سەرەکی » ئاراستە » وەڵامە گونجاوەکان بۆ منداڵان سەبارەت بە کۆرۆنا

وەڵامە گونجاوەکان بۆ منداڵان سەبارەت بە کۆرۆنا

سامان وەستا بەکر- سوید

گوێ بۆ منداڵەکەت بگرە، زانیاریی دروست و راستی بدەرێ، نیگەرانییەکەی خۆتی بۆ مەگوێزەرەوە. دەبێت رەچاوی ئەم سێ خاڵە بکەیت کاتێک وەڵامی منداڵەکەت دەدەیتەوە سەبارەت بە کۆڤید ١٩.
کاری تۆ وەک دایک و باوک یان کەسێکی پێگەشتوو دڵنیایی و هێمنی، راگرتنی باڵانسی هەستەکانی منداڵەکانە.

گوێگر و وەڵامدەرەوە و تێبینیکارێکی باش بە:

ئێستا زۆربەی مرۆڤەکان دڵەڕاوکێی خێرا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنان. ئەو هەموو هەواڵ و راپۆرتانەی مێدیاکان و ئەو گۆڕانە گەورەیەی لە ژیانی رۆژانەدا روودەدات، چەندین بیر و پرسیار و هەستی جۆراوجۆر لای منداڵیش بەئاگا دەهێنێت.

*گەورەکان لە دڵەڕاوکێی بەردەوامدان و دوو دڵ و سەرقاڵی کۆرۆنان.

*هەواڵ و راپۆرتە زۆر و زەوەندەکان، رەفەی بەتاڵی کۆگاکان، مرۆڤەکان بە کەمامە و دەستکێشەوە، ژمارەی تووشبووان و مردووەکان….هتد.

*چالاکییە راوەستاوەکانی رۆژانە، گەورەکان کە لە ماڵەوەن و ناچنە سەرکار، فێرگە و باخچە داخراوەکان، هێزە زۆرەکانی پۆلیس و ئاسایش لەسەر شەقام و لە ناو کۆڵانەکان.

*ڤایرۆسێکی کوشندە بە خێرایی بڵاودەبێتەوە کە دیارنییە و کەسیش نازانێت کەی و چۆن تووش دەبێت.

ئەمانە هەمووی پرسیاری قورس و گرانن بۆ منداڵان و دەبێت زۆر بە سانایی و راستگۆیی دوور لە ترس و تۆقاندن وەڵامی گونجاو وەرگرن.

گرنگترین بەشی کۆمەڵگە و نەوەی دواڕۆژ کە منداڵانن، هەمیشە لەکاتی شەڕ و ئاشووب و بڵاوبوونەوەی پەتا و جەنگە دەرونییەکاندا، جا بەمەبەست بێت یان بێ مەبەست، لە نازیان کەم دەبێتەوە، گۆڕانکاریی بەسەر رەفتاری گەورەکاندا وایان لێدەکات هەست بە دڵەڕاوکێیەکی زۆر بکەن و لەناو زەریایەک پرسیاری بێ وەڵام و تۆقێنەردا بخولێنەوە.

نە دەزگاکانی ڕاگەیاند بەرنامەی گونجاویان هەیە بۆ منداڵان و نە رەچاوی ئەوەش دەکەن کە منداڵی خێزانی خۆرهەڵات، هێندەی گەورەیەک گوێ بۆ هەواڵ دەگرێت، گوێش نەگرێت، بەڵام هەر دەیبیستێت، نە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گونجاوە بۆ منداڵان، نە بەشێکی زۆری دایکان و باوکانی کۆمەڵگەش نە گوێ بۆ پرسیاری منداڵ دەگرن نە گرنگیش بە وەڵامەکانیان دەدەن و نە بیریشی لێ دەکەنەوە پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە، کە بۆ پەروەردەی منداڵ لە باشترین ژەمە خۆراک و جل و بەرگی گرانبەها و گەشت و سەیرانێک گرنگترە.
فێرگە و باخچەکانیش داخراون، ئەمانە هەمووی پێکەوە ترس و تۆقینێکی زۆر دەخەنە دڵی منداڵانەوە کە ئەگەر وەڵامی گونجاو وەرنەگرنەوە، ئەوا دوورنییە تووشی گرێی دەروونی ببن.

