رێكخستنه‌وه‌ی‌ ناو ماڵی كوردی، تۆ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كت راگه‌یاندو بانگهێشتی هه‌موو حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردت كرد بۆ گفتوگۆ، ئەوە بەچی گەیشت؟
– ئێمه‌ خۆمان ده‌مانه‌وێت ئۆپۆزسیۆن بووژاوه‌بێت و هه‌روه‌ها به‌هێز بێت. من بۆخۆم پێموایه‌ پێویستمان به‌وه‌یه‌ ئۆپۆزسیۆنمان هه‌بێت، ره‌خنه‌ له‌شێوه‌ی‌ كاركردن و ئیداره‌دانمان بگرن، ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆن نه‌بێت، ئه‌وا ده‌سه‌ڵات هه‌موو شتێك نازانێت، ئۆپۆزسیۆن بۆ جووڵاندنی ده‌سه‌ڵات و خزمه‌تكردنی خه‌ڵك پێویسته‌، پێویسته‌ ئۆپۆزسیۆنمان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ستكه‌وتمان هه‌بێت، لانیكه‌م له ‌ده‌سه‌ڵات ململانێی و كێبڕكێ‌ هه‌بێت له‌سه‌ر كاركردن. ئه‌گه‌ر كێبڕكێ‌ نه‌بێت ئه‌وا باش كارناكرێت، بۆیه‌ بوونی ئۆپۆزسیۆن ئه‌رێنییه‌. خۆ ئه‌گه‌ر ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی‌ من ئەنەکەسەی ئه‌وانی ژیاندبێته‌وه‌، ئه‌وا مانای وایە بیرۆكه‌یه‌كی باش بووه‌، من ئه‌وه‌م به‌خۆیان وتووه‌ كه‌ ئێوه‌م بووژانده‌وه‌! هه‌روه‌ك به‌ ئه‌مریكییه‌كانیشم وتووه‌، ئه‌وانیش هه‌مان بۆچوونیان هه‌بوو.
پێموانییه‌ بوونی ئۆپۆزسیۆن خراپ بێت، به‌ڵام ئه‌وان به‌هه‌ڵه‌ بارودۆخه‌كه‌ ده‌خوێننه‌وه‌، ئاینده‌ به‌هه‌ڵه‌ ده‌خوێننه‌وه‌. ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ی‌ ئه‌نه‌كه‌سه‌ روویان تێكردووه‌، هیچ داهاتوویه‌كیان نییه‌ له‌سوریا، بۆیه‌ لێره‌ به‌دواوه‌ داهاتوویان نییه‌، نه‌ له‌لای رژێمی سوریا و نه‌ له‌لای ئێمه‌! لێره‌وه‌ كه‌ گره‌و له‌سه‌ر ئۆپۆزسیۆن ده‌كه‌ن، ئه‌وا مانای‌ وایه‌ سواری ئه‌سپێكی هه‌ڵه‌ بوون و له‌لای گه‌لی كورد زیانمه‌ند ده‌بن. پشتیوانی گه‌لی كورد له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و هیچیشیان له‌ ئۆپۆزسیۆن ده‌ستناكه‌وێت، چونكه‌ ئۆپۆزسیۆنی سوریا له‌بنه‌ڕتدا شتێكی نییه‌ پێشكه‌شیان بكات.
تائێستا هیچ وەڵامێكی ره‌سمیان نه‌داوینه‌تێ‌ سه‌باره‌ت به‌ رازی بوون یان ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی‌ رامانگه‌یاندووه‌. له‌م ڕۆژانه‌ هه‌ڵوێستی ره‌سمیان ده‌زانین، تائێستا له‌رووی تیۆرییەوە و به‌پێی‌ لێدوانه‌كانیان هه‌ڵوێستیان ئه‌رێنییه‌ بۆ یه‌كڕیزیی گه‌لی كورد، به‌ڵام له‌رووی پراکتیکییەوە واتێده‌گه‌ین کە نەیانه‌وێت هیچ هه‌نگاوێك بێنه‌ پێشه‌وه‌ به‌ڵكو كات ده‌كوژن.
ئێمه‌ پێموانوایه‌ یه‌كڕیزیی كورد پرسێكی ستراتیژییه‌ و پێویسته‌ بێته‌دی، ئینجا ئه‌نه‌كه‌سه‌ هه‌بێت یان نه‌بێت من بۆخۆم پێموانییه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌نه‌كه‌سه‌ نه‌بێت یه‌كڕیزیی گه‌لی كورد نایه‌ته‌دی، یه‌كڕیزیی گه‌لی كورد دێته‌ دی به‌بێ‌ ئه‌نه‌كه‌سه‌ش، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌بوونی ئه‌وانەوە یه‌كڕیزییه‌كه‌ به‌هێزتر د‌ەبێت. له‌بنه‌ڕه‌تدا كاتێك ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌مان كرد له‌پێناوی هاتنی ئه‌نه‌كه‌سه‌ نه‌بوو بەتەنها، به‌ڵكو بۆ هاتنی هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بوو. ئێمه‌ وه‌ك هێزه‌كانی سوریای‌ دیموكرات له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان گفتوگۆ ده‌كه‌ین و ده‌مانه‌وێت ساڵی 2020 ساڵی چاره‌سه‌ری‌ دۆزی كورد بێت، به‌تایبه‌تی ساڵی چاره‌سه‌ری باكووری‌ خۆرهه‌ڵاتی سوریا بێت. ئێمه‌ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ روسیا و له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و له‌گه‌ڵ رژێمی سوریا و له‌گه‌ڵ لایه‌نی دیكه‌ش هه‌یه‌، له‌هه‌موو گفتوگۆو په‌یوه‌ندییه‌كان، هێزه‌كانی سوریای‌ دیموكرات به‌ناوی هه‌مووانەوە قسه‌ده‌كات، نامانه‌وێت نوێنه‌رایه‌تیی سیاسیمان ته‌نها له‌سه‌ر پارتی یه‌كێتی دیموكرات (PYD) حیساب بێت یان له‌سه‌ر رێڤه‌به‌ری‌ خۆسه‌ر، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت نوێنه‌رایه‌تی سیاسیمان هه‌موو لایه‌نه‌ كوردییه‌كان و لایه‌نه‌ به‌شداره‌كانی رێڤه‌به‌ریی‌ خۆسه‌رو ئه‌وانه‌یشی له‌گه‌ڵمانن و له‌ئیداره‌نین بگرێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌نه‌كه‌سه‌ش بگرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و لایه‌نانه‌ ئه‌گه‌ر وەڵامی ئه‌رێنیان بۆ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ نه‌بوو، ئه‌وا نه‌بوونیان نابێته‌ رێگر له‌به‌رده‌م راگه‌یاندنی ئه‌و یه‌كڕیزییه‌.
تا چه‌ند رۆژێكی دیكه‌ چاوه‌ڕێی‌ وەڵامی ئه‌نه‌كه‌سه‌ و حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ین، به‌ره‌و كۆنگره‌یه‌كی گشتگیر بۆ هه‌موو گه‌لی سوریا و گه‌لی كورد له ‌قامیشلۆ ده‌نێین، بۆ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی‌ هێزه‌كانی سوریای‌ دیموكرات ئه‌گه‌ر ئه‌نه‌كه‌سه‌ بێت یان نه‌یه‌ت ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ هه‌نگاونانمان بۆ به‌ستنی ئه‌و كۆنگره‌یه‌.

