سەرەکی » وتار » حاكم قادر حه‌مه‌جان » ئەنجومەنی شارەوانییەكان،ئەزموونێكی شارستانی پاش راپەڕینپەڕە 3

لەبیرەوەریی (20) ساڵ تێپەڕبوون بەسەر هەڵبژاردنیاندا

ئەنجومەنی شارەوانییەكان،ئەزموونێكی شارستانی پاش راپەڕین

پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانییەكان لەقۆناغی ئازادیی پاش راپەڕینی ساڵی 1991، ئەزموونێكی نوێی بەڕێوەبردن و پرۆسەیەكی نوێی شارستانی و دیموكراسی و دیاریكردنی نوێنەرانی خەڵك، بۆ خزمەتی خەڵك، هەڵبژاردنیان بەدەنگی خودی خەڵك بوو، كە پێشتر بەهۆی دەسەڵاتی سیاسی خۆسەپێنی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عیراقەوە تەواوی خەڵكی عیراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لەو مافە دیموكراسییە بێبەش كرابوون.
هەروەك متمانەپێبەخشینی دەنگدەری خوازیاری نوێبوونەوەو بەدەستهێنەری پڕۆژەو كاری خزمەتگوزاری و جوانكاری و دەستەبەری ژینگەیەكی خاوێن و لەباری شارو شارۆچكەكانیان بوون، پرۆسەكە كە بەشێوازێكی زۆر ئازادانەو دوور لە تەزویرو یاریكردن بەدەنگ و مافی دەنگدەر بەڕێوەچوو، خەباتێكی دیكەی خەڵكی تینو بەمومارەسەكردنی پرسی دیموكراسی بوو كە لەپاش راپەڕینەوە تائێستا بە بێگەردترین پرۆسەی هەڵبژاردن ئەژماردەكرێت.

ئەنجامە سەركەوتووەكەی ئەنجومەنی شارەوانییەكان
پرۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییەكان، لە پێناو فەراهەمكردنی دەستەجەمعێكی خزمەتگوزارو راهاتنی خەڵكی كوردستان بە سیستمێكی تەواو جیاواز لەو شێوازی بەڕێوەبردن و سیستمەی بەر لەڕاپەڕین، وەك سیستمێكی میللی و حوكمی گەل كە گوزارشت لەخواست و ئەو ویستە سیاسییە بكات كە بەدەنگی خەڵك پێكهاتبێت، لەسەروبەندی بارودۆخێكی ئاڵۆزو دژوارو نەخوازراو، سەپێنراوی هەردوو گەمارۆی ئابووریی عیراق و نێودەوڵەتییەوە هاتەكایەوە، نەیارانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە هەڵسوڕێنەرو داینەمۆی بیرۆكەكەو بەگەڕخەری پرۆسەكە بوو لەئەنجامە سەركەوتووەكەی شۆك بوون.
ئەوەی جێی شانازی و بەختەوەریی ئەوساو ئێستاو داهاتووی ئێمەو ئەو ئەندامە ماندونەناسانەی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانییە و لەوادەی دیاریكراوی یاسایی كارەكانماندا كە بەداخەوە لە پاش تەواوبوونی وادەی یاسایی كاركردنی ئەو ئەنجومەنەوە پتر لە (9) نوسراو و داواكاریمان بەمەبەستی سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەی ئەنجومەنی شارەوانییەكان ئاڕاستەی بەڕێزان ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی كوردستان كردووەو بێوەڵام بووە، بەهەموو كەموكوڕی و ناتەواوییەكانییەوە كە لەهەندێ قۆناغدا زیاتر بۆ كەمیی داهات دەگەڕایەوە، هێشتا كارنامەو پڕۆژەكانمان، كە شاری بۆ قۆناغێكی جیاوازی گۆڕانكاری و پێشكەوتن لەسەرجەم بوارەكانی ئاوەدانی و جوانكاری گواستەوە، جێی رەزامەندیی زۆرینەی خەڵك بوو.