ترس و دڵەڕاوکێی منداڵ شێوازی جیاوازی هەیە، هەندێکیان دەڵێن کە دەترسن. بەڵام دەتوانی بەشێوەی تریش بزانی ئەگەر نەشڵێ دەترسم.
هەندێک منداڵ نیگەرانییان پێوە دەرەکەوێ کە لەکاتی ئاساییدا نیانە، واز لەو شتانە دەهێنن کە پێشتر کردوویانە، دەست لەیاریکردن هەڵدەگرن، کۆنترۆڵیان بەسەر خۆیاندا نامێنێت و گوێناگرن و زۆر هار دەبن و دەگرین و دەنگ بەرزدەکەنەوە، هەندێک پرسیاردەکەن کە پێستر نەیانکردووە بۆ نموونە (پرسیار لە تاک بە تاکی خێزانەکە دەکەن کە لە کوێن یان لەکوێ بوون).

هەندێک منداڵ خەوی دەزڕێت یان هەر ناتوانێت بخەوێت و خەوەکەی پچڕ پچڕ دەبێت. هەندێک منداڵیش پرسیارێکی ئێجگار زۆر دەکەن و هەندێکیشیان هەوڵ دەدەن کە بە هیچ جۆرێک خۆیان لە قەرەی پرسیارکردن نەیەن، ئەمانە ئەو نیشانانەن کە کاتێ لە منداڵەکەتدا بینیت، دەبێت راستەوخۆ هەوڵبدەیت لێی نزیک ببیتەوە تا وەڵامی پرسیارەکانی بدەیتەوە.
کاری تۆی پێگەشتوو ئەوەیە کە بتوانیت باڵانسێک بدۆزیتەوە بۆ هاوکاریکردنی منداڵەکەت یان منداڵەکان. ئەگەر وەڵامدانەوەی دروستی پرسیارەکان بۆ هەندێک منداڵ هاوکاریکردن بێت، ئەوا بە هەمان شێوەش دان بەخۆداگرتن و چاوەڕوانیکردن و پەلە نەکردن لێی تا منداڵەکە بتوانێت بیربکاتەوە لەو شتانەی نیگەران و قەلەقیان کردووە و هێمن بیت لەگەڵیدا تا دەیاندرکێنێت، ئەوەش هیچی لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی کەمتر نییە.
هەر منداڵێک جیاوازتر لە منداڵانی تر کاردانەوە و پرسیاری بۆ دروست دەبێت، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ تەمەن و رێڕەوی ژیانی رۆژانەی. بەڵام هەندێک شتی گرنگ هەن دەبێت بیری لێبکەیتەوە، پێش ئەوەی وەڵامی منداڵەکەت بدەیتەوە سەبارەت بەم ڤایرۆسە و رووداوەکانی تریش.