*ئێوه‌ وه‌ك لایه‌نی سێیه‌م یان بێلایه‌ن ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ریه‌تان كردووه‌، دوای‌ رۆیشتنی ئه‌نه‌كه‌سه‌ بۆ توركیا و چوونه‌وه‌یان بۆناو ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، هه‌ر بێلایه‌ن ده‌مێننه‌وه‌؟
-ئێمه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی خۆمان ده‌مێنینه‌وه‌، هه‌ڵوێستمان ناگۆڕدرێت. ئێمه‌ هێزێكی سه‌ربازین نه‌ك سیاسی، «ده‌زانین ئه‌وه‌ی‌ ئه‌نه‌كه‌سه‌ ده‌یكات پێچه‌وانه‌ی‌ ستراتیژیی سیاسه‌تی كورده‌»، به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی‌ كاریگه‌ری‌ خراپ ده‌كاته‌ سه‌ر هه‌ڵوێستی سیاسی كورد، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ك هێزێكی سه‌ربازیی تائێستا به‌شدار و هاوكاریی سه‌ربازیی ئه‌نه‌كه‌سه‌مان وه‌ك گروپه‌كانی دیكه‌ له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن نه‌بینیووه‌، پشتیوانیی سیاسی له‌و ئۆپۆزسیۆنی سوریا ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ببینین یان تێبینی ئه‌وه‌بكه‌ین به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك پشتیوانیی سه‌ربازیی ئۆپۆزسیۆن ده‌كه‌ن كه‌ دژایه‌تی ئێمه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وكاته‌ ئێمه‌ هه‌ڵوێستی خۆمان ده‌خه‌ینه‌ڕوو، به‌ڵام تائێستا تێبینی ئه‌وه‌مان نه‌كردووه‌. ئه‌وان پشتیوانی له‌ دوژمنی ئێمه‌ بکەن، له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ له‌گه‌ڵیان هه‌ڵده‌ستن و داده‌نیشن، ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریادان كه‌ دژی ئێمه‌ن.

*تۆ له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی كۆبویته‌وه‌. هه‌ڵوێستی نێچیرڤان بارزانی روون و دڵخۆشكه‌ر بوو؟
-به‌ڵێ‌ هانده‌ر بوو، سه‌رباری‌ هه‌موو شتێك به‌تایبه‌ت پرسی ونبوه‌كان یان مه‌سه‌له‌ی‌ هێزی سه‌ربازیی، ئه‌و له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌رم بوو، پێی‌ وتم پێویسته‌ ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ نه‌بنه‌ رێگر له‌به‌ره‌م پرسی یه‌كڕیزیی نیشتیمانیی.

*رۆڵی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌گه‌ڵ رۆژئاوا؟
-رۆڵی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌رده‌م ئه‌رێنی بووه‌، هه‌ڵوێستیان پشتیوانیكردن بووه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی سنووری‌ جوگرافیمان له‌گه‌ڵ یەکێتی، ئەوە وایكردووه‌ كاریگه‌رییه‌كانی سنووردار بێت.
سه‌رنجی ئێمه‌ له‌سه‌ر یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هێزه‌ سیاسییه‌كانی رۆژئاوای كوردستان سنوورداره‌ یان لاوازه‌، به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان، یان به‌راورد به ‌سه‌رده‌می سه‌رۆك مام جه‌لال، وایلێهاتووه‌ زۆر بایه‌خ به‌ بارودۆخی سیاسیی رۆژئاوای كوردستان نه‌دات.

*په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان؟
-ده‌مانه‌وی‌ په‌یوه‌ندیمان باش بێت، ئه‌وان له‌رووی جوگرافیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ له‌هه‌مووان له‌ئێمه‌ نزیكترن. ئێمه‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین په‌یوه‌ندیمان ئاڵۆز نه‌بێت و نه‌رێنی نه‌بێت، زۆرلایه‌ن هه‌ن هه‌وڵده‌ده‌ن په‌یوه‌ندیمان به‌ره‌و باشتر بڕوات، به‌ڵام وەڵامیان لاوازه‌ بۆ باشتركردنی.

