سەرەکی » وتار » رۆژی عاشقان

رۆژی عاشقان

عوسمان قادر خزر*

زۆر شت ده‌رباره‌ی رۆژی عاشقان و یاده‌وه‌رییه‌كانیان نووسراوه‌ و ده‌نووسرێت.
له‌ كۆنه‌وه‌ هه‌ر وڵاته‌ و هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك به‌ جۆرێك پێناسه‌ی تایبه‌تی بۆ ده‌كه‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی به‌راستی شتێك نییه‌ كه‌ به‌ ئاسانی مرۆڤ بتوانێ وه‌سفی ته‌واوه‌تی بكات و عه‌شق شتێك نییه‌ بتوانرێ وه‌سفی ته‌واوه‌تی بۆ بكرێت. له‌به‌رئه‌وه‌ چه‌ندین پێناسه‌ی هه‌یه‌ و جۆره‌ها عه‌شقیش هه‌ن. بۆیه‌ وا چاكه‌ بگه‌ڕێین بۆ پێناسه‌یه‌ك كه‌ په‌شیمانی به‌دوادا نه‌بێت و بچێته‌ دڵه‌وه‌ و به‌ پاك و خاوێنی بمێنێته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌ڵێم كه‌ عه‌شق یان خۆشه‌ویستی لای زۆر كه‌س بایه‌خی نه‌ماوه‌ و تێی نه‌گه‌یشتوون و بۆ ماوه‌یكی كه‌م به‌كاری دێنن، چونكه‌ له‌ ده‌روونێكی پاك و پوخته‌وه‌ نه‌هاتووه‌.
گه‌ر به‌م جۆره‌ بڕوات (مۆبایل) و (نێرگه‌له‌) لای زۆر كه‌س جێگه‌ی (عه‌شق)ی گرتۆته‌وه‌ و عه‌شقی راسته‌قینه‌ی كاڵ كردۆته‌وه‌. گه‌ر به‌ وردی له‌م باره‌یه‌وه‌ بكۆڵینه‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ عه‌شق لای زۆربه‌ی گه‌نجان جیابوونه‌وه‌ی عاشقان له‌ یه‌كتری رۆژ به‌ رۆژ له‌ زیادبووندایه‌، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تا ئێستا ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ مانای عه‌شق تێنه‌گه‌یشتوون و نه‌یانزانیوه‌ كه‌ چۆن بایه‌خی پێبده‌ن و له‌ رێگه‌ی راستیه‌وه‌ په‌یڕه‌وی بكه‌ن و پابه‌ندبن به‌و عه‌شقه‌ پیرۆزه‌وه‌. كه‌ له‌ كۆندا هه‌بووه‌ و پاك و خاوێن و جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی یه‌زدان و له‌سه‌ر بنه‌مای راستی و پاكی بنیات نراوه‌.
ده‌ با رۆژی عاشقان له‌م چه‌ند خاڵانه‌ی خواره‌وه‌دا كۆبكه‌ینه‌وه‌:
1. با هه‌موو دۆستی یه‌كتر بین و یه‌كترمان خۆش بوێت و عه‌شقیش جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی خودا بێت.
2. با عه‌شقی نێوان دوو كه‌س له‌ ناخی دڵه‌وه‌ بێت و بۆ كاتێكی دیاریكراو نه‌بێت.
3. خواردنی حه‌رام عه‌شق پیس ده‌كات.
4. به‌ یه‌ك ئامانج به‌ره‌و عه‌شق بڕۆین.
5. له‌كاتی نانخواردنی به‌یانیان (مۆبایل ) به‌كارنه‌هێنرێت.
6. به‌رنه‌دانی ده‌ستی یه‌كتر له‌كاتی لافاودا.
7. نابێت هیچ كات هاوسه‌ره‌كان یه‌كتری فه‌رامۆش بكه‌ن.
8. ده‌بێت عاشقان یه‌ك دڵیان هه‌بێت و نه‌گۆڕ بێت.
9. مۆسیقایه‌ك خۆشه‌ بۆ هاوسه‌ران كه‌ هه‌ردووكیان په‌سه‌ندی بكه‌ن.
10. هه‌وڵمه‌ده‌ درۆ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ت بكه‌یت.
11. ده‌بێت عاشقان ئاگاداری ئامانجه‌ دووره‌كانیان بن.
12. هه‌وڵبدرێت شتی پڕوپوچ نه‌یه‌ته‌ نێوان دوو دڵه‌وه‌.
13. ئه‌گه‌ر عاشقان یه‌ك گوڵیان بینی با هه‌ردووكیان بۆنی بكه‌ن.
14. په‌یمان به‌ هاوسه‌ره‌كه‌ت مه‌ده‌ به‌ شتێك كه‌ بۆت نه‌كرێت.
15. په‌یڕه‌وی ئه‌م خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌ جیابوونه‌وه‌ی عاشقان كه‌مده‌كاته‌وه‌.
له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێم: كوڕ و كچ ده‌بێت قه‌ناعه‌تیان هه‌بێت به‌و به‌شه‌ی كه‌ خوا پێی داون و پشت ئه‌ستوور بن به‌ تێكۆشانی خۆیان و راستییه‌كان له‌یه‌كتر نه‌شارنه‌وه‌ و ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ نه‌ریتی باوك و باپیرانمان و عه‌شقه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واریمان.
خواش پاڵپشتی هه‌موو مرۆڤێكی راست و پاكه‌.
*سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی خانه‌نشین

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*