سەرەکی » ئاراستە » گوندی‌ ژاژ _ خورماتوو _ پارێزگای‌ كه‌ركوك

گوندی‌ ژاژ _ خورماتوو _ پارێزگای‌ كه‌ركوك

حه‌سه‌ن مه‌لا

ئێستاش گونده‌كانی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك و به‌شێك له‌ ناحیه‌كانی‌ له‌ لایه‌ن داگیركه‌ران و ئه‌نفالچییه‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ بیسته‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی‌ ته‌عریب و ته‌رحیل ده‌بنه‌وه‌، ئێستا كه‌ركوك و گونده‌كانی‌ چاویان له‌ بڕیاری‌ سیاسی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی كوردستانه‌ تا زیاتر گونده‌كان له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی‌ چه‌كدارانی‌ داعش و داگیركاری‌ عاره‌بی‌ هاورده‌ی‌ سه‌رده‌می‌ به‌عس نه‌مێنێته‌وه‌.
قه‌زای‌ خورماتوو ناحیه‌ی‌ قادر كه‌ره‌م و گوندی‌ ژاژ سه‌رده‌مانێك مه‌ڵبه‌ندی ئاینی‌ زه‌رده‌شتیان بوو، هه‌ر بۆیه‌ به‌هۆی‌ ناجێگیری‌ و داگیركاری‌ جۆر به‌جۆری‌ عه‌ره‌به‌كان و به‌عسییه‌كان به‌شێكیان كۆچیان پێكراوه‌ یان ته‌عریبی‌ كه‌لتوری‌ و ئاینی‌ و جوگرافی‌ و مێژویی بوونه‌ته‌وه‌ تا ئێستاش ئاوه‌دانی‌ به‌رچاو نابینرێت.
گوندی‌ ژاژ یه‌كێكه‌ له‌و گوندانه‌ی‌ سنوری‌ ناحیه‌ی‌ قادركه‌ره‌م سه‌ربه‌ هۆزی‌ شێخانی‌ ناوچه‌ی‌ قادركه‌ره‌می‌ گه‌رمیانه‌، «گوندستانی‌ نوێ» له‌م ژماره‌یه‌دا چه‌ند لاپه‌ره‌یه‌ك له‌ مێژوو و كلتوری‌ گوندی‌ ژاژ هه‌ڵده‌داته‌وه‌.

سنوری‌ جوگرافی‌
سنوری‌ جوگرافی‌ گوندی‌ ژاژ ده‌كه‌وێت ڕۆژئاوای‌ ناحیه‌ی‌ قادركه‌ره‌م به‌ دووری‌ (25)كم له‌ ناحیه‌ی‌ قادركه‌ره‌م، له‌ شارۆچكه‌ی‌ خورماتوو پاریزگای‌ كه‌ركوك، به‌رزی‌ گونده‌كه‌ (385 ) مه‌تر به‌رزه‌ له‌ ئاستی‌ ڕووی‌ ده‌ریاوه‌، هه‌روه‌ها (4، 49) له‌گه‌ڵ ( 34، 45 44) باكورو باشور هه‌ڵكه‌وتووه‌، سنوری‌ جوگرافی‌ گونده‌كانی‌ گرێ‌ دراوه‌ به‌ هه‌ریه‌ك له‌ گونده‌كانی‌ دار به‌سه‌ره‌، قه‌ڵخانلو، نه‌ورۆز، داربه‌سه‌ر، ئالیاوه‌، عه‌لی‌ مسته‌فا، كۆرمۆر، میل ناسر كه‌وتووه‌ته‌ نێوان دوو قاته‌ تاوێره‌وه‌ .

ناوی‌ گوندی‌ ژاژ
شاره‌زایان و ڕیش سپیانی‌ گوند ده‌ڵێن ئه‌م گونده‌ ناوه‌كه‌ی‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌م شوێنه‌ ژاژی‌، قه‌ڕه‌م … هتد زۆر بووه‌، بۆیه‌ پیان گوته‌وه‌ شوێنی‌ ژاژه‌كان ده‌واتر بووه‌ به‌ گوندی‌ ژاژ هه‌ڵبه‌ته‌ قامیش و ژاژیش به‌ تایبه‌ت ژاژ گژو گیایه‌كی‌ خۆرسك و سروشیه‌ له‌ناوچه‌ی‌ شێدارو ته‌ڕو نزمه‌كان سه‌وز ده‌بێت و فراوان ده‌بێت.