پڕۆژە گرنگ و کاریگەرەکان
-هەرچی ئاوەڕۆ سەربەتاڵەكان بوو بەپڕۆژەی ئەندازیاری سندوقیی؛ داپۆشران، بەئاوەڕۆ فەرعییەكانی كۆڵان و ژێر شەقامەكانیشەوە.
-تەواوی تۆڕەكانی ئاو كە زۆر كۆن بوون و لەزۆربەی گەڕەكە میللییەكاندا تێكەڵ بەزێراب ببوون، لەسەرجەم سنوری شاردا نوێكرانەوەو بەگەڕەكە تازەكانیشەوە تۆڕی ئاوو ئاوەڕۆیان بۆ راكێشرا.
-بۆ یەكەم جار لەو وادەی كاركردنەدا توانرا كارێزو كانیاوەكان لەفەوتان و لەناچوون بپارێزرێن و بەپێی پڕۆژەیەكی ئەندازەیی هاوچەرخ و بەهاوكاریی كارێزهەڵكەنە شارەزاو دێرینەكان، وێڕای خاوێنكردنەوەیان، ئاڕاستەی ئاوی دەرچووی كارێزو كانیاوەكان رێكخران و چەندین عەمباری هەڵگرەوەی ئاوەكانیان بنیاتنران و بۆ ئاودانی باخچەكان سوودیان لێوەرگیرا.
-كۆنكرێتكردنی تەواوی كۆڵان و شەقامە فەرعییەكانی نێو گەڕەكەكانی شار، پێشتر لەسەردەمی حوكمڕانی رژێمی بەر لە راپەڕیندا ئەو پڕۆژەیە بۆ هیچ كۆڵانێك لەسنوری گەڕەكەكاندا جێبەجێنەكرابوو، یەكەم قۆناغیش لەسنوری گەڕەكە میللی و خانووە قوڕەكانەوە دەستمانپێكرد.
-لەبواری گرنگیدانی ئەنجومەنی شارەوانی بەلایەنی پاكڕاگرتنی ژینگە لەسنووری شاری سلێمانی‌و رێگا سەرەكییەكانی دەروازەكان، رێژەی سەوزایی لەئاستی ستاندار نزیكبۆوە. زۆرترین ژمارەی باخچەو پارك بەپاركی ئازادی و شەهید سەڵاحی موهەندیس و پاركی مەلیك مەحمود و پاركی مەحمودی مەلاعیزەت و هەرسێ باخچەی رازاوەی وڵوبە، شۆستەی شەقامە سەرەكی و فەرعییەكان و كۆڵانەكان بەچاندنی نەمام و درەخت رازانەوە.
-پشتبەستن بەیاسا تایبەتەكانی بەڕێوەبردنی شارەوانییەكان، بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی داهات بەبێ ئەوەی لەسەر هاووڵاتی بارگرانی دروستبكات، داهاتی شارەوانی رێكخرایەوە.
-شەقامەكان بەشەقامی بازنەیی مەلیك مەحمودیشەوە نوێكرانەوەو چەندین شەقام و رێگای نوێ، لەوانە شەقامی مامۆستایان و جووتسایدی گردەبڕاوەكە تا گەیشتن بەسەرچنار، شەقامی رازاوەی جووتسایدی بەردەم ئەمنەسوورەكە و باخچەی رازاوە تا گەیشتن بەشەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود و شەقامی دووسایدی (میدیا) لەپردی كۆبانییەوە رووەو زەرگەتە شۆڕدەبێتەوە تا دەگاتە پردی خەسرەو خاڵ و گەیشتن بە شەقامی بازنەیی شەست مەتری و چەندین شەقامی لاوەكی، راكێشران و قیرتاوكران.

