سەرەکی » مانشێت » چاكسازیی ‌و باشتركردنی دۆخی عیراقییەكان

وەفدێكی باڵای یەكێتی لە چوارچێوەی وەفدی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لە بەغدا:

چاكسازیی ‌و باشتركردنی دۆخی عیراقییەكان

وەفدێكی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەسەرۆكایەتیی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی، لەبەغدایەو دوێنێش لەچەند كۆبوونەوەیەكدا لەچوارچێوەی وەفدی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لەگەڵ سەرۆك كۆمارو سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران‌و سەرۆكی راسپێردراوی كابینەی نوێ‌و لایەنە سیاسییەكانی عیراق، تاوتوێی پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراقیان، كردووە.

كۆبوونەوەی وەفدی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم ‌و بەغدا
شەوی 18\19/2، وەفدی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم‌و عیراق لەماڵی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، كۆبوونەتەوەو دوایین پێشهاتەكانی عیراق‌و پێكهێنانی كابینەی نوێیان تاوتوێكردووە‌و سەرجەم لایەنەكان بیروبۆچوونی خۆیان خستۆتەڕوو. هەر لەكۆبوونەوەكەدا تەئكید لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە پێویستە بۆ تێپەڕاندنی قەیران‌و ئاڵۆزییەكانی ناوخۆی عیراق، هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجامبدرێت‌و بارودۆخی تەواوی ناوچەكان ئاسایی بكرێتەوە. سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراقیش جەختكراوەتەوە كە پێویستە كابینەی محەمەد عەللاوی كار بكات بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی تەواوی پێكهاتەكان‌و بەتایبەتیش خۆپیشاندەران كە داوای چاكسازی‌و باشتركردنی دۆخی عیراقییەكان دەكەن.

كۆبوونەوە لەگەڵ محەمەد عەللاوی
لەلایەكی دیكەوەو هەر دوێنێ، وەفدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبەغدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی حكومەتی نوێی عیراق كۆبۆوە.
لەبارەی كۆبوونەوەكەوە، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی وەفدی یەكێتی بە PUKmedia ی راگەیاندووە: وەفدی یەكێتی بەسەرۆكایەتیی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی، لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كۆدەبینەوە بۆ قسەكردن‌و گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌و پێشهات‌و گۆڕانكارییەكان.

print

 29 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*