مێژووی‌ ئاوه‌دانی‌ گوندی ژاژ
مێژووی‌ ئاوه‌دانی‌ ئه‌م گوندانه‌ بۆ زۆر كۆن له‌ مێژوویه‌كی‌ دێرینی‌ كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، جێگای‌ داخه‌ به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ دیۆكۆمێنتی‌ به‌رده‌ست نازانرێت مێژووی‌ ئاوه‌دانی‌ و چه‌ند جاره‌ی‌ ئاوه‌دانی‌ به‌ر له‌ ئیسلام و له‌شكری‌ داگیركاری‌ ئیسلامی‌ و دواتر ده‌وڵه‌تی‌ عوسمانی‌ و عه‌ره‌بی‌ خوێنمژ بۆ ناوچه‌كه‌ بزانرێت، به‌ڵام مێژووی‌ هه‌ندێك شوێنه‌وار و مێژووی‌ زاره‌كی‌ زۆر شت ڕوون ده‌كه‌نه‌وه‌. دانیشتوانی‌ ناوچه‌كه‌ مێژووی‌ ئاوه‌دانی‌ گوندی‌ ژاژ ده‌گێرنه‌وه‌ بۆ دوو سه‌د ساڵێك به‌ر له‌ ئێستا، ئه‌وه‌یش له‌سه‌ر ده‌ستی‌ كه‌سایه‌تی‌ ناوداری‌ ناوچه‌كه‌ خوا لێی خۆش بێت ( سه‌ید ئه‌مین) دوای‌ ئه‌وه‌یش چه‌ندین كه‌سی‌ تر هاتوون ده‌ستی‌ باڵایان هه‌بووه‌ له‌ ئاوه‌دان كردنه‌وه‌یی. بۆ ڕاستی‌ و سه‌لماندنی‌ ئاوه‌دانی‌ له‌ پێشتردا بوونی‌ ئاوه‌ندانی‌ له‌ ناوچه‌كه‌ دانیشتوانی‌ گوندی‌ ژاژ ده‌ڵێن گۆڕستانێكمان هه‌یه‌ له‌ نزیك گونده‌كه‌مان چه‌ندین كه‌سی‌ تێدایه‌ نانسرێنه‌وه‌ به‌ گۆڕستانی‌ (ئه‌سحابه‌ كان) ناسراوه‌ مێژووی‌ بۆ سه‌ره‌تای‌ هاتنی‌ له‌شكری‌ ئیسلام بۆ ناوچه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

ژیانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌
گوندی‌ ژاژ له‌ ئێستادا نزیكه‌ی‌ نۆ بنه‌ماڵه‌ی‌ لێ ده‌ژین هه‌موویان خۆیان به‌ خاوه‌ن زه‌وی‌ و كشتوكاڵ و گوند ده‌زانن، ئاماره‌كانی‌ ساڵی‌ (1957) ئاماژه‌ به‌ رێژه‌ی‌ دانیشتوانی‌ گونده‌كه‌ ده‌كات و ده‌ری‌ ده‌خات كه‌ نزیكی‌ (200) كه‌س له‌ هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز بوونه‌، دانیشتوانی‌ ئاوایی‌ ده‌ڵێن ئه‌م گونده‌ وه‌كو زۆربه‌ی‌ گوند و ناوچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ ناوچه‌كه‌ په‌یوه‌ندی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ زۆر به‌هێز له‌ نێوانیان هه‌بووه‌، ڕیش سپیانی‌ ئاوایی‌ ژاژ ده‌ڵێن ئێمه‌ جگه‌ له‌ناو خۆمان له‌گه‌ڵ گونده‌كانی‌ دووروبه‌رمان وه‌ك داربه‌سه‌رو قه‌لغانو و نه‌ورۆز، چاڵه‌و دووانه‌ هاتووچۆ و ته‌نانه‌ت هاوكاری‌ یه‌كه‌مان ده‌كرد له‌كاتی‌ ئیش و كاری‌ ڕۆژان و بۆنه‌كان دا.
له‌بواری‌ ژن و ژن گواستنه‌وه‌ش ده‌ڵێن له‌م گوندی‌ ئێمه‌ و زۆربه‌ی‌ گونده‌كانی‌ دیكه‌ش ژن به‌ ژن و گه‌وره‌ و بچووك و … ئه‌م جۆرانه‌ هه‌بوو به‌ڵام ئێستا نا

بواری‌ ژیانی‌ كشتوكاڵ و ئاژڵداری
دانیشتوانی‌ ژاژ زیاتر بایه‌خیان به‌ ئاژڵداری‌ بزن و مه‌ڕ داوه‌ و هه‌روه‌ها بایه‌خیان به‌ كشتوكاڵی‌ وه‌ك گه‌نم و جۆ هه‌روه‌ها به‌ هۆی‌ چه‌می‌ ڕۆخانه‌ كشتوكاڵ و كاری‌ بێستان و سه‌وزه‌ی‌ لێی‌ كراوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ كاری‌ بازرگانی‌ له‌ نێوان خۆیان و ناوچه‌كانی‌ تر وه‌ك كه‌ركوك بۆ كوتاڵ و شه‌كر و چا و پێداوه‌یستی‌ تر، هه‌روه‌ها له‌ ساڵی‌ ( 1978) خوێندنگای‌ تێدا كراوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌رده‌ستی‌ مامۆستا عبدالقادری‌ توركمان و چه‌ندان مامۆستای‌ تر.

