سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » رزگار عەلی: بەهەر نرخێك بێت كەركوك بەجێناهێڵین

رزگار عەلی: بەهەر نرخێك بێت كەركوك بەجێناهێڵین

لە دیدارێكی كوردستانی نوێدا، رزگار عەلی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك دەڵێت: ئێمە وەكو یەكێتی دەستبەرداری كەركوك نەبووین‌و وەك ئەندامانی سەركردایەتی‌و كادرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەموومان لە كەركوكین، دەشڵێت: دۆخی كەركوك تەنها لە كەركوكەوە دەگۆڕدرێت‌و بەو كەسانە دەگۆڕدرێت كە لە مەیدانی كارەكەدان، ئەویش كەركوكە.

دیداری، عومەر غەریب

رزگار عەلی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك رایگەیاند: دۆخی كەركوك لەڕووی سیاسی‌و ئەمنی‌و خزمەتگوزارییەوە باش نییە، بەڵام زۆریش خراپ نییە. هۆكارەكانی خراپیی ئەو بارودۆخەش ئەوەیە كە بەشێك لە بەرپرسەكانی كورد لە پارێزگاكە، لە پۆستەكانیاندا دەوام ناكەن. وتیشی: كێشەیەكی تر ئەوەیە دەزگایەك هەیە ئەویش ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكە، كە دەزگایەكی چاودێرییە بەسەر كارەكانی حكومەتی خۆجێی كەركوكەوە‌، بەپێی پێویست نەكەوتۆتەوە كار.

دەستبەرداری كوردستانیبوونی كەركوك نابین
رزگار عەلی باس لەوەش دەكات: لەڕابردوودا پارێزگاری كەركوك كورد بوو كە ئێستا پۆستەكەی چۆڵە، جێگری پارێزگاریش كە كەسێكی عەرەبە، بەوەكالەت ئیدارەی پارێزگاكە بەڕێوەدەبات، ئەویش نەك نەیتوانیوە بەپێی پێویست باڵانسەكان رابگرێت، بگرە زیاتر دەست بۆ ئەو فایلانەش دەبات كە بەزیانی كورد لەشارەكە دەگەڕێتەوە.
لەبارەی دۆخی ئەمنیشەوە ئاشكرایكرد: ئەگەر بڵێین دۆخی ئەمنیی كەركوك زۆر باشە وانییەو ئەگەر بشڵێین زۆر خراپە ئەویش وانییەو لەهەندێ بواریشدا باشە.
سەبارەت بەپاراستنی ئەمنیەتی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاش كە بەشێكیان نەگەڕاونەتەوە، رزگار عەلی وتی: لەو رۆژەوەی هێزی عیراق هاتوونەتە شاری كەركوك‌و دەوروبەری، 14 ئەندامی لیستی برایەتی‌و 9 ئەندامی لیستی توركمان‌و 6 ئەندامی لیستی عەرەب دەوام دەكەن‌و كەسیشیان رووبەرووی مەترسی ئەمنیی نەبوونەتەوەو مەترسیش لەسەریان نابێت‌و ئەگەر مەترسی لەسەریان هەبوایە كەسێك دەستگیر دەکراو هاووڵاتییەكیش بەبیانووی كوردبوون دەستگیر نەکراوە، ئێمەش وەك خەڵكانی حزبی لەشارەكەین‌و كەسیشمان دەستبەرداری كوردستانیبوونی كەركوك نەبووین.
رزگار عەلی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك وتیشی: لای خۆمانەوە وەكو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەموو بەرپرسانی ئیداری كوردی شارەكەمان هانداوە بگەڕێنەوە بۆ كەركوك‌و دەوامیش بكەنەوە تا هەمووان خزمەتی كەركوك بكەین، پێشمان وتوون كە دەبێت لەجارانیش زیاتر كار بكەن‌و دەبێت هەمووانیش دەوام بكەن، خۆشبەختانە هیچ بەرپرسێكی ئیداری یەكێتی نییە دەوام نەكات.