*په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی هه‌یه‌؟
-به‌ڵێ‌. ئێمه‌ دۆسێی‌ شه‌ڕی داعشمان هه‌یه‌ كه‌ دۆسییه‌كی هه‌واڵگریی گه‌وره‌یه‌، ژماره‌یه‌كی زۆری وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌و دۆسێیەدا‌ به‌شدارن یان به‌شێكن له‌و دۆسێیه‌، چه‌كداری داعشیان هه‌یه‌ یان خه‌ڵكی باكووری‌ ئه‌فریقان، یان وڵاتانی كه‌نداو، میسر ته‌نانه‌ت عیراق به‌شێوه‌یه‌كی زۆر به‌رفراوان.
سه‌باره‌ت به‌عیراق ئه‌وا دۆسێیه‌كی زۆر گه‌وره‌مان له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندیی به‌ كامپی هۆل هه‌یه‌، زیاتر له‌ 30 هه‌زار ژن و منداڵی داعشی عیراقیی له‌كامپی هۆل-ن سێ هه‌زار ده‌ستگیركراوی داعشی عیراقیمان لایه‌، له‌و چوارچێوه‌یه ‌و هه‌روه‌ها له‌پرسی دژایه‌تیكردنی داعش و پرسی دیكه‌ی‌ هاوبه‌ش په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ هه‌مووان هه‌یه‌. هه‌ندێك وڵات په‌یوه‌ندیمان ته‌نها له‌چوارچێوه‌ی‌ دژایه‌تیكردنی تیرۆره ‌و هه‌ندێكیش په‌یوه‌ندی سیاسیشمان هه‌یه‌ وه‌ك میسرو وڵاتانی كه‌نداو.

*هه‌ندێك ده‌ڵێن بۆ خۆتان ده‌ستپێشخه‌ری‌ ناكه‌ن بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ توركیا، چونكه‌ به‌ئاسایی بونه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندیتان گه‌وره‌ترین رێگر له‌به‌رده‌م پێشكه‌وتنی رۆژئاوا هه‌ڵده‌گیرێت؟ ئێوه‌ ده‌ستپێشخه‌ریتان كردووه‌؟
-ئێمه‌ ده‌ستپێشخه‌ریمان كردووه‌، پێشتر په‌یوه‌ندیمان هه‌بوو. په‌یوه‌ندی سیاسی و هه‌واڵگریمان هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وان ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌یان پچڕاند و گۆڕان نه‌ك ئێمه‌. سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ به‌دیاریكراوی حكومه‌تی ئێستای توركیا حكومه‌تی (ئه‌كه‌په‌) پرسی په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ بۆ بارودۆخی ناوخۆی توركیا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، گرفتی ناوخۆیان هۆكاری سه‌ره‌كی پچڕاندنی په‌یوه‌ندیه‌كه‌ بوو، ئه‌وان ده‌یانه‌وێ‌ پرسی سوریا به‌تایبه‌ت رۆژئاوای كوردستان به‌كاربهێنن، ئه‌ردۆغان هه‌وڵده‌دات دۆسیه‌ی‌ رۆژئاوای كوردستان به‌كاربێنێت بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانی ناوخۆی خۆیان، بۆیه‌ دێت كیشه‌كانی ناوخۆ وه‌ده‌رده‌نێت، چونكه‌ پێیانوایه‌ ئێمه‌ به‌شێكین له‌ په‌كه‌كه‌و له‌دژی ئێمه‌ شه‌ڕیان راگه‌یاند! له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ راست نییه،‌ چونكه‌ پێشتر په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ هه‌بوو. هه‌ڤاڵانمان ده‌چوونه‌ ئه‌نكه‌ره‌و له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا كۆده‌بوونه‌وه‌و به‌شداریان له‌كۆبونه‌وه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ده‌كرد.. هتد.

*ئێوه‌ سه‌ركه‌وتوو بوون له‌وه‌ی‌ ئه‌و پرۆپاگه‌ندانه‌ی‌ له‌سه‌ر ئێوه‌ هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ ئێوه‌ په‌كه‌كه‌ن یان به‌شێكن له‌ په‌كه‌كه‌؟
-ناتوانم بڵێم سه‌ركه‌وتوو بوین، پرۆپاگه‌نده‌ی توركیا یان لۆبی تورك زۆر به‌هێزه‌ له‌ئه‌مریكا ئه‌وروپا، وێنه‌یه‌كی نا رۆشن ناڕاستیان پێشكه‌شكردووه‌. ئێمه‌ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ هه‌مووان هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی باشور و باكور، له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیتشمانیی و پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ڵام ته‌نها ئه‌وان په‌یوه‌ندی ئێمه‌یان گرێداوه‌ به‌ پارتی كرێكارانی كوردستان، جه‌ختیان له‌سه‌ر كردۆته‌وه‌و زیاده‌ڕۆیان تێداكردووه‌. ئێمه‌ نكۆڵی له‌بونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حزبه‌ كوردستانییه‌كان له‌هه‌موو پارچه‌كان نه‌كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وان زیاده‌ڕۆیان تێداكردووه‌. ئێمه‌ به‌ئاشكرا دوپاتمان كردۆته‌وه‌و رامانگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌شێك نین له‌پارتی كرێكارانی كوردستان. ئێمه‌ سنوورمان له‌گه‌ڵ توركیا له‌ 2012 وه‌ هه‌یه‌، هیچ په‌لامارێك و هێرشێكی سه‌ر توركیامان نه‌كردووه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وكاته‌ی‌ هێزه‌كانی رژێم له‌سه‌ر سنوور بوون، ئه‌وكاته‌ په‌كه‌كه‌ رۆژانه‌ ئه‌و سنوورانه‌ی‌ به‌كارهێناوه‌، ئێمه‌ به‌شێك نه‌بووین له‌و ململانێیه‌ی‌ نێوان په‌كه‌كه‌و توركیا، ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كی روونه‌ كه‌ ئێمه‌ به‌شێك نین له‌ په‌كه‌كه‌.
ئێمه‌ مه‌ترسی نین له‌سه‌ر توركیا، نامانه‌وێ‌ مه‌ترسی بین له‌سه‌ر توركیا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ده‌ستپێشخه‌ربوون له‌ هێرشكردنه‌ سه‌رمان. ده‌مه‌وێ‌ دووباره‌ی‌ بكه‌مه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیی نێوان ئێمه‌ و پارتی كرێكارانی كوردستان وه‌ك ئه‌وان بانگه‌شه‌ی‌ بۆ ده‌كه‌ن، راست نییه ‌و ته‌نها بیانوویەك بوو بۆ په‌لاماردانمان.

