سەرەکی » وەرزش » كێ باشترین رۆژنامەنووس و پێشكەشكار و بێژەر دیاری دەكات؟

كێ باشترین رۆژنامەنووس و پێشكەشكار و بێژەر دیاری دەكات؟

یادگار ساڵح

رۆژانی رابردوو مەراسیمێك بۆ دیاریكردنی باشترینەكانی وەرزش رێكخرا و چەندین خەڵات بەكەسانی بوارەكە درا، سەرەتا بەر لەهەموو شتێك دەكرێت دەستخۆشی لەرێكخەرانی بكرێت بۆ درك كردن بەهەنگاوێكی لەمشێوەیە، بەڵام بەم شێواز و شێوەیە نا، رەنگە كاتێك یەكێكی بەشدار لەو مەراسیمە یان ئەوەی خەڵاتەكەی پێدراوە بۆچونەكەم وا لێك بداتەوە ئەگەر خەڵاتەكەم پێدرایە ئەوا هەڵوێستێكی لەمشێوەیەم نەدەبوو، بەپێچەوانەوە هەر كاتێك راگەیەندرا سەرجەم رۆژنامەنوس و میدیاكارانی وەرزشی دەتوانن سی ڤی خۆیان پێشكەش بكەن باوەرم بەكارەكە نەبوو سی ڤی-شم نەناردووە، چونكە ئەو رێكخراوە كە دوو ساڵە ئەو مەراسیمە رێكدەخات، نازانم بەچ پێورێك باشترینەكان دیاری دەكات، ئەو كەسانە كێن كە سی ڤی بەشداربووان هەڵدەسەنگێنن و پێگەو ئەزموون و شارەزایان لەسەرجەم بوارەكانی وەرزشدا چییە،لەوەش گرنگتر ئەوەیە ئایا تەنیا سی ڤی بەسە بۆ ئەوەی باشترینی پێ دیاری بكرێت؟.
لەزۆرێك لەوڵاتانی دنیا ئەو لایەنانەی باشترین دیاری دەكەن، زیاتر رۆژنامە و گۆڤار و دەزگا رەسمییەكانی بواری وەرزشن، ئەوانیش دوای چەندین قۆناغ وبڕینی چەندین فلتەر و ڕای كەسانی شارەزاو دیار و پرۆسەكەش دەنگدانی بۆ دەكرێت، ئینجا باشترینەكە هەڵدەبژێردرێت، نەك بەماوەی چەند رۆژێك و هەڵسەنگاندنی سی ڤی كارێكی لەمشێوەیە بكرێت و ئەمەش جێگەی قبوڵ كردن نییە؟.
ئەگەر بۆ بوارە پراكتییكیەكەی وەرزش ئەنجام و دەستكەوت بۆ یاریزانان و وەرزشكاران پێوەر بێت، ئەی چۆن دەتوانن رۆژنامەنوس و میدیاكار هەڵبسەنگێن و خەڵاتی باشترینیان پێ بدەن؟، ئاخۆ بۆ ئەم ئەركە قورسە چ شارەزایەكیان لەبوارەكەدا هەیە و بەچ پێوەرێك هەڵیان دەسەنگێنن؟.
من وەك خۆم پێم وانییە هەڵسەنگێنەرەكان هیچ شارەزای و ئەزمونێكیان لەبواری رۆژنامەگەری وەرزشیدا هەبێت، چونكە دیاریكردنی باشترینەكانی بوارەكە بەسی ڤی نابێت، بەڵكو چەندین پێوەر و یاسای تایبەت بەخۆی هەیە، كاتێك كەسێك وەك باشترین دیاری دەكرێت دەبێت نوسین یان بەرنامەكەی كاریگەریەكی بەرچاوی لەسەر بەرەوپێشچوون و دۆزینەوەی كەموكوڕییەكانی بواری وەرزشی هەبێت، لەكوردستان تائێستا رۆژنامەگەری وەرزشی هیچ كاریگەرییەكی لەسەر بوارەكە دورست نەكردووە، تەنیا زیاتر بڵاوكردنەوەی هەواڵ و راپورت و دیداری وەرزشییە، یاخود بەرنامەكان زیاتر دەرخستن و ناساندنە بەبێ ئەوەی لەلایەنی بەرامبەر و پەیوەندیدار رۆژێك لەرۆژان وەڵامی یەك داواكاری و كەم وكوڕییەكانی وەرزشیان دابێتەوە.
پرسیارێكی تر ئەوەیە، ئایا تەنیا پێشكەشكار و بێژەری وەرزشی لەبوارەكەدا كاردەكەن یاخود وەك ئەوەی پەندە كوردییەكەیە کە دەڵێت لای لیژنەی ڕێكخەر ئەوەی لەبەرچاوانە لەبەر دڵانە.
لێرەوە دەپرسین رێكخەرانی ئەو مەراسیمەو ئەوانەی سەرپەرشتی دیاریكردنی باشترینەكانی بواری میدیای وەرزششیان كردووە، ئاگایان لەوە هەیە كە دەیان رۆژنامەنوسی بەتواناو لێهاتوو هەیەو لەماڵپەڕ و پەیج و رۆژنامەكاندا کە رۆژانە دەیان نوسین و هەواڵ و راپۆرت و دیدار و كاری جوانیان هەیە، رۆژنامەنوس هەیە بەهەر شێوەیەك و رێگایەك بێت توانیویەتی رۆماڵی چەندین پاڵەوانێتیی گرنگی نێودەوڵەتی و جیهانی بكات، بەڵام ئەگەر خۆی سی ڤی خۆی پێشكەش نەكات ئەوا ناخرێتە نێو پرۆسەكەوە، ئەمەش لەهیچ شوێنێك نەبینراوەو نییە خۆت سی ڤی خۆت بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتێك پێشكەش بكەیت.
تۆ كاتێك بێژەرێك یان پێشكەشكارێك بەباشترین راگەیاندكاری وەرزشیی دیاری دەكەیت ئەی ئاگات لەوە نییە و ئەوە نازانیت لەپشت ئەو پێشكەشكارەوە هەواڵساز و پەیامنێر و ئامادە كار و كەسی بەتوانای تر هەن؟.
لەكۆتایدا پرسیارێكی تر دروست دەبێت، ئەویش ئەوەیە ئایا لەچ وڵاتێكی ئەم دنیایە کام رێكخراوی ناحكومی بێ ئەزمون و خاوەن كاری لەپێشینە و بێ ئەوەی خاوەنی لیژنەیەكی پسپۆڕ بێت، لەماوەی چەند رۆژێكی كەمدا باشترینەكانی بوارێكی گرنگی وەك وەرزشی بۆ یەكلادەكرێتەوە؟ یاخود چۆن دەتوانێت كارێكی هەستیاری لەمجۆرە بكات؟.

print

 13 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*