سەرەکی » وتار » سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌ » كورد له‌ به‌غدا

كورد له‌ به‌غدا

بەشی بیست و دوو

ئەوكاتە لەوێ‌ بووم، تازە باسی ریفراندۆم گەرم دەبوو، لێدوانی توند لەنێوان هەولێرو بەغدا لەدژی یەكتر دەدرا، زیاتر لە دوو ساڵ بوو بەغدا بودجەو مووچەی هەرێمی كوردستانی بڕیبوو، وەزیرەكانی هەرێمی كوردستان لەكارەكانیاندا هیچ كارێكیان پەیوەندی بەهەرێمی كوردستانەوە نەمابوو، پەرلەمانتارانی كوردیش لە پەرلەمانی عیراق جگە لەپرسی بودجە كە چەند ساڵێك بوو لە بودجەی گشتیی عیراق 17% دەستنیشان دەكراو جێبەجێ نەدەكرا، شتێكی دیكەی ئەوتۆیان نەبوو پەیوەندی بەهەرێمی كوردستانەوە بێت‌و لەپەرلەمانی عیراق گفتوگۆی لەسەر بكەن.
پەیوەندیی نێوان هەردوو حكومەتی بەغداو هەرێم زۆر سارد بوو، چونكە پارەو بودجەو ئیشوكاری ئیدارییان لەنێواندا نەمابوو، بۆیە بەغدا هیچ خەمێكی كوردستانی نەمابوو، كوردستانیش هیچ گرنگییەكی بەبەغدا نەدەدا، دەتوانین بڵێین پەیوەندی دەستووریی نێوان هەرێم‌و بەغدا كۆتایی هاتبوو.
لە پشتیوانییەكەیان ساردبوونەتەوە
لەكۆتایی نیسانی 2017 لە بەغدا بووم، شەوێكیان لێپرسراوێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی عیراقم بینی، دانیشتن‌و گفتوگۆی زۆرمان كرد، پێی باش نەبوو چاوپێكەوتن یان بەناوی خۆیەوە زانیاریم پێبدات، زۆر بەوریاییەوە قسەی دەكرد، لەبارەی بارودۆخی كوردستان‌و هەڵوێستی وڵاتان لەبارەی كوردستان‌و هاوكات فەرمانگەی پەیوەندییەكانی هەرێم، گفتوگۆیەكی كراوەم لەگەڵیدا كرد.
ئەو پێی وابوو داخستنی پەرلەمان‌و دوورخستنەوەی وەزیرەكانی گۆڕان‌و كۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆكایەتیی هەرێم، كاریگەریی نەرێنی كردۆتە سەر هەڵوێستی وڵاتان‌و روونیكردەوە كە بەشێك لەو وڵاتانەی پشتیوانیی كوردیان دەكرد بەهۆی شەڕی داعشەوە، لە پشتیوانییەكەیان ساردبوونەتەوەو وەكو جاران گەرم‌و گوڕ نین.
ئەوكاتە بەهۆی شەڕی داعشەوە، هەرێمی كوردستان جموجۆڵێكی دیپلۆماتی زۆر گەرمی بەخۆیەوە بینی، ناوی پێشمەرگەو بەرەنگارییەكانی گەیشتە هەموو كوچەیەكی ئەوروپا، رۆژانە وێنەی پێشمەرگە لەبەرگی یەكەمی رۆژنامەكانی ئەوروپاو ئەمریكا دەبینران، سەرۆك وەزیرو وەزیرانی دەرەوەو بەرگریی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا دەهاتنە كوردستان، رۆژ هەبوو دوو بۆ سێ‌ وەزیر لەفڕۆكەخانەی هەولێر دادەبەزین، ئەمانە ئاماژە بوون بۆ پێشكەوتنی بارودۆخی كوردستان، بەڵام رەوشی ناوخۆی كوردستان كاریگەریی خراپی كردبووە سەر تێگەیشتنی وڵاتان لەڕەوشی سیاسی كوردستان، زۆربەی ئەو وەفدانەی دەهاتن تەنها لێپرسراوانی پارتییان دەبینی، بۆ نموونە مەسعود بارزانی، مەسرور بارزانی، جەعفەر ئیمینیكی، وەزیری ناوخۆ، فەلاح مستەفا.. تد، لێپرسراوانی یەكێتی كەمترین وەفدی بیانییان دەبینی.