*به‌رله‌چه‌ند رۆژێك بڵاوكرایه‌وه‌ گوایه‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا و ڤلادمێر پۆتن سه‌رۆكی روسیا داوایان له‌ سه‌رۆكی توركیا كردووه‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ كۆببێته‌وه‌، ئه‌م هه‌واڵه‌ راسته‌؟
-به‌ڵێ‌ راسته‌، من بۆخۆم داوام له ‌سه‌رۆك تره‌مپ كرد نێوانگیریی ئێمه‌و توركیا بكات، ئه‌و داوایه‌ی‌ من پێش په‌لاماره‌كه‌ی‌ توركیا بوو بۆسه‌ر سه‌رێكانیی و گرێ سپی به‌چه‌ند رۆژێك، من پێموت ئێمه‌ نیه‌تی روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی‌ توركیامان نییه‌، بۆیه‌ تۆ سه‌رۆكێكی به‌توانای ده‌توانیت رۆڵی نێوانگر ببینی و من بۆخۆم ئاماده‌ی‌ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و كێشانه‌م. ئه‌ویش نامه‌كه‌ی‌ منی له‌گه‌ڵ نامه‌یه‌كی خۆی بۆ ئه‌ردۆغان ره‌وانه ‌كردبوو، وەڵامی سه‌رۆك تره‌مپ ئه‌رێنی بوو بۆ نێوانگیریی نێوانمان، هه‌مان رۆژ نامه‌یه‌كی بۆ ئه‌ردۆغان نوسیبوو. بۆی نوسیبوو كه‌ نامه‌كه‌ی‌ من به‌جددی وه‌رگرێت. سه‌رۆك تره‌مپ وتی من تایبه‌ت قسه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی توركیا ده‌كه‌م.
سه‌باره‌ت به‌ سه‌رۆك پۆتن به‌هه‌مانشێوه‌، له‌ڕێی‌ وه‌زاره‌تی به‌رگریی روسیا داوام له‌سه‌رۆك پۆتن كرد رۆڵی نێوانگر ببینێت و وەڵامی ئه‌و ئه‌رێنی بوو، پێموایه‌ ئه‌ویش داوای له‌ ئه‌ردۆغان كردووه‌.

*وەڵامی ئه‌ردۆغان چی بوو؟
-پێده‌چێت وەڵامه‌كه‌ی‌ نه‌رێنی بووبێت، سه‌رۆكی دوو له ‌گه‌وره‌ترین وڵاتی دونیا داوایان لێكردووه‌ په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ كورد یان نوێنه‌ری‌ گه‌لی كورد بكات به‌ڵام پێده‌چێت ره‌تیكردبێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش قه‌باره‌ی‌ رقی ئه‌و ده‌رده‌خات.

*هیچ رێككه‌وتنێك له‌نێوان روسیاو توركیا هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ دوورخستنه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی توركیا و چه‌كداره‌ تیرۆرخوازه‌كان له‌ رێگای M4 تا دووریی چوار كیلۆمه‌تر؟ به‌پێی‌ زانیارییه‌كی نوێ‌ گوایه‌ توركیا نایانه‌وێ‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ جێبه‌جێبكه‌ن؟
-ئه‌وه‌ داوایه‌كی روسیا بووه‌ له‌ توركیا.

*داوا یان رێككه‌وتن؟
-نه‌خێر داوایه‌كی روسیا بووه‌، ئه‌و داوایه‌ له‌پێناو كردنه‌وه‌ی‌ رێگای سه‌ره‌كی M4 نێوده‌وڵه‌تیه‌، داوای له ‌هه‌ردوولایه‌ن كردووه‌ 4 كیلۆمه‌تر له‌و رێگایه‌ بكشێینه‌وه‌، به‌ڵام توركەکان ئاماده‌نه‌بوون. پێموایه‌ گوشاری‌ روسیا بۆسه‌ر توركیا وه‌كو پێویست نییه‌ تاوه‌كو ئه‌و داوایه‌ جێبه‌جێبكه‌ن.

