سەرەکی » ئابووری » سەرۆك مەعسوم: ئۆقرەیی ئابووریی جێگیر بناغەی ئۆقرەیی سیاسیی جێگیرە

سەرۆك مەعسوم: ئۆقرەیی ئابووریی جێگیر بناغەی ئۆقرەیی سیاسیی جێگیرە

دكتۆر فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عیراق دوپاتیدەكاتەوە: بەدیهاتنی ئۆقرەیی دارایی و دارایی و ئابووریی هەر بە تەنیا ئامانجێكی ئابووریی نییە، بەڵكو بناغەی ئۆقرەیی سیاسیی پڕۆژەیەكی ستراتیژیی گەورەشە بۆ پەرەپێدانی بەردەوام و ئۆقرە گرتو و گەشەپێدانی مەدەنی.
لە پەیامێكدا بۆ سێیەمین كۆنگرەی ساڵانەی بانكی ناوەندیی عیراق، كە لە بەغداو بەدروشمی (رۆڵی بانكی ناوەندیی عیراق لە بەدیهێنانی ئۆقرەیی دارایی و ئابوورییدا) بەڕێوەچوو، سەرۆك كۆماری عیراق روونیكردەوە: پێویستە پلانێكی ستراتیژیی دابنرێت بۆ نوێكردنەوەی ژێرخانی سیستمی بانكیی عیراق، متمانەی خۆیشی دەربڕی بە بەهێزیی ئاسۆی گەشەسەندنی ئابووریی عیراق لە ئایندەدا.
ئاماژەی بەوەشكرد: عیراق بۆتە جێی سەرنجی چەندین دامەزراوەی ئابووریی و كۆمپانیای جیهانیی بۆ وەبەرهێنان یاخود هاریكاریكردنی، گرنگیی بەهێزكردنی رۆڵی جڵەوگرتنە دەستی بانكی ناوەندیی عیراقی خستەڕوو لە پشتیوانیكردنی هاوبەشیی و شەراكەت لەگەڵ بانكە جیهانییە باوەڕپێكراوەكان و ئاسانكاریی بۆ مامەڵەكردن لەتەك دامەزراوەكانی دراوی ناوخۆ و دەرەوە.

ئەمەش دەقی پەیامەكەیە كە لە جیاتی سەرۆك كۆمار خوێنرایەوە:

بەناوی پەروەردگاری بەخشندە و میهرەبانەوە
خوشك و برایانی ئامادە بوو
سڵاوی خواتان لێ بێت
دەستخۆشیتان لێ دەكەم بۆ هەوڵەكانتان كە خستوتانەتە گەڕو دەیخەنەگەڕ بۆ سەرخستنی سێیەمین كۆنگرەی ساڵانەی بانكی ناوەندیی عیراق كە ئەمساڵ بەڕێوە دەچێت بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر (رۆڵی بانكی ناوەندیی لە بەدیهێنانی ئۆقرەیی دارایی ئابووریی)، كۆمیسیۆن و دەستە نیشتمانیی و نێودەوڵەتییەكانی پەیوەندیدار بە سیاسەتی دارایی و دراویی و ئابووریی و ئەكادیمی و پسپۆڕانی عیراقی و دۆستیش بەشداریی دەكەن لە كارەكانیدا كە جێگەی پێزانینە. ئەوەی بەشداربووان كۆدەكاتەوە پەرۆشییانە بۆ بەدیهێنانی بەردەوامیی و ئۆقرەیی دارایی و ئابوریی وڵاتمان لە كەرتە جیاجیاكاندا و شێواز و رێوشوێنی جیا لەڕیزی پێشەوەیان رۆڵی كەرتی دارایی و بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان دامەزراوەكانی سیاسەتی دارایی و هەموو گۆڕانكارییە ئابوورییەكان، هاوكات هەوڵدان بۆ هێنانەئارای دیالۆگێكی كاریگەرو بەسود لەنێوان دارێژەرانی سیاسەتی دراویی و ئەكادیمی و توێژەرانیش، كۆیان دەكاتەوە بە ئامانجی دیاریكردنی ئەو میكانیزم و بژاردانەی كە دەبێت سیاسەتی دراویی عیراق بیگرێتەبەر بۆ بەدیهێنانی ستراتیژیی ئەم بوارە.

دەستكردن بە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە رزگاربووەكان
‎ئەوەش هەوڵ و پەرۆشیی بە نرخن كە ئامانجەكەیان لەبنەڕەتدا پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی عیراقە و لە هەلومەرجێكی ناسكدان كە پەیوەستە بە بڕیارو خواستی عیراقییەكان بۆ هەنگاونان بەرەو تەواوكردنی بنیاتنانی دەوڵەتە دیموكراسییە مۆدێرنەكەیان لەسەر بناغەی رێزگرتنی ماف و ئازادییەكان كە دەستور دەستەبەری كردوە، هەوڵ و پەرۆشین بۆ بەدەستهێنانی متمانەی كۆمەڵی نێودەوڵەتیی لەزامنكردنی گەڕانەوەی سەربەرزانەی هەمو ئاوارەبووەكان و دەستكردن بە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە رزگاربووەكان لەپاڵ بەردەوامبونی لەناوبردنی تێرۆر و پتەوكردنی یەكڕیزیی نیشتمانیی راست و رەوا.
ئێمە باوەڕمان بەوەیە كە ئاسۆی گەشەسەندنی ئابووریی عیراق لەئایندەدا بەهێزە لەسایەی توانای گەلەكەمان بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەكان لەم بوارەدا، بەتایبەتی دوای سەركەوتنی مەزنی بەسەر چەتەكانی (داعش)ی تێرۆریستدا.

