سەرەکی » دۆسێ » ئیسرائیل لە دوای سێیەم هەڵبژاردن لە ماوەی ساڵێكدا

هیچ لایەنێك بە تەنیا حكومەتی بۆ پێكنایەت

ئیسرائیل لە دوای سێیەم هەڵبژاردن لە ماوەی ساڵێكدا

بۆیەكەمجار لە مێژووی خۆیدا، ئیسرائیل سێیەم هەڵبژادنی لە ماوەی یەك ساڵدا ئەنجامدا، بەڵام بەرەنجامەكانی ئاماژە بە گەڕانەوەی بۆ چوارگۆشەی یەكەم دەكەن، لەگەڵ دەركەوتنی دەستەواژەكانی هەنگاونان بەرەو هەڵبژاردنی چوارەم كە لە ئاسۆوە دەردەكەوێت.
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و سەركردەی حزبی «لیكود»ی ڕاستەڕەو، سەركەوتنی بەسەر بینی گانتس سەركردەی حزبی «شین سپی»بەدەستهێنا، بەڵام نەیتوانی لەو هەڵبژاردنەدا پێكهێنانی حكومەت یەكلایی بكاتەوە.
هەروەها دادگایی كردنی «نەتانیاهۆ» بە تۆمەتی «گەندەڵی» كە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا دەستپێدەكات، هێندەی تر كێشەكانی ئاڵۆزكردووە.
یونی بن مناحیم، توێژەی سیاسی ئیسرائیلی دەڵێت، نەتانیاهۆ دەستكەوتی بەدیهێنا، بەڵام نەگەیشتە ئاستی سەركەوتن.
بە وتەی بن مناحیم، ئەوەی رەوشەكە یەكلایی دەكاتەوە، سەركەوتنە نەك دەستكەوت، بۆیە نەتانیاهۆ سەرلەنوێ‌ خۆی وەها دەبینێتەوە كە ناتوانێت حكومەت پێكبهێنێت.
ئەو شرۆڤەكارە سیاسیە ئیسرائیلیە پێیوایە، گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم كە نەبوونی هیچ كاندیدێكە بتوانێت حكومەت پێكبهێنێت، بۆیە هەڵبژاردنی دووەم پێناچێت دووربێت.
بەرەنجامەكانی هەڵبژاردنی كنێست لە ئیسرائیل لە دوای جیاكردنەوەی 95ی دەنگەكان دەریانخست كە هیچ كام لە دوو بەرە بەهێزەكەی ئیسرائیل ناتوانن بە تەنیا حكومەتێكی ئیئتیلافی پێكبهێنن.
بەپێی بەرەنجامەكان، هەریەك لە بەرەی ڕاستەڕەو و بەرەی چەپی ناوەند، لانی كەم شەست كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە.
لەگەڵ جیاكردنەوەی دەنگەكان دەركەوت كە بەرەی راستڕەو ژمارەی كورسییەكانی بۆ 58 كورسی كەمی كردووە، دوای ئەوەی لیستی هاوبەش لەسەر حیسابی «لیكود»، كورسی زیاتری بەدەستهێنا و ژمارەی كورسییەكانی گەیشتە 16 كورسی.
لە دوای جیاكردنەوەی 95%ی دەنگەكان بەرنجامەكان بەمشێوەیە بوون:»لیكود 36 كورسی، كاحول لافان 32 كورسی، لیستی هاوبەش 16 كورسی، شاس 10 كورسی، لیبرمان- كار گیشر میرتس- یاهدوت هاتورا بۆ هەر حزبێكی ڕاستەڕەو 7 كورسی».
دەستەی پەخشی ئیسرائیلی (كان)، سەرلەئێوارەی 3ی ئاداری 2020 رایگەیاندبوو، روۆڤین ریڤلین لەبەر رۆژشنانی بەرەنجامی هەڵبژاردنەكانی كنێست كە زۆر نزیكن لەیەك، رەنگە نە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆكی حزبی (لیكود)ی راستەڕەو، و نە بینی گانتس سەرۆكی هاوپەیمانی (شین سپی) بۆ پێكهێنانی حكومەت رانەسپێرێت و سەرپشككردنەكە راستەوخۆ بۆ كنێست بگوازێتەوە.
بەپێی یاسای ئیسرائیلی، لە حاڵەتی پێكنەهێنانی حكومەت لەدوای پێدانی هەل بە كاندیدەكانی دوو فراكسیۆنە گەورەكەی كنێست، ئەركەكە دەدرێتە كنێست كە لێوەی هەر ئەندامێك دەتوانێت ئەركی پێكهێنانی حكومەت بگرێتە ئەستۆ بەو مەرجەی پشتیوانی 61 ئەندام لە كۆی 120 ئەندام بەدەستبهێنێت. لەو حاڵەتەی هیچ ئەندامێكی كنێست نەیتوانی لەماوەی 21 رۆژدا ئەركەكە بەجێبگەیەنێت، كنێست هەڵدەوەشێنرێتەوە و هەنگاو بەرەو هەڵبژادنی نوێ‌ دەنرێت.