*په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنی سوریا؟ یان ئه‌وه‌ی‌ پێی‌ ده‌وترێت ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریا؟
-له‌سه‌ره‌تای‌ رووداوه‌كانی سوریا په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن زۆرباش بوو، له‌گه‌ڵ سوپای ئازاد باش بوو، ته‌نانه‌ت ئێمه‌ یارمه‌تی سوپای ئازادمان ده‌دا، ئه‌وكاته‌ ئێمه‌ پشتیوانمان ده‌كردن. له‌ سه‌ره‌تا 2011 و 2012 هاوكاریی سه‌ربازیشمان كردن، به‌ڵام دواتر توركیا په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ دروستكردن و داوای لێكردن دژایه‌تی یه‌په‌گه‌ بكه‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا هاوكاریی سه‌ربازییان بكات و ئه‌وانیش به‌و پێشنیاره‌ی‌ توركیا رازی بوون. ئۆپۆزسیۆن به‌ڕه‌سمیی به‌ئێمه‌یان وت كه‌ ئه‌وان سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ی‌ هاوكاریی و یارمه‌تی نوێیان دۆزیوه‌ته‌وه‌و مه‌رجی سه‌ره‌كی وه‌رگرتنی هاوكارییه‌كه‌ پچڕاندنی په‌یوه‌ندیی بوو له‌گه‌ڵ ئێمه‌، پاشان توركیا له‌ 2012 مه‌رجی به‌رده‌وامیی یارمه‌تییه‌كانی به‌سته‌وه‌ به‌رامبه‌ر په‌لاماردانی ناوچه‌ كوردییه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌و هێزه‌ چه‌كدارانه‌ و كۆنترۆڵكردنی ئه‌و ناوچانه‌. یه‌كه‌م شه‌ڕ له‌نێوان ئێمه‌و ئه‌و چه‌كدارانه‌ له‌ حه‌له‌ب بو كاتێك په‌لاماری هێزه‌كانی ئێمه‌یاندا، هه‌روه‌ك دواتر له‌ عه‌فرین و له‌ 2012 له‌ سه‌رێكانیی په‌لاماریانداین.
به‌داخه‌وه‌ ئیئتیلاف و سوپای ئازاد چاره‌نووسی خۆیان گرێداوه‌ به‌توركیاو توركیاش مه‌رجی سه‌پاندووه‌ به‌سه‌ریاندا كه‌ دژایه‌تی هێزه‌كانمان بكه‌ن له‌پێناو به‌رده‌وامیی یارمه‌تیه‌كه‌یان، به‌هه‌مانشێوه‌ گروپی نوسره‌و داعش په‌لاماریانداین، له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ پێموایه‌ ئۆپۆزسیۆن گه‌یشتۆته‌ خاڵێك ناتوانێت پاشه‌كشه‌ی‌ لێبكات و ده‌ست له‌توركیا هه‌ڵگرێت. توركیا رێگایان نادات په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئێمه‌ دروستبكه‌ن.
ئه‌مریكییه‌كان هه‌وڵده‌ده‌ن بۆچونه‌كان له‌یه‌كتر نزیك بكه‌نه‌وه‌، له‌رووی نه‌زه‌رییه‌وه‌ شكستیان خواردووه‌، هه‌ندێ لایه‌نی ناو هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیش هه‌وڵیانداوه‌، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، له‌به‌رئه‌وه‌ مومكین نییه‌ ئۆپۆزسیۆن په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ دروست بێت چونكه‌ ئه‌وانه‌ گرێدراوی توركیان.
*په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان؟
-په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت هه‌یه‌، په‌یوه‌ندی بازرگانیمان هه‌یه‌، ده‌توانین بڵێین په‌یوه‌ندیمان خراپ نییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌ك دوو ئیداره‌ی‌ برا ته‌ماشا بكه‌ین، ئه‌وا ده‌توانین بڵێین وه‌كو پێویست نییه‌.

*وه‌كو پێویست نییه‌؟
-له‌ئاستی په‌یوه‌ندی نێوان براكان نییه‌، ئه‌وان هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیایان به‌هه‌ند وه‌رگرتووه‌.

