سەرەکی » راپۆرت » رێوشوێنەکان لە گوندەکانیش توند دەکرێن

رێوشوێنەکان لە گوندەکانیش توند دەکرێن

ئامادەکردنی: گوندستانی نوێ

لە چوارچێوەی هەوڵەکاندا بۆ پاراستنی هاووڵاتیان لە پەتای کۆرۆنا، هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ و فریاکەوتن لە ناوچە دوورە دەست و گوندەکانیشدا جێگیرکراون تا هاووڵاتیان لە گوندەکان یان ئەو هاووڵاتیانەشی روودەکەنە گوندەکان بپارێزرێن و رێنوێنی پێویستیان پێ بدرێت.

لەوبارەیەشەوە ساڵح محەمەد لە هێزەکانی ئاسایش بۆ گوندستانی نوێ دەڵێت: بەئەرکی خۆمانی دەزانین لە هەرکوێ بێت کارەکانمان رابپەڕێنین و بەدەم هاووڵاتیانەوە بچین و نەهێڵێن قەرەباڵغی و تێکەڵبوونی زۆر لە نێوان هاووڵاتیاندا دروست ببێت و بەو هۆیەوە رووداوی نەخوازراو رووبدات.

ئاسایش هەروەها وتی: گوندەکانیش پێویستیان بەوەیە کە پارێزراوبن و نەهێڵرێت هاووڵاتیانی شارەکان بەویستی خۆیان تێکەڵیان ببن و بۆ گەشت و سەیران گوندەکان بەکاربهێنن.

ئەو کارمەندەی ئاسایش راشیگەیاند کە گوندەکان لەڕووی قەرەباڵغییەوە باشترن لە ناوەندی شارەکان، بەڵام خەمی ئێمە بەگشتی تێکەڵنەبوون و بەریەک نەکەوتنی هاووڵاتیانە تا هەمووان سەلامەت بن.

کارمەندێکی دیکەی ئاسایش بەناوی رێبوار محەمەد بە گوندستانی نوێ-ی وت: ئێستا ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی لە شارەکانەوە دەچنە گوندەکان، بۆیە پێویستە بەوردیی چاودێریی بکرێن و وەزارەتی تەندروستی ئاگادارییان بکاتەوە.

روونیشیکردەوە کە ئەگەر تیمێک یان بازگەیەک نەبێت رێگریی لەوە بکات تا ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی روونەکەنە گوندەکان، ئەوا رەنگە گوندەکانیش نەتوانن خۆیان کەرەنتینە بکەن، چونکە بەهۆی ئیشوکارەوە بەردەوام ئەوان لە دەرەوەن و ناتوانن کەرەنتین بن، لەم حاڵەتەشدا رەنگە پەتاکە زووتر بگوازرێتەوە.

رێبوار باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر نەرمی نەنوێنرێت لەلایەن ئەو بازگانەوە کە بۆ گوندەکان دادەنرێن، ئەوە کارێکی باشەو سوودی دەبێت سەبارەت بە تەشەنە نەکردنی نەخۆشییەکە.

print

 141 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*