گوێ لە منداڵەکەت بگرە و پرسیاریشی لێبکە

منداڵی قۆناغەکانی باخچە واتە پێش تەمەنی چوونە قوتابخانە زیاتر وا هەستدەکەن کە شتێک هەیە ناوی “کۆرۆنا” ڤایرۆسە، لەبەرئەوە نازانین کە ئایا دڵەڕاوكێیان هەیە یان نا؟ هەرچەندە لای هەندێک لە منداڵەکان بیر و پرسیاری زۆر دروست دەبن.
وەک گەورەیەک ئەرکی سەرشانی تۆیە کە تێبگەیت بە باشی و بەهێمنی لێی بکۆڵیتەوە کە ئایا منداڵەکەت چۆن هەست دەکات، تا ئەگەر پێویستی بە یارمەتیی تۆ هەبێت تا بتوانێت زاڵبێ بەسەر دوو دڵی و هەستەکانیدا.
سەبارەت بە منداڵی بچووکتر، ئەوەی پێویستە ئەوەیە کەمێک لێی نزیک بیتەوە و لە باوشتدا ئارامی بدەیتێ تا بزانی چ پرسیارێکی لا دروستبووە تا وەڵامی بدەیتەوە. بەڵام بۆ منداڵی گەورەتر دەبێت پرسیاری کۆنکرێتیی لێ بکەیی تا هەستبکات کە گرنگیی پێدەدرێت.
منداڵەکان لەگەڵ پرسیارەکانیاندا بە تەنیا جێ مەهێڵن: بۆ منداڵ زۆر قورسترە لە گەورە کە هەوڵەکان هەڵسەنگێنێت. کە ئایا هەواڵەکە ئاساییە یان شتێکی ترسناکە؟ ئیتر لێرەوە رۆڵی گەورەیە کە یارمەتیی منداڵەکان بدەن.
لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە منداڵەکان بەجێ نەهێڵرێن بەتەنیا یان پێکەوە تا خۆیان لە هەواڵەکان تێبگەن و لێکدانەوەی بۆ بکەن، چونکە تێگەیشتن و لێکدانەوەی منداڵ زیاتر نزیکە لە فەنتازیاوە.

وا هەست مەکە کە منداڵ تەنها بیر لەخۆی دەکاتەوە، منداڵەکان جیاوازن لە شێوازی بیرکردنەوەیان و چۆن و بیر لە چی دەکەنەوە، هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ هەندێک هۆکار لەوانە:

*تەمەنی منداڵەکە و چۆنێتی و جۆری ژیانی لە رابردوو و لە ئێستادا.

*رووداوەکانی پێشوو کە بینیوونی کاریگەریی زۆری لەسەر دروستبوونی جۆرێتی پرسیار دروست دەکەن بۆ نموونە ئەگەر پێشتر خۆی یان هاوڕێیەکی یان کەسێکی خێزانەکەی نەخۆشی هەبووبێت.

*ئەو منداڵانەی کە پێشتر لە قەلەقی و دڵەڕاوکێدا ژیاون، ئەوا ترس لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێتە درێژەپێدەری دڵەڕاوکێ و دوو دڵیان لە ترسێکی نادیار کە پێشتر تیایدا ژیاون.

*هەندێک منداڵ تووشی هیچ ترس و دڵەڕاوکێیەک نابن کە ئەمانیش دوو جۆرن: یەکەمیان بەهۆی ئەوەی کە لە ژیانێکی ئارام و هاوسەنگدا دەژین و زوو بەزوو وەڵامی گونجاو و راست بۆ هەر پرسیارێک وەردەگرێت کە لای دروست دەبێت.

دووەمیان خراپترینە و کە هیچ جۆرە پرسیارێک ناکات نە لە سەردەمی کۆرۆنا و نە پێشتریش کە ئەمەیان دەبێت سەردانی پزیشکی منداڵانی پێ بکرێت.
*ئەو منداڵانەی کە لە خێزانێکدا دەژین و دەزانن دایک و باوکیان بەهۆی کۆرۆناوە کارەکەیان لەدەست دەدەن و باری ئابووریی و بژێویی ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە و دەبێت هێمن بکرێنەوە روونکردنەوەی پێویست وەربگرن.

*ئەو منداڵانەی پێشتر نەخۆشی بۆ ماوەییان هەیە بۆ نمونە وەک شەکرە یان شێرپەنچە تووشی بێ متمانەی و دڵەڕاوکێی زیاتر ئەبن.

ئارامی و دڵنیایی و سنووردارکردن

وەک کەسێکی پێگەشتوو کە ئارامی و دڵنیایی و کۆنترۆڵکردنی هەستی منداڵەکان کاری تۆیە بۆیە دەبێت بزانیت کە منداڵەکە چەند دەزانێت و چیشی پێویستە.