*پرسی كامپی هۆل، چۆن چاره‌سه‌ر ده‌بێت چونكه‌ وه‌ك بۆمبێكی ته‌وقیتكراوه‌؟
-پێویسته‌ یارمه‌تی نێوده‌وڵه‌تی زۆر زیاتر بێت له‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌، پشتیوانیی و یارمه‌تی نێوده‌وڵه‌تیی رێگایه‌كی باشه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و كێشه‌یه‌. تائێستا ئه‌و پشتیوانیی و یارمه‌تییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ی هه‌یه‌ وه‌كو پێویست نییه‌و ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری‌ زۆر خراپ ده‌كاته‌ سه‌ر ژیان له‌كامپی هۆل، كاریگه‌ری‌ خراپ ده‌كاته‌ سه‌ر رێوشوێنی ئه‌منی كه‌ له‌و سه‌ربازگه‌یه‌ هه‌یه‌. هه‌روه‌ك گرفتی خێزانی داعشه‌ بیانیه‌كانیشمان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ گرفته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌یه‌. هه‌ندێك وڵات نامه‌نه‌وێ‌ ئه‌وانه‌ دوباره‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ وڵاته‌كه‌مان جارێكی دیكه‌، پێویسته‌ ئێوه‌ لای خۆتان بیانهێلنه‌وه‌.
30 هه‌زار عیراقیمان لاهه‌یه‌، به‌شێكیان خێزانی داعشه‌كانن و به‌شێكیشیان چه‌كداری داعشن، تائێستا حكومه‌تی عیراق ئاماده‌نییه‌ پێشوازیان لێبكات. به‌ئێمه‌یان ووتوه‌ ئێمه‌ پێویستمان به‌ئاماده‌كاریی و پشتیوانیی گه‌وره‌ هه‌یه‌! پێم ووتن ئه‌گه‌ر ئێوه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تن نه‌توانن پێشوازیان لێبكه‌ن و ئه‌ی‌ ئێمه‌ چۆن بتوانین چاودێریان بكه‌ین.
به‌راستی كێشه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تییه‌و پێویسته‌ چاره‌سه‌ر بكرێت. سه‌باره‌ت به‌ داعشه‌ گیراوه‌كان، ئه‌وا ئێمه‌ داعشه‌ سورییه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین، دوباره‌ له‌ڕێی‌ چاكسازیی چاكیانده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆنێو كۆمه‌ڵگا یان له‌ڕێی‌ دادگا سزایان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنین یان چاره‌سه‌ری دیكه‌یان بۆ ده‌دۆزینه‌وه‌، به‌ڵام داعشه‌ بیانییه‌كان ئه‌وه‌ به‌رله‌هه‌مووشتێك پرسێكی سیاسیه‌، گرفته‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ هه‌ندێ وڵات مامه‌ڵه‌ی‌ ئه‌منی له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه‌دا ده‌كات، ده‌یانه‌وێ‌ به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا بكه‌ن نه‌ك به‌ڕه‌سمیی، ته‌نانه‌ت ئێمه‌ هه‌ستده‌كه‌ین زۆر جددی نین له‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌، ئه‌مه‌ش بۆخۆی گرفته‌، بۆیه‌ ئێمه‌ پێموانوایه‌ پرسه‌كه‌ سیاسیه‌ به‌پله‌ی‌ یه‌كه‌م.
گرفتی خێوه‌تگای هۆل و داعشه‌ گیراوه‌ بیانیه‌كان ته‌نها به‌وه‌ چاره‌ناكرێت بێن به‌نهێنی هاوڵاتییه‌ بیانیه‌كانیان ببه‌ن یان هه‌ندێ هاوكاریی پێشكه‌ش بكه‌ن، ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ر نییه‌، به‌ڵكو پێویسته‌ له‌چوارچێوه‌یه‌كی سیاسیدا ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت. پێویسته‌ یه‌كه‌مجار سوپاسی رێڤه‌به‌ری‌ خۆسه‌ر بكه‌ن كه‌ ئه‌و تیرۆرستانه‌ی‌ گرتوه‌و دواتر سه‌رباری‌ ئه‌و بارودۆخه‌ ناخۆشه‌ پاراستونی لایخۆی. بۆیه‌ پێویسته‌ وڵاتانی په‌یوه‌ندیدار بێن هاوڵاتیانی خۆیان به‌ڕه‌سمیی له‌ رێڤه‌به‌ری‌ خۆسه‌ر وه‌رگرنه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ یارمه‌تییه‌كی زۆر سنورداره‌و هه‌ندێ له‌رێكخراوه‌كان پێشكه‌شی ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌رووی سیاسیه‌وه‌ هیچ شتێك پێشكه‌ش نه‌كراوه‌

*پێتانوایه‌ دوباره‌ توركیا هێرش بكاته‌ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان و شه‌ڕ دوباره‌ ببێته‌وه‌و ناوچه‌ی دیكه‌ داگیربكات؟
-له‌وانه‌یه‌ توركیا به‌تایبه‌ت ئیداره‌ی‌ ئه‌ردۆغان ئه‌وه‌ بخوازن، به‌ڵام له‌رووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ دوو رێككه‌وتن هه‌یه‌، یه‌كه‌میان رێككه‌وتنی (سوچی)ه‌ له‌نێوان ئه‌ردۆغان و پۆتن، ئه‌وی دیكه‌شیان رێككه‌وتنی (ئه‌نكه‌ره‌)یه‌ له‌نێوان مایك پێنس جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكاو ئیداره‌ی‌ توركیا.
ئه‌و دوو رێككه‌وتنه‌ ده‌ستی ئه‌ردۆغان ده‌به‌ستن. له‌رێككه‌وتنی سوچی روسیا رایگه‌یاند كه‌ هێزه‌كانی سوریای‌ دیموكرات پابه‌ند بووه‌ به‌رێككه‌وتنه‌كه‌و له‌ناوچه‌كان كشاوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌رێككه‌وتنی ئه‌نكه‌ره‌ هه‌ردوولایه‌ن ئه‌مریكاو توركیا رایانگه‌یاند كه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێكراوه‌.
له‌وانه‌یه‌ توركیا بیانو بگرێت، به‌ڵام به‌رپرسیارێتی قانونیی هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مریكاو روسیا. به‌پێی‌ یه‌كێك له‌به‌نده‌ سه‌ره‌كییه‌كانی رێككه‌وتنی ئه‌نكه‌ره‌، ئه‌گه‌ر توركیا رێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ به‌زاند یان پابه‌ند نه‌بوو ئه‌وا روبه‌رووی سزای توند ده‌بێته‌وه‌ له‌لایه‌ن ئیداره‌ی‌ ئه‌مریكا، سزاكان ئاماده‌ن و ئێمه‌ به‌ئه‌مریكییه‌كانمان وتووه‌ ئه‌گه‌ر توركیا پابه‌ند نه‌بوو به‌رێككه‌وتنه‌كه‌ ئه‌وا پێویسته‌ سزاكانی به‌سه‌ردا جێبه‌جێبكه‌ن. ئابووری توركیاش به‌رگه‌ی‌ سزاكانی ئه‌مریكا ناگرێت.
ناوچه‌ كوردییه‌كان كه‌ توركیا هه‌وڵده‌دات په‌لاماریان بدات وه‌كو كۆبانی و جزیره‌و دربێسیه‌و عاموداو قامیشلیۆو دێریك ..هتد له‌و ناوچانه‌ ئێمه‌ به‌شێوه‌یه‌كی زۆرباش ئاماده‌ین بۆ به‌رگریی و ئه‌گه‌ر په‌لاماربده‌ن ئه‌وا شه‌ڕێكی گه‌وره‌ رووده‌دات دڵنیابه‌ توركیا زه‌ره‌ر ده‌كات.