لە دوای دەركەوتنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنەكانی 2ی ئاداری 2020ی ئیسرائیل، نەتانیاهۆ توانی زۆرینەی دەنگەكان بەدەستبهێنێت.
ئەنجامە بەراییەكان كە لەدوو ناوەندی جیاكردنەوەی دەنگەكان دەستەبەركرابوون، حزبەكەی نەتانیاهۆ بەدەستبەركردنی 36 بۆ 37 كورسی لەپێشەوە بوو، لەبەرامبەردا، هاوپەیمانی (شین سپی) كە لەلایەن بینی گانتسەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و ركابەری حزبەكەی نەتانیاهۆیە، توانی 33 كورسی بەدەستبهێنێت.
بەپێی ئەنجامە بەراییەكان، هەرچەندە حزبەكەی ناتانیاهۆ لەپێشەوەیە، بەڵام نەیتوانیوە زۆرینەی كورسییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت بەدەستبهێنێت.
ئەمەش لەكاتێكدایە ساڵی رابردوو، دوو هەڵبژاردنی جیا بۆ پێكهێنانی حكومەت ئەنجامدرا، بەڵام بەهۆی شكستهێنانی هەردوو لایەنە ركابەرەكە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانییەك لەگەڵ لایەنەكانی تر، نەتوانرا زۆرینە دروست بكرێت و حكومەت پێكبهێنرێت.
لەساڵی 1999ەوە تا ئێستا، لەم هەڵبژاردنەدا زۆرینەی هاووڵاتیان بەشدارییان كردووە، وێڕای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە تائێستا 10 حاڵەتی توشبوون لەو وڵاتەدا تۆماركراوە، ئەمەش ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە كە گوایە «ئیسرائیلییەكان بڕوایان بە هەڵبژاردن نەماوە».
پێشتر سەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، بەم نزیكانە شەرعیەتی دەسەڵاتی ئیسرائیلی بەسەر غۆری ئەردەندا رادەگەیەنن و «هەڕەشەكانی ئێرانیش لە دژی ئیسرائیل چارەسەردەكەن».
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەمیانی وتارێكدا لە بنكەیەكی حزبی (لیكۆد) رایگەیاندبوو، «بەم نزیكانە چارەسەر بۆ هەڕەشەكانی ئێران لە دژی ئیسرائیل دەدۆزینەوە، شورعیەتی دەسەڵاتی ئیسرائیل بەسەر غۆری ئەردەن رادەگەیەنن».
بە گوتەی نەتانیاهۆ»حزبی لیكۆد هەلێكی گەورەی بۆ رەخساوە بۆ بەجێگەیاندنی بەڵێنەكانی، بەوهۆیەی جارێكی تر دەبێت بە خاوەنی زۆرینەی كورسییەكانی كنێست».
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنەكانی ئیسرائیل، كە كاتژمێر شەوی رابردو كۆتاییهات، لیكود بە دەستبەركردنی 36 بۆ 37 كورسی لەپێشەوەیە، لەبەرامبەردا، حزبی (شین سپی) كە لەلایەن بینی گانتسەوە سەرۆكایەتی دەكرێت لە پلەی دووەمدایە و 33 كورسی بەدەستهێناوە.
بینی گانتس، سەرۆكی حزبی شین وسپی رایگەیاندبوو، بێ‌ هیوا بووە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی وڵاتەكەی و بردنەوەی نەتانیاهۆ كە جارێكی تر وڵاتەكەیان دەخاتە سەر رێگەیەكی داخراو.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل لە 2ی ئاداری 2020 بەڕێوەچوو كە سێیەمین هەڵبژاردنی ئەو وڵاتەیە لە ماوەی كەمتر لە ساڵێك، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر حزبە براوەكانی هەڵبژاردنەكانی مانگی نیسان و ئەیلولی ساڵی رابردوو، لە دانوستانەكانی نێوانیان سەركەوتوو نەبوون و نەگەیشتنە ئەنجامێك كە لێوەی حكومەت پێكبهێنن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*