پرسیاری لێبکە کە ئایا بیر لەچی دەکاتەوە؟ پرسیارەکانی چین و بۆ، وە چۆن بۆی دروست بوون؟

ئەگەر منداڵەکە دڵەڕاوکێی هەبێت، ئەوا بزانە هۆکارەکەی چییە؟ ئایا ترسی هەیە خۆی تووش ببێت بە کۆرۆنا؟ یان باپیرو نەنک و کەسێکی نزیک تووش دەبێت؟ ئایا دەترسێ خورادن نەمێنێ؟ دەبێت تێیبگەیەنیت کە دەتوانێت لەبارەی هەر شتێکەوە قسەی لەگەڵ بکەیت و وەڵامی دەدەیتەوە بێ تووڕەبوون، چونکە هیچ پرسیارێک هەڵە نییە، ئەگەرچی لەوانەیە وەڵامی هەموو پرسیارەکانیشت لانەبێ.
گرنگە بیر لەوە بکەیتەوە کە وەڵام و قسەکردن لەگەڵ منداڵدا سنوورداربێت، چونکە درێژەدان بە قسە پرسیاری زیاتر دروست دەکات، چونکە منداڵ زۆر خێراتر پرسیاری لەلا دروست دەبێت کە تۆ فریای بیرکردنەوە و وەڵامدانەوە بکەوێت.

پرسیارە بێ کۆتاییەکانی منداڵان لەوانەیە هۆکارێک بێت بۆئەوەی هەوڵی کۆنترۆڵکردنی خۆی بدات. بیر لەوە بکەرەوە کە لەوانەیە دڵەڕاوکێکەی کەم بکەیتەوە، بەڵام مەرج نییە بتوانیت پشکۆی پرسیارەکانی خامۆش بکەیت. ئەگەر هەر زانیت کە منداڵەکە ناتوانێت لە نیگەرانی و دڵەڕاوکێ رزگاری ببێت، ئەوا دەبێت هەوڵبدەی چوارچێوەیەک یان سنوورێک بۆ پرسیارەکانی دابنێیت، تا وا هەست نەکات تەنانەت تۆش بێ وەڵامی تا بێ هیوا نەبێت.

زانیاری بدەرێ و هێمنی بکەرەوە، زانیاریی راست و دروست بدە بە منداڵەکان، بەڵام لەوە زیاترنا کە پێویستە بیزانن. ئەگەر خۆشت زانیاریی دروستت لەلا نییە و خۆتت پڕ چەکی زانیاریی نەکردووە، ئەوا هەوڵبدە پێکەوە لەگەڵ منداڵەکەتدا تەماشای هەواڵ و دەنگ و باسەکان بکەن، چونکە لەو کاتەدا پرسیاری بۆ دروست دەبێت کە دەتوانن پێکەوە وەڵامەکەی لە هەواڵەکانەوە وەربگرن و باسی ئەوە بکەن کە گوێتان لێی دەبێت لە هەواڵەکان، خۆ ئەگەر پرۆگرام و هەواڵ و دەنگوباسی تایبەت بە منداڵ هەبێت، ئەوا زۆر باشترە.

هەوڵبدە ئەو هەواڵ و دەنگوباس و خواس و قسانەی منداڵەکان گوێیان لێدەبێت و هەستی پێدەکەن، لێێ تێبگەن، بە واتایەکی تر لەبەرچاوی منداڵاندا هەموو شتێک مەڵێن کە پێویست ناکات منداڵان گوێیان لێیبێت و بیزانن.
مەرج نییە هەموو سەری کاتژمێرێک گوێ لە هەواڵ بگرن، بەڵکو دەبێت هەوڵ بدەن کاتێک منداڵەکان دەخەون یان بەهەر هۆکارێک بێت لە ژوورەوە نین، ئنجا گوێ لە دەنگوباس بگرن.

تێی بگەیەنە کە هۆکاری باسکردنی کۆرۆنا بەو چڕییە تەنها لەبەر ئەوە نییە کە زۆر ترسناکە و بێ چارەیە، بەڵکو داخستنی بازاڕەکان و راگرتنی گەشتەکان و نەچوونە دەرەوە و داخستنی فێرگە و باخچەکان بۆ سەرکەوتنە بەسەر ڤایرۆسەکەدا، چونکە ئەوە رێگای راستە بۆ دوورکەوتنەوە لە پەتاکە، هەروەک چۆن خێزانیش پێویستی بەوەیە ناوبەناو پێکەوەبن لەماڵەوە لێک نزیکیربن.

