سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » كۆرۆنا ‌و رێوشوێنه‌كانی سوپای ئه‌مریكا

كۆرۆنا ‌و رێوشوێنه‌كانی سوپای ئه‌مریكا

به‌گوێره‌ی لێدوانی فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا: بڵاوبوونه‌وه‌ی خێرای ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ جیهاندا، سوپای وڵاته‌كه‌یانی ناچاركردووه‌ كه‌ جووڵه‌ ‌و چالاكیی هه‌زاران سه‌ربازی خۆی سنووردار بكات له‌و ناوچانه‌ی زیاتر مه‌ترسیی ئه‌و ڤایرۆسه‌یان له‌سه‌ره‌، وه‌كو ئاسیا ‌و ئه‌وروپا ‌و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.

بۆ ماوه‌ی دوو مانگ
له‌و باره‌یه‌وه‌، وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا (په‌نتاگۆن) رایگه‌یاند: بۆ ماوه‌ی دوو مانگ هه‌موو چالاكی ‌و جووڵه‌ ‌و گواستنه‌وه‌یه‌كی سه‌ربازه‌ ئه‌مریكییه‌كانی له‌ جیهاندا راگرتووه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و چالاكییانه‌شی وه‌كو ناردنی سه‌رباز بۆ ناوچه‌كانی شه‌ڕ، یان گه‌ڕاندنه‌وه‌یان بۆ نیشتمان ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌دایه‌ كه‌ بۆ له‌ناوبردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیراونه‌ته‌به‌ر.

سه‌ربازی ‌و مه‌ده‌نییه‌كانیش ده‌گرێته‌وه‌
هه‌روه‌ها په‌نتاگۆن له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا روونیكردۆته‌وه‌: مارك ئه‌سپه‌ر وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا فه‌رمانیكردووه‌ به‌ راگرتنی گواستنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی په‌نتاگۆن كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن، به‌ سه‌ربازی ‌و مه‌ده‌نییه‌كانیشه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی 60 رۆژ.

900 هه‌زار ئه‌ندامی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئه‌مریكا
له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكادا هاتووه‌، بڕیاری راگرتنی گواستنه‌وه‌ی سه‌رباز و فه‌رمانبه‌رانی سه‌ر به‌ په‌نتاگۆن، كه‌ نزیكه‌ی 900 هه‌زار ئه‌ندام و كارمه‌ندی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئه‌مریكا ده‌گرێته‌وه‌ ‌و له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بڵاوه‌یان پێكراوه‌، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر پڕۆسه‌كانی مه‌شقپێكردن ‌و گه‌ڕاندنه‌وه‌ ‌و سه‌ر له‌نوێ بڵاوه‌پێكردن ‌و جووڵه‌ی دیكه‌ی هێزه‌كان ده‌بێت.

كێشه‌كه‌ بچووك ده‌كه‌نه‌وه‌
به‌پێی ئاژانسی ده‌نگوباسی رۆیته‌رز: له‌ شوێنی دیكه‌ی جیهاندا، زۆرێك له‌ سه‌ربازانی ئه‌مریكا له‌ ژێر كۆت ‌و به‌ندی تایبه‌تدان، به‌ كه‌ره‌نتینه‌ كردنیشه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و فه‌رماندانه‌ی سوپا كه‌ له‌ ئه‌مریكای لاتین ‌و ئه‌فریقیا كار ده‌كه‌ن، له‌ به‌یاننامه‌كانیاندا كێشه‌كه‌ بچووك ده‌كه‌نه‌وه‌.

سه‌پاندنی كۆت ‌و به‌ند به‌سه‌ر سه‌ربازه‌كاندا

سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ هه‌ر كاتێك سه‌ربازێكی ئه‌مریكی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌بێت، سوپای ئه‌و وڵاته‌ هه‌وڵ ده‌دات سه‌ربازه‌كه‌ كه‌ره‌نتینه‌ بكات له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌شی لێی
نزیك بوون یان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كردووه‌ ‌و تاكو 25ی ئه‌م مانگه‌، ژماره‌ی سه‌ربازه‌ تووشبووه‌كانی ئه‌مریكا گه‌یشته‌ 227 كه‌س، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا مه‌شقه‌ سه‌ربازییه‌كانی راگرت ‌و كۆت ‌و به‌ندی به‌سه‌ر سه‌ربازه‌ تووشبوو ‌و ساغه‌كانیشیدا سه‌پاند ‌و رێگه‌یان نادات سه‌فه‌ر بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ بكه‌ن كه‌ به‌توندی ڤایرۆسی كۆرۆنایان تێدا بڵاوبۆته‌وه‌ ‌و هه‌موو گواستنه‌وه‌یه‌كی ناوخۆیی له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان راگرتووه‌. هه‌روه‌ها سوپای ئه‌مریكا رێوشوێنی توندی بۆ چوونه‌ ناوه‌وه‌ی باره‌گای وه‌زاره‌تی به‌رگری سه‌پاندووه‌ ‌و ئه‌م بڕیاره‌ش سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ له‌ ماوه‌ی 14 رۆژی رابردوودا سه‌فه‌ریان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات كردووه‌.

سه‌رچاوه‌، ئاژانسه‌كان

print

 105 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*