زمانی دیالۆگ‌
رزگار عەلی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك روونیشیكردەوە: لەناو یەكە ئیدارییەكانی كەركوكدا پێنج پۆستی كورد هەیە كە كوردەكان دەوام ناكەن‌و شوێنەكانیان چۆڵە، كە پارێزگارو قایمقامی ناوەندی كەركوك‌و قایمقامی دووبزو قایمقامی داقوق‌و بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕانە، دوو لەو پۆستانە پشكی یەكێتین‌و سیانەكەی تر پشكی پارتین.
وتیشی: ئێمە وەكو یەكێتی دەستبەرداری كەركوك نەبووین، لەكاتێكدا كە سوپای عیراق هات زۆر كەس هەبوون كەركوكیان جێهێشت، بەڵام ئێمە خۆمان گەڕاینەوە بۆ كەركوك‌و ئێستا وەك ئەندامانی سەركردایەتی‌و كادرانی یەكێتی هەموومان لەكەركوكین‌و ژیانمان خۆش بێت یان ناخۆش بێت ئەوە لێی دەگەڕێین بۆ ئەو كەسەی خۆی بەخاوەنی كەركوك دەزانێت، كێش خۆی بەخاوەنی كەركوك دەزانێت فەرموو با بێت لەكەركوك دابنیشێ‌و كار بكات.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئێستا لە كەركوك بەزمانی دیالۆگ‌و بەزمانی دیپلۆماسیەت لەگەڵ عەرەب‌و توركمان‌و كلدۆ ئاشوورو لەگەڵ برایانیشمان لەپارتی‌و یەكگرتوو و لایەنەكانی تریش، هەوڵ دەدەین بۆئەوەی ئیدارەیەكی نوێ بۆ كەركوك پێكبهێنین. وتیشی: بەهیواین بتوانین بەیەكدەنگی كورد ئەو ئیدارەیە پێكبهێنین، چونكە ئەگەر لیستەكەی خۆمان كە لیستی برایەتییە، ئامادە نەبێت بۆ جێبەجێكردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ ئەنجومەنی پارێزگاو هاوكات بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار بۆ كەركوك، ئەو كات تۆ ناچار دەبیت پەنا بۆ لیستەكانی تر بەریت، كە ئەوانیش داواكارییان زۆرەو هەندێجار داواكاری لیستەكانی تر لەدەرەوەی قاڵبی یاساشە.
رزگار عەلی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك راشیگەیاند: ئێمە لە كەركوك بەپشوودرێژی مامەڵە لەگەڵ دۆخی كەركوكدا دەكەین‌و ئەم كارە بەعینادی‌و كەللەرەقی ناكرێت، بەڵكو بەهێمنی‌و لێكتێگەیشتن دەكرێت‌و بەردەوام گفتوگۆش لەنێوان ئێمەو لایەنەكاندا هەیە، بۆ گەیشتن بەئەنجامێك كە لەبەرژەوەندی كەركوكدا بێت. وتیشی: من كاندیدی یەكێتیم بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك‌و ئەو لایەنەش بەڕێچكەی سروشتی خۆی لەناو یەكێتی بەڕێوەچووەو لەكۆی هەشت ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی كە خەڵكی سنووری پارێزگای كەركوكن، جگە لە د.نەجمەدین كەریم دەنگیان بۆ پاڵاوتنی من داوەو ئەو دەنگدانە دواتر لەلایەن هەڤاڵانی جێگرو مەكتەبی سیاسیش پەسەندكراوەو ئەگەر كاندیدی تر هەبێت بۆ ئەو پۆستە من نایزانم‌و رەنگە كاندیدی حزبێكی تر بێت.

