سەرەکی » ئابووری » ڤایرۆسی كۆرۆنا نرخی قاوەش بەرز دەكاتەوەپەڕە 3

ڤایرۆسی كۆرۆنا نرخی قاوەش بەرز دەكاتەوە

راپۆرتی: رەمەزان شێخانی

پێدەچێت كۆرۆنا ڤایرۆس لە پاڵ زیانە تەندروستییەكانیدا، كاریگەریی بخاتە سەر میزاجی قاوە خۆرەكانی جیهانیش ، چونكە ملیۆنان كەس لە هەوادارانی خواردنەوەی قاوە ناچارن پارەی زیاتر خەرج بكەن تا قاوە بكڕن و چێژ لە خواردنەوەی ببینن.
پسپۆڕانی ئابووریی دەنگۆی ئەوەیان بڵاوكردۆتەوە كە پێدەچێت نرخی قاوە بەهۆی كۆرۆنا ڤایرۆسەوە بەرز ببێتەوە لە قۆناغی داهاتوودا.

رۆژنامەی دەیلی میل”ی بریتانی بڵاویكردۆتەوە كە لەبەرئەوەی لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان خواستی زۆر لەسەر قاوە هەیە، پێدەچێت نرخی بەرز ببێتەوە، چونكە بەهۆی كۆرۆنا ڤایرۆسەوە خواستی زۆری لەسەرە، لەكاتێكدا ئەو رووەكە لە پێش كۆڤید 19دا هەر لە قەیراندا بووە.

رۆژنامەكە ئاماژەشی بەوە داوە كە زۆربەی وڵاتانی جیهان دەنكە قاوەی زۆریان هاوردە كردووە بەمەبەستی ئەممباركردنی بەشی زیاتر لە مانگێك تا دووچاری كورتهێنان نەبن لەو ماددەیە و پێشبینیش دەكرێت ئەو ئەمباركردنە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەكەی.
ئاستەنگێكی دیكە كە بەبۆچوەتی شارەزایانی ئابووری ئەگەری هەیە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی قاوە، سەختیی گواستنەوەی بەرهەمەكانە بەشێوەیەكی گشتی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە و گەیاندنی بە وڵاتە هاوردەكارەكان.
نرخی قاوە لە بەرازیل كە گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنی قاوەیە نزیكە لە ئاستە پێوانەییەكەی خۆی كە نرخی یەك جوال” 60كیلۆگرام” تا ئێستاش 85 پاوەندە.

یەكێك لە گەورەترین بەڵیندەرانی هەناردەكردنی قاوە لە بەرازیل بە رۆژنامەی “دەیلی میلی ” راگەیاندووە: داواكاریمان لە كڕیارانی سەرجەم وڵاتە گەورەكانی جیهان و سەرجەم كۆمپانیا گەورەكانی جیهانەوە پێگەیشتووە و داوایان لێكردووین كە بەخێرایی مادەی خاو” قاوەی دەنك” یان پێ بگەێنین بەمەبەستی پڕكردنەوەی هەر كورتهێنانێك لەو بەرهەمە بۆ دۆخێكی نائاسایی.
لای خۆشییەوە كارلۆس دی فالدینیێر بەڕێوەبەری هەناردەكردن لە كۆمپانیایی” كارافیلا كۆفی” لە كۆڵۆمبیا رایگەیاندووە: هەمووان پەلەیانە.

بازرگانێكی قاوەش كە دانیشتووی شانشینی بەریتانیایە بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە: بازرگان و وەبەرهێنەرەكانی قاوە، “قاوەی دەنك” ئەمبار دەكەن، چونكە پێش بینی دەكەن لە هەركات و ساتێكدا هاوردەكردن پەكی بكەوێت.
لەلایەكی دیكەشەوە رێكخراوی هەناردەكارانی قاوە لە بەرازیل ئەوەیان بڵاوكردۆتەوە كە پێدەچێت لە چەند مانگی داهاتوودا كورتهێنانی قاوە بێتە كایەوە، سەرباری ئەوەی بەرازیل لەم ساڵدا بەنیازە بەرهەمێكی پێوانەیی لە قاوە بەرهەم بهێنێت كە دەگاتە نزیكەی 70 ملیۆن جوال.

رۆبرتۆ فیلیز-یش لە یەكێتیی جووتیارانی كۆلۆمبیا لەوبارەیەوە رایگەیاندووە: لەوانەیە قاوە پارەی باش بكات و قازانجی باشمان دەست بكەوێت، بەڵام بەهۆی كۆرۆنا ڤایرۆسەوە تووشی كێشەی لۆجیستی هاتووین لە چۆنێتی هەناردەكردنی بۆ وڵاتانی جیهان.

سەرچاوە: سكای نیوز

print

 235 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*