زۆر گرنگە کە منداڵەکان لەوە تێبگەیەندرێن کە تۆی گەورە بەرپرسیارییەتیت هەیە، بۆی باس بکە کە تۆ بەرپرسیارێتیی گەیاندنی هەواڵی نوێت هەیە و ئاگاداری گۆڕانکارییەکانیت، هەر لەبەرئەوەش پێویست ناکات خودی منداڵ چاودێریی رووداوەکان بکات، چونکە کەسێکی تر گەورە و پێگەشتوو ئەو کارە دەکات و زانیاریی پێویستیش دەگەیەنێت بە منداڵ. بەڵام گرنگە ناو بەناو دانیشی لەگەڵیداو زانیاریی بدەیتێ تا متمانەت پێبکات.

قەلەقی و دوو دڵی و دڵەڕاوکێی خۆتی بۆ مەگوێزەرەوە

زۆر گرنگە کە کاتێک تووشی دڵەڕاوکێ دەبێت گرنگی بەوە بدەیت کە منداڵ هەستی پێ نەکات. چونکە تێگەشتنی ئەوان بۆ بابەتەکان بە هیچ جۆرێک وەک کەسێکی گەورە نییە، لەبەرئەوەی تەمەنیان کەمە دنیا دیدە نین، بۆیە هەموو شتێک نوێیە بۆیان و هەمیشە “یەکەم ئەزموون قورسترینە”. لەبەر ئەو هۆکارە ئەگەر خۆت قەلەقی لەدەستدانی کارەکەتی یان ئەترسی کەسێکی نزیک لەدەست بدەیت، یان هەر شتێکیتر ئەوا، هەوڵبدە کاتێک باسی بکە کە منداڵی لێ نەبێت.

هیوای پێ ببەخشە

باسی ئەوەی بۆ بکە کە جیهان هەمووی وەک یەک تیم پێکەوە کارەکان بۆ لەناوبردنی ئەم پەتایە لە داهاتوویەکی نزیکدا پێکووتە “ڤاکسین”ێک بەرهەم دەهێنن. کاتێک بە پێکووتەکە کوترای، ئیتر ڤایرۆسەکە ناتوانێت کەس بکوژێت و پێشی بڵێ زۆربەی ئەوانەی کە ئێستا تووش بوون چاک دەبنەوە . زیاتر باسی شتە پۆزەتیڤەکانی بۆ بکە نەک پێچەوانەکەی.

دەستبەرداری رۆتینەکانی پێشتر مەبن

هەوڵبدە ژیانی منداڵەکەت هەر وەک پێشتر بەڕێوەبچێت تا ئەو شوێنەی لە دەسەڵاتی تۆدایە. یارمەتی منداڵ بدە کە فۆکوس بخاتە سەر شتێکیتری دوور لە کۆرۆنا. هانی بدەو ئاسانکاریی بۆ بکە تا چالاکی و جووڵەی هەبێت و گرنگتریشە ئەو چالاکیانە بن کە پێشتر کردوونی، هەروەک چۆن چالاکیی نوێش بە کەڵکە.

هەواڵ و دەنگوباسەکان داخەن، تەلەفۆنەکانتان بکوژێننەوە، تەماشای پرۆگرامی شاد و سەرنجڕاکێش بکەن. پێکەوە گفتوگۆ بکەن، پێکەوە هاوکاریی کاری رۆژانە بکەن، پێکەوە گەمە و یارییە کۆنەکانی سەردەمی منداڵی خۆتان لەگەڵ منداڵەکانتاندا بکەن و سوود لەم کاتە وەرگرن تا خێزانەکەتان زیاتر یەکتریتان خۆشبووێت و پەیوەندییەکان توندوتۆڵتر ببنەوەو هاوبەشییەکانتان زیاتربن.

print

 107 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*