*جۆرێك له‌ به‌ره‌یه‌ككه‌وتن هه‌یه‌ له‌نێوان هێزه‌كانی ئه‌مریكاو روسیا له‌ رۆژئاوای كوردستان، رێگا له‌یه‌كتر ده‌گرن، پێتوایه‌ ئه‌وه‌ سه‌ره‌تای ململانێیه‌كی دیكه‌یه‌ له‌نێوان ئه‌مریكاو روسیا؟
-ئه‌گه‌ر دروست بێت بڵێم ناوچه‌كانی نفوزی خۆیان دابه‌شكردووه‌، له‌سه‌ر نه‌خشه‌ جێگیریان كردووه‌.

*ژوری عه‌مه‌لیاتی هه‌ماهه‌نگییان نییه‌؟
-ژوری‌ هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌شیان هه‌یه‌، ئێمه‌ وه‌ك هێزه‌كانی سوریای‌ دیموكرات هه‌ماهه‌نگیمان له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه‌، هه‌روه‌ها خۆیشیان هه‌ماهه‌نگیان له‌سه‌ر ئاستی باڵا هه‌یه‌، زه‌وی و بۆشایی ئاسمانیان له‌نێوان خۆیاندا دابه‌شكردووه‌، واته‌ زه‌وی و ئاسمانیان دابه‌شكردووه‌و له‌دژی یه‌كتر بارگرژی دروستناكه‌ن. تائێستا ئه‌وه‌ی‌ ده‌بینرێت هێزه‌كانی روسیا ده‌ربازی ناوچه‌ی‌ نفوزی ئه‌مریكا ده‌بن و هێزه‌كانی ئه‌مریكاش به‌ریان لێده‌گرن.

*واته‌ هێزه‌كانی روسیا سه‌ركێشی ده‌كه‌ن و پابه‌ند نین و ده‌چنه‌ ناوچه‌كانی ئه‌مریكا؟
-روسه‌كان ده‌رباز ده‌بن، پێموانیه‌ بارودۆخه‌كه‌ گرژ ببێت چونكه‌ له‌نێوان خۆیان دابه‌شیان كردووه‌، ئه‌و گرفتانه‌ به‌رده‌وام ده‌بن، ململانێ نییه‌ به‌ڵكو جۆرێك له‌ پابه‌ند نه‌بوون به‌ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ نێوانیان هه‌یه‌.