دابەشكردنی زەوی بەسەر سەرجەم چینوتوێژەكاندا
-بۆ كەمكردنەوەی ئاستی بەرزی رێژەی كرێنشینی و پاداشتكردنی فەرمانبەرو كارمەندان و مەئمورانی دەوڵەت، پرۆسەی ئیفرازكردنی زەوی نیشتەجێ و دابەشكردنی بەسەر سەرجەم چینوتوێژەكانی كۆمەڵگەدا بەشێوەی یەكسان و دادپەروەر بەپێی لیستی تایبەت بەخۆیان و بەسیستمی خاڵبەندی، تاپۆكردن و بەیاساییكردنی گەڕەكە بێتاپۆكانیش، پڕۆژەیەكی تری ئەنجومەنی هەڵبژێردراوی سلێمانی بوو.
-رێكخستنی گۆڕستانەكان و بنیاتنانی دیواربەند بەدەوریانداو دروستكردنی گۆڕستانێكی نوێ لەسنووری (كانی با).
-پاكڕاگرتنی شەقام و كۆڵان و گوزەرو ناوبازاڕی گەورەی شار وەك كاری رۆژانەو هەڵمەتی بەرفراوانی خاوێنكردنەوەی هەر جارەو بۆ سنووری گەڕەك و گوزەرێك و بەرفراوانتری ساڵانەی دەستەبركردنی ژینگەیەكی لەبار بۆ پاراستنی تەندروستیی كۆمەڵ، ئەرك و كارنامەی شارەوانی و بەشی خزمەتگوزاری شارەوانی بوو بەسەركەوتوویی بەڕێوەدەچوو، لەدوای سەركەوتنی پرۆسەی ئازادكردنی عیراق بەهەوڵ و ماندوبوونی كرێكارانی ژینگەپارێزو كارمەندانی بەشی ئامێرەكان، شاری كەركوك و هەردوو شارۆچكەی جەلەولاو خانەقین، خاوێنكرانەوە.
-هاندانی وەبەرهێنان و ئاسانكاری بۆ وەبەرهێنەران و كۆمپانیاو خاوەنكارەكان لەپێناو رەخساندن و پەیداكردنی هەلی كار بۆ بێكاران و بەخشینی رووی گەشی شارستانی و جوانكاری شار بەتایبەت لە رووی بیناسازییەوەو ئامادەكردنی نەخشەو پلانی ئەندازەیی بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی شەقامی بازنەیی (100) مەتری، كە بەداخەوە تائێستا نەچۆتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە، یەكێكی تر بوو لەو پڕۆژەو ئامادەكارییە سەركەوتووانەی، كە بەهۆیانەوە شار بەرەو قۆناغێكی نوێ گواسترایەوە.
-لەبواری راگەیاندندا توانیمان بەدەركردن و زیندووكردنەوەی سەرلەنوێ ژمارەی گۆڤاری سلێمانی و دەركردنی هەفتەنامەیەك بەناوی سلێمانی نوێ و بەچاپگەیاندنی زۆرترین ژمارەی كتێب و بڵاوكراوە؛ خانەیەك لەكتێبخانەی كوردیدا پڕبكەینەوە، تاكە شارەوانی بوو لەسەر دەستی ئەنجومەنی شارەوانی، سلێمانی؛ شارەوانییەكەی بووە خاوەن ئاڕمی تایبەت بەخۆی و رەمزی (ئاسك) دیاریكرا.

دابینکردنی پێداویستییەکان
لەچوارچێوەی هاوكاری و كۆمەكە بەردەوامەكانی ئەو ئەنجومەنە لەپێناوی برەودان بە پرۆسەی خوێندن و گەشەدان بەخوێندنگەو خوێندكاران بەگشتی و بەشە ناوخۆییەكان بەتایبەتی، بەردەوام و بێدابڕان پێداویستی لەسەرجەم بوارەكاندا، بۆ دابیندەكردن.
ماوەتەوە بڵێین هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، بەڕای زۆرترین لەچاودێرانی سیاسی و ئەندازیاری و كۆمەڵایەتییەكان، سەركەوتووترین ئەزموونی نوێی دیموكراسی پاش راپەڕین و نەتەوەكەمان بوو، كە لەساڵی 2000 هەڵبژێردران، هەوڵ و سەرەتای پێكهێنانی دامەزراندنی دەزگا شارستانی و بەڕەواكردنی دەسەڵات بوو لەڕێگەی پرۆسەی دیموكراسیی هەڵبژاردنی ئازادەوە، كە بۆ ئێستاو ئایندەش شیاوترین دامەزراوەی خزمەتگوزاری بووەو دەبێت.
جێی خۆیەتی لێرەوە رایبگەیەنین هەموو ئەو گۆڕانكاری و خزمەتە زۆرەی لەوادەی كاركردنی یاساییاندا بەجێهێنران، بەرهەم و بەری رەنج و ماندوبوونی ئەنجومەن و ئەندازیاران و كارمەندانی هونەری و فەرمانبەرانی كارگێڕی و چاودێرو كرێكارانی شارەوانی و هاوكاری و كۆمەكی خەڵكی شاردۆست و سلێمانییەكان؛ بوو، كە بەردەوام ئەركی پاراستنی دەستكەوتەكانیان لەئەستۆ بوو.

* سەرۆكی پێشووی هەڵبژێردراوی ئەنجومەن و شارەوانی سلێمانی

print

 23 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*