گرژیی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان
هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی وەفدی بیانی‌و لەئاستێكی باڵا پەیوەندیی بەبارودۆخی شەڕكردن لەگەڵ داعش‌و رۆڵی ئەمریكا لەگرنگیدان بەكوردستانەوە هەبوو، ئەوكاتە پێشبینی دەكرا دوای كۆتاییهاتنی شەڕی داعش ئەو سەردان‌و هاتوچۆیە بەسەر كوردستانەوە كەمتر ببێتەوە، چونكە بەشێك لەوانەی دەهاتن تەنها سەردانی بەرەكانی شەڕیان دەكرد یان سەربازگەی مەشقپێكردنی هێزی پێشمەرگەیان بەسەردەكردەوە.
لەكۆتایی ئاداری 2017 دا لەپڕ پارێزگاری كەركوك بڕیاریدا لەسەر هەموو دامودەزگا حكومییەكانی كەركوك ئاڵای كوردستان هەڵبكرێت، دوای چەند رۆژێك ئەندامانی كورد لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەسرودی ئەی رەقیب ئاڵای كوردستانیان لەئەنجومەنی پارێزگا هەڵكرد، ئەم هەڵسوكەوتە سەرەتایەكی نوێ‌ بوو لەگرژبوونی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان‌و بەغدا، هەڵچوونێكی زۆری لەبەغداوە بەدوایخۆیدا هێنا، بەشێك لە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ناڕەزاییان بەرامبەر ئەو هەڵسوكەوتەی پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگا دەربڕی، بەوپێیەی كاتی نییەو گرژی دروست دەكات‌و زیان بەكەركوك دەگەیەنێت، هەندێكیش پشتیوانییان لەو هەنگاوە كرد، بەتایبەت لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە.
گرژیی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان گەیشتە بەغداو كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، هەم لە حكومەت‌و هەمیش لەناو پەرلەمانی عیراق مشتومڕی جددی دروستبوو، پەرلەمانی عیراق بەڕەسمی بڕیاریدا هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر دامودەزگاكانی میری ناقانونییەو بهێنرێتە خوارەوە.
دوابەدوای هەڵكردنی ئاڵا، پرسی راپرسی بەرەو گەرمبوون دەچوو، بەڵام هێشتا بڕیاری لێنەدرابوو، بەشێك لەمیدیاكانی پارتی باسیان لێوەدەكرد، من لەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی عیراقم پرسی ئاخۆ وڵاتان پشتیوانی هەرێم دەكەن لەپڕۆژەی ریفراندۆم یان سەربەخۆیی؟
ئەمریكاو ئەوروپاش
لێی بێدەنگ دەبن
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی عیراق وتی: ئەو هەڵسوكەوتەی هەرێم كاریگەریی نەرێنی‌و خراپی كردۆتە سەر تێڕوانینی وڵاتان‌و بەشێكیان بەڕوونی رایانگەیاندووە لەم قۆناغەدا پشتیوانی لە سەربەخۆبوونی هەرێمی كوردستان ناكەن، ئەو ئەوەی ئاشكراكرد كە هەریەكە لە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، چیك، كەنەدا‌و ئەمریكا دژن، تەنانەت وتی: وەزیری دەروەی هەنگاریا لە 2016 دا لێدوانێكی داوە گوایە پشتیوانی لە سەربەخۆیی كوردستان دەكات، بەڵام كە وەزیری دەرەوەی عیراق لە 2017 سەردانی ئەو وڵاتەی كرد، ئەوانیش لەو پشتیوانییە پاشگەزبوونەتەوە، هەروەك لێپرسراوی كاروباری دەرەوەی كۆنگرێسی ئەمریكا بەڕوونی بەعیراقی وتووە، ئێمە دژی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانین.
كەواتە نزیكەی شەش مانگ بەر لە راپرسی، وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا بەڕوونی هەرێمی كوردستانیان ئاگاداركردەوە، كە پشتیوانی سەربەخۆیی ناكەن لەم كاتەدا، بەڵام كاربەدەستانی هەرێم بۆچوونی وڵاتانیان بەهەند وەرنەگرت، ئەوكاتە هەموو ئەوانەی لەبەغدا بینیمن‌و ئاگاداری بارودۆخی كوردستان‌و بەغدا بوون، هەموویان وتیان ئەگەر هەرێم بڕیاری سەربەخۆیی بدات یان راپرسی بكات، ئەوا رووبەڕووی خنكاندن دەبێتەوە لەلایەن وڵاتانی دەرو دراوسێ‌و ئەمریكاو ئەوروپاش لێی بێدەنگ دەبن.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی عیراق پێی وابوو بەشێك لەو كاریگەرییەی لەسەر وڵاتانە، هەڵسوكەوت‌و بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستانە، وتی: داخستنی پەرلەمان‌و بەسەرچوونی ماوەی سەرۆكایەتیی هەرێم‌و خراپیی باری ئابووریی‌و لاوازبوونی دیموكراسیی، كاریگەریی خراپیان هەبووە، نموونەی ئەوەی هێنایەوە كە یوسف محەمەد سەردانی ئەڵمانیای كردووە، كەچی دڵشاد بارزانی نوێنەری حكومەتی هەرێم لەئەڵمانیا، نامەی رەسمیی بۆ باڵیۆزخانەی عیراق ناردووەو تێیدا ناڕەزایی خۆی دەربڕیوە لەپێشوازیكردنیان لە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان.