*دوایین پرسیارم، ده‌توانی هه‌ندێك زانیارییمان بده‌یتێ‌ سه‌باره‌ت به‌كوشتنی به‌غدادیی و ئه‌و ئۆپەراسیۆنه‌ی كراو سه‌ره‌نجام كوژرا؟
-راستیه‌كه‌ی‌ پێش شه‌ڕی باغۆز ئێمه‌ شوێنی به‌غدادیمان ده‌زانی و دوای شه‌ڕی باغۆزیش ده‌مانزانی، دوای ئه‌وه‌ی‌ دڵنیابوین چۆته‌ ئیدلب به‌شداریمان به‌ ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مریكا CIA كرد بۆ به‌دواداچونی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی.
له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ په‌یوه‌ندیی و هه‌ماهه‌نگی له‌نێوانمان ده‌ستیپێكرد، ته‌واوی كاروباره‌كانی هه‌واڵگریی سه‌باره‌ت به‌و پرۆسه‌یه‌ له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ بوو، واته‌ ته‌واوی كاروباره‌كانی رێكخستنی سه‌رچاوه‌و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه‌و هه‌موو كاروباره‌كان له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌رانی هه‌واڵگری ئێمه‌بوون، به‌ ئاماده‌بوونی ئه‌فسه‌رانی ئه‌مریكا. هه‌روه‌ك كاتی ئۆپراسیۆنه‌كه‌ ئێمه‌ ده‌ستنیشانمانكرد، كاتێكی دیاریكراومان ده‌ستنیشانكرد.
ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی به‌رده‌وام شوێنی خۆی ده‌گۆڕی، له‌شوێنێكه‌وه‌ ده‌چووه‌ شوێنێكی دیكه‌ و ده‌زگای‌ هه‌واڵگری ئێمه‌ له‌ڕێی‌ سه‌رچاوه‌ی‌ خۆمان شوێنی مانه‌وه‌یان بۆ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی دابینكرد بۆئه‌وه‌ی‌ بچێته‌ ئه‌و شوێنه‌ی‌ دابینكراوه‌. ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌ڕێی‌ خه‌ڵكی زۆر نزیكی به‌غدایه‌وه‌ كراوه‌، ئه‌و شوێنه‌ی‌ به‌غدادی ئێمه‌ بۆمان دابینكردو خۆی گوێزایه‌وه‌، شوێنێكی گونجاو بوو بۆ پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كه‌. به‌غدادی بۆ خۆپاراستن پشتی به‌پاسه‌وان یان چه‌ك نه‌ده‌به‌ست، به‌ڵكو پشت به‌ستوبوو به‌خۆشاردنه‌وه‌و خۆ گۆڕین و به‌نهێنی جوڵه‌كردن به‌بێ‌ بونی پاسه‌وان، ئه‌و پیاوه‌ پاسه‌وانی نه‌بوو، پێموایه‌ له‌و شوێنه‌ چه‌كیشی پێنه‌بوو.
ئه‌و پشتی بەخۆشاردنه‌وه‌ ده‌به‌ست نه‌ك ستراتیژییه‌تی به‌رگریكردن، ئێمه‌ ئه‌وه‌مان زوو ده‌زانی. ئێمه‌ زانیارییمان هه‌بوو ده‌مانزانی كێ‌ له‌ماڵه‌كه‌ی‌ به‌غدادیه‌، ژماره‌یان چه‌نده‌و ورده‌كاری ژووره‌وه‌، ئه‌و تۆنێله‌ی‌ سه‌رۆك تره‌مپ باسی لێوه‌كرد ئه‌وه‌ تۆنێل نه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌وه‌ شوێنێكی ژێر زه‌وی بوو بۆ خۆ حه‌شاردان و له‌ناو ژوورێكدابوو، پلانه‌كه‌ی‌ به‌غدادی ئه‌وه‌بوو ئه‌گه‌ر شتێك بوو ده‌ستبه‌جێ بچێته‌ ئه‌و ژووره‌ی‌ له‌ژێرزه‌وی دروستیكردبوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و نه‌یده‌زانی ئه‌وه‌بوو كه‌ ئێمه‌ شوێنی ژووره‌كه‌و ورده‌كاریی جموجۆڵی ژووره‌وه‌مان ده‌زانی.
كاتێك ده‌نگی فڕۆكه‌ یان هه‌لیكۆپته‌ره‌كانی بیست رایكرد بۆناو حه‌شارگه‌كه‌ی‌ كه‌ له‌ژێر زه‌وی دروستیكردبوو، ئه‌و له‌وێ‌ خۆی حه‌شاردابوو، ئێمه‌ ده‌مانزانی و نه‌یده‌توانی بۆ شوێنێكی دیكه‌ رابكات، واته‌ ده‌رفه‌تی ده‌ربازبوونی له‌ ئۆپەراسیۆنه‌كه‌ نه‌بوو. ئه‌و پێی وابوو ده‌چنه‌ ژووره‌وه ‌و كه‌س نادۆزنه‌‌وە، به‌راستیش سه‌ربازه‌كان چوونه‌ ژووره‌وه‌و ئه‌ویان نه‌دۆزییه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی‌ له‌ماڵه‌كه‌دابوون وتیان لێره‌ نییه‌، بێگومان سه‌ربازه‌كان به‌بێ‌ هیچ به‌رگرییه‌ك چوونه‌ ژووره‌وه‌. ئه‌وانه‌ی‌ له‌ماڵه‌كه‌بوون هه‌ر هه‌موویان خه‌ڵكی سوریا بوون، خه‌ڵكی ئیدلب و ناوچه‌ی دیكه‌ بوون و مه‌ده‌نی بوون، به‌شێكیان خێزانی به‌غدادی بوون و ژماره‌یه‌كیشیان خه‌ڵكی دیكه‌ بوون.
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی ئۆپەراسیۆنه‌كه‌ به‌غدادی كوڕه‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ خۆی ده‌باته‌ ژووره‌كه‌ی‌ ژێر زه‌وی، كه‌سی دیكه‌ی‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا نه‌بردبوو، ئه‌وانه‌ی‌ له‌ده‌ره‌وه‌بوون خێزانه‌كانی و ژنی دیكه‌شی لێبوو. ئه‌وه‌ی‌ زۆر گرنگ بوو ئێمه‌ حه‌شارگه‌كه‌مان ده‌زانی، چونكه‌ سه‌رچاوه‌كانی خۆمان چاودێریان كردبوو، شوێنی چوونه‌ ژووره‌وه‌ و شوێنی هاتنه‌ده‌ره‌وەیان ده‌زانی.
له ‌ئۆپەراسیۆنه‌كه‌دا هاوكاریی هێزه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی‌ ئه‌مریكایان كرد بۆ ته‌قاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ژووره‌ی‌ به‌غدادی له‌ژێر زه‌وی دروستیكردبوو. سه‌رچاوه‌كانی ئێمه‌ رۆڵی هه‌ره‌ سه‌ره‌كییان له‌پرۆسه‌كه‌دا بینی. پێشتریش وتومانه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ نه‌بوینایه‌ زۆر زه‌حمه‌ت بوو ئۆپەراسیۆنه‌كه‌ سەرکەوتوو بوایە.
سه‌رچاوه‌كانی ئێمه‌ هه‌موو شتێكیان كرد، هیچ ته‌قه‌یه‌ك له‌شوێنه‌كه‌دا نه‌كراوه‌، یان روبه‌رووبونه‌وه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌و سه‌گه‌ی‌ كه‌ سه‌رۆك تره‌مپ باسی ده‌كات چووه‌ ژووره‌وه‌ دوای ته‌قاندنه‌وه‌ی‌ حه‌شارگه‌كه‌ تاوه‌كو له‌پرۆسه‌كه‌دا مرۆڤ نه‌كوژرێت و زیانی گیانی نه‌بێت، دڵنیابن له‌وه‌ی‌ ئامانجه‌كه ‌و ئۆپەراسیۆنه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو بووه‌، ئه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌بوو ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌رگرییه‌ك هه‌بێت، ئه‌وا سه‌گه‌كه‌ بپێكرێت نه‌ك مرۆڤ. ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌هاوبه‌شی بوو له‌گه‌ڵ هێزی تایبه‌تی ئه‌مریكا به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمیی سه‌ركردایه‌تی ئه‌مریكا سوپاسیان كردین، سه‌رۆكی ئاژانسی هه‌واڵگری ئه‌مریكا (CIA) سوپاسی كردین.

print

 79 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*