تۆكمەبوونی داهاتە دارایی و ئابوورییەكان
دیارە بەدیهاتنی ئۆقرەیی دارایی هەر بە تەنیا ئامانجێكی ئابووریی نییە، بەڵكو پڕۆژەیەكی ستراتیژیی گەورەشە بۆ پەرەپێدانی بەردەوام و ئۆقرە گرتو و گەشەپێدانی سیاسی و مەدەنی، سەرباری ئەوەی سەرچاوەیەكیشە بۆ تۆكمەبوونی داهاتە دارایی و ئابوورییەكان لەڕێی بەكارهێنان و وەبەرهێنان و سودوەرگرتنی باشتر لەسەرچاوەو تواناكان، بەدیهاتنی ئەمەش زۆر گرنگە كە متمانەی زیاتری نێودەوڵەتیی بەعیراق پشتگیریی بەدیهاتنی دەكات لەكاتێكدا سەرنجی زۆربەی دامەزراوە ئابوورییەكان و كۆمپانیا جیهانییەكانی راكێشاوە وەبەرهێنانی تیادا بكەن یاخود ئامادەن هاریكاریی بكەن، ئەمەش پێویستی بە گەشەپێدانی میكانیزمی هاریكاریی نێودەوڵەتیی و بەدەنگەوەچوونی كۆڵەكە و پێداویستییەكانێتی بەو جۆرەی پەرەپێدان و بەهێزبوونی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی زامن دەكات.

گەڕانەوەی پەیوەندییە بانكییەكان
‎لەكاتێكدا داوای سەركەوتن بۆ كۆنگرە زۆر بایەخدارو گرنگەكەتان دەكەم، بەدەرفەتی دەزانم ستایشی هەوڵەكانی كادیرانی بانكی ناوەندیی بەهەموو پسپۆڕیی و لقەكانیانەوە و لێوەشاوەیی پسپۆڕانی دارایی و دراویی عیراقیی هەموویان بەرز بنرخێنم لەپای گیانی نیشتمان پەروەریی دڵسۆزانە و پەرۆشیی بەرزیان كە نواندویانە و بۆتە مایەی بەهێزبوونی هەوڵی بەردەوامی بانكی ناوەندیی بۆ گەڕانەوەی پەیوەندییە بانكییەكان لەگەڵ دامەزراوە و بانكە جیهانییەكان لە بواری بەدواداچون و دەستبەسەرا گرتنی سەرچاوەكانی پارەداركردنی تێرۆر و ‎پەناكانی گەندەڵیی، ئەمەش ستراتیژییەكی درێژخایەنی دەوێت شانبەشانی بەدەستهێنانی متمانەی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بە دامەزراوەی بانكیی عیراق بەو جۆرەی زەمینە خۆش دەكات بۆ كردنەوەی كەناڵەكانی بەهێزكردنی دەرفەتەكانی وەبەرهێنان و پشتبەستن بە ستراتیژیی بۆ هاریكاریی بە ئامانجی زامنكردنی پەرەپێدانی بەردەوام و ئۆقرە.

یەكخستنی سیستمی بانكیی عیراق
‎لەم روەوە بەپێویستی دەزانین گرنگیی كارایی رۆڵی سەركردایەتیی و جڵەوگرتنە دەستی بانكی ناوەندیی عیراق دوپات بكەینەوە لە پشتگیریكردنی شەراكەت و هاوبەشیكردن لەگەڵ بانكە بیانییە باوەڕپێكراوەكان و ئاسانكاریی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دامەزراوەكانی دراوی ناوخۆیی و دەرەوە و رێكخستن و تەواوكردنی كاری لقەكانی لەهەرێمی كوردستان و تەواوی پارێزگاكان لەسەر بنەمای قانونی و بەئامانجی یەكخستنی سیستمی بانكیی عیراق و چارەسەركردنی هەمو ئەو كێشە و كۆسپانەی دێنە بەردەم كۆمپانیا و ئەو ناوەندانەی لە وڵاتدا كاردەكەن بەو جۆرەی خزمەت بە هەستانەوە و بووژانەوەی باری دارایی دەكەن و پەلە دەكەن لە بنیاتنانی سیستمێكی تەواو كار و بەهێز بۆ ئابووریی هەموو عیراق.

گەشەپێدانی وەبەرهێنانی سامان و دەرامەتە داراییەكان
‎وڵاتمان كە سەركەوتنی قارەمانانەی بەسەر تێرۆردا بەدەستهێناوە بۆ داكۆكیكردن لە كەرامەتی گەلەكەمان و تەواوی مرۆڤایەتی و بە ورە و هێزەوە كار دەكات بۆ بنیاتنانی سیستمێك كە پاراستن و چاودێریكردنی هاووڵاتیان زامن بكات لە دەوڵەتێكی مۆدێرن و پێشكەوتو لە هەمو بوارەكاندا لەوانە سیستمی بانكیی، ویستێكی بەهێزیشی هەیە بۆ سەرخستنی ئیرادەكەی لە پاراستن و گەشەپێدانی وەبەرهێنانی سامان و دەرامەتە داراییەكانی لە بەرژەوەندیی هەمو عیراقییەكان بێ جیاوازیی و بۆ بەرژەوەندیی نەوەكانی داهاتووش.

جارێكی تر ستایشی هەوڵەكانتان دەكەم، داوای سەركەوتنی گەورە دەكەم بۆ كۆنگرەكەتان.
بەخوداتان دەسپێرم
فوئاد مەعسوم
سەرۆك كۆمار

 321 جار بینراوە