دۆخی ئەمنیی كەركوك
رزگار عەلی باسی لەوەشكرد: بۆ باشكردنی دۆخی ئەمنیی كەركوك، پێویستە مەلەفی ئەمنی كەركوك لەلایەن پۆلیسی كەركوك‌و ئیدارەی كەركوكەوە لە هێزە عیراقییەكان وەربگیرێتەوە، بەڵام تائێستا ئەو دوو لایەنە ئامادەییان دەرنەبڕیوە بۆ وەرگرتنی ئەو مەلەفەو هەركات ئامادەیی دەرببڕن، ئەوكات هێزەكانی عیراق كە دوای 16ی ئۆكتۆبەر هاتوونەتە كەركوك، ئامادەن ئەو دۆسێیە رادەستی پۆلیسی كەركوك‌و لیژنەی ئەمنیی پارێزگای كەركوك بكەنەوە، وتیشی: هەتا ئەو لایەنانە مەلەفی ئەمنی وەرنەگرن، هێزەكانی عیراق لەناو شاری كەركوك دەمێننەوە، ئەو هێزانەی لە كەركوكن هەیانە پێیان خۆشە دۆسێكە بەزوویی تەسلیم بكەن‌و كەركوكیش جێبهێڵن، بەڵام تائێستا لەڕووە یاساییەكەوە پارێزگاو پۆلیسی كەركوك ئامادەنین دۆسێكە وەربگرن.
كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك هیواخوازبوو ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پارێزگا كە لە هەولێرن‌و نەگەڕاونەتەوە، ئەوانیش بۆ كەركوك بگەڕێنەوە، وتیشی: وەك زانیاریشمان هەبێت‌و ئەوەی لە سەركردایەتی پارتی تێگەیشتووین، بۆیە ئەو ئەندامانەی پارتی ناگەڕێنەوە دەڵێن ئەم واقیعەی كەركوكمان قبوڵ نییە. ئێمەش وەكو یەكێتی داوا دەكەین ئەو ئەندامانەی پارتیش بۆ ئەنجومەنی پارێزگا بگەڕێنەوە، بۆئەوەی بەیەكەوە كار بۆ گۆڕینی ئەو بارودۆخە بكەین.
رزگار عەلی روونیكردەوە: بەبڕوای ئێمە دۆخی كەركوك تەنها لە كەركوكەوە دەگۆڕدرێت‌و لەشوێنی ترەوە ناگۆڕدرێت، بەو كەسانەش دەگۆڕدرێت كە لە مەیدانی كارەكەدان، ئەویش كەركوكە، وتیشی: هیوادارم ئەو پرسە بەدیوە حزبییەكەی سەیر نەكرێت‌و ئەگەر بەدیوە حزبییەكەی سەیری كەركوك بكرێت، شتێكی ئەوتۆمان دەست ناكەوێت. با لەپێناوی كەركوكدا ئەو كارە بكەین، بەوەش دەتوانین ئیدارەیەك لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتن‌و پێكەوەژیان‌و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی دابنێین‌و مافی پێكهاتەكانی تریش زامن بكەین‌و پێمان وابێت كەركوك شاری هەموو پێكهاتەكانە، بەڵام لەڕووی ئامانجی ستراتیژییەوە كەركوك بەشێكی دانەبڕاوە لەهەرێمی كوردستان.

ئایندەی كەركوك لەدەستی كورددا بێت‌
كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك ئاماژەی بەوەشكرد: ئێمە بەهەر نرخێك بێت كەركوك بەجێناهێڵین‌و لەوەش گرنگتر ئەوەیە كە هەڵبژاردنەكان بەڕێوەیەو بەئومێدین ئەو هەڵبژاردنانە بەشێوە بایۆمەترییەكەشی بەڕێوەبچێت‌و لەچوارچێوەیدا هەڵبژاردنی نوێی ئەنجومەنی پارێزگاو ئەنجومەنی نوێنەرانیش لەشارەكە بەڕێوەبچێت، پێشمانوایە ئەگەر ئێمە دەمانەوێت ئایندەی كەركوك لەدەستی كورددا بێت‌و ئایندەیەكی گەشیشی هەبێت، فەرموو با هەموو حزبە سیاسییەكان بەیەك لیست بچینە ناو پڕۆسەی هەڵبژاردنەكانی داهاتووەوەو بەیەك لیستیش دابەزین بۆ هەڵبژاردنەكان. وتیشی: هیوادارین هەموو لایەنە كوردستانییەكان یەكهەڵوێست بن لەسەر پرسی كەركوك، چونكە ئەگەر وانەبێت نە دیالۆگی هەرێم‌و بەغدا سەركەوتوو دەبێت‌و نە دیالۆگی كوردو پێكهاتەكانیش لەكەركوك سەركەوتوو دەبێت، چونكە پڕۆسەی دیالۆگ پڕۆسەیەكی زۆر ئاڵۆزو قورسە لە عیراق، بەتایبەتی لەگەڵ بەغداو پێمانوایە ئەگەر لە كەركوك بتوانین بەیەكهەڵوێستی سەربكەوین‌و بتوانین ئەو دەسەڵاتە كوردییەی لە كەركوك هەبوو بیگەڕێنینەوە، كاریگەریی بۆ سەر دیالۆگی نێوان هەرێم‌و بەغداش دەبێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

عومه‌ر ئۆسێ‌: سیاسه‌تی شۆڤینی له ‌سوریا هەیە، بڵام نه‌گه‌یشتۆته‌ پاكتاوی ره‌گه‌زی

له‌چوارچێوه‌ی‌ دیداری شامدا، زنجیره‌یه‌ك چاوپێكه‌وتن و دیداری سیاسی و مێژوویی ...