نەخشەڕێی چارەسەركردنی
گرفتەكانی كوردستان
ئەو باسی لەوەكرد كە پێشتر وڵاتان بەجیا حكومەتی هەرێمی كوردستانیان بۆ كۆبوونەوەو كۆنگرەو بۆنەكان بانگهێشت دەكرد، بەڵام ئێستا لەچوارچێوەی وەفدی عیراقدا بانگهێشت دەكرێن‌و هەندێجار بانگهێشتیش ناكرێن‌و حكومەتی هەرێم گلەیی دەكات، بۆیە دەبینین فەرمانگەی پەیوەندییەكان ئەگەر بزانن بۆنەیەك لەگۆڕێدایە‌و گرنگە، چەندینجار نامە دەنێرن لەچوارچێوەی وەفدی عیراقدا داوەت بكرێن.
لە 8ی حوزەیرانی 2017 دا، ئەو رۆژەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پڕۆژەیەكی بەناوی نەخشەڕێی چارەسەركردنی گرفتەكانی كوردستان لەڕۆژنامەی رەسمیی خۆی (كوردستانی نوێ‌)دا بڵاوكردەوە، ئەو رۆژە بارزانی بانگهێشتی لایەنە سیاسییەكانی كرد بۆ كۆبوونەوە لە سەڵاحەدین، بۆ بڕیاردان لەسەر راپرسی بۆ سەربەخۆیی، ژمارەیەك ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانی‌و یەكگرتوو و چەند لایەنێكی دیكەش ئامادەبوون، بەڵام هەریەكە لە بزووتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامیی بایكۆتی دانیشتنەكەیان كردو ناڕاستەوخۆ بڕیارەكانی كۆبوونەوەكەیان رەتكردەوە، كە بریتی بوو لە راپرسیكردن، دواتر لەكۆبوونەوەیەكی دیكەی بارزانی‌و لایەنە سیاسییەكاندا، بڕیاردرا لە 25ی ئەیلولی 2017 دا راپرسی بكرێت.

بەغدا ئامادە نەبوو پێشوازی
لەوەفدی هەرێم بكات
هەرچۆنێك بێت ئەو بڕیارە ناڕەزاییەكی توندی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكاو عیراق‌و وڵاتانی دراوسێی لێكەوتەوە، هەموو بەئاشكراو بەڕوونی ناڕەزایی خۆیان دەربڕی، هاوكات لەناوخۆدا بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان‌و بەشێك لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ناڕازیی بوون لە شێوازی بڕیاردان‌و كاتی ریفراندۆم، بەڵام بڕیارەكە پێداگری لێكرا، هەوڵی زۆردرا پەشیمان بكرێنەوە، تەنانەت وەزیری دەرەوەی ئەمریكا نامەیەكی دوورو درێژی بۆ بارزانی ناردو پەیمانی پێدا ئەگەر بۆ ماوەیەك راپرسی دوابخەن، پشتیوانیی كوردستان دەكەن، هاوكات ئەنجومەنی ئاسایش بەكۆی دەنگ ریفراندۆمی كوردستانیان رەتكردەوە، بەڵام سوودی نەبوو، سەرەنجام لە 25 مانگدا راپرسییەكە كرا.
لێرەدا نامەوێ‌ باسی وردەكاریی ریفراندۆم بكەم، ئەوە لێدەگەڕێم بۆ كاتێكی دیكە، بەڵام تا رۆژی بەر لەڕیفراندۆم، دەرفەتێكی باش هەبوو سوود لەپڕۆژەی راپرسی وەربگیرێت، وەك كارتێك لەبەرامبەر بەغداو وڵاتانی ئەمریكاو ئەوروپا تا پشتیوانیی كورد بكەن بۆ هەنگاونان بۆ قۆناغێكی نوێ‌، بەڵام كورد نەیتوانی سوود لەو دەرفەتە وەربگرێت. ریفراندۆم لە كارتێك بەدەست كوردەوە بووە كارتێك بەدەست وڵاتانی دەرو دراوسێ‌و عیراق، تا هێرش بكەنە سەر هەرێم، بەكورتی ریفراندۆم بووە هۆی لەدەستدانی دۆستان كە تكاو داوای زۆریان لێكردین دەستبەرداری ریفراندۆم ببین، هەروەها دوژمنانیشی یەكخست بۆ پەلاماردانی هەرێم.