جینۆساید له‌ گوندی‌ ژاژ
گوندی‌ ژاژ به‌یه‌كێك له‌و كوندانه‌ی‌ سنوره‌كه‌ داده‌نرێت كه‌ لانكه‌ی‌ كوردایه‌تی‌ و خه‌باتگێری‌ بووه‌و ڕۆژانێك كورانی‌ تیپی‌ (59)ی‌ حه‌مرین و (51)ی‌ گه‌رمیانی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی‌ خاك و خۆڵی‌ گه‌رمیان و كه‌ركوكی‌ كوردستانیان له‌ ژێر پێی‌ داگیركه‌ران و به‌عسیه‌كان كردبوو به‌ دۆزخه‌
گوندی‌ ژاژ له‌ مێژووی‌ خۆی‌ پێنج جار له‌لایه‌ن به‌عسی‌ و عه‌ره‌به‌كانی‌ سه‌رده‌می‌ جه‌هل و خوێن ڕه‌شتنه‌وه‌ سووتاوه‌و كاولكراوه‌، ئه‌م گونده‌ تێكۆشه‌ره‌ له‌دوای‌ ساڵی‌ ( 1974) زۆرترین جار ڕووبه‌ڕووی‌ ماڵ وێرانی‌ و سووتان بوونه‌ته‌وه‌ و به‌ داخه‌وه‌ چه‌ندین ژن و گه‌نجیان شه‌هید كراوه‌.
دانیشتوانی‌ گونده‌كه‌ هه‌ر به‌خۆیان خاوه‌ن چه‌ندین پێشمه‌رگه‌ی‌ ڕۆژانی‌ سه‌خت و به‌رگری‌ بوون له‌وانه‌ش بورهان ژاژی‌، فه‌رهاد بچكول، فازڵ عه‌بدوڵڵا محمد و … هتد.
پێشی‌ تاوان و جینۆسایدی‌ به‌ناو ئه‌نفال ئه‌م گونده‌ نزیكی‌ ( 50) خێزانێكی‌ لێی‌ ژیاوه‌، به‌پێی‌ هه‌ندێك ئاماری‌ شوێنه‌وار به‌رده‌ستمانه‌ گوندی‌ ژاژ ژماره‌ی‌ خانووه‌كانیان له‌ساڵی‌ (1988) نزیكی‌ (30) خانوویه‌ك بووه‌، هه‌روه‌ها ژماره‌ی‌ كۆی‌ گشتی‌ دانیشتوان گونده‌كه‌ (258) كه‌س بووه‌ به‌ڵام ئه‌نفالی‌ قوناغی‌ سێ‌ و ناوچه‌ی‌ قادركه‌ره‌م و خورماتوو به‌یه‌كجاری‌ ئه‌م گونده‌ی‌ ته‌ختی‌ زه‌وی‌ كردووه‌ و دانیشتوانه‌كه‌ی‌ ڕاگواستووه‌ و په‌رت و بڵاویكردووه‌ به‌ شاره‌كانی‌ كه‌ركوك، خه‌رماتوو، چه‌مچه‌ماڵ، كه‌لارو … هتد.
جێگای‌ ئاماژه‌ بۆ كردنه‌ گوندی‌ ژاژ خاوه‌نی‌ نزیكی‌ (11) شه‌هید و ( 39) ئه‌نفال كراون كه‌ له‌ هه‌ردوو ره‌گه‌زن، له‌ دوای‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادی‌ عێراق له‌ساڵی‌ (2003) جارێكی‌ تر له‌لایه‌ن دانیشتوانی‌ ئه‌م گونده‌وه‌ جارێكی‌ تر ئاوه‌دان كرایه‌وه‌ به‌ڵام ئێستا گوندی‌ ژاژ زۆر بێناز و بێ‌ خزمه‌تگوزاریه‌ و چاویان له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و مامی‌ بچووكه‌ ئاوڕێكیان لێی‌ بداته‌وه‌ و پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریان بۆ ئه‌نجام بدات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*