سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » دڵسۆزی و خۆشەویستی بۆ یەكێتی

لەناو روداوەکاندا

دڵسۆزی و خۆشەویستی بۆ یەكێتی

دوای‌ كۆنگره‌
بەشی چوارەم

لەدوای ژیانئاوایی سەرۆك مام جەلال، دەزووی ڕۆحی و خۆشەویستی لەنێوان هەڤاڵانی یەكێتی و سەركردایەتی یەكێتیدا بچڕاوە و بەدرێژایی مێژووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە هێندەی ئەم قۆناغە كادر و هەڤاڵ و هەڵسوڕێنەری یەكێتی لە حیزبەكەیان جیانەبوونەتەوە و ڕیزەكانی یەكێتییان جێنەهێشتووە، لەو قۆناغەدا سەركردەو خەمخۆرێكی یەكێتی دڵی دانەخورپا بۆ ئەو هەموو هەڤاڵەی یەكێتی كە كەشكۆڵی چوار دەیەی خەباتیان لەڕیزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێچایەوە و یان ڕیزەكانی یەكێتییان جێهێشت و جوونە ناو حیزبی دیكە یاخود بە دڵی پڕ لە گلەیی و چاوی پڕ فرمێسكەوە چوونە ماڵەوە.
قۆناغی دوای كۆنگرە، قۆناغێكی فرە ڕەهەند و فرە باس و فرە لێكەوت دەبێت بۆ جومگە هەستیار و پڕ كێشە و ئاریشەكانی یەكێتی و مێژووە دەوڵەمەندەكەی، لەم قۆناغەدا هەموو ئەو كەلێن و برینەی كەوتۆتە جەستەی یەكێتی و ئەو بۆشاییە گەورەیەی لەنێوان هەڤاڵانی یەكێتی و دڵسۆزانی یەكێتیدا دروست بووە، بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی و ئەخلاقی و حیزبی دەخاتە ئەستۆی سەركردایەتی نوێی یەكێتی كە دوور لە ویستی بەرە و باڵ ! و ئەم و ئەو ڕوو بكەنەوە كادرو هەڤاڵانی یەكێتی بەگشتی و كادرو هەڤاڵانی تۆراو بەتایبەت و جارێكی دیكە ئەو دەزووە خۆشەویستییە بچڕاوەی نێوان هەڤاڵان و تۆرانیان لەكوێدا بچڕاوە گرێ بدەنەوە و جارێكی دیكە كادرو هەڤاڵانی یەكێتی لەسەر ڕێبازی مام و بەخۆشەویستی و دڵسۆزی لە دەوری یەكێتی كۆبكەنەوە.
لە بەشەكانی یەكەم و دووەم و سێیەمی ئەم زنجیرە وتارەدا بەزمانی ڕەخنە بەڵام ڕەخنەیەكی ئەخلاقی باسی ئەوەم كرد كە؛ بەشێكی ئەم تۆران و نەمانی خۆشەویستییە لەلای كادرو هەڤاڵانی یەكێتی بۆ حیزبەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەركردایەتی كۆن و ئەوان بەرپرسانە و خەمخۆرانە بەدەم كادرو هەڤاڵانیانەوە نەچوون لە قۆناغە جیاوازەكانداو بەشێوەیەكی زۆر هەست بەوە دەكرا كە كادرو هەڤاڵانی یەكێتی لە خۆشەویستی و خەمخۆری سەركردایەتییەكەیان بێبەشكراون.
قۆناغی دوای كۆنگرە لانی كەم دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارو تێڕوانینە بداتەوە كە بۆچی هەڤاڵانی یەكێتی و كادرە خەمخۆر و دڵسۆزەكانی جارانی یەكێتی لە ئێستادا هەمان خۆشەویستی و بەها ڕۆحییەكەی جارانیان نییە لەلای سەركردە و سەركردایەتی و بەرپرسانی ئەم حیزبە؟ ئەو یەكێتییەی كە جاران كادرو هەڤاڵەكانی بە خۆبەخش و بەبێ بەرامبەر خوێنی خۆیان دەبەخشییە ڕێبازەكەی مام جەلال، ئەمڕۆ لەسەر دەستی ژمارەیەك سیاسی و بەرپرسی ئەم حیزبە پاشەكشێیان كردووە لە خۆشویستن و دڵسۆزی بۆ ڕێبازە پڕ قوربانی و مێژووە دەوڵەمەندە نەتەوەیی و نیشتمانی و تێكۆشانەكەی یەكێتی؟
لە وتارەكانی دیكەی پێشوودا ئەوەمان وت : نابێت پێمان وابێت ئەنجامدانی كۆنگرە تەواوی كارەكان و تەواوی خەون و ئامانجەكانی هەڤاڵان و لایەنگرانی یەكێتییە، بەپێچەوانەوە قۆناغی دوای كۆنگرە لە خودی كۆنگرە خۆی قورسترە. لەم قۆناغەی ئێستادا وردتر و گەورەتر كێشەكان دەبینین و ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە وەزیفەی سەركردایەتی نوێ ئەوەیە كە هەڤاڵ بە هەڤاڵ لەدەرگایان بدرێت و دڵی تۆراویان ئاشت بكرێتەوە، دەبێت سەركردایەتی نوێ ئەو دروشمە بەرز بكاتەوە كە «هەڤاڵە تۆراوەكانمان ئەگەر دەرگاكانیشمان لێدابخەن ئەوا ئەوان لە پەنجەرەوە دەچنە ژوورەوە بۆ ئاشتكردنەوەیان و دڵدانەوەیان».
ئەگەر سەركردایەتی نوێ یەكێتییەكی بەهێز و تۆكمەی دەوێت كە لەگەڵ قۆناغەكە و شایانی مێژووی یەكێتی بێت، ئەوا بەبێ زیندووكردنەوەو دروستكردنی دڵسۆزی لەلای هەڤاڵ و كادری یەكێتی بۆ حیزبەكەیان، یەكێتییەكی لەو شێوەیە دروست نابێت كە دڵسۆزەكانمان لە هەموو جیهانەوە داوامان لێدەكەن. یەكێتییەكی بەهێز بەوە دەبێت بەلینكێكی بەهێزی ڕۆحی هەموو هەڤاڵانی یەكێتی بهێنرێتەوەسەر سیفاتی مێژوویی یەكێتی. لێرەیشەوە دەبێت سوود لەو دروشمەی مام جەلال وەربگیردرێت كە هەموو هەڤاڵانی بە كەس و براو هەڤاڵی خۆی دەزانی و خۆیشی بۆ هەموان بوو.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*