هەفتەی یەكەمی دوای ریفراندۆم، هەرێمی كوردستان كەوتە بەر گوشارێكی ئێجگار زۆری عیراق‌و وڵاتانی دراوسێ‌، عیراق کایەی ئاسمانی بەسەر هەرێمی كوردستاندا داخست‌و وڵاتانی دراوسێش هەڕەشەی داخستنی سنوورەكانیان كرد، هەرێمی كوردستان داوای گفتوگۆو دانیشتنی دەكرد، بەغداش هەموو گفتوگۆیەكی لەگەڵ هەرێم رەت دەكردەوە بەبێ‌ هەڵوەشاندنەوەی تەواوی پڕۆژەو ئەنجامی ریفراندۆم، ئامادە نەبوو پێشوازی لە وەفدی هەرێم بكات.

كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال
لەو بارودۆخە گرژو سەختەدا، رۆژی 3ی ئۆكتۆبەر، سەرۆك مام جەلال لەئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد، كۆچی دوایی ئەو سەركردە مەزنە، دەنگدانەوەیەكی ئێجگار گەورەی لەناوخۆی كوردستان‌و عیراق‌و ناوچەكەو تەنانەت جیهانیش دروستكرد.
مام جەلال لەڕۆژێكدا كۆچی دواییكرد، سەركردایەتی سیاسیی زۆری پێویست بەتێگەیشتنی ئەو پیاوە مەزنە هەبوو بۆ سیاسەت‌و مامەڵەكردن لەگەڵ چارەنووسی ئەم میللەتەدا، تێگەیشتنی ئەو سەركردە مەزنە تەنها لەخوێندەوارییەكەیەوە نەهاتبوو، بەڵكو بەرەنجامی ئەزمونی 60 ساڵ ژیانی سیاسیی بوو، ئەو تێگەیشتنەی ئەو بۆخۆی وانەو فەلسەفەیەكی گرنگە بۆ چارەسەركردنی گرفت‌و چۆنێتیی بەدەستهێنانی دەستكەوت‌و گەیشتن بەئامانج.
رۆژی 6 مانگ هەمووان بەیەكەوە لەپێشوازی كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی «مام» بووین كە بەرەو دەباشان بەڕێوەبوون، زیاتر لە 100 هەزار كەس لەپێشوازیدا بوو، كەسێكم نەبینی ئاخ هەڵنەكێشێت‌و نەڵێت مام جەلال لە گەلێكی بێناز رۆیشت، نەك كورد، بەڵكو زۆربەی سەركردەكانی شیعە بەئاشكرا دەیانوت ئەگەر مام جەلال لێرەبووایە، ئێمە تووشی ئەو گرفتە نەدەبووین لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
چاوەڕێ دەكرا رووفاتی ئەو سەركردە مەزنە بهێنرێتەوە بەغدا، لەوێوە بەرەو سلێمانی‌و پاشان بنێژرێت، بەڵام نەبرایە بەغداو لەسلێمانی بەئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لێپرسراوی عیراقی‌و وڵاتانی دراوسێ‌‌و ناوخۆی كوردستان، مەراسیمی بەڕێكردنی بەرەو دەباشان لەفڕۆكەخانە سازكرا، چاوەڕێ دەكرا ئەو پرسەیە ببێتە هۆكارێك بۆ یەكتر بینینی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان‌و بەغدا، بەڵام لەبەرئەوەی لەڕێی بەغداوە نەهێنرایەوەو ئاڵای عیراقیش لەمەراسیمەكەدا بوونی نەبوو، بارودۆخەكە كەمێك ئاڵۆزبوو، ئەو دەرفەتە دروست نەبوو تا هەرێم‌و بەغدا بتوانن گرژییەكانیان خاو بكەنەوە، سەرەنجام حكومەتی عیراق لە 16 ئۆكتۆبەر هێرشی كردە سەر ناوچە دابڕێنراوەكان‌و سەرەتا شاری كەركوكی داگیركردەوەو دواتر ناوچەكانی